ڕاپۆرتی کوردستانی

05:42 - 11/02/2020

چارەنوسی كورد لە عێراقدا‌

پەیسەر

لەدوای دروستبونی خۆپیشاندانەكانی عێراق و دەستلەكار كێشانەوەی عادل عەبدول مەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، دۆخی عێراق تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت و هەر لایەنێك دەیەوێت  بەئاراستەی خۆی كێشەكان چارەسەر بكات و خۆی ببێتە حاكمی ڕەوای عێراق ، ئەمریكا و ئێرانیش كار بۆ ئەوە دەكەن پێگەی خۆیان لە ناو عێراقی داهاتوودا بەهێزتر بكەن و هەریەكەیان دەیەوێت ئەویی تریان لە كایەی سیاسی عێراقدا پێگەیەكی بەهێزی  هەبێت.

ئێستا هەریەكە لە لایەنی سونی و شیعی و كورد لە عێراقدا ئامادەكاری دەكەن بۆ ئەوەی بەرنامەو كار و داواكاریەكانیان بدەن بە محەمەد عەلاوی بۆ ئەوەی لە حكومەتی نوێدا پێگەیان هەبێت و پشكی خۆیان لە بودجە و وەزارەتەكان و حكومەتتدا بەدەست بهێنن.

لایەنە شیعەكان دەیانەوێت ئەو حكومەتە نوێیەی كە عەلاوی سەرپەرشتی دەكات، بەدڵی ئەوان و لایەنی ئێرانی بێت و لایەنی سونیش دەیەوێت وەك حكومەتەكانی دیكە ناوچە سونەییەكان پشتگوێ نەخرێت، ئەوە لەكاتێكدایە لایەنی كوردیش دەیەوێت لە عێراقدا بەبەهێزی بەشدار ببێت و كاریی خۆی بكات ومافە دەستوریەكانی بەدەست بهێنێت.

كورد و حكومەتی نوێی عێراق
لەسەرو بەندی ڕاسپاردنی محەمەد عەلاوی بۆ پۆستی  سەرۆك وەزیرانی عێراق ، ئەمریكا لەڕێگەی باڵوێزەكەیەوە لە عێراق زنجیرەیەك سەردانی بۆ لای بەرپرسانی حكومی و حزبی هەرێمی كوردستان ئەنجامداوە و پەیامی ئەمریكایان داوەتە هەرێمی كوردستان كە پێویستە لە عێراقدا ڕۆڵێكی باش بگێڕن و هەروەها بتوانن بچنە ناو كاییە سیاسی و ئابوریەكانی عێراقەوە و ڕۆڵیان هەبێت لە حكومەتی نوێدا و ئەمریكاش لە بەرام بەردا زازمنی پاراستنی مافە دەستوریەكانی هەرێمی كوردستان دەكات لە چور چێوەی دەستوری عێراقدا.

لەگەڵ ئەوەی باڵوێزی ئەمریكا لە عێراق بە ناوی حكومەتی ئەمریكاوە داوای لە هەرێمی كوردستان كردووە كە پێویستە هەرێمی كوردستان پشتیوانی لایەنی شیعە نەكات بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراقدا  داواشی لەهەرێم كردووە كە كورد پێویستە بەیەك پاكێج بچێتە عێراق و بەیەكدەنگی بەشدار بێت لە عێراقدا.

كۆبونەوەی لایەنە كوردیەكان و بارزانی
ئەمرۆ بەسەر پەرشتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان ئیدریس بارزانی هەموو لایەنە  كوردیەكانی بەغداد كۆبونەوە  بەپێیی زانیاریەكانی پەیسەر لە كۆبونەوەكەدا باس لەوەكراوە كە پێوییستە  كورد لەعێراقدا یەكەدەنگی و بەیەكریزی مامەڵە بكات و بەیەك پاكێج بەرنامەو كارەكانی بخاتە بەردەم  حكومەتی نوێی عێراق

هەروەها باس لەوەشكراوە لە قازانجی كورد دایە ئەگەر كورد پشتیوانی پڕۆژە و بەرنامەی لایەنە شیعەكان نەكات بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و پشتیوانی مانەوەی هێزەكانیان بكات لە عێراقدا ئەوەش وەك زامنێكی مافی كورد وایە لە عێراقدا.

به‌ سه‌رپه‌رشتيى نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و به‌ ئاماده‌بوونى جێگرانى سه‌رۆك، كۆبوونه‌وه‌يه‌كى هاوبه‌شى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان، جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران و فراكسيۆنه‌ كوردستانييه‌كان له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، ساز درا.

لەو كۆبونەوەدا كە ئەمرۆ سازكرا، دۆخى عێراق و هه‌نگاوه‌كانى يه‌كخستنى هه‌ڵوێستى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و فراكسيۆنه‌كان و دامه‌زراوه‌ فه‌رمييه‌كانى هه‌رێم بۆ چۆنيه‌تيى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پێشهاته‌كانى  سياسيى عێراق و كوردستان.
وەهەروەها گفتوگۆ لەبارەی دروستكردنی هاوپەیمانی فراكسیۆنە كوردستانیەكان لەسەر ئاستی عێراقدا كراو باس لەوەكرا پێویستە  كورد لە عێراقدا وەك یەك فراكسیۆنی تەواوەتی بەشداری كۆبونەوكان بكات و ببێتە هاوپەیمانیەتیەك.

دواى گفتوگۆ و راگۆڕينه‌وه‌ و تێبينيى فراكسيۆنه‌كان له‌سه‌ر چۆنيه‌تيى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دامه‌زراوەكان له‌ به‌غدا و باسكردنى نه‌خشه ‌رێگه‌ى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پێشهاته‌كان له‌ عێراق، هه‌مووان كۆك بوون كه‌ پێويسته‌ به‌ يه‌كهه‌ڵوێستى مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ته‌واوى پرسه‌كان بكرێت و هه‌نگاوى كرده‌يى بنرێت بۆ پێكهێنانى هاوپه‌يمانى و په‌يڕه‌وێكى گشتگيرى بۆ ئاماده‌ بكرێـت كه‌ مايه‌ى په‌سه‌ندى هه‌موو فراكسيۆنه‌كان بێت.

هەرلەو كۆبونەوەدا  به‌ گرنگييه‌وه‌ دۆخ و پێشهاته‌كانى عێراقى خسته‌ به‌ر باس و جه‌ختى له‌ پێويستيى گێڕانه‌وه‌ى ئارامى و سه‌قامگيريى ئه‌منى و سياسى بۆ وڵات و به‌كارنه‌هێنانى توندوتيژى به‌رامبه‌ر به‌ خۆپيشانده‌رانى سڤيل و به‌ده‌نگه‌وه‌چوونى داوا ڕه‌واكانيان له‌ خزمه‌تگوزارى و ژيان و ئاينده‌يه‌كى باشتر كرده‌وه‌.

بەشێكی تری ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌‌ هه‌نگاونان بۆ پێكهێنانى كابينه‌ى داهاتووى حكوومه‌تى فيدراڵى بوو، له‌مباره‌يه‌وه‌ ئاماده‌بووان كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى به‌رژه‌وه‌ندييه‌ باڵاكانى هه‌رێمى كوردستان و پاراستنى قه‌واره‌ ده‌ستوورى و سياسييه‌كه‌ى و مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى گه‌لى كوردستان و ناوچه‌ كوردستانييه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئيداره‌ى هه‌رێمى كوردستان، بنه‌ماى سه‌ره‌كيى هاوبه‌شى و به‌شداريى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان ده‌بێت، هه‌ر هه‌نگاوێكيش بۆ گفتوگۆى پێكهێانى كابينه‌ى تازه‌ى حكوومه‌ت به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌نێوان هه‌موو لايه‌نه‌كان و دامه‌زراوه‌ فه‌رمييه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا ده‌بێت به‌ شێوه‌يه‌ك مافه‌كانى هه‌رێمى تێدا پارێزراو بێت و سه‌رجه‌م لايه‌نه‌كانيش به‌شداريى كارايان له‌ دروستكردنى بڕيارى هاوبه‌شدا هه‌بێت.

فراكسیۆنە كوردیەكان چی دەڵێن
بەهار مەحمود ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان كە بەشداربوی كۆبونەوەكە بووە بەپەیسەری ڕاگەیاند: لە كۆبونەوەكەدا بزوتنەوەی گۆڕان بە گرنگیەوە بەشداری كردووە  باس لە دووتەوەر كراوە تەوەری یەكەم:چۆنیەتی بەشداری كردنی كورد لە حكومەتی نوێی عێراقدا و  تەوەری دووەم: پێكهێنانی هاوپەیمانیەتیەكی نوێی كوردی لە پەرلەمانی عێراق.

بەهار مەحمود وتی: لەبارەی بەشداریی كردنی گۆڕان لە حكومەتی نوێی عێراقدا و یەك دەنیگی كود نیگەرانیمان داوەتە پارتی و یەكێتی پێمان وتون ئەوان هەركاتێك پێویستیان بە گۆڕان بێت پێمان دەڵێن پشتمان بگرن و لەكاتی پێدانی پۆستەكانیشدا ئێمە بێبەشدەكەن و پشتمان تێدەكەن.

بەهار مەحمود وتیشی : سەركردایەتی هەرێم پێی وتوین ئەمجارە پێویستە پەرەیەكی نوێ هەڵبدەینەوە  بەبەرنامەو كاری جیاوازەوە بچینە عێراق و یەكدەنگ بین و دڵنیایان داوە لە پێدانی ئیمتیازاتمان.

وتیشی: بزوتنەوەی گۆران بۆچونی وایە لەم قۆناغەدا دەبێت كورد بە یەكدەنگی بچێتە عێراق و دۆخەكە وادەخوازێت چۆن شیعە  خەریكی رێكخستنەوەی نێوماڵی خۆیەتی و یەكدەنگە ئێمەش بەو شێوە دەبێت یەكدەنگك بین بەڵام رەچاوی هەموو شتێك بۆ لایەنە كوردیەكان بكرێت.

سەبارەت بەكۆبونەوە رابون مەعروف سەرۆكی فراكسیۆنی ئایندە ڕایگەیاند: ئێمە وەك فراكسیۆنی ئایندە بەشداری كۆبونەوەكە نەكردووە و  ئێمە بڕوامان بە پێكهێنانی فڕاكسیۆنی هاوبەش لەگەڵ یەكێتی و پارتی نییە و لەدیدی ئێمەوە یەكێتی و پارتی بەشێكن لە ئێشەكانی ئێستای عێراق و كوردستان بۆیە ئێمە ناتوانین لەیەك فراكسیۆندا لەگەڵیان بەشدار بین.

رابون مەعروف وتیشی: ھەروەھا ئێمە پێمانوایە پارتی و یەکێتی ھۆکاری زۆربەی ئەو نەھامەتیانەن کە بەسەر گەلی کوردستاندا ھاتوە و ئەوان ھەمیشە بەرژەوەندی خۆیان خستوەتە سەروی بەرژەوەندی خەڵکەوە. لە راستیدا ئەوان بڕوایان بە شەراکەتی سیاسی نییە و ھەمیشە حیزبەکانیتر وەك پاشکۆ بۆ ئەجێنداکانی خۆیان بەکار دەھێنن. بۆیە ئێمە ھەرگیز ناچین شوێنی پارتی و یەکێتی بکەوین و ئەوان بڕیار بدەن و ئێمە سەر بلەقێنین.