ڕاپۆرتی کوردستانی

05:26 - 01/02/2020

ڕاپەڕینی ساسۆن بە هