ڕاپۆرتی کوردستانی

01:45 - 22/02/2020

كورد له‌ژێر فشارى چڕى ئه‌مریكایه‌ بۆ چوونه‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه‌ى عه‌لاوى‌

پەیسەر

٤٨ كاتژمێرى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌ به‌رده‌م پرۆسه‌ى سیاسى عێراقه‌ و ناكۆكییه‌كان به‌ بنبه‌ست گه‌یشتوون، كورد، سوننه‌ و به‌شێك له‌ شیعه‌ دژى راگه‌یاندنى كابینه‌ى نوێى محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوین، ئه‌ویش سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى خۆى وه‌زاره‌ت بۆ پێكهاته‌كان دابنێت، لایه‌نه‌ كوردییه‌كان تا ئێستا هیچ بڕیارێكى یه‌كگرتوویان نییه‌ كه‌ كێ پشتى عه‌لاوى ده‌گرێت و كێ ده‌نگى پێده‌دات، به‌ڵام له‌ نێو گروپى ١٥ راجیایى هه‌یه‌ له‌وه‌ى پشتى بگرن یا بایكۆت، ئه‌مریكاش فشارى دروستكردووه‌ له‌سه‌ر كورد تا بچێته‌ كابینه‌كه‌ى عه‌لاوییه‌وه‌. 

هه‌ڕه‌شه‌ تونده‌كانى عه‌لاوى

محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى سه‌رۆك وه‌زیرانى راسپێردراو هێشتا كابینه‌كه‌ى له‌دایك نه‌بووه‌، به‌ڵام په‌یامه‌كانى بۆ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان تونده‌، تا هه‌ڕه‌شه‌ى سزادان و زیندانیكردنى داوه‌ به‌ گوێى به‌رپرسه‌كاندا، به‌پێى زانیارییه‌كان له‌و په‌یامانه‌شى بۆ لایه‌نه‌ كوردییه‌كانى ناردووه‌، بێ منه‌تى خۆى راگه‌یاندووه‌و گووتوویه‌تى كۆتایى به‌ دابه‌شكاریى حزبى و تائیفى ده‌هێنێت.

ئه‌سته‌مه‌ به‌ بێ رێككه‌وتن كابینه‌كه‌ دروست بكرێـت

تا ئێستا لایه‌نه‌ كوردییه‌كان نه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ هیچ ئه‌نجامێك له‌گه‌ڵ عه‌لاوى، كێشه‌ى سه‌ره‌كیش ئه‌وه‌یه‌ ده‌ڵێت،"خۆم وه‌زیرتان بۆ داده‌نێم و کاندید له‌ ئێوه‌ وه‌رناگرم". عه‌لاوى ته‌نانه‌ت گوتویه‌تى خۆم كاندیده‌كانم بۆ دیاریكردوون ئه‌گه‌رچى دیار نییه‌ كێن ئه‌وانه‌ى له‌ پشكى كورد دایناون، به‌ڵاك یه‌كێتى و پارتى ئه‌م بیرۆكه‌ په‌سه‌ند ناكه‌ن، به‌ تایبه‌ت پارتى چونكه‌ ئه‌وه‌ ماناى كۆتایى پێهێنانى ده‌سه‌ڵاتى پارتییه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر ئه‌مریكا فشارى چڕوپڕى له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان دروستكردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى كابینه‌كه‌ى عه‌لاوى بایكۆت نه‌كه‌ن و به‌شدار بن، چاره‌سه‌رى ئه‌وه‌شى پێشنیار كردووه‌ كه‌ كاندیده‌كانى كورد له‌ رێگه‌ى ده‌زگا فه‌رمییه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ دیاریبكرێن. زانیاریش هه‌یه‌ كه‌ دواى فشاره‌كانى توركیا نێچیرڤان بارزانى بچێته‌ به‌غدا، تا ئێستا دیارنییه‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ى ئه‌مریكا كابینه‌كه‌ى عه‌لاوى ده‌خاته‌ سه‌رپێ یاخود نا، به‌ڵام كات كه‌مى به‌ به‌ره‌وه‌ ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى رێككه‌وتن بكرێت، دوایین ده‌ستپێشخه‌رى عه‌لاوى ئه‌وه‌ بوو كه‌ نوێنه‌رێك له‌ كابینه‌كه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان دابنرێت و لایه‌نه‌ كوردییه‌كان ئه‌و نوێنه‌ره‌ دیارى بكه‌ن، به‌ڵام مافى ده‌نگدانى نه‌بێت، كورد ئه‌م بژارده‌ى په‌سه‌ند نه‌كردووه‌. 

