ڕاپۆرتی کوردستانی

05:30 - 02/02/2020

بۆ کەرکوک شارێکی توركمانییە کە خوێنی تورک تیایدا قوڵپ بدات؟‌

پەیسەر

خەبات و تێکۆشانی موسا ئانتەر کە لە باکووری کوردستان وەک "ئاپێ موسا" واتە مام موسا دەناسرێت، لە سەرەتاکانی چلەکانی سەدەی ڕابردوو دەستی بە خەباتی کوردایەتی کرد. دوای ئەوەی خوێندنی فەلسەفە لە شاری ئەستەنبوڵی تورکیا بەنیوەچڵی بەجێدەهێڵیت. بە شۆرشگێرەکانی کورد ئاشنا دەبێت و دەست بە کار دەکات.

لە یەکەم هەنگاودا لە سەر داوای فایق بوجاک سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا لە زانکۆی ئەنقەرە دەست بە خوێندنی یاسا دەکات. لەو کاتەدا دەبێتە یەکێک لەو ٤٩ کەسەی کە لە ساڵەکانی چلەکاندا دەستیان بە خەبات و تێکۆشان بۆ دۆزی نەتەوەیی کورد کرد. موسا ئانتەر لە سەرەتادا ناوەندێکی بە ناوی "ناوەندی دیجلە" بە ئامانجی پشتگیری مادی، مەعنەوەی و سیاسی بۆ خوێندکارانی کورد دامەزراند.

موسا ئانتەر لە ساڵی ١٩٩١ دا بەر لەوەی لە ئامەد، لە لایەن دەستە تاریکەکانی حکومەتی تورکیا تیرۆر بکرێت، نووسینێکی لە بارەی کەرکوکەوە بڵاوکردەوە کە ئەو کاتە لە ڕۆژنامە تورکیەکاندا باس لە تورکمانبوونی شاری کەرکوک دەکرا.

موسا ئەنتەر لەدژی مانشێتی هەواڵێکی ڕۆژنامەی میللییەتی تورکیا کە نووسیبووی ' خوێنی تورک لە کەرکوک قوڵپ دەدات' نووسینێکی مێژوویی بڵاوکردەوە کە ڕووبەڕووی هێرشی نەژادپەرست و بەرپرسانی تورکیا بووەوە.

نووسینەکەی موسا ئانتەر بەم شێوەیەیە:
"سەیری نووسینی هەندێک کەسی بێمێشکی تورک بکەن. هەندێک قسە دەکەن کە نە لە بەرژەوەندی کورد و نە لە بەرژەوەندی تورکدایە. نووسینەکانیان جگە لە زیادکردنی ڕق و قین لە ناو هاوڵاتیانی تورکیادا هیچ سوودێک بە تورکیا باگەیەنێت. بۆ نمونە لە ٣٠ی نیسانی ١٩٩١ ڕۆژنامەی میللیەت لەبارەی شاری کەرکوک هەواڵێکی بڵاوکردووەتەوە. لە هەوالەکەدا دەوترێت 'تورکمانەکان لە کەرکوک سەریان لەبەرامبەر کوردەکان دانانەوێنن و کەرکوک فرمێسکی خوێنین دەرێژێت'. یەکێ نەزانێت تا ئێستا لە کەرکوک ئاڵاکانی تورکمانەکان دەشەکایەوە کە ئێستا دەسەڵاتی کورد قبوڵ ناکەن. ٧٠ ساڵە تورکمانەکان هەموو شتێکی عەرەبەکان لە کەرکوک قبوڵ دەکەن. ئێستا بۆچی کە باس لە دەسەڵاتی کورد دەکرێت، قبوڵناکرێت؟
رووم دەمم لە رۆژنامەگەرە بێتواناکانمانە. تورکمانەکانیش قوربانی دەستی ئەو حکومەتەن، کوردەکانیش بە هەمان شێوە قوربانیش، هەردوولا لەسێدارەدران و زوڵمیان لێکراوە و لە جیاتی ئەوەی باسی برایەتی بکەن، ئەگەر بەم شێوەیە دژایەتی کورد بکەن، منیش دەڵێم، بچن بۆ جەهەنەم. هەرموو رۆژێک عەرەبەکان بە پارەی نەوتی کەرکوک کورد و تورکمان دەکوژێت. ئێوە بۆ ئەوە ناگرین، ئێستا هاتوون لەبەر کورد دەگرین. ڕۆژنامەنووسانی تورک دەیانەوێت بەم شێوەیە درۆ بڵاوبکەنەوە. کەرکوک شارێکی کوردیە. شارێکی تورکمانی نییە کە فرمێسکی خوێنینی بۆ بڕژن. ئەگەر باسی دەوڵەتی تورکی دەکەن، ١٠ دەوڵەتی تورکی هەیە با بفەرموون بچن بۆ ئەو وڵاتانە و درێژە بە ژیانیان بدەن، لەبەرئەوەی کەرکوک کوردستانیە و تورکمانەکانیش لە ڕابردوودا هاتوونەتە ئەو شارە."

موسا ئانتەر بەم شێوەیە وەڵامی ڕۆژنامەنووسە تورکەکان دەداتەوە و ئەو جۆرە هەواڵانە وەک تێکدانی کۆمەڵگای کەرکوک لەقەلەمدەدات.

موسا ئانتەر سیاسەتمەدار، نووسەر، ڕۆژنامەنووس و یەکێک لە کەسایەتییە سەرەکییەکان و دەستپێشخەری ڕۆژنامەگەری مۆدێرنی کوردی بوو لە باکووری کوردستان.
هەرچەندە ئاپێ موسا شەهیدکرا، بەڵام هزر و خەباتەکەی ڕێچکەیەکی دروست کرد و بە هەزاران گەنجی کورد لە باکووری کوردستان بەردەوامی بە خەبات و کارەکانی دەدەن.

موسا ئانتەر تا ساڵی ١٩٩٢ زۆر خوێندکار و ڕۆژنامەنووسی کوردی پێگەیاند و خەباتێکی زۆر گەورەی لە ڕووی مێژوو، وێژە و ڕێزمانی کوردی "کورمانجی" ئەنجامدا.

وەک دەزانرێت لە ساڵی ١٩٩٢ هەڵمەتێکی مەترسیداری فراوان لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە بە پێشەنگایەتی "تانسو چیلەر"  سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی تورکیا بەرامبەر وڵاتپارێز، نووسەر و کەسایەتییە دیارەکانی کورد لە باکووری کوردستان دەستپێکرا. لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا نزیکی ١٧ هەزار کەسایەتی کورد لە لایەن گروپێک بە ناوی "حزبوڵلا" و میتی تورکەوە شەهیدکران کە تا ئێستاش چارەنووسیان ئاشکرا نەکراوە و ژمارەیەکیشیان بێسەروشوێنن.

موسا ئانتەریش یەکێک لەو کەسانە بوو کە بەر ئەو لیشاوە دڕندانەیە کەوت و لە ٢٠ی ئەیلولی ساڵی ١٩٩٢ لە کۆڵانێکی شاری ئامەد لەلایەن هێزە دەمامکبەسەرەکانی میتی تورکیاوە لە تەمەنی ٧٢ ساڵیدا تیرۆرکرا.

موسا ئانتەر خاوەنی ئەم بەرهەمانەی خوارەوە"
برینی ڕەش – ١٩٥٩
کمل – ١٩٦٢
فەرهەنگی کوردی – ئەستەنبوڵ ١٩٦٧
بیرەوەریەکانم – بەرگی یەکەم – ئەستەنبوڵ ١٩٩١
بیرەوەریەکانم – بەرگی دووەم – ئەستەنبوڵ ١٩٩٢
چنارەکەم – ئەستەنبوڵ – بڵاوکراوەی ئاڤێستا