06:41 - 19/02/2020
ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان چی هەڵدەبژێرێت؟
کۆماری ئیسلامیی
ئێران بەرەو یازدەهەمین خولی هەڵبژاردنی پارلەمان هه‌نگاو ده‌نێت، هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره
له دۆخێكدایه بەراورد بە چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر چه‌ندین گۆڕانکاریی جیاواز و
نەرێنی هاتوونه‌ته ئاراوه و ڕه‌وایه‌تی ئه‌م سیستەمەیان لە ناوخۆ و دەرەوەدا خستووه‌ته
ژێر پرسیاره‌وه.
ساڵی ڕابردوو و به‌تایبه‌ت دوای خۆپیشاندانه‌كانی مانگی ئۆکتۆبەری ڕابردوو‌و
کە زیاتر لە ١٥٠٠ کەس لە لایەن هێزە ئه‌منیه‌كانه‌وه كوژران. هەروەها دوای
خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکرانییەکە و شاردنەوەی بابەتەکە لەلایەن کاربەدەستانی حکومەتەوە،
تا ڕادەیەکی زۆر خەڵک متمانەی بە حکومەت نه‌ماوه و ئومێدێك نه‌ماوه بۆ ئه‌وه‌ی
چاكسازیی له‌م وڵاته‌دا بكرێت.
لەسه‌ر ئاستی
دەرەوەش ئێران تووشی نەهامەتی و شکستی گەورە بووه. له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌و
كۆده‌نگییه دروستبووه كه ئێران به‌رده‌وام ده‌ست له كاروباری ناوخۆی وڵاتان وه‌رده‌دات
و به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كرێت كه سه‌رچاوه‌ی زۆربه‌ی كێشه و ئاژاوه‌كانی ناوچه‌كه‌یه.
دوای كوشتنی قاسم سوله‌یمانی لەلایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه چه‌ند وڵاتێكی كه‌م نه‌بێ، سه‌ره‌خۆشیان
له ئێران نه‌كرد.
له‌م بارودۆخه‌دا
ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران ده‌یانه‌وێت هه‌رچییان كردووه خه‌ڵكێكی زۆر هانبده‌ن بچنه
سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان و به‌شداری پرۆسه‌كه بكه‌ن، تا بیكه‌نه په‌یامێك بۆ
ناوخۆ و ده‌ره‌وه و بڵێن، هێشتا ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان ڕه‌وایه‌تی ماوه و متمانه‌ی
له‌ده‌ست نه‌داوه. به‌ڵام چاودێرانی سیاسی ده‌ڵێن، چیتر ناكرێت ڕێژه‌ی به‌شداربوون
له ده‌نگداندا بكرێته پێوه‌ری ڕه‌وایه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌كان، به‌تایبه‌ت ده‌سه‌ڵاتێك
كه له‌سه‌ر بناغه‌ی درۆ و گه‌نده‌ڵی بونیاتنرابێت.
سەعید حەجاریان
یەکێك لە تیۆریسته ڕیفۆرمخوازه‌كانی ئێران ده‌ڵێت: "ده‌توانرێت چه‌ندین
هۆكار بۆ له‌ده‌ستدانی ڕه‌وایه‌تی كۆماری ئیسلامی ئێران ڕیزبكرێن ، بەڵام من
پێموایە دەبێت ڕەگوڕیشەی سەرەکیی ئەم ئارێشه‌یه لە "درۆ"دا ببینرێت.
کاتێک درۆ دەبێتە شتێکی گشتگیر، حكومه‌ت پاساوی نامێنێت. نابێ
"گەندەڵی"ش پشتگوێ بخرێت. ئێران به‌ده‌ست چه‌ندین جۆر گه‌نده‌ڵییه‌وه
ده‌ناڵێنێت، به‌و گهندهڵیانهشهوه كه ئاشكرا نه‌كراون".
هەرچەندە ئێران دڵی بەوە خۆشه کە قسەکانی عەلی
خامنەیی و سەید محەمەد خاتەمی له‌باره‌ی پاراستن و خۆشه‌ویستی وڵات خه‌ڵك هانده‌دات
بچنه سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان بەڵام بە پێی چه‌ند ڕاپرسییه‌ك کە یه‌كێكیان لە تێلگرامی
كه‌ناڵی فه‌رمی ئێران كراوه ده‌ریده‌خات كه هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ کەمترین ڕێژەی
بەشداربوون بەخۆوە دەبینێ.
چاودێرانی سیاسی
پێیانوایە چیتر خەڵک به‌و قسانه ههڵناخهڵتێن، به‌تایبه‌ت كه له‌گه‌ڵ واقعدا
زۆر جیاوازن.
له كوردستان
دۆخه‌كه چۆنه؟
له ڕۆژهه‌ڵاتی
كوردستان دۆخه‌كه زۆر له شاره تورك و فارس نشینه‌كانی ئێران جیاوازه، ئه‌م
ناوچه‌یه بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران دوو هێنده گرنگه و به‌رده‌وام هه‌وڵ ده‌ده‌ن
به شێوازی جۆراوجۆر خه‌ڵك ڕابكێشنه سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان.
ده‌سه‌ڵاتی مه‌لایی
ئێران ده‌یه‌وێت له‌ڕێی سندوقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه ڕه‌وایه‌تی و متمانه‌ی خه‌ڵك به‌ده‌ستبێنێته‌وه،
خه‌ڵكیی كوردستانیش نایانه‌وێت ئه‌مه له‌سه‌ر ئه‌وان به‌ده‌ستبێنێت. به گشتی حیزبە
کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان به‌رده‌وام هه‌ڵبژاردنه‌كانیان بایكۆتكردووه، له
چه‌ند حاڵه‌تێكدا نه‌بێت. ئه‌م حیزبانه به‌رده‌وام له‌كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بهیاننامهیهان
بڵاوكردووه‌ته‌وه و داوایان له‌خه‌ڵك كردووه به‌شداری تێدا نه‌كه‌ن.
بۆ ئەوەی
تێبگەین خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان به شێوازێك به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 21ی
ئه‌م مانگه‌دا ده‌كه‌ن، پێویستە چاوێک بە گرنگترین ئەو بابەتانەدا بخشێنرێتەوە کە
لە نەبوونی بژاردەیەکی جدیدا هەندێک ڕەوتی سیاسی کوردی هەوڵیان داوە لە ڕێی
هەڵبژاردن و لە نێوخۆی حکومەتدا چارەسەرێک بدۆزنەوە. ساڵانێكه خەڵکی ڕۆژهەڵاتی
کوردستان داواكاری خۆیان داوه‌ته ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران، هەر لە سەرەتای شۆڕشی
١٩٧٩وه هەوڵێکی زۆر دراوە، بەڵام حکومەت به سەرکوتكردن و هه‌وڵ بۆ سڕینه‌وه و
پاكتاوكردنیان وه‌ڵامی داونه‌ته‌وه.
هەرچەندە دوای ئه‌وه‌ی
ئێران سه‌قامگیری به‌خۆوه بینی شەڕی چەکداری لە کوردستان و هێرشەکان بۆ سەر
کوردستان کۆتاییا هات، بەڵام تا ئێستاش داواكارییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستانی جێبه‌جێ
نه‌كردووه. تەنانەت سەرکوتكردن و له سێداره‌دان و گولـله بارانكردنی ساڵانی هه‌شتاكانیش
نه‌یانتوانی خه‌ڵك له داواكارییه‌كانیان په‌شیمان بكه‌نه‌وه.
ساڵانی
نەوەدەکان و دوابەدوای هاتنە سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ڕیفۆرمخوازه‌كان به ڕابه‌رایه‌تی
محه‌مه‌د خاته‌می، هەندێک چالاکی سیاسی و مەدەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەوڵیان دا بە
نزیكبوونه‌وه لە باڵی ناسراو بە "ڕیفۆرمخواز" و لە ڕێی هەڵبژاردنەوە،
هەندێک لە داواکارییەکانی گەلی کورد، به داواكارییه ئاینییه‌كانیشه‌وه بە
شێوەیەکی جیاوازتر لە جاران فۆرمه‌ڵه بکەن، به‌م شێوه‌یه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خه‌ڵكێكی
كه‌می كورد له‌گه‌ڵ ئه‌م كهسانهدابوون. به‌ڵام ویستیان له‌و ڕێگه‌یه‌وه خۆیان
بكه‌نه نوێنه‌ری داخوازییه‌كانی گه‌لی كورد، به‌ڵام به‌و شێوه‌یه‌ش خه‌ڵكێكی كه‌م
به‌شداری هه‌ڵبژاردنیان كرد.
هۆکاری ئەو
بەشدارییه كه‌مه‌ش بۆ ئەوە دەگەڕێته‌وه کە خەڵکی کورد لەم پارچەیه‌ی کوردستان، ڕاسته
ساڵانێکی زۆر سەرکوتكرابوون و پەڕاوێزخرابوون، هیوایه‌كی كه‌میان به‌وه هه‌بوو كه
دۆخه‌كه به‌ره‌و كرانه‌وه بڕوات. بەڵام پاش چەندین جار تاقیکردنەوەی هەڵبژاردن،
وەک دەرفەتێک بۆ دەربڕینی ویست و خواستەکانیان، له ئاكامدا خه‌ڵك له به‌شداریكردن
له هه‌ڵبژاردن ساردبوونه‌وه و دیسانەوە ڕێژەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردندا به‌شێوه‌یه‌كی
به‌رچاو دابه‌زی.
هەرچەندە ئێستا حکومەت
هەوڵ دەدات بە زەقکردنەوەی هەندێک ناکۆکیی وەک شارچێتی، ناوچەگەرایی، عەشرەتگەرایی
تا ڕادەیەک، وەک خۆیان دەڵێن، "تەنووری هەڵبژاردن" گەرم بکات، بەڵام بە
وتەی هەندێک لە چاودێرانی سیاسی، خەڵکی کوردستان بەگشتی هەر لە سەرەتاوە و
بەتایبەتیش لە دوای کوشتوبڕە بێبەزەییانەکانی ساڵی ٢٠١٩ لە زۆربەی شارەکانی
کوردستان هیچ هیوایەکیان بە هەڵبژاردن نەماوە و پێیان وا نییە ناردنی کەسانێک، کە
خودی کۆماری ئیسلامی كاندیدی کردوون، بتوانن ئازارەکانیان کەم بکه‌نەوە. له‌به‌رئه‌وه
بە پێی ڕاپرسییە نافەرمییەکان مه‌زه‌نده ده‌كرێت لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی
کوردستان ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا دابەزینێکی بەرچاو بەخۆوە ببینێت، بە
جۆرێک ڕێژه‌كه نه‌گاته ٣٥%.
ئێستا ڕۆژهەڵاتی
کوردستان لە هەر کاتێکی دیکە زیاتر و ئاشکراتر هەست بە "بنبەستی سیاسی"
دەکات و خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌و بڕوایه‌دان، ئه‌سته‌مه لە چوارچێوەی سیستەمی زاڵی
ئێستای ئێران‌دا کێشە و قەیرانەکان چاره‌سه‌ر بكرێن.
هەرچەندە ئه‌سته‌مه
پێشبینی ئه‌وه بكرێت له دوو ڕۆژی داهاتوودا چی ڕووده‌دات، ئایا ده‌كرێت شتێك
ڕووبدات كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ڕه‌وتی هه‌ڵبژاردنه‌كه هه‌بێت؟ بەڵام ئەوەی تا ئێستا
ڕوویداوە ئه‌وه‌یه كه ئێران له‌ڕووی پێدانه مافه‌كانی گه‌لی كورده‌وه كه‌مترین
گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه. ئه‌م ده‌رئه‌نجامانه‌ش پێمان ده‌ڵێن، پێده‌چێت
ئه‌مجاره ڕێژه‌ی به‌شداریكردنی خه‌ڵك له هه‌ڵبژاردندا بگاته نزمترین ئاستی.