هێشتا گروپی ١٥ بڕیاریان نەداوە

سه‌لیم شوشكه‌یى سه‌رۆكى فراكسیۆنى كۆمه‌ڵى ئیسلامى بۆ په‌یسه‌ر پرێس قسه‌یكردوو به‌ دوورى زانى كه‌ له‌ دوو رۆژى داهاتوو حكومه‌تى نوێ پێكهێندرێت به‌هۆى نیگه‌رانییه‌كانى كورد و سوننه‌و به‌شێك له‌ شیعه‌شه‌وه‌، گوتى، ئه‌سته‌مه‌ به‌ بێ رێككه‌وتن كابینه‌كه‌ دروست بكرێـت. سه‌باره‌ت به‌ بڕیارى فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان بۆ ده‌نگدان به‌ كابینه‌كه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، تا ئێستا بڕیارى كۆتاییان نه‌داوه‌ له‌ گروپى ١٥ قسه‌ى كۆتایى نه‌كراوه‌ كه‌ ده‌نگ بدرێت به‌ كابینه‌كه‌ یاخود نا هیچ فراكسیۆنێكیش له‌نێو گروپه‌كه‌ بڕیارى كۆتایى نه‌داوه‌، به‌ڵام وه‌ك و ئه‌ندام چه‌ند ئه‌ندامێك گوتوویانه‌ ئه‌وان ده‌نگ به‌ كابینه‌كه‌ ده‌ده‌ن. 


بارزانى دژى هه‌نگاوه‌كانى عه‌لاوى له‌سه‌ر خه‌ته‌:
مه‌سعود بارزانى دژى هه‌نگاوه‌كانى عه‌لاوى له‌سه‌ر خه‌ته‌، پێى وایه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رۆك وه‌زیران خۆى كاندید بۆ كورد دابنێت، ئه‌وا كورد له‌ به‌غدا هیچ رۆڵ و پێگه‌یه‌كى بۆ نامێنێته‌وه‌، پارتى نیگه‌رانه‌ و هه‌رچى كردووه‌ ده‌یه‌وێت دانیشتنى په‌رله‌مان نه‌كرێت. ئه‌مڕۆ به‌شیر حه‌داد جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران به‌ میدیاكانى راگه‌یاند:"ئێمه‌ رۆڵمان ئه‌وه‌ ده‌بێت ئه‌سڵه‌ن ده‌نگ به‌ كابینه‌كه‌ى عه‌لاوى ناده‌ین، ره‌زامه‌ند نابین به‌ ئه‌نجامدانى دانیشتنه‌كه‌، من پێم وایه‌ به‌ ده‌نگنه‌دانى كورد و سوننه‌و به‌شێك له‌ شیعه‌ش ئه‌م حكومه‌ته‌ سه‌ركه‌وتوو نابێت، هه‌تا ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌ى نا یاسایى و پێچه‌وانه‌وى په‌یڕه‌و هه‌ر لایه‌نێك وه‌ك و فه‌رزى ئیراده‌، كۆبوونه‌وه‌ى كرد حكومه‌ته‌كه‌ به‌ مردوویى له‌ دایك ده‌بێت".
ئه‌مریكا فشارى چڕوپڕى له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان دروستكردووه‌

گوتیشى:"ئێمه‌ى كورد گرنگه‌ ئه‌وه‌ بزانین دژى كه‌سى سه‌ربه‌خۆ نین كه‌ كاندید بكرێت، كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و ده‌ڵێت خۆم ده‌ستنیشانى ده‌كه‌م، ئێمه‌ ده‌ڵێین ده‌بێت خۆمان دیاریبكرێت".

حه‌داد له‌ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان ته‌نها نییه‌ و محه‌مه‌د حه‌لبوسى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانیش، به‌ توندى دژى كابینه‌كه‌ى عه‌لاوییه‌ و پێى واییه‌ كۆتایى به‌ رۆڵى سوننه‌ هێناوه‌، حه‌داد و حه‌لبوسى پێكه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق په‌ك بخه‌ن. به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌كه‌ نا ئاساییه‌ و په‌كخستنى ئاسان نییه‌. 

عه‌لاوى خۆى لیستى كاندیده‌كانى بۆ کورد پڕكردووه‌ته‌وه‌

عه‌لاوى سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى دووسبه‌ى په‌رله‌مان كابینه‌كه‌ى بۆ دروست بكات، كورد چه‌ند كاتژمێریكى كه‌مى له‌ پێشه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كاندید و داخوازییه‌كانى خۆى فریاى كابینه‌كه‌ بخات، عه‌لاوى خۆى لیستى كاندیده‌كانى بۆ پڕكردوونه‌ته‌وه‌، چه‌ند كاتژمێرێكى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌ پێشن، كورد وه‌ك زۆربه‌ى كات به‌ چه‌ند ئاوازێكى جیاواز قسه‌ ده‌كه‌ن و بڕیارى یه‌كگرتوویان بۆ به‌شدارى یاخود بایكۆت نییه‌.