ڕاپۆرتی کوردستانی

07:58 - 05/02/2020

كێشه‌ى ته‌نده‌رى غازه‌كه‌ ناوخۆى یه‌كێتى دابه‌شكرده‌وه‌‌

پەیسەر

پێده‌چێت كۆنگره‌، گوتارى سیاسیى یه‌كێتى  نیشتمانیى كوردستانى لێڵتر كردبێت، دواى مانگ و نیوێك هێشتا ئه‌نجامه‌كانى ئه‌و كۆنگره‌ دیار نین و باڵ و ئاڕاسته‌كانى نێو حزبه‌كه‌ش وه‌ك پێشتر یاخود قایمتر قاچیان گیر كردووه‌. له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ته‌نها له‌سه‌ر كێشه‌ى گرێبه‌ستى كۆمپانیایه‌كى غازى ماڵان، ئه‌و حزبه‌ به‌ سێ ئاڕاسته‌ى جیاواز بۆچوونى خۆى راگه‌یاندووه‌، كێشه‌ى كۆمپانیایه‌ك به‌رپرسه‌كانى حزبه‌كه‌ى به‌سه‌ر سێ ئاڕاسته‌ى جیا دابه‌شكرد. 

پوخته‌ى كێشه‌كه‌ گۆڕینى گرێبه‌ستى كۆمپانیاى دابه‌شكردنى غازى ماڵان بوو كه‌ پێده‌چێت كۆمپانیاى كوڕانى شێخ جه‌نگى بووبێت، كۆمپانیایه‌كى دیكه‌ وه‌ریگرت كه‌ زانیارى هه‌یه‌ كۆمپانیا نوێیه‌كه‌ سه‌دا ٤٠ی داهاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ ئیداره‌ى گشتى یه‌كێتى به‌ش بكات و به‌رپرسه‌كه‌شى له‌سه‌ر پارتى حسابه‌.

له‌ سه‌روه‌ختى سه‌رهه‌ڵدانى كێشەكه‌وه‌، جه‌نگییه‌كانى نێو یه‌كێتى به‌رهه‌ڵستى گه‌وره‌ى بڕیارەكه‌ى حكومه‌ت بوون

میدیاكانى نزیك له‌ لاهور شێخ جه‌نگى هه‌ڵمه‌تى توندیان به‌ڕێوه‌برد له‌سه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌ى ئه‌و گرێبه‌سته‌ له‌ كۆمپانیاكه‌. هێزێك كه‌ پێده‌چێت دژه‌ تیرۆربووبن سه‌ره‌تا رێگرییان كرد له‌ كارى كۆمپانیا تازه‌كه‌. پۆڵاد شێخ جه‌نگى به‌رپرسى هێزه‌كانى دژه‌ تیرۆر و براى لاهور شێخ جه‌نگى گوتى:"پارتى پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵدەدات بەشێوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراو دەستبگرێت بەسەر سلێمانیدا، بەناوی پڕۆژەی چاکسازییەوە گرێبەستی ئەو کۆمپانیایانە هەڵدەوەشێنێتەوە کە لەم زۆنەدا کاردەکەن وکۆمپانیا لەسنوری هەولێر و دهۆکەوە دەهێنێتە سلێمانی و پڕۆژەیان پێشکەش دەکات. گەر بەر بەم کارەی پارتی نەگیرێت، ئەوا سامانەکەی سلێمانی دەخوات و بێ پڕۆژەو بێ خزمەتیشی دەکات".

له‌ سه‌روه‌ختى سه‌رهه‌ڵدانى كێشەكه‌وه‌، جه‌نگییه‌كانى نێو یه‌كێتى به‌رهه‌ڵستى گه‌وره‌ى بڕیارەكه‌ى حكومه‌ت بوون. كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت پۆلیسى نه‌وت و گازى راسپارد، پاسه‌وانى تانكه‌ره‌كانى گاز و كێڵگه‌ى كۆرمۆر بكه‌ن. 

په‌یسه‌ر دوێنێ زانیارى ئه‌وه‌ى بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌ت په‌یامێكى ئاڕاسته‌ى حزبه‌ به‌شداره‌كانى حكومه‌ت كردووه‌، بارزانى داوایكردووه‌، كه‌ ده‌ستوه‌ردان له‌ كارووبارى حكومه‌ت نه‌كه‌ن، له‌ رێگه‌ى قوباد تاڵه‌بانییه‌وه‌ به‌ تایبه‌ت ئه‌م په‌یامه‌ى بۆ باڵه‌ جیاوازه‌كانى یه‌كێتى ناردووه‌.

 ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى و به‌رژوه‌ندییه‌كانى یه‌كێتی  داوای کرد دەست تێوەردان لەرێساكانی حكومەت كۆتایی پێ‌ بهێندرێت

له‌ به‌رامبه‌ر توڕه‌یى جه‌نگییه‌كانى نێو یه‌كێتى، باڵى كۆسره‌ت ره‌سوڵ و ئه‌وانه‌ى كه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى و به‌رژوه‌ندییه‌كانى یه‌كێتین، به‌ راگه‌یه‌ندراوێكى فه‌رمى پشتیوانى خۆیان بۆ حكومه‌ت راگه‌یاند. ئه‌نجومه‌نه‌ باڵاكه‌ى یه‌كێتى ئه‌مڕۆ هاته‌ قسه‌و له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا داوای کرد دەست تێوەردانی لاوەكی لەرێساكانی حكومەت كۆتایی پێ‌ بهێندرێت.

ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى كه‌ پێكدێن له‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ، حاكم قادر، ئه‌رسه‌لان بایز، عه‌دنان موفتى، مه‌لا به‌ختیار، عومه‌ر فه‌تاح، دلێرى سه‌ید مه‌جید. سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ى گرێبه‌ستى غاز ده‌ڵێت:"بەزووترین كات لێكۆڵینەوە لەكۆی كێشەكان بە ئاڕاستەی چارەسەركردن و لێپێچینەوەی یاسایی لەوانەی بەرپرسیارن، بكرێ‌ و دەست تێوەردانی لاوەكی لە رێساكانی حكومەت كۆتایی پێ‌ بهێندرێت".ئه‌مه‌ هه‌ڵوێستێكى ته‌واو جیاوازه‌ له‌وه‌ى پێشوو پشتیوانى حكومه‌ته‌ و به‌ ناراسته‌وخۆش ره‌تكردنه‌وه‌ى ئه‌و رێگرییه‌یە كه‌ له‌ كارى كۆمپانیا تازه‌كه‌ كرا.

له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و دوو هه‌ڵوێسته‌ جیاوازه‌، هه‌ڵوێستى سێیه‌میش هه‌یه‌، هه‌ریه‌ك له‌ قوباد تاڵه‌بانى و بافڵ-ى براى به‌ ئاڕاسته‌ى بێده‌نگى و چاره‌سه‌رى كێشه‌كه‌ كاریان كرد. قوباد تاڵه‌بانى بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كه‌ له‌سه‌ر خه‌ت بوو كه‌ سه‌رۆكى تیمى یه‌كێتییه‌ له‌ حكومه‌ت، پێده‌چێت هه‌ردوو براكه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ى حكومه‌تیان لا په‌سه‌ند بووبێت، پێیان وایه‌ پاره‌كه‌ بۆ ئیداره‌ى گشتى یه‌كێتى و حزب بگه‌ڕێته‌وه‌، باشتره‌.

هه‌ریه‌ك له‌ قوباد تاڵه‌بانى و بافڵ-ى براى به‌ ئاڕاسته‌ى بێده‌نگى و چاره‌سه‌رى كێشه‌كه‌ كاریان كر

له‌دواى كۆنگره‌ى یه‌كێتییه‌وه‌، تێكڕاى به‌رپرسانى یه‌كێتى به‌ كوڕه‌كانى مام جه‌لالیشه‌وه‌، زیاتر هه‌ستیان به‌ گه‌وره‌بوونى پێگه‌ى لاهور شێخ جه‌نگى و براكانى كرد. به‌ جۆرێك زۆرینه‌ى سه‌ركردایه‌تییان بردووه‌ته‌وه‌و لاهور شێخ جه‌نگیش بووه‌ پیاوى كۆنگره‌ و زۆرترین ده‌نگى برده‌وه‌. ئه‌وان ده‌زانن دوو كۆڵه‌كه‌ى سه‌ره‌كى پێگه‌ى جه‌نگییه‌كانى وا هه‌ڵكشاندووه‌( دژه‌تیرۆر، پاره‌)، ره‌نگه‌ باڵه‌كانى دیكه‌ گرتنه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌ى دارایى كۆمپانیاكانى نزیك له‌ كوڕانى شێخ جه‌نگى و گێڕانه‌وه‌ى داهاته‌كه‌ بۆ ئیداره‌ى گشتى حزبی یاخود كۆمپانیاكانى خۆیان به‌ بژارده‌یه‌كى گونجاو بزانن. 

قسه‌و زانیارى نافه‌رمیش هه‌یه‌ باس له‌وه‌ده‌كه‌ن هه‌وڵى وه‌رگرتنه‌وه‌ى دژه‌ تیرۆر ده‌درێت له‌ جه‌نگییه‌كان. به‌ڵام له‌ دواى كۆنگره‌و گه‌وره‌تربوونى پێگه‌ى لاهور شێخ جه‌نگى ئه‌و كاره‌ ئاسان نییه‌. 

ئه‌گه‌رچى هێشتا ئاماژه‌كانى كۆتایى ململانێكانى ده‌سه‌ڵات یه‌كلانه‌بوونه‌ته‌وه‌و ئه‌نجامه‌كانى كۆنگره‌ ساغ نه‌بوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام پێده‌چێت دابه‌شبوونى چه‌ند ساڵه‌ى یه‌كێتى وازوو كۆنه‌كرێته‌وه‌، هه‌ر رووداو و پێشهاتێك بێته‌ پێش، حزبه‌كه‌ به‌سه‌ر چه‌ند بۆچوونێكدا دابه‌ش ده‌کات. گرفتى دوو كۆمپانیاكه‌ش له‌سه‌ر گرێبه‌ستى غازى ماڵان، نوێترین نموونه‌یه‌ كه‌ ئه‌و حزبه‌ به‌سه‌ر سێ ئاڕاسته‌ى ته‌واو جیا دابه‌شبوو.