ڕاپۆرتی کوردستانی

08:50 - 08/02/2020

دوو کــــورسی و بـــەرهــــــــــــــەمـێــک..‌

پەیسەر


ئه‌و پیاوه‌ى نزیكه‌ى ده‌یه‌یه‌ك دەبێ نه‌رمبڕانه‌ له‌ پشتى په‌رده‌وه‌ هه‌وڵى به‌ده‌ستهێنانى كورسییه‌كانى مام جه‌لال (سكرتێرى یه‌كێتى و سه‌رۆك كۆمارى عێراق) ده‌دا، ئێستا یارییه‌كانى چالاكتر كردووه‌ بۆ مسۆگەرکردنی یەکێک لەو کورسییانە ئەگەر هەردووکیان نەبێ.


لەو گۆڕەپانەی د. بەرهەم ساڵح کارتەکانی بەکار دەهێنێ، هەرکامیان بۆ خۆی ئاوس بووە بە چەندین کیشە و ململانێی ناوخۆیی و ئیقلیمییەوە ئیتر چ سلێمانیبێ یان بەغدا. بۆیە بەرهەم ساڵح دەتوانێ لێبڕوانە یەکێک لەو دوو گۆڕەپانە بۆ خۆی مسۆگەر بکات، ئەگەر وانەکات ئەوا بۆ هەمیشەیی دەخرێتە خواری خوارەوەی یارییەکانەوە.

لە سەرەتای ئەم سەدەیەوە، به‌رهه‌م ساڵح ساڵانێكى زۆر له‌نێو یه‌كێتى و حكومه‌تیشدا، دانه‌ دانه‌ كورسییه‌كانى تاقی كردووەته‌وه‌ تا گەیشتووەتە سەرۆک کۆمار، به‌ڵام ئێستا ئیتر ئەم پیاوە دوایین چانسەکانی لەسەر کورسی دەسەڵات تاقی دەکاتەوە.
کورسییەکەی سلێمانی

لە دوای کۆنگرەی چواری یەکێتی، بەرهەم ساڵح پەیامی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوەو " کۆتایی و سەرکەوتووی کۆنگرە"ی راگەیاند.  دواتر هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە چوون کە بە تەوافوقی باڵە سەرەکییەکانی ناو یەکێتی، ئەو بکرێتە کەسی یەکەمی ئەو حزبە. بەڵام ئەمەش بێ ئاستەنگ و تەنگوچەڵەمە نییە.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، رۆژانی کۆتایی مانگی رابردوو بە ئامادەبوونی مەلابەختیار و چەند سەرکردەیەکی تر، له‌ ماڵى  مام جه‌لال لە دەباشان کۆبوونەوەیەک کراوە سەبارەت بە پۆستى کەسی یەکەمی یەکێتی (ئیتر سکرتێرە یان سه‌رۆك) بۆچوونى كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌و ئاڕاستەیەدا‌ بووه‌ کە " ناكرێ به‌رهه‌م ساڵح ببێته‌ سه‌رۆكى یه‌كێتى".


چەند هۆکارێک باسکراون لەوانە: بەرهەم په‌یوه‌ندى توندوتۆڵى له‌گه‌ڵ پارتى‌ به‌ تایبه‌ت نێچیرڤاندا هەیە کە ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ى خواستى سه‌ركردایه‌تى نوێى یه‌كێتییه‌. چونكه‌ یەکێتییەکانی ئێستا ده‌یانه‌وێ حزبه‌كه‌یان سه‌ربه‌خۆبێ له‌ بڕیارى سیاسیدا و له‌ژێر هه‌ژموونى پارتیدا نه‌بێ.

سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌ ره‌وتى دانوستانه‌كانى ناوخۆى یه‌كێتى بۆ په‌یسه‌ر گوتى: دوو گریمانه‌ گفتوگۆى له‌سه‌ر كراوه‌، یان سكرتاریه‌تێك هه‌بێ كه‌ بافڵ تاڵه‌بانى سه‌رۆكیبێ و هەر خۆیشى خاوه‌ن بڕیارى كۆتاییبێ، یان ئه‌وه‌تا ئه‌م پرسه‌ دوا بخرێت بۆ شه‌ش مانگى دیكه تا دۆخى عێراق یه‌كلایى ده‌بێته‌وه‌.

به‌رهه‌م ساڵح بۆ خۆی، خواستى گه‌وره‌و له‌ مێژینه‌ى هه‌یه‌ بۆ وه‌رگرتنى سکرتێر، به‌ڵام ده‌یه‌وێ باڵه‌كان له‌سه‌رى رێكبكه‌ون. ئەو چانسێکى هه‌یه‌ كه‌ لاهوور شێخ جه‌نگى و بافڵ تاڵه‌بانى له‌نێوان خۆیاندا رێكنه‌كه‌ون تا یه‌كێكیان كورسى سه‌رۆك وه‌ربگرێ، له‌و حاڵه‌تدا گریمانه‌ى به‌هێز ئه‌وه‌یه‌ هه‌ردووكیان به‌رهه‌م ساڵحیان پێ باشبێ و كۆسره‌ت رسوڵیش رازى بکەن.

ئێران ناڕازییە
ناوەڕاستی مانگی رابردوو (عادل عەبدولمەهدی) سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکیشاوەی عێراق، سەردانی سلێمانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی کۆبوویەوە.
یەکێک لەو پەیامانەی عەبدولمەهدی بە یەکێتی گەیاند ئەمەبوو " ئێران لە د. بەرهەم ناڕازییە و پێیوایە هۆکاری گەورەبوونی درزی نیوان کورد و شیعە بەرهەم ساڵحە"
لە کاتێکی وادا کە ئێران لە سەرۆک کۆمارییەکەی ناڕازی بێ، ئایا رازی دەبێ ببێتە سکرتێری یەکێتی؟
به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر کە له ‌چەند سه‌رچاوه‌یه‌كەوە ده‌ستیكه‌وتووه‌، ئێران ڤیتیۆی له‌سه‌ر به‌رهه‌م ساڵح هه‌یه‌ بۆ پۆستى سه‌رۆكى یه‌كێتى. به‌رپرسێكى باڵاى هه‌واڵگرى ئێران، مانگی رابردوو راشكاوانە گوتوویه‌تى: "ئه‌سته‌مه‌ رازى بین بەرهەم ساڵح ببێته‌ سه‌رۆكى یه‌كێتى".
ئێرانییه‌كان پێیانباشه‌ كورسى سه‌رۆك، له چوارچێوەی ‌ماڵى مام جه‌لال نه‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر لاهور شێخ جه‌نگى و بافڵ تاڵه‌بانى له‌سه‌ر به‌رهه‌م ساڵح رێكبكه‌ون، ئایا ئێران به‌ به‌رهه‌م ساڵح رازییه‌؟ وەڵامی ئەم پرسیارە گرێی مەتەڵەکە دەکاتەوە کە جارێ لای کەس نییە.

ئەمریکا ئۆکەی کردووە
بە دەر لە پۆستی سکرتێری یەکێتی، بەرهەم ساڵح دەیەوێ ئەم خولە و خولی داهاتووی سەرۆک کۆماری عێراقیش مسۆگەر بکات. بۆ ئەمەش لەناو شیعەکاندا ناڕەزاییەکی راستەقینە هەیە سەبارەت بە مانەوەی لەسەر کورسی سەرۆک کۆمار.
بەشێک لە لایەنەکانی شیعه‌ بە دنەدانی ئێران، هه‌ركات ده‌رفه‌تیان بۆ بڕه‌خسێ دوودڵ نابن له‌ لابردنى بەرهەم ساڵح و رازى نین له‌ ئه‌داى "د.بەرهەم بووەتە باعیسی گەورەکردنی درزی نێوان کورد و شیعەم سه‌رۆكێكى زیاتر مەیلەو ئه‌مریكایه‌ و پارێزگارى له‌ سه‌روه‌رى خاكى عێراق ناکات" ئەمە ئەو پاساوانەی شیعەکانە، به‌ڵام ده‌زانن ئه‌و‌ رێكارانەی دووری دەخاتەوە ئاسان نین.
بەگوێرەی قسەی ئەو کەسانەی بۆ ئەم راپۆرتە زانیارییان لێ وەرگیراوە، ئه‌مریكییه‌كان بۆ ئه‌م خوله‌ پشتیوانى مانه‌وه‌ى بەرهەم ساڵح ده‌كه‌ن و دەیانەوێ تا ئه‌و كاته‌ى ماوەی یاسایی ته‌واو دەكات بمێنێتەوە. بۆ ئەمەش پەیامیان بە سەرکردایەتی یەکێتی داوە. ‌
کەسێكى نزیك لە به‌رهه‌م ساڵح له‌ به‌غدا بۆ په‌یسه‌ر گوتى: مانه‌وه‌ى له‌ پۆستى سه‌رۆك كۆماردا مسۆگه‌ره‌، دڵنیاشم كه‌ ده‌بێته‌ سه‌رۆكى یه‌كێتى.
ئه‌و به‌رپرسه‌ كه‌ ئاماده‌ نه‌بوو ناوى بنووسرێ‌، پێیوابوو‌ ئێران به‌وجۆره‌ ڤیتیۆى له‌سه‌ر به‌رهه‌م ساڵح نییه‌ وه‌ك باس ده‌كرێ " چونکە توانیویەتی هاوسه‌نگى بپارێزێ، بەلای ئێرانی و ئه‌مریكییەکانیشەوە  گرنگه‌ وەکو خاڵى په‌یوه‌ندى نێوانیان بمێنێتەوە، هەروەها توانی سەرنجی خۆپیشاندەرانی عێراق بۆ خۆی رابکێشێ و ئێستا لای ئەوان پەسەندە".



