ڕاپۆرتی کوردستانی

06:12 - 25/02/2020

پێشمه‌رگه‌ و سوپا رێككه‌وتنى كۆن گه‌رم ده‌كه‌نه‌وه‌‌

پەیسەر

هه‌ردوو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و به‌رگری عێراق، له‌سه‌ر دووخاڵ رێككه‌وتوون و رێككه‌وتنه‌كه‌شیان ره‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی په‌سه‌ندی بكات، شاندى عێراق ره‌زامه‌ندى ده‌ربڕیوه‌ به‌ نواسراو داوا له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بكه‌ن مووچه‌ى ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ یش بنێرێت، هاوكات لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانى نێوان هه‌ردوولا له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان كارا ده‌كرێته‌وه‌. 

سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌منی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك(كه‌ ئێستا ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌) رێككه‌وتنه‌كه به‌ هه‌نگاوێكی گرنگه‌ بۆ لێدان له‌ داعش وه‌سف ده‌كات، ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش ده‌ڵێت، به‌ دواداچوونیان بۆ مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ كردووه‌، وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی به‌رگریش بۆ په‌یسه‌ر ئاشكرا ده‌كات.

یاوه‌ر: بۆ مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ نوسراو ره‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كراوه‌

جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ی راگه‌یاند دوێنێ وه‌فدی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق كۆبوونه‌وه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گه‌یشتوونه‌ته‌ دووخاڵ، یه‌كێكیان ئه‌وه‌بوو وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق به‌نوسراوی فه‌رمی داوای له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردووه‌ موچه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ ساڵی ٢٠١٩ خه‌رج بكرێت كه‌ له‌یاسای بودجه‌دا مانگانه‌ ٦٨ ملیار دینار بووه‌ و بۆ یه‌ك ساڵ ده‌كاته‌ ٨٦٠ ملیار دینار، به‌هه‌مان شێوه‌ له‌و نوسراوه‌دا داواكراوه‌ موچه‌ى پێشمه‌رگه‌ بۆ ساڵی ٢٠٢٠  یش به‌رده‌وام بێت.

خاڵی دووه‌می رێككه‌وتنه‌كه‌ى نێوان هه‌ردوو وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و به‌رگرى عێراق، ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان وه‌زاره‌تی به‌رگری و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان كارابكرێنه‌وه‌، بریاردراوه‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان كارابكرێنه‌وه‌.

به‌ گوته‌ى ئه‌مینداری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌یان گه‌یشتووه‌ته‌ دووخاڵ، به‌ واژۆی هه‌ردوو وه‌زیر نێردراوه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاری له‌سه‌ر بدرێت، ساڵی رابردوو هیچ پاره‌یه‌ك له‌ به‌غداوه‌ بۆ مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ نه‌هاتووه‌، وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ به‌ نیازه‌، دوای ره‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران میكانزمی خه‌رجكردنی پاره‌كه‌ دیاری ده‌كرێت.

ده‌بێت پێشمه‌رگه‌ بگه‌رێته‌وه‌

ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌منی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ( كه‌ ئێستا ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانى هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌) به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ی راگه‌یاند، رێككه‌وتنی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق بۆ كاراكردنه‌وه‌ی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان هه‌نگاوێكی گرنگه‌، چونكه‌ بۆشاییه‌ك هه‌یه‌ له‌ نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ و داعش، ئه‌و بۆشایه‌ به‌سوپا و هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عێراق پڕنه‌كراونه‌ته‌وه‌، ده‌ركه‌وتووه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق ئه‌و توانایانه‌یان نیه‌، لاوازی و بۆشاییه‌كیان له‌وێ دروستكردووه‌، پێویستیان به‌ هاوكاری ئاسایش و پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌ بۆ دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی رووداوی هاوشێوه‌ی گوندی چه‌خماخه‌.

هه‌رچه‌نده‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق رێككه‌وتووه‌ بۆ كاراكردنه‌وه‌ى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان، به‌ڵام عه‌سكه‌رى پێى وابوو كاراكردنه‌وه‌ی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق، به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان نابێت،"ده‌بێت پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سنوره‌كان و ژووری عه‌مه‌لیاتی هاوبه‌ش له‌كه‌ركوك و خانه‌قین و موسڵ دروست بكرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی پێشووتر هه‌بووه‌، هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌ڕێوه‌یان ده‌برد، ده‌كرێت ئه‌و ژووره‌ دروست بكرێته‌وه‌".

وه‌زیری دارایی ناتوانێت مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ بنێرێت

لای خۆیه‌وه‌ میاده‌ نه‌جار ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌ فراكسیۆنی پارتی، به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ی راگه‌یاند حكومه‌تی عێراق یاسای بودجه‌ی ٢٠١٩ی پێشێل كرد و مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ى هه‌رێمی كوردستانى نه‌نارد،"كورد له‌ هه‌موو دانوستانه‌كان داوای مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ی كردووه‌".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌ڵێت، وه‌زیری دارایی كه‌ كورده‌ ناتوانێت بڕیاری خه‌رجكردنی مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ بدات، چونكه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ سیاسییه‌ و به‌ ته‌نها له‌ ده‌سه‌ڵاتی وه‌زیری دارایی نییه‌،"ئه‌گه‌ر رێككه‌وتن نه‌كرێت فواد حوسێن ناتوانێت موچه‌ی پێشمه‌رگه‌ بنێرێت". 

میاده‌نه‌جار ده‌ڵێت به‌دواداچوونیان بۆ نه‌ناردنی موچه‌ی پێشمه‌رگه‌ كردووه‌، و وه‌ڵامی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ چه‌ند خاڵێك هه‌بووه‌ له‌نێوان وه‌زاره‌تی به‌رگری و پێشمه‌رگه‌ كه‌ جێبه‌جێ نه‌كراوه‌ بۆیه‌ پاره‌كه‌ ره‌وانه‌ نه‌كراوه‌.

شاندێكی باڵای وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ دێته‌ هه‌ولێر

رۆژی ٢٤-٢-٢٠٢٠ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم به‌یاننامه‌یه‌كی له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی به‌رگری و پێشمه‌رگه‌ بڵاوكرده‌وه‌، له‌ كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌دا وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ پێشوازی له‌ هاتنی شاندی باڵای وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق ده‌كات، كه‌ بڕیاره‌ به‌م نزیكانه‌ سه‌ردانی هه‌ولێر بكه‌ن.