01:08 - 24/12/2018
گێرهارد ترابۆرت له كۆبانی: ترس به ده‌موچاوی خه‌ڵكه‌وه دیاره
پزیشكێكی ئه‌ڵمانی باس له‌وه‌ده‌كات، له ئێستادا ترس به ده‌موچاوی خه‌ڵكی كۆبانی به ئاشكرا هه‌ستی پێده‌كرێت، باس له‌وه شدهكات هاوڵاتیان ترسیان له گه‌ڕانه‌وه‌ی شه‌ڕ هه‌یه له ناوچه‌كه‌یان، ئه‌و دكتۆره له رێگه‌ی راپۆرتهكهیهوه مه‌ترسییه‌كان بۆ ئه‌وروپییه‌كان رونده‌كاته‌وه و ئاگاداریان ده‌كاته‌وه له هه‌ڵوێسته سارد‌و سڕهكانیان.
راپۆرتی ئه‌م دكتۆره ئه‌ڵمانییه كه بۆ هاوكاری و چاره‌سه‌ركردنی هاوڵاتیانی رۆژئاوای كوردستان، سه‌ردانی ئه‌و ناوچانه‌ی كردووه، له كاتێكدایه كه سه‌رۆكی ئه‌مریكا بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریا داوه، به كشانه‌وه‌شی پێشبینی هێرشی سوپای توركیا بۆ ئه‌و ناوچانه ده‌كرێت.
گێرهارد ترابۆرت له راپۆرته‌كه‌یدا كه پێگه‌ی دی ده‌بلیوی ئه‌ڵمانی بڵاویكردوه‌ته‌وه، نوسیویه‌تی: بۆ جارێكی تر كه ئه‌مساڵ سێیه‌م جاره، گه‌ڕامه‌وه بۆ باكوری سوریا (رۆژئاوای كوردستان) ، دهنگوباسی ئه‌م وڵاته و هاوڵاتیانی كه تیایدا ده‌ژین، هه‌روه‌ها جه‌نگ و هه‌ژاری به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو له ده‌زگا راگه‌یاندنه‌كانی ئه‌وروپا بونیان نیه، هه‌ندێك جار ئه‌و هه‌سته‌م لا دروست ئه‌بێت كه ئێمه‌ی ئه‌ڵمانی و ئه‌وروپی نامانه‌وێت راستی ته‌واو و زیاتر له‌باره‌ی بارودۆخی خه‌ڵكی ناوچه‌كانی جه‌نگ بزانین، پێده‌چێت خه‌باتی زۆربه‌ی سورییه‌كان كه له پێناو ئازادی و دیموكراتیدا ده‌یده‌ن، خه‌باتێكی به فیڕۆچوو بێت. هه‌روه‌ها له ململانێی زلهێزه‌كانی جیهاندا كه له پێناو ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندیی ئابوری و كۆمپانیاكانیاندا ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، هێزه دیموكراته‌كان له‌ناو ببرێن.
ترس به‌سه‌ر كۆبانیدا زاڵ ده‌بێت
ئه‌و دكتۆره كه ئێستا له شاری كۆبانی خۆبه‌شخانه چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كان ده‌كات، ده‌ڵێ : هاوڵاتیانی رۆژئاوا هه‌ست به ترس و دڵه‌ڕاوكێی گه‌ڕانه‌وه‌ی شه‌ڕ بۆ ناوچه‌كانیان ده‌كه‌ن، ده‌توانم به‌روونی ئه‌و ترسه له ده‌موچاویاندا بخوێنمه‌وه، زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی رۆژانه ده‌یانبینمه‌وه، به بێ ئه‌وه‌ی هیچ بڵێن، ده‌توانم ئه‌و هه‌سته‌یان بخوێنمه‌وه كه لایان دروست بووه، ئه‌ویش هه‌ستی نه‌مانی ئارامی و بێ هیوایی و به ته‌نیا جێهێشتنیانه.
ده‌شڵێ: یه‌كێك له‌و دكتۆرانه‌ی كه له‌گه‌ڵی كارم كرد و پێی خۆش نه‌بوو له‌به‌ر پاراستنی خۆیی و خێزانه‌كه‌ی ناوی بهێنم، پێمی وت" ئێمه له كۆبانی له دایكبووین، به‌ڵام له‌وه‌ته‌ی هه‌ین ترس و هه‌ژاری و كۆژان و مردن به‌شێك بووه له ژیانمان و لێمان دانه‌بڕاوه" هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی وت "ئێمه هه‌موومان زۆر نیگه‌رانین، به‌شێوه‌یه‌كی زۆر هه‌ست به نائارامی ده‌كه‌ین، له ئێستا له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی رۆژه‌كان، نازانین سبه‌ینی چیمان به‌سه‌ر دێت".
رۆحی ئازادی
گێرهارد ترابۆرت له راپۆرته‌كه‌یدا وه‌سفی كۆبانی ده‌كات و ده‌ڵێ: " كۆبانی ئه‌و شاره‌یه كه تیایدا به‌شداری گه‌لی تیدا دروست ده‌كرێت وچالاك ده‌كرێت و هه‌مووان پێكه‌وه بڕیارده‌ده‌ن، به لای منه‌وه شارێكه رۆحی ئازادی و برایه‌تی تێدا بوونی هه‌یه، هه‌روه‌ها له‌م پێكه‌وه ژیان له نێوان ره‌گه‌ز و ئاینی جیاواز له ئاستێكی باشدایه و زیندووه، ئه‌وه‌ی كه زۆر سه‌رنجی راكێشاوم و جێگه‌ی سه‌رسوڕمانمه، ئه‌و وزه به‌هێز و پابه‌ندبوونه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌یه‌تی به دووباره بنیاتنانه‌وه‌ی شاره‌كه‌یان، تائێستا پێنج جار بۆم رێكه‌وتووه سه‌ردانی ئه‌م شاره بكه‌م كه تیایدا چه‌ندین باڵه‌خانه و بینای نوێم بینیوه له‌م دواییانه‌دا دروستكراون: خانووی تازه، بنكه‌ی ته‌ندروستی، فێرگه‌ی زانستی، دایه‌نگه‌ی منداڵانی بێ باوك و بێ سه‌رپه‌رشت.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: شاری كۆبانی ره‌مزی به‌رگریكردنه دژی داعش و تیرۆر، ئه‌و شاره‌یه كه له‌سه‌ر ده‌ستی تیرۆر زۆرترین زیان به‌ر خه‌ڵكه‌كه‌ی كه‌وت و ژێرخانی ئابوری له‌سه‌ر ده‌ستی داعش له 2014 له‌ناوچوو.
هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌ردۆغان
پزیشكه لهئهڵمانیهكه له درێژی نوسینه‌كه‌یدا نوسیویه‌تی: له‌سنوره‌كانه‌وه، هاوڵاتیان رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ربازی سه‌رۆكی توركیا، ده‌بنه‌وه. ئه‌ردۆغان و شوێنكه‌وتووانی چه‌ندین جار ته‌شهیریان به خه‌بات و شه‌ڕی هێزه كوردییه‌كان له‌گه‌ڵ داعش كردووه و كورده‌كانیان به تیرۆریست چواندووه، ئه‌و پزیشكه‌ی هاوكارم كه پێشتر قسه‌ی بۆ كردووبووم پێی وتم" ئێمه ترسمان له‌وه هه‌یه كه ئه‌ردۆغان په‌نابه‌ره عه‌ره‌به‌كان بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌و جێگانه‌ی كه ئێستا سوپاكه‌ی داگیریكردوون له رۆژئاوای كوردستان". ئه‌ردۆغان هیچ گرنگی به شه‌ڕی تیرۆر نادات ئه‌و ته‌نها گرنگی به خۆی ده‌دات و خۆپه‌رسته و ده‌یه‌وێت ده‌سه‌ڵاتی وڵاته‌كه‌ی فراوان بكات و به‌تایبه‌تیش له سوریا ده‌یه‌وێت كورد له‌ناوببات و كۆمه‌ڵكوژیان بكات. پێشتریش بێ گوێدانه یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له عه‌فرین مه‌ده‌نییه‌كانی ئه‌وێ كه كوردبوون به ئاشكرا ده‌كوشت.
بێده‌نگی ئه‌وروپا
گێرهارد ترابۆرت روی ده‌می ده‌كاته وڵاتانی ئه‌وروپا و ره‌خنه‌یان لێده‌گرێت له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانیان و بێده‌نگبوونیان له دۆخی باكوری سوریا و رۆژئاوای كوردستان، گێرهارد ده‌ڵێ: ئه‌وه‌ی ده‌زانین هه‌موومان له‌م جیهانه، دیموكراتی ئازادمان ده‌وێت،به‌ڵام بێده‌نگین به‌رامبه‌ر تاوانه‌كان، هاوپه‌یمانی ناتۆ كه ئه‌ڵمانیاش تیایدا ئه‌ندامه، قه‌بوڵی ده‌كه‌ن كه هاوبه‌شێكی ناتۆ تاوانی جه‌نگ ئه‌نجام بدات، ئێمه كاره تیرۆریستییه‌كانی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌مان قه‌بوڵه، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ترسمان هه‌یه له له‌ده‌ستدانی هاوبه‌شه‌كه‌مان له هاوپه‌یمانی ناتۆ و هاتنی به لێشاوی كۆچبه‌ران بۆ ئه‌وروپای ئازاد.
ده‌شڵێ: له‌به‌ر ئه‌و كارانه‌ی كه له توركیای قه‌بوڵ ده‌كه‌ین، ئێمه ناسنامه‌ی خۆمان كه (ئه‌روپای ئازاد، لیستێك له دادپه‌روه‌ری و رێزگرتن مرۆڤ به مانای پێكه‌وه ژیانه) ون ده‌كه‌ین، من ئه‌مه‌وێت ئه‌وه بپرسم ئه‌و ئه‌خلاقانه چین كه دیموكراته‌كانی خۆرئاوا له‌سه‌ری وه‌ستاون؟ رێگه‌دانه به خنكانی هاوڵاتیان له ده‌ریای ناوه‌ڕاست؟ داخستنی سنوره‌كانمان و ته‌ماشاكردنی مردن و كوله‌مه‌رگی هاوڵاتیانی ناوچه‌كانی جه‌نگه له دووره‌وه؟ یان رێگه‌دانه به وڵاتێك كه هاوكارمانه بۆ ئه‌نجامدانی جه‌نگ و خوڵقاندنی تاوانی جه‌نگ؟
له به‌شێكی دیكه‌ی نوسینه‌كه‌یدا ده‌شنوسێت: ئه‌و ئازادی و سیستمی دیموكراتییه‌ی كۆبانی هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌یه بۆ ئیداره‌ی ئه‌ردۆغان، بۆیه پێویسته‌له‌سه‌رمان به‌رگریان لێبكه‌ین، من به هاوڵاتیانی كۆبانیم وت كه كاره‌ساته‌كانی سه‌ر كورد 20 بۆ 25 ساڵ جارێك دوباره ده‌بێته‌وه، به‌ڵام به ئێوه‌شی كۆمه‌ڵگه‌ی ئازادیش ده‌ڵێم، پێویسته رێگه له‌و كاره‌ساته بگرین كه سه‌رۆكی توركیا له‌ناوچه‌كه ده‌یه‌وێت بیخوڵقێنێت و به‌جدی دژی بوه‌ستینه‌وه.
گێرهارد ترابۆرت دكتۆری ده‌رونی و كۆمه‌ڵایه‌تیه، ماوه‌ی 20 ساڵه سه‌ردانی ئه‌و ناوچانه ده‌كات كه شه‌ڕ و نائارامی لێیه و تیایدا هاوكاری لیقه‌وماوان ده‌كات، و دامه‌زرێنه‌ری كۆمه‌ڵه‌ی (هه‌ژاری و ته‌ندروستییه).