خاڵه‌ به‌هێزه‌كانى
ئه‌مریكا پشتیوانى ده‌كات به‌تایبه‌ت بۆ مانه‌وه‌ى له‌ پۆستى سه‌رۆك كۆماردا، ئه‌ویش تاڕاده‌یه‌ك هه‌موو هێلكه‌كانى له‌ سه‌به‌ته‌ى واشنتۆن داناوه‌و تائێستا توڕه‌ییه‌كانى ئێرانى به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتووه‌.
له‌نێو شیعه‌كاندا هه‌موویان دژى نین، ره‌وته‌كه‌ى موقته‌دا سه‌در پشتیوانییانكرد، به‌رهه‌م ساڵح پێداگرى ده‌كات كاندیدێك راده‌سپێرێت كه‌ ته‌وافوقى له‌سه‌ربێ، به‌وه‌ش تۆپه‌كه‌ى خستووه‌ته‌ نێو ماڵى شیعه خۆیەوە‌.
دۆخى عێراق به‌ جۆرێك ئاڵۆز بووه‌ كه‌س نایپه‌رژێته‌ سه‌ر بیرۆكه‌ى لادانى سه‌رۆك كۆمار. دواى كوشتنى قاسم سوله‌یمانى به‌شێك له‌ فشاره‌كانى سه‌ر به‌رهه‌م ساڵح ره‌وینه‌وه‌.
دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ نێو یه‌كێتى، به‌جۆرێك یارى ده‌كات، خۆى له‌سه‌ر هیچ باڵێك ساغ ناكاته‌وه‌، ده‌یه‌وێ بڵێت باڵباڵێن ناكات دەیەوێ هەمووان بەدەستبهێنێ و خۆی هیچ لە دەست نەدات.

لاهور شێخ جه‌نگى و بافڵ تاڵه‌بانى له‌نێو خۆیان كۆك نین سه‌باره‌ت به‌ به‌ڕێوه‌بردنى یه‌كێتى، به‌تایبه‌ت پۆستى سكرتێر ئه‌وه‌ش هه‌لى ئه‌وه‌ى پێده‌دات كه‌ له‌ نێوان ئه‌و ناكۆكییه‌دا بازه‌كه‌ به‌سه‌ر شانیه‌وه‌ بنیشێته‌وه‌.

خاڵه‌ لاوازه‌كانى
ئێران ڤیتیۆى هه‌یه‌ لەسەری، بۆ یەکێتیش ئاسان نییە لاساری لە خواستە جدییەکانی ئێران بکات.
لەناوخۆی یەکێتیدا ئه‌گه‌رچى له‌نێوان باڵه‌كاندا یارى ده‌كات و داواى ته‌وافوق ده‌كات، به‌ڵام له‌ڕووى واقیعیه‌وه‌ پێگه‌ى جەماوەریی زۆر دابەزیوە‌. بیرۆكه‌ى سه‌رخستنى سێ كه‌س به‌ ته‌زكییه‌ بۆ سه‌ركردایه‌تى له‌ كۆنگره‌، له‌به‌ر ره‌چاوكردنى دۆخى خراپى ئه‌و بوو.
ماڵى تاڵه‌بانى هەموویان پشتیوانى ناكه‌ن، ئه‌وان چاوه‌ڕێى ده‌مى ئێران ده‌كه‌ن و پێشتریش بۆچوونیان له‌سه‌ری باش نەبووە.
زۆرینه‌ى لایه‌نه‌ شیعه‌كان، كه‌ په‌یوه‌ندى توندوتۆڵیان له‌گه‌ڵ یه‌كێتى هه‌یه‌، هەبوونى به‌رهه‌م ساڵحیان به‌ سه‌رۆكى یه‌كێتى پێخۆش نییه‌.
پارتى به‌رهه‌م ساڵحى به‌ سه‌رۆكى یه‌كێتى پێخۆشه‌. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ وه‌كو خاڵى به‌هێزیش سه‌یر ده‌كرێت، به‌ڵام بۆچوونى باو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و نوخبه‌ى براوه‌ى كۆنگره‌ى یه‌كێتین ده‌ستوه‌ردانى پارتى ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌ر كاندیدێكیش لاى پارتى په‌سه‌ندبێ، ئه‌مان په‌سه‌ندى ناكه‌ن.

ئەم راپۆرتە لە ژمارەی ٨ی گۆڤاری پەیسەردا بڵاوکراوەتەوە