ڕاپۆرتی کوردستانی

06:51 - 17/02/2020

روسییه‌كان رێژه‌ى متمانه‌یان به‌ پۆتین زۆر دابه‌زیوه‌‌

پەیسەر


ئەنجامی راپرسییەکی نوێ ئاشکرای کردووە کە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، متمانەی خەڵکی رووسیا بە ڤلادیمیر پوتینی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە دابەزیوە و لە ساڵی ۲۰۱۲وە کە گەڕاوەتەوە بۆ سەرۆکایەتی کۆمار، ئاستی متمانەی خەڵک بەرامبەری دابەزیوە بۆ نزمترین رێژە.

تەنیا ۳٥٪ی بەشداربووان وتوویانە کە متمانەیان بە ڤڵادیمر پوتین هەیە

ئەم راپرسییە کە لە لایەن دامەزراوەی سەربەخۆی (ناوەندی لوادا)وە کراوە، وەک راپرسییەکانی پێشوو دابەزینی ئاستی پشتگیریکردن لە سەرۆک کۆماری رووسیا ئاشکرا دەکات، کە لە ساڵی ۲۰۰۰وە بە کردار سەرۆکایەتی ئەو وڵاتەی لە ئەستۆیە.

بە پێی ئەنجامی راپرسییە نوێکە، تەنیا ۳٥٪ی بەشداربووان وتوویانە کە متمانەیان بە ڤڵادیمر پوتین هەیە. لە حاڵێکدا رێژەی متمانەی خەڵک بە پوتین لە ساڵی ۲۰۱۷ بریتی بوو لە ٥٩%.
ئاستی متمانە بە دوو بەر‌پرسی باڵای دیکەی حکومەتی رووسیا، واتە سێرگی شویگۆی وەزیری بەرگری و سێرگی ڵاڤرۆفی وەزیری دەرەوە، کەمێک لە پوتین بەرزتر بوو.
ڵوو گودکۆف، بەڕێوەبەری دامەزراوەی (ناوەندی لوادا) دەڵێت:" بەراورد بە ئەنجامی راپرسی پێشوو (نۆڤەمبەری ۲۰۱۷) دابەزین بە رێژەی ۲٤٪، رێژەیەکی بەرچاوە و پێمان دەڵێ پرۆسەیەکی گشتی دابەزینی متمانە لە ئارادایە".

راپرسییەکە لە دوای راگەیاندنی ئەو گۆڕانکارییانە کراوە، کە پوتین لە وتاری ساڵانەیدا باسی کردن

دابەزینی متمانە بە سەرکردەکانی رووسیا، هاوکاتە لەگەڵ هاتنەئارای قۆناغێکی دژوار بۆ کۆشکی کرملین، کە یەکێک لە بابەتە ئاڵۆزەکانی، رۆڵی ڤلادیمیر پوتینه لە داهاتووی حکومەتی رووسیادا و لە دوای کۆتاییهاتنی قۆناغی سەرۆکایەتییەکەی کە دەکاتە ساڵی ۲۰۲٤.
مانگی رابردوو ڤلادیمیر پوتین، بە مەبەستی گۆڕانکاریکردنی گرنگ لە پێکهاتەی حکومەت و دەستووری رووسیادا، چەن پرۆژەیەکی راگەیاند. بەپێی ئەو پرۆژانە بەشێک لە دەسەڵاتەکانی ئێستای سەرۆک کۆمار ، دەگوازرێتەوە بۆ پەرلەمان ‌‌و دەسەڵاتی دامەزراوە راوێژکارییەکانی حکومەت زیاد دەکەن. 

بڕیارە لە هەفتەکانی داهاتوودا، پەرلەمانی رووسیا لە بارەی ئەو پرۆژانە و ‌گۆڕانکاریکردنی دیکە لە دەستووردا، بچێتە دەنگدانەوە.

لێرەدا ئەوەی مایەی سەرنجە، ئەوەیە کە راپرسییەکەی (ناوەندی لوادا) لە هەفتەی کۆتایی مانگی جۆنیڤەری و لە دوای راگەیاندنی ئەو گۆڕانکارییانە کراوە، کە ڤلادیمیر پوتین لە وتاری ساڵانەیدا لە رۆژی ۱٥ی جۆنیڤەری باسی کردن.

راپرسییەکەی (ناوەندی لوادا) لە رێگەی چاوپێکەوتن لەگەڵ زیاتر لە هەزار و ٦۰۰ بەشداربوو لە ئاستی رووسیادا کراوە و رێژەی هەڵە تیایدا بە ٢.٩% مەزەندە کراوە. لەم راپرسییەیشدا وەکوو راپرسییەکانی پێشوو، داوا لە بەشداربووان کراوە ناوی ٥ یا ٦ سیاسەتمەدار بهێنن و ئاستی متمانەی خۆیان بەو سیاسەتمەدارانە دەستنیشان بکەن.

ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقام

ڤلادیمیر پوتین، دوای ئەوەی بۆ ماوەی چوار ساڵ پۆستی سەرۆکایەتی وەزیرانی لە ئەستۆ بوو و لەو قۆناغەدا پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار لە ئەستۆی شاگردە کۆنەکەی خۆی، واتە دیمیتری مێدوێدێفدا بوو، لە ساڵی ۲۰۱۲ دا جارێکی دیکە پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری لە دەست گرتەوە.

گەڕانەوەی پوتین بۆ ئەو پۆستە، بە تایبەت لە شاری مۆسکۆ، خۆپیشاندانی بەربڵاوی خەڵکی بە دوادا هات و لە ژێر کاریگەری ئەوەدا، لە ئۆگۆستی ۲۰۱۳ ئاستی متمانەی خەڵک بەرامبەری بۆ نزمترین رێژە، واتە ٣٠% دابەزی.
دابەزینی ئاستی متمانە بە ڤلادیمیر پوتین لەگەڵ ئاستی پشتگیریکردنی زۆر دژ یەکن. لە ساڵی ۲۰۱٤ و لە کاتی لکاندنی قریمە بە خاکی رووسیا و تێکگیران لەگەڵ رۆژهەڵاتی ئۆکراینیا، ئاستی متمانە بە پوتین بە رێژەیەکی زۆر دابەزی.

ئەنجامی راپرسییەکەی (ناوەندی لوادا) لەگەڵ راپرسییە حکومییەکان یەک دەگرنەوە، ئەو راپرسییانە ساڵی رابردوو ئاشکرایان کرد کە ئاستی متمانە بە ڤلادیمیر پوتین لە ماوەی بیست ساڵی دەسەڵاتدارێتیدا، گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی.

ئەنجامی راپرسییە حکومییەکان لە لایەن کۆشکی کرملینەوە رەخنەیان لێ گیرا و زاراوە و رستەکانی راپرسییەکەیان گۆڕی. لە بەرامبەردا کۆمەڵناسان و شارەزایانی دیکە رەخنەیان لەو کارەی کرملین گرت، دامەزراوەی راپرسی حکومییان تۆمەتبار کرد بەوەی کە لە بەرامبەر فشارەکانی حکومەتدا تەسلیم بووە.

چاکسازیکردن لە سیستەمی خانەنشینیدا، ناڕەزایەتی شەقامی بەدوادا هات

(ناوەندی لوادا) دامەزراوەیەکی سەربەخۆیە و لە ژیر فشاری یاسایەکدا کە پشتگیریکردنی دارایی دەرەکی لە دامەزراوە ناحکومییەکان، میدیاکان و رێکخراوەکانی دیکە سنووردار کردووە، ناچار بوو خۆی وەک ناوەندێکی دەرەکی تۆمار بکات.

یەکێک لە سیاسەتە سەرەکییەکانی ڤلادیمیر پوتین، دوای دەستپێکردنی قۆناغی چوارەمی سەرۆکایەتییەکەی لە ساڵی ۲۰۱۸، گۆڕانکاریکردن بوو لە سیستەمی خانەنشینی سەردەمی سۆڤیەتدا. کە ساڵانێک پێشتر بەرپرسان لە بارەیەوە هۆشدارییان دابوو، بەوەی کە لە بوودجە و کاروباری دارایی وڵاتدا کێشەی گەورە دروست دەکات.

چاکسازیکردن لە سیستەمی خانەنشینیدا، ناڕەزایەتی شەقامی بەدوادا هات، بە تایبەت دەنگدەرانی بە تەمەن بەرەوڕووی بوونەوە، ئەم بابەتە یەکێک لە هۆکارەکانی دابەزینی ئاستی متمانە بە ڤلادیمیر پوتین بووە.

حکومەتی رووسیا هاوکات باجی سەر نرخی کاڵای زیاد کرد، ئەمەیش لەگەڵ بە جێگیریی مانەوەی حەقدەست و بەرزبوونەوەی نیگەرانی گشتی لە دۆخی ئابووری وڵات هۆکار بوون بۆ دابەزینی ئاستی متمانە بە ڤلادیمیر پوتین.

خەڵک هەست دەکەن کە بارودۆخەکە بەرەو خراپتربوون دەڕوات

ئۆلک گۆد کۆف، بەڕێوەبەری (ناوەندی لوادا) دەڵێت:" دۆخی ئابووری خراپە، خەڵک هەست دەکەن کە بارودۆخەکە بەرەو خراپتربوون دەڕوات. چاکسازیکردن لە سیستەمی خانەنشینی و دابەزینی داهات، بووە هۆی ئەوەی کە هیوا بە باشبوونی دۆخەکە لە داهاتوودا لە ناو بچێت. هاوکات بەرامبەر خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی ئاستی متمانە دابەزیوە، وەکوو کێشەی دابینکردنی تێچووی دەرمان، گەندەڵی دارایی، کێشەکانی ژینگە و ترس لە سەرکوتکرانی سیاسی. هەموو ئەمانە لە سەر دابەزینی ئاستی متمانە بە پوتین کاریگەرییان هەبووە.