ڕاپۆرتی کوردستانی

12:06 - 03/02/2020

دەستخستنە بینەقاقای خەڵک.. لە راگرتنی بایەعییەوە بۆ غازی ماڵان‌

پەیسەر

ئێستا میدیاکانی پارتی وای نیشان دەدەن کە ئەو قەیرانی غازەی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکی گرتووەتەوە، هۆکارەکەی چەند بەرپرسێکی یەکێتییە کە رێگە نادەن غاز بچێ بۆ ئەو دوو پارێزگایە.
بەشێکیش لە بەرپرسانی یەکێتی پاساوی ئەو رێگرییە بەوە دەهێننەوە، کە قبوڵ ناکەین پارتی " لەوە زیاتر سلێمانی بچەوسێنێتەوەو رێگری بکات بۆ ئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدانی"

یارییەکی کۆن داڕشتنێکی نوێ
رەنگبێ بۆ نەوەی نوێ ئەم ململانێ خراپەی کە پارتی و یەکێتی دەستیان بۆ بردووە شتێکی نوێبێ، بەڵام ئەم یارییە ترسناکە تازە نییەو مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بیستوپێنج  ساڵێک لەمەوبەر.
ئەو کاتەی بەرنامەی نەوت بەخۆراک جێبەجێ دەکرا، پارتی ئاستەنگی دروست دەکرد بۆ ئەو لۆرییانەی کە لە بەغداوە خۆراکی مانگانە "بایەعی"یان دەگواستەوە بۆ هەولێر و لەوێوە بۆ سلێمانی.


پێش و دوای ٣١ی ئاب، پارتی و یەکێتی لە شەڕی ناوخۆ و دواتر قۆناغی نەشەڕ نەئاشتی، دەستیان بۆ هەموو رێگایەکی سزادان دەبرد. ئەوان سڵیان نەکردووەتەوە لە هەرشتێک کە بیکەن تەنانەت ئەگەر گیانی سەدان هەزار هاوڵاتی مەدەنیش بکاتە قوربانیی.
ئەو کاتەی سەرچاوەی کارەبای هەرێم تەنیا لەڕێی بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخانەوە بوو، یەکێتی ئەو کارتەی لە دژی پارتی بەکارهێنا و کارەبای لە هەولێر دەبڕی ئەمەش وەکو سزادانێکی پارتی.

بەهۆی بڕینی کارەبای دوکان هەولێرییەکان بێکارەبایی و زەحمەتێکی زۆریان چەشت

لەو ساڵانەدا و لەو سزادانە ناڕەوایەدا، هەولێرییەکان بێکارەبایی زۆریان چەشت. خەڵکی ئەو شارە بەهۆی نەبوونی کارەباوە بوونە خاوەنی نەریتی " راکردن بە شوێن سەهۆڵدا" کە تا ساڵانێکی زۆرتر سەهۆڵ خەمی یەکەمی خەڵکی ئەو شارەبوو.
بەهۆی بڕینی کارەبا لە هەولێر، پارتی هەڵمەتێکی میدیایی بەرفراوانی کرد دژی یەکێتی و ئەوەی ناونابوو "سزادانی خەڵکی هەولێری سەربەرز" بەرپرسانی پارتی وایان نیشان دەدا کە یەکێتی تۆڵەی دەرپەڕاندنیان لە خەڵکی هەولێر دەکاتەوە.
لە بەرامبەردا پارتی دەستی بۆ کارتێکی ترسناکتر برد ئەویش رێگریکردن و ئاستەنگ دروستکردن بوو بۆ ئەو لۆرییانەی بایەعیان لە کەرکوک و بەغداوە دەگواستەوە بۆ هەولێر و لەوێشەوە بۆ سلێمانی.
ئەو رێگرییانەو درەنگ گەیشتنی بایەعی بە خەڵکی ئەم ناوچەیە، ترسێکی زۆری خستە دەروونی خەڵکەوەو دەترسان ئەو سەرچاوە سەرەکییەی ژیانیان کۆتایی پێبهێنرێ.

پارتی رێگری دەکرد خۆراکی مانگانە بچێ بەرەو سلێمانی ئەمەش ترسی زۆری خستە دڵی خەڵکەوە

بەرنامەی نەوت بە خۆراک کە بووە مایەی ژیانەوەی راستەقینەی خەڵکی عێراق بەتایبەت کوردستان، بووبووە تەنیا سەرچاوەی سەدان هەزار خێزانی کوردستان، لەو ململانێیەی کە لە شەڕی ناوخۆ و دواتر نەشەڕ نەئاشتیدا هاتەئاراوە، ئەو دوو حزبە سڵیان نەکردەوە لەوەی دەست بۆ ئەو تەنیا سەرچاوەیەش ببەن.


دژی ئەو رێگریانەی پارتی، یەکێتی و میدیاکەی کە زۆر کاریگەربوو، هەڵمەتێکی فراوانیان کردە سەر پارتی و بەوە تاوانباریان کردن کە دەستیان بۆ قوتی خەڵکی سلێمانی بردووە.
بەرپرسانی لەلێدوانەکانیاندا بە خەڵکیان دەوت، پارتی دەستی بردووە بۆ خواردن و سەرچاوەی سەدان هەزار خێزان و دەیەوێ سزای خەڵکی ئەم ناوچەیە بدات و تۆڵەیان لێ بکاتەوە.
دواجار بەناوبژیوانی بەرپرسانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کە سەرپەرشتی دابەشکردنی خۆراکی مانگانەیان دەکرد، رێگا دەدرا بایەعی بگەیەنرێتە سلێمانی!
بەرگری ساختە لە خەڵک
لەو سەردەمەدا و لەو رووداوە ترسناکانەدا، چ پارتی و چ یەکێتی دەیانویست بە خەڵکی خۆیان بڵێن: ئەوەی کە هەیە سزادانی خەڵکە. بەڵام راستییەکەی ئەوەبوو ململانێ و ناکۆکیی حزبیی بوو کە ژیانی خەڵکیان پێوە خستبووە مەترسییەوە.
ئێستا دوای نزیکەی ٣٠ ساڵ لە حوکمڕانی کوردی، کەچی ئەم دوو حزبە لە ململانێ حزبیی و شەخسییەکانی خۆیاندا کە ملیاران دۆلاری تێدا قازانج دەکەن، سڵ لەوە ناکەنەوە دەست بۆ پێویستییە سەرەکییەکانی ژیانی خەڵک ببەن.
لەوە ترسناکتر ململانێکان دەکەن بە کەرەستەی نمایشکردنی بەرگریکردن لە مافی خەڵک و ناشیرینکردنی یەکتر لەلای خەڵکی سلێمانی و هەولێر و دهۆک.