ڕاپۆرتی کوردستانی

05:31 - 01/02/2020

حكومه‌ت ڕێگه‌ نادات كۆمپانیاكان زانیاری ده‌رباره‌ی نه‌وتی هه‌رێم بڵاوبكه‌نه‌وه‌‌

پەیسەر

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كانی هه‌رێم ڕێنمایی داوه‌ته‌ ئه‌و كۆمپانیا نه‌وتیانه‌ی له‌هه‌رێم كارده‌كه‌ن هیچ زانیاریه‌ك نه‌ده‌ن به‌ په‌رله‌مانتارانی هه‌رێم و ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و له‌كاتی سه‌ردانی هه‌ركام له‌و لایه‌نانه‌ رێنمایی بكرێن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر زانیاریه‌كیان ده‌رباره‌ی گرێبه‌ستی كۆمپانیاكه‌ و چۆنیه‌تی و بڕی هه‌نارده‌ پێویسته‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی سامانه ‌سروشتیه‌كان و له‌وێ وه‌ری بگرن.

 

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت حكومه‌تی هه‌رێم داوای له‌و كۆمپانیا نه‌وتیەکان كردووه‌ هه‌ر ڕاگه‌یه‌ندراوێكیان سه‌باره‌ت به‌بڕی هه‌نارده‌ و داهات و ئه‌و هه‌قده‌ستانه‌ی كه ‌وه‌ری ده‌گرن بڵاوكرده‌وه‌، پێویسته‌ پێشتر ڕه‌زامه‌ندی وه‌زاره‌تی سامانه‌سروشتیه‌كانی بۆ وه‌رگیرابێت.

لای خۆیه‌وه‌ سیروان بابان ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ په‌یسه‌رپرێسی راگه‌یاند، كه‌رتی نه‌وت و كه‌رتی دارایی له‌هه‌رێمی كوردستان شه‌فاف نیه‌، له‌راستیدا ئه‌ركی په‌رله‌مان ئه‌وه‌یه‌ به‌دواداچوون بۆ ئه‌وه‌ بكات، به‌ڵام تائێستا كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ هه‌یه‌ له‌به‌رێوه‌بردنی په‌رله‌ماندا، حكومه‌تی هه‌رێم و هه‌ندێك لایه‌ن و به‌شێكی میدیا په‌رله‌مانتارانیان سه‌رقاڵكردووه‌ به‌ شتی لاوه‌كیه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی كه‌س نه‌پرژێته‌ سه‌ر كاره‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی كه‌ به‌دواداچووونی كه‌رتی نه‌وت و دارایی و سامانه‌ سروشتیه‌كانه‌.

سیروان بابان ده‌ڵێت، به‌ دوو هۆكار تائێستا په‌رله‌مان ده‌ستی بۆ دۆسیه‌یه‌كی گرنگی وه‌ك سامانه‌ سروشتیه‌كان نه‌بووه‌ هۆكاری یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ ته‌واوی كابینه‌كانی دوای ڕاپه‌رین كاریان بۆ ئه‌وه‌كردووه‌، په‌كخستنی په‌رله‌مان بكه‌ن و به ‌ئه‌ركی یه‌كه‌میان و به‌داخه‌وه‌ له‌وه‌دا سه‌ركه‌وتووبوون، دووهه‌میان هه‌ندێك كه‌س هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئاستی په‌رله‌مانتاری دابه‌زێنن.

سیروان بابان ده‌ڵێت، په‌رله‌مانتار ئه‌ركی خۆی له‌بیرچۆته‌وه‌ و ده‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ری سۆسیال میدیا و كار و كاردانه‌وه‌ پیشان ده‌دات.

سیروان بابان ده‌ڵێت له‌هه‌ندێك ناوچه‌ی كوردستان مافیا و سه‌رانه‌ وه‌رگرتن باوی هه‌یه‌، ده‌شڵێت به‌رپرسانی هه‌رێم به‌ ته‌نكه‌ر و بۆری و لۆری نه‌وت ده‌فرۆشن هه‌ر ئه‌وه‌ ماوه‌ به‌ ته‌نه‌كه‌ بفرۆشرێت، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ نمونه‌ به‌وه‌ دێنێته‌وه‌ كه‌ كۆمپانیای دی ئێن ئۆی نه‌رویجی له‌ پێگه‌ی فه‌رمی خۆی ناوی ژماره‌یه‌ك كێڵگه‌ی نه‌وتی هێناوه‌ كه‌ ٨٥٪ خاوه‌نداریه‌تی ئه‌و كێڵگانه‌ هی ئه‌و كۆمپانیایه‌یه‌ به‌ڵام كه‌ى پرسیار له‌حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كه‌یت كه‌ چۆن ٨٥٪ی ئه‌و كێڵگه‌نه‌وتیانه‌ دراوه‌ به‌و كۆمپانیایه‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ڵێت ئه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی زیاده‌ی بۆ كراوه‌ ٥٠٪ی هی كۆمپانیاكانه‌ و له‌و ٥٠٪یه‌ ٨٥٪ی هی ئه‌وكۆمپانیایه‌یه‌، به‌ڵام كاتێك پرسیار له‌كۆمپانیا نه‌رویجیه‌كه‌ ده‌كه‌یته‌وه‌ ده‌ڵێیت حكومه‌تی هه‌رێم وا ده‌ڵێت كۆمپانیا نه‌رویجیه‌كه‌ ده‌ڵێت نه‌خه‌یر ٨٥٪ی خاوه‌نداریه‌تی كێڵگه‌كانیان هه‌یه‌ بۆیه‌ ئه‌وه‌ نمونه‌یه‌كی ساده‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی گومان له‌سه‌ر ئاماره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم بكرێت.