ڕاپۆرتی کوردستانی

09:23 - 26/02/2020

له‌ دواساته‌كان عه‌لاوى كوردى خستووه‌ته‌ ته‌نگه‌به‌رێكى ئاڵۆزه‌وه‌‌

پەیسەر

محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى به‌ پێشكه‌شكردنى ناوى كاندیده‌كانى كابینه‌ وه‌زارییه‌كه‌ى كوردى خستووه‌ته‌ ته‌نگه‌به‌رێكى ئاڵۆزه‌وه‌، لایه‌نه‌ كوردییه‌كان نازانن سبه‌ینێ به‌شدارى یاخود بایكۆت به‌ خێر ده‌شكێته‌وه‌ بۆیان، چونكه‌ لیسته‌كه‌ كاندیده‌ كورده‌كانى تێدا نییه‌ و به‌ پێكهاتنى كابینه‌كه‌ش كورد هیچ كارتێكى به‌ ده‌سته‌وه‌ نامێنێت به‌رامبه‌ر عه‌لاوى، ئه‌گه‌ر سبه‌ى ده‌نگیش نه‌دا ئه‌وا داواكارى و پشكى كورد ده‌كه‌وێته‌ كێشه‌وه‌.

 تا ئێستا عەلاوی هیچ كاندیدێكى له‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان وه‌رنه‌گرتووه‌

بڕیاربوو ئه‌مڕۆ شاندێك به‌ سه‌رۆكایه‌تى نێچیرڤان بارزانى بچێته‌ به‌غدا، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم بڕیاردرابوو كه‌ شاندێكى بچووككراوه‌ بڕوات و دوایین قسه‌ بهێنێته‌وه‌، له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌نجامى چوونى ئه‌و شانده‌، لایه‌نه‌ كوردییه‌كان بڕیارى به‌شدارى له‌ دانیشتنى په‌رله‌مان یاخود بایكۆت بده‌ن. 

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس ئه‌مریكا په‌یامى به‌ به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستان گه‌یاندووه‌ كه‌ خۆیان به‌ دوور نه‌گرن و به‌شدارى پرۆسه‌كه‌ بكه‌ن، هاوكات هه‌ر له‌ژێر فشار و داواكارى ئه‌مریكا محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى ئه‌و كاندیده‌ "سه‌ربه‌خۆ و تەکنوکراتەکانە" كه‌ پێداگرى لێده‌كردن له‌ پشكى كورد، بیانكاته‌ وه‌زیر ره‌وانه‌ى په‌رله‌مانى نه‌كردوون.

تا ئێستا په‌رله‌مانتارانى كورد هیچ به‌رچاو روونییه‌كیان پێنه‌دراوه‌ كه‌ به‌شدار بن له‌ كۆبوونه‌وه‌ى سبه‌ینێ یاخود نا، ئه‌حمه‌دى حاجى ره‌شید ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بۆ په‌یسه‌ر گوتى، پێناچێت فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان بۆ دانیشتنه‌كه‌ى سبه‌ینێى په‌رله‌مان یه‌ك ده‌نگ بن. ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد بڕیاربووه‌ شاندێكى هه‌رێم دوایین قسه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا بكه‌ن، به‌ڵام تا ئێستا دیار نییه‌ شانده‌كه‌ چوون یاخود نا. 

دوایین چاوپێكه‌وتنى موقته‌دا سه‌در سوننه‌ى له‌ خۆى توڕه‌كرد و كوردیشى نیگه‌ران كرد

سه‌رۆك وه‌زیرانى راسپێردراو ئه‌گه‌رچى هه‌ندێك نه‌رمى نواندووه‌ به‌رامبه‌ر داواكارى كورد، به‌ڵام له‌سه‌ر به‌رنامه‌كه‌ى خۆى پێداگره‌و تا ئێستا هیچ كاندیدێكى له‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان وه‌رنه‌گرتووه‌، لایه‌نه‌ كوردییه‌كانیش ده‌ترسن ئه‌گه‌ر كابینه‌كه‌ى بكه‌وێته‌ سه‌رپێ ئه‌وكات هیچ كارتێكیان به‌ ده‌سته‌وه‌ نامێنێت، ئێستا كه‌ خاوه‌ن كارتن به‌وجۆره‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، ئه‌وكات ده‌نگیان نزمتر ده‌بێت.

جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران كه‌ به‌شدارى به‌شێك له‌ دانوستانه‌كان بووه‌ بۆ په‌یسه‌ر پرێس گوتى،"تا ئێستا یه‌كلا نه‌بووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ چى بكه‌ین، ده‌بێت كوردستان به‌ ئێمه‌ بڵێت كه‌ ده‌بێت چى بكه‌ین شانده‌كه‌ راسپێردران، گوتیشى، ئه‌گه‌ر كابینه‌كه‌ تێبپه‌ڕێت ئه‌وكاته‌ عه‌لاوى به‌ دڵى خۆى ده‌كات، پێشتریش ئێمه‌ داوامان لێكردبوو كه‌ وانه‌كه‌یت وه‌زیرى ئێمه‌ بمێنێته‌وه‌".

دوایین چاوپێكه‌وتنى موقته‌دا سه‌در سوننه‌ى له‌ خۆى توڕه‌كرد و كوردیشى نیگه‌ران كرد، پێشمه‌رگه‌ى به‌ میلیشیا وه‌سفكرد، هه‌ڕه‌شه‌ى توندى له‌ سووننه‌كانیش كرد، له‌ هه‌مان كاتدا پشتگیرى خۆى بۆ پێكهێنانى كابینه‌كه‌ى عه‌لاوى راگه‌یاند. عه‌لاوى له‌و لیسته‌ى ره‌وانه‌ى په‌رله‌مانى كردووه‌، خۆى كاندیدى بۆ سوننه‌كان داناوه‌و ئه‌وانه‌ى كورده‌كانیشى به‌ به‌تاڵێ جێهێشتووه‌، به‌و جۆره‌ نێو ماڵى سووننه‌شى په‌رتكردووه‌و و كوردیشى خستووه‌ته‌ نێو هه‌ڵوێستێكى هه‌ستیاره‌وه‌.

 كورد له‌ به‌رده‌م دووریانى هه‌ستیار و مه‌ترسى گه‌وره‌شدایه‌

جه‌مال كۆچه‌ر پێى وابوو ئه‌جامدانى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى سبه‌ینێ قورس بووه‌، به‌ تایبه‌ت دواى زیاتربوونى نیگه‌رانییه‌كانى سووننه‌ و رێكنه‌كه‌تنیش له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان. 

مه‌سعود بارزانى ئه‌مڕۆ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا جارێكى دیكه‌ نیگه‌رانى خۆى دووپاتكرده‌وه‌ و گوتى، تێبینی لەسەر شێواز و بەرنامەی كاری عەللاوی و میكانیزمی دیاریكردنی كاندیدەكان هەیە. ئەو شێواز و میكانیزمە ڕەچاوی ماف و داواكاریی پێكهاتەكان و تایبەتمەندیی هەرێمی كوردستان ناكات و بە دڵنییاییەوە دەبێتە هۆی قووڵتربوونی قەیرانە سیاسییەكانی عێراق.

سه‌در و عامرى چوار رۆژ مۆڵه‌تیان له‌ به‌رده‌ست ماوه‌، بۆ ئه‌وه‌ى عه‌لاوی بخه‌نه‌ سه‌ر ته‌ختى سه‌رۆك وه‌زیران، كوردیش ته‌نها رێگه‌ى یاریكردن به‌ كاتى له‌ به‌رده‌مه‌ له‌گه‌ڵ به‌ده‌مه‌وه‌ هاتنى وڵاتان تا ئێستا ئه‌مریكا جددیه‌ له‌ به‌شدارى كورد و به‌ده‌م داواى كورده‌وه‌ هاتووه‌، وه‌ك زۆربه‌ى رووداوه‌كانى پێشوو تا دوایین ساته‌كان دیمه‌نه‌كه‌ روون نابێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت په‌رله‌مانتاره‌كانیش نازانن سبه‌ى چى ده‌كه‌ن، كورد له‌ به‌رده‌م دوریانى هه‌ستیار و مه‌ترسى گه‌وره‌شدایه‌ و  كۆتا ساته‌كانى دانوستانى به‌ده‌سته‌وه‌ ماوه‌ تا به‌ دۆڕاو له‌و یارییه‌ى شیعه‌كان نه‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌.