ڕاپۆرتی کوردستانی

09:52 - 16/02/2020

بیرۆكه‌ى"وه‌زیرى سه‌ربه‌خۆ"دانوستانه‌كانى گرێداوه‌‌

پەیسەر

كورد و سوننه‌ و بیرۆكه‌ى كابینه‌ى ته‌كنۆكرات، گرێیه‌كى دیكه‌ى به‌رده‌م محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوین، نیگه‌رانى ئه‌و دوو پێكهاته‌یه‌ و به‌شێك له‌ شیعه‌كان گرێى له‌ ده‌ستى عه‌لاوى داوه‌، به‌ڵام پێده‌چێت به‌شێك له‌ كابینه‌كه‌ى پێشكه‌ش بكات، بۆ ئه‌وه‌ى ماوه‌ى یاسایى له‌ كیس نه‌چێت، لایه‌نه‌كان به‌ ئاسانى رازى نابن سه‌رۆك وه‌زیرانى راسپێردراو له‌سه‌ر حسابى ئه‌وان وه‌زیرى بخزێنێته‌ كابینه‌كه‌یه‌وه‌.

پارتى بڕیاری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌شدارى حكومه‌ت ناكه‌ن ئه‌گه‌ر كاندیدى سه‌ربه‌خۆیان به‌سه‌ردا بسه‌پێنن

ئه‌مڕۆ محه‌مه‌د حه‌لبوسى كه‌ له‌ دیارترینى سووننه‌ نه‌یاره‌كانى بیرۆكه‌ى عه‌لاوییه‌، سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانى كرد و له‌گه‌ڵ بارزانى و به‌رپرسانی یەکێتیش كۆبووه‌وه‌، پارتى تا ئێستا بیرۆكه‌ى وه‌زیر و كابینه‌ى ته‌كنۆكرات ره‌تده‌كاته‌وه‌، ته‌نانه‌ت به‌ گۆڕینى وه‌زیره‌كانى رازى نییه‌ و ده‌یه‌وێت هه‌ردووكیان بمێننه‌وه‌، زانیارى هه‌یه‌ كه‌ عه‌لاوى رازى بووه‌ وه‌زاره‌تی دارایی بداته‌وه‌ به‌ پارتى، به‌ڵام به‌ مه‌رجى گۆڕینى وه‌زیره‌كان و دانانى كه‌سانى ته‌كنۆكرات.

پارتى رایگه‌یاندووه‌، دوایین بڕیاریان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌شدارى حكومه‌ت ناكه‌ن ئه‌گه‌ر كاندیدى سه‌ربه‌خۆیان به‌سه‌ردا بسه‌پێنن، یه‌كێتیش به‌ كاندیدى ته‌كنۆكرات رازى نییه‌ به‌ڵام زۆر توند نییه‌ له‌سه‌ری، پشكى ئه‌و زیاتر له‌ سه‌رۆكایەتی كۆماره‌و له‌ خراپترین حاڵه‌ت ته‌نها وه‌زیرى داد له‌ ده‌ست ده‌دات، كه‌ وه‌زیره‌كه‌ى یه‌كێتییه‌كى عه‌یاره‌ ٢٤ نییه‌.

 ئێمه‌ پێمان وتووه‌ با داواى كه‌سانى ده‌ستپاك و به‌توانا بكات

محه‌مه‌د حه‌لبوسى ده‌یه‌وێت به‌ره‌یه‌كى كوردى سوونى به‌رامبه‌ر عه‌لاوى راست بكاته‌وه‌، كه‌ تا ئاستى بایكۆتكردنى به‌شداریكردنى حكومه‌ت بڕۆن، بارزانى به‌شدارى كاراى ئه‌م كه‌مپینه‌یه‌ و پێى وایه‌ نابێت كورد باجى ئه‌و دۆخه‌ بدات كه‌ له‌ عێراق ده‌گوزه‌رێت چونكه‌ كورد لێى به‌رپرس نییه‌.

هه‌رچى سه‌باره‌ت به‌ گروپى ١٥یە، ئه‌وان یه‌كه‌م گروپى كوردین كه‌ كۆبوونه‌وه‌ى فه‌رمییان له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د عه‌لاوى كردووه‌، ئه‌مان وه‌زیرى ته‌كنۆكرات ناكه‌ن به‌ كێشه‌، به‌ڵام به‌ عه‌لاوییان گوتووه‌، حه‌ق نییه‌ ئه‌وه‌نه‌ گرنگى به‌ پێشینه‌ى حزبى وه‌زیر بدرێت، به‌ڵكو باشتره‌ گرنگى به‌ ده‌ستپاكى و تواناى كه‌سیى كاندید بكات. 

جه‌مال كۆچه‌ر سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو بۆ په‌یسه‌ر پرێس ده‌ڵێت، ئه‌وان وه‌ك گروپى ١٥ پێیان وایه‌ ده‌رفه‌ت به‌ عه‌لاوى بدرێت كار بكات،"چونكه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سى له‌سه‌ر فه‌رز بكه‌ین دواتر ناتوانین لێپرسینه‌وه‌ له‌ وه‌زیره‌كان بكه‌ین، یاخود گله‌یى لێ بكه‌ین. ئه‌م پیاوه‌ خۆى سه‌ربه‌خۆ نییه‌ پێشتریش له‌ پۆستدا بووه‌ به‌ڵام له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستپاكییه‌كه‌ى دانراوه‌و داواى كه‌سانى سه‌ربه‌خۆ ده‌كات بۆ كابینه‌كه‌ى، بۆیه‌ ئێمه‌ پێمان وتووه‌ با داواى كه‌سانى ده‌ستپاك و به‌توانا بكات".

مالیكى نه‌یارى سه‌رسه‌ختى ئه‌زموونى ده‌سه‌ڵاتدارێتى عه‌لاوییه‌

شێروان میرزا ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بۆ په‌یسه‌ر پێى وابوو، ناكرێت كورد باجى ئه‌وه‌ بدات، كه‌ وه‌زیره‌كانى عێراق خراپ بوون، بۆیه‌ ئاساییه‌ كورد پێداگرى له‌ پشكى خۆى بكات له‌ كابینه‌كه‌ى عه‌لاوى. 

ته‌نها كورد و سووننه‌ له‌ هه‌نگاوه‌كانى عه‌لاوى ناڕازى نین، به‌ڵكو به‌شێك له‌ شیعه‌كان لیێ به‌ بیانوون، مالیكى نه‌یارى سه‌رسه‌ختى ئه‌زموونى ده‌سه‌ڵاتدارێتى عه‌لاوییه‌، ره‌وته‌كه‌ى عه‌مار حه‌كیمیش هه‌ر زوو رایگه‌یاند، ئه‌وان به‌شێك نین له‌ پرۆسه‌ى راسپاردنى عه‌لاوى و خۆیان بێ به‌رى كرد.

له‌تیف شێخ مسته‌فا ئه‌ندامى پێشووترى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران لە نوسینێکیدا دەڵێت:"محەمەد عەلاوی دەیەوێت حکومەتێکی بەناو سەربەخۆ پێک بھێنێت، بەڵام دەبێ بچێت لە پەرلەمانی حیزبەکان متمانە وەربگرێ و ئینجا دوای ئەوە دەست کات بە دەرکردنی بڕیار دژی دەست تێوەردانی ئەو حیزبانە ھەم لەکاروباری حکومەت ھەمیش لە ھەڵبژاردنی داھاتوو ، بەو ئیعتیبارەی ئەم حکومەتە حکومەتێکی کاتی دەبێت، ئیشی سەرەکی ھەڵبژاردنی پێشەوەخت دەبێت، بەڕاستی ئەمە لە نوکتەیەکی سیاسی بەولاوەھیچی تر نیە".

 پێده‌چێت ئه‌و ماڵ جیاییه‌ جارێكى دیكه‌ كورد بكاته‌وه‌ قوربانى 

پێناچێت عه‌لاوى له‌و ماوه‌ كه‌مه‌ى كه‌ له‌ به‌رده‌میه‌تی، بتوانێت رابگات به‌ رازیكردنى ئه‌و هه‌موو نیگه‌رانییه‌، چه‌ند سیناریۆیه‌كى له‌ پیشە بۆ ئه‌وه‌ى هه‌لى دروستكردنى كابینه‌ى حكومه‌ت له‌ كیس نه‌دات. 

یه‌كه‌م؛ به‌شێك له‌ كابینه‌كه‌ى پێشكه‌شى په‌رله‌مان بكات و پشكى كورد و سوننه‌ بهێڵێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى ٣٠ رۆژه‌كه‌ كۆتایى نه‌یه‌ت.

دووه‌م؛ حكومه‌تى عێراق نوێنه‌رى ناڕازییه‌كانى تێدا نه‌بێت و كابینه‌یه‌كى ئینتیقالى بێت، تا هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت. 

سێیه‌م؛ یه‌كێتى و پارتى و سوننه‌ سازش له‌ داواكانیان بكه‌ن و پاشكشه‌ بكه‌ن، یاخود به‌پێچه‌وانه‌وه‌ عه‌لاوى سازش بكات و به‌ كاندیده‌ حزبییه‌كانیان رازى ببێت. 

له‌نێو ئه‌و ناڕه‌زاییانه‌ى له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كانى عه‌لاوى هه‌ن، كورد به‌سه‌ر سێ باڵدا دابه‌شبووه‌، هه‌رلایه‌ك به‌ جیا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان له‌سه‌ر خه‌ته‌ و لیستى داواكارى خۆى هه‌یه‌، پێده‌چێت ئه‌و ماڵ جیاییه‌ جارێكى دیكه‌ كورد بكاته‌وه‌ قوربانى و كابینه‌كه‌ى عه‌لاویش بێ جێكردنه‌وه‌ى خواستى كورد بكه‌وێته‌ سه‌رپێ.