ڕاپۆرتی کوردستانی

04:30 - 09/02/2020

ئەحمەدی فروزەندە هاوكارە سەرەكیەكەی قاسمی سولەیمانی لەكوێوە بۆ كوێ؟‌

پەیسەر

هەندێك لە توێژەران پێیان وایە بە كوژرانی قاسمی سولەیمانی هەژموونی ئێران لەناوچەكەدا كۆتایی دێت، هەندێكی دیكە پێیان وایە لەوانەیە هەندێك گۆڕانكاریی بەسەر دۆخەكەدا بێت بەڵام ئەوەی كە دەگۆڕێت پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە كەسایەتی و كارە سەرەڕۆییەكانی سولیەمانییەوە هەیە، نەك ئەجێنداو ستراتیژیەتی ئێران، بەڵگەشیان بۆ ئەمە بوون و مانەوەی چەند كەسایەتیەكی ئەمنی و هەواڵگرییە كە هاوكاری سەرەكی بوون و ئەجێنداكانی ئەو وڵاتەیان جێبجێكردووە، یەكێك لەوانە ئەحمەدی فروزەندیە.


ساڵی 2007 لە دوای كۆكردنەوەی زانیاریی ورد لەسەر كەسایەتییەكی مەترسیداری نهێنی سوپای قودسی سەربە سوپای پاسداران لە هەولێر لە ئۆپەراسیۆنێكی ناكاودا هەڵیانكوتایە سەر شوێنەكەوە چەند كەسێكی ئێرانییان دەستگیركرد، لەناو ئەو گیراوانەدا كەسێك هەبوو كە دەمێك بوو ئەمەریكا بەدوایدا دەگەڕاو دەیویست دەستی بیگاتێ، تا لە ڕێگەی تایبەتی خۆیانەوە بەدواداچوونیان بۆكردوەو ویستوویانە دەستگیری بكەن بەڵام پێش لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكە بەرەو ئێران گەڕاونەتەوە.
ئەحمەد فروزەندە، یەكێكە لەسەركردە بەهێزەكانی سوپای قوودسی ئێرانیی و ماوەیەكی زۆر لە پێگەیاندنی لایەنگرانی ئێرانی لە عێراقدا كار دەكات و لە ناوخۆی ئێراندا كاری ڕاهێنان و پەروەردەكردنی چەكدارەكانی سەر بەئێرانی كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا  لە ساڵی 2007 ەوە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا بە كەسایەتی ترسناك لە قەڵەمی داوەو بڕیاریداوە بیخاتە لیستی ڕەشەوە، پاساوەكەشی ئەوەبووە كە ڕۆڵی سەرەكی هەبووە لە هاندانی گروپە عێراقیەكان لە دژی هێزی ئەمەریكی و هاوپەیمانەكانی و چەكداركردنیان و ڕاهێنان پێكردنیان لەناو خاكی ئێراندا، بە پێی راپۆرتی ئەمەریكیەكان فروزەندە دەستی هەیە لە كوشتنی چەندین كەسایەتی عێراقی.


ئەمەریكیەكان زانیارییان هەبووە كە لەگەڵ لیوا محمد جەعفەری سەحراوەردی –تاوانباری سەرەكی تیرۆر كردنی قاسملۆ لە ڤییەنا- سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە، هێزە ئەمەریكیەكان پلانیان بۆ دانان دەستگیریان بكەن، بەڵام گەڕانەوەی لەناكاویان بۆ تاران ئۆپەراسیۆنەكەی بێ ئەنجام كرد، بە پێی سەرچاوەكان  فروزەندە سەرپەرشتی قەرارگای رەمەزانی كردووە كە ئەو قەرارگایە ئۆرگانێكی سوپای پاسدارانی ئێرانەو بە ڕێكخەری پەیوەندییەكان لەگەڵ هێزە عێراقی و كوردستانیەكاندا كاری كردووە، بە پێی سەرچاوەكان دابینكردنی هەرجۆرە پێداویستیەكی ئەوهێزانە لەڕێگەی قەرارگای ڕەمەزانەوە ئەنجام دراوەو دەدرێت.
بە پێی راپۆرتێكی  –شرق الاوسط- قەرارگای رەمەزان چوار بارەگای لە ئێراندا هەیە،  -فیلق فجر- كە سەر بە قەرارگای ڕەمەزانەو لە پارێزگای ئەهوازەو كارەكانی بریتین لە كۆكردنەوەی زانیاریی هەواڵگریی لە بارەی سوپای ئەمەریكاو هاوپەیمانەكانی، -فەیلەقی زەفەر- كە بارەگاكەی دەكەوێتە كۆماشان و فەیلەقی رەعد لە مەربوان و فەیلەقی ناصریش لە نەغەدە، هەموو ئەو بارەگایانەش لە سنووری شارەكانی كوردستانی رۆژهەڵاتن و كاریشیان هاوكارییكردنی لۆجستی و  پشتیوانی كردنی سوپای قودسە.


بە پێی ڕاپۆرتەكەی –شرق الاوسط- سەحراوەردیی لە ئێستادا بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆكی پەرلەمانی ئێران عەلیی لاریجانییە، ئەو كاتەش كە لاریجانی لێپرسراوی ئەنجومەنی پارێزگاریی لە بەرژەوەندییەكانی ئێران وبوو، سەحراوەردیی ئەندامی لیژنەی دانوستانكاریی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران بوو.
ئەفشوون ئوستوڤار توێژەر لە كۆلێژی توێژینەوەی سوپای دەریایی ئەمەریكا باس لەوە دەكات هەرچەندەقاسمی سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس پاڵەوانی سەرجەم ڕوداوەكانی عێراق و سەرەجەم ئەو كارانەبوو كەلەلایەن سوپای پاسدارانەوەی لە عێراق و ناوچەكە ئەنجام دەدران، بەڵام ئەو بەتەنها خۆی نەبووەو چەند كەسێكی بەتواناو شارەزای تر هاوكاریی بوون لەوانەش ئەحمەدی فروزەندە بووە، بە پێی وتەی ئەو توێژەرە ئەمەریكییە، فروزەندە بەیەكێك لەو كەسانە دادەنرێت كە هاوكاری سەرەكی قاسمی سولەیمانی بووەو  لەگەڵ سەحراوەردی و چەند كەسێكی دیكە.

بە پێی ڕاپۆرتێكی –دەیلی بەیست- ئامانجی سوپای قودس و فەرماندەكانی ئەوەبووە دەست بەسەر عێراق و ئەوناوچانەدا بگرن كە كاریان تێدا كردووەو بۆ ئەو مەبەستەش بە ملیۆنەها دۆلاریان سەرفكردووە، ئەوە لە كاتێكدا كە گەلانی ئێران لە ژێر باری ئابڵۆقەیەكی گەورەی ئابووریدان، شایانی باسە لەكاتی خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییانەی ئێراندا یەكێك لە دروشمەكانی خۆپیشاندەران بریتی بوو لە (ئەوەی لە دەرەوەی ئێران سەرفی دەكەن لەناوخۆی ئێران سەرفی بكەن) بوو.
بە پێی سەرچاوە ڕۆژنامەوانیەكان فروزەندە لە سەرەتای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە رۆڵی گەورەی بینیوە لە سەركوتكردنی ناڕەزایەتیەكانی خوڕەمشەهری عەرەب نشینی رۆژئاوای ئێران.


سەرچاوەكان باس لەوەدەكەن چالاكیەكانی فروزەندە دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران -1980 -1988- كە ئەوكات سەرپەرشتی چەندین چەندین چالاكی پارتیزانی كردووەو لە هەمان كاتیشدا سەرپەرشتی ئەو چالاكیانەشی كردووە كە لە لایەن ئۆپۆزسیۆنی ئەوكاتەی عێراقەوە ئەنجام دراوە.
ئەفسەری دەزگای هەواڵگریی ئەمەریكا دوگ وایز باسی لەوە كردووە كە ئەو ئەفسەرانەی سەرپەرشتی چالاكیەكانی سوپای قودس دەكەن كەسانی ئاسایی نین و خاوەنی دەسەڵات و شارەزاییەكی زۆرن. كۆلۆنێل –دۆناڵد بیكۆن- سەرۆكی هێزە تایبەتی و چالاكییە هەواڵگرییەكانی ئەمەریكا لە عێراق لە ساڵی 2007 دا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی قەرارگای رەمەزانەوە گوتوویەتی: قەرارگای رەمەزان زۆرینەی چالاكیەكانی عێراق و كارە تێكدەرانەكان لەبەرژەوەندی ئێران ئەنجام دەدەن، ئەوان خەریكی قاچاخچێتی چەك و شارەزاكردن و ڕاهێنانی میلشیاشێعەكانی عێراقن، لە ساڵی 2007 ەوە كارە تیرۆرستیەكان و گێرەشێویەنیەكانی عێراق پەرەیان سەندووەو راپۆرتە هەواڵگرییەكانی ئەمەریكا باس لەوە دەكەن  زۆرینەی چاوەكان لەسەر  لایەنگرەكانی ئێران بووە لە عێراق.


بە پێی ڕاپۆرتە هەواڵگرییەكان فروزەندە سەركردەی تیمێك بووە بەناوی – مردنی ئاڵتوونی- كە چەندین كاری تیرۆرستییان ئەنجام داوە، تەنانەت دەستیان لە هاوڵاتیانی عێراقیش نەپاراستووە تەنها لە پێناوی ئەوەدا پێگەی ئێران لە عێراق بەهێزببێت، بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی لەدەزگای هەواڵگریی ئەمەریكاوە بڵاوكراوەتەوە، ئەو تیمەی فروزەندە سەرپەرشتی كردووە دەستیان لە كوشتنی چەندین بەرپرسی پێشووی بەعس دا هەبووە لەگەڵ هێرشكردنە سەر بەرژەوەندیەكانی ئەمەریكاو هاوپەیمانەكانی، هەروەها دەستیان هەبووە لە كوشتنی ئەوانەشدا كە نیگەران و ناڕازیی بوون لە هەژموونی ئێران لە عێراقدا.
بۆ ئەنجامدانی ئەو كارانە تیمێكیان رەوانەی  شاری ئەهوازی ئێران كردووە بۆ ئەوەی ڕاهێنانیان پیبكەن و بۆ ماوەی دە رۆژ ماونەتەوەو خولی تایبەتییان بینیوە، بە پێی ڕاپۆرتەكان ئەو تیمە ڕاهێنانیان لەسەر بەكارهێنانی هاوەن و كۆتیۆشا كردووە، هەروەها خولی تەقینەوەو مینیشیان بینیوە، هەربۆیە لە ساڵی 2007 بەدواوە ئەو جۆرە چالاكییانە زیادیانكردووەو سەدان سەربازی ئەمەریكی كوژران و بە سەختی بریندارو كەمئەندام بوون.


ڕاپۆرتەكان باس لەوە دەكەن یەكێك لەكۆبوونەوەكانی تیمی مردنی ئاڵتوونی لە نوسینگەی تایبەتی پارێزگای پێشووی بەسرە ئەنجام دراوە، بەپێی ئەو ڕاپۆرتانە لیستی ناوی ئەو كەسە عێراقییانەیان ڕادەستكراوە كە ویستوویانە لەناویان بەرن، ئەو كەسانەی لەو كۆبوونەوەیەدا بەشدارییان كردووە جگە لە عێراقییە ڕاهێنراوەكان چەند ئەفسەری ئێرانیشیان تێدا بووە بەو پێیەی خەڵكی پارێزگا عەرەبیەكانی ئێران بوون زمانی عەربییان بەباشی زانیوە.
بە پێی بەڵگەنامەیەكی –ویكیلیكس- كە لەو دواییانەدا بڵاوەیان كرد، فروزەندە چەند كەسێكی وەك سیخوڕو هەواڵدەر لەناو بارەگاكانی موجاهیدنی خەلقی ئێرانی لە كەمپی ئەشرەف چاندووە، هەر بەپێی ڕاپۆرتەكان هەریەك لە ئیرەجی مەسجیدی و عەبدولرەزا شەهلایی لە ئەفسەرە پلەباڵاكانی قەرارگای ڕەمەزان بوون و لە عێراقدا وەك نوێنەری دبلۆماتی ئێران كاریان كردووە.