05:11 - 25/02/2020
نامەی بۆ ڕووسەکان نارد و داوای کرد لەدژی عوسمانیەکان پشتگیری لە ڕاپەرینی بەدلیس بکرێت
شەریف پاشای
بابان کە لە سەرەتای سەدەی بیستدا ڕۆڵیکی زۆری لەناو تەڤگەری سەربەخۆییخوازی
کوردیدا بینیوە و لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ١٩١٩دا لە پەیمانی سیڤەردا نوێنەری کورد
بووە، هەوڵێکی زۆریداوە وڵاتە زلهێزەکان پشتگیری لە ڕاپەرینەکانی کورد بکەن.
هەوڵێکی تری شەریف پاشا کە گەلی کورد لە باکووری
کوردستان بەرز لەقەڵەمیدەدات، پشتگیریکردنی ڕاپەرینی شاری بەدلیسە و نامەکەیەتی کە
بۆ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ناردوویەتی.
لە ساڵی ١٩١٤ شەریف پاشا نامەیەک بۆ وەزارەتی دەرەوەی
ڕووسیا دەنێرێت و باسی زوڵم و فشارەکانی عوسمانی لەسەر گەلی کورد و هێرشەکانی بۆ
سەر شەڕڤانانی کورد لە بەدلیس دەکات.
شەریف پاشا نامەکەی لە ٢٦ی نیسانی ١٩١٤ لە پاریسەوە بە
زمانی فەڕەنسی ناردووە کە بەم شێوەیەیە.
"بەڕێزان بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، لە
ئێستادا وڵاتانی ئەوروپا چاوەرێ دەکەن، تورکیا چاکسازی ناوخۆیی ئەنجامبدات. بەڵام
عوسمانیەکان ڕاپەرینی کوردەکان بەدلیس وەک بیانۆ پیشاندەدات و زانیاری هەڵە بە
ئەوروپیەکان دەدەن. منیش دەمەوێت لە ڕێگای ئەم نامەوە هۆکاری پشت ڕاپەرینی
کوردەکانتان پێبگەیەنم. هەموو کەسێک دەیەوێت لە تورکیا ڕیفۆرم ئەنجامبدرێت، بەلام
هیچ کوردێک بڕاوای بە دەوڵەت و دەسەڵاتدارانی ئیتحاد و تەرەقی نییە. بە هەموو
شێوەیەک دژایەتی خەڵکەکە دەکرێت. لە هەمانکاتدا دژایەتی ئایینی خەڵکی دەکرێت،
هەرچەندە زۆر بە دینەوە نەبەستراونەتەوە بەڵام ئایینەکەیان دەپارێزن. لەوەی ئیتحاد
و تەرەقی هاتوونەتە سەر دەسەڵات کێشە و ململانێی و شەڕ لەنێو گەلاندا زیادیکردووە.
کۆمەڵگای کوردی بە هیچ شێوەیەک دژایەتی ئەرمەنیەکان
ناکەن. مەلا سەلیم سەرۆکی ڕاپەرینی بەدلیس نامەی بۆ پاپای ئەرمەنیەکان ناردووە کە بە هیچ
شێوەیەک دژایەتی ئەوان ناکات. ڕایگەیاندبوو، ئامانجی بەدەستهێنانی مافەکانی کورد و
شەڕکردن لەدژی دەوڵەتە. هەروەها ئامانجێکی گشتیان هەیە. هەندێک لە عەرەب و
تورکەکانیش لەم دۆخە ناڕازین. ئەمەش بە واتای ئەوە دێت پێویستە گۆڕانکاری لە
تورکیا بکرێت. بەڵام بەرپرسانی ئیتحاد و تەرەقی بە هەموو شێوەیەک لەدژی گۆڕانکاری
و چاکسازین. ڕاپەرینەکە لەدژی ئەو دەوڵەتە قوڵە کە ئیتحاد و تەرەقی بەڕێوەی دەبات.
کۆمیتەی ئیتحاد و تەرەقی بۆ یەکێتی گەلانی تورکیا مەترسیەکی گەورەیە. پێویستە
ڕووسیا و ئەوروپا لەبەرانبەر ئەم دەسەلاتدارانە پشتگیری لە ڕاپەرینی کورد و گەلانی
تر بکەن. "
عوسمانیەکان بە هۆی پشتگیریەکانی لە دۆزی نەتەوەیی لە
ساڵی ١٩١٣ سزای لەسێدارەدانیانی بەسەر محەمەد شەریف پاشای بابان سەپاند. بەو
هۆیەوە چووە فەڕەنسا و لە ساڵی ١٩١٨ سزاکەی هەڵگیرا.
ناوی محەمەد کوڕی سەعید پاشای کوڕی حسێن پاشای کوڕی ئەحمەد
ئاغای خەندانە. لە شاری سلێمانی لەدایکبووە.
ساڵی ١٩٠٩ لە پاریس حزبی رادیکالی عوسمانلی دادەمەزرێنێت
و ھەر ھەمان ساڵیش گۆڤاری «مەشرووتییەت» لە پاریس دەردەکات. ئەم گۆڤارە، ئەوەی ٥٥
ژمارەی لێ دەرچووە، بانگەواز بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی دەستووری پەرلەمانی دەکات
لەو بیروباوەڕەی شەریف پاشاوە سەرچاوەی گرتووە کە مافی ھەموو نەتەوەو کۆمەڵەیەکی ژێر
دەستە تەنیا لە دەوڵەتێکی دیموکرات و دەستووریدا پارێزراوە.
ساڵی ١٩١٢ لەگەڵ شێخ عەبدولقادری کوڕی شێخ عوبەیدوڵڵای نەھریدا
بە تاوانی کوشتنی سەدری ئەعزەم فەرمانی لەسێدارەدانی دراوە، بەڵام ھەڵھاتووە و
چووتە میرنشینی مۆناکۆ.
ساڵانی جەنگی یەکەمی جیھانی شەریف پاشا چالاکییەکی ئەوتۆی
نەنواند و خۆی بۆ رووداوەکانی پاش جەنگ ئامادەکرد بەو ھیوایەی بتوانێ لە بارودۆخێکی
گونجاوتردا داکۆکی لە مافی نەتەوەکەی بکات. لە کۆتایی حوزەیرانی ساڵی ١٩١٨ دا لە
شاری مارسیل چاوی بە سێر پێرسی کۆکس کەوت و داوای لێ کرد وەک کاربەدەستێکی حکومەتی
بریتانیا چارەنووسی نەتەوەی کورد پشت گوێ نەخات.
گەورەترین چالاکی سیاسی شەریف پاشا لە مانگی ئازاری
١٩١٩دا دەرکەوت، ئەو کاتەی کە بەناوی نوێنەرێکی متمانە پێ بەخشراوی کورد و شێخ مەحمودەوە
یاداشتێکی پێشکەشی کۆنگرەی ئاشتی پاریس کرد و نەخشەی کوردستانی گەورەی کرد بە پاشکۆی
یاداشتەکەی و داوای کرد دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کورد دابمەزرێ. بەھۆی یاداشتنامەکەیەوە
ھاوپەیمانان ناوی کوردیان خستە بەندەکانی ٦٢ و ٦٣ و ٦٤ی پەیمانی سێڤرەوە کە مانگی
ئابی ساڵی ١٩٢٠ پەسەند کرا. سێ ساڵ پاش ئەوە و لە کۆنفرانسی لۆزاندا ھەموو ئاواتەکانی
شەریف پاشا ھەرەسیان ھێنا و کارێکی خراپیان کردە سەر باری دەروونیی.
لە کۆتایی ساڵی ١٩٤٥دا لە شاری ناپۆلی لە ئیتالیا کۆچی
دوایی کرد،