04:50 - 08/02/2020
مانگی داهاتوو دادگاییکردنی ٤٠٠ ژنی داعش دەستپێدەکات
ئیدارەی
رۆژئاوای کوردستان، هێشتا گیرۆدەیە بەدەست ئەو ژن و پیاوانەی بە تۆمەتی ئەندامێتی
داعش دەستگیرکراون، چونکە خۆی توانای بەڕێوەبردنی دادگاییەکی وای نییە و کۆمەڵگەی
نێودەوڵەتیش ناچن بە دەمیەوە تا هاوکاری بکەن.
مەزەندە
دەکرێ شەش هەزار ئەندامی داعش لە گرتووخانەکانی رۆژئاوای کوردستاندابن.
بەرپرسانی
ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان رایانگەیاندووە: مانگی ٣-ئازاری ئەمساڵ پرۆسەی
دادگاییکردنی داعشەکان دەستپێدەکەن و سەرەتا چوار سەد ژن دادگایی دەکرێن.
بۆ
یارمەتیدانی دادگاکانی رۆژئاوا، بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەریی بەردەوام گفتوگۆ لەگەڵ
وڵاتانی ئەوروپادا دەکەن تا لەو بارەیەوە هاوکارییان پێشکەش بکەن.
هاوکارییەکان
کە رۆژئاوا داوای دەکات، خۆی دەبینێتەوە لە وەرگرتنەوەی بەشێک لە تۆمەتباران کە
رەگەزنامەی وڵاتانی ئەوروپایان هەیە تا لەوێ دادگاییان بکەن، یان یارمەتی لۆجستیکی بە
دادگا و دادوەرەکانی رۆژئاوا پێشکەش بکەن.
بەڵام
تائێستا هیچکام لە وڵاتانی ئەوروپا نەچوونەتە ژێر باری وەرگرتنەوەی ئەو هاوڵاتیانەی
خۆیان کە بوونەتە داعش و لە گرتووخانەکانەکانی رۆژئاوای کوردستاندان.
رۆژی
پێنجشەممەی رابردوو، شاندێکی حکومەتی فینلەندا سەردانی رۆژئاوای کوردستانی
کردووەو لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەریی کۆبوونەتەوە. لە دیدارەکاندا جارێکی تر
پرسی گەڕاندنەوەی داعشە ئەوروپییەکان خراونەتەوە بەرباس.
ئیندەپێندنتی
بەریتانی لەسەر زاری بەرپرسێکی رۆژئاوای کوردستان بڵاویکردووەتەوە، تائێستا رۆژئاوای
کوردستان سەرکەوتوو نەبووە لەوەی قەناعەت بە وڵاتانی ئەوروپا بهێنێ تا
هاوڵاتییەکانی خۆیان وەربگرنەوەو دادگاییان بکەن.
ئەوبەرپرسە
ئاشکرایکردووە ١٠٪ی ئەو منداڵانەی کە دایکوباوکیان داعشەو لە زیندانەکانی رۆژئاوای
کوردستاندابوون، نێردراونەتەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا.
چاوەڕێ
دەکرێ ئەو داعشانەی دادگایی دەکرێن، ئەگەر هەر ئەندام بووبن و دەستیان نەبووبێ لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییدا، ئەوا ١ – ٥ ساڵ سزا بدرێن. ئەو کەسانەشی کە تاوانی جەنگییان
ئەنجامداوە سزای ئەبەدی بدرێن. لە سزاکانی رۆژئاوای
کوردستاندا لەسێدارەدان نییە.
کڵایۆ سمیت، مافناس و دامەزرێنەری (دامەزراوەی ریپیۆ) کە کاریان دەکرد بۆ
دابینکردنی پارێزەر بۆ گیراوانی گوانتانامۆ بە ئیندەپێندنتی گوتووە:" پرسیارەکە
لێرەدایە ئایا هێزەکانی سوریای دیموکرات سەرچاوەو کەرەستەی پێویستیان لەبەردەستدایە
بۆ دادگاییکردنی تۆمەتباران؟ پێویستە وڵاتانی رۆژئاوا ئەو سەرچاوەو کەرەسانەیان بۆ
دابین بکات. رەنگە بڵاوبوونەوەی هەواڵی دادگایکردنی ئەوانە، فشار بخاتە سەر
بەریتانیا و ئەوروپا بۆ وەرگرتنەوەی هاوڵاتییەکانی خۆیان کە تۆمەتبارکراون بە
ئەندامێتی داعش".
یەکێک
لەو پێشنیاز و چارەسەرانەی خراونەتە بەردەم رۆژئاوای کوردستان، گواستنەوەی ئەو
داعشە دەستگیرکراوانەیە بۆ عێراق تا لەوێ دادگایی بکرێن. بەڵام چونکە ئەگەری هەیە
لە عێراق سزای لەسێدارەدان بسەپێنرێ بەسەر هەندێکیاندا، بیرۆکەکە هەڵوەشێنرایەوە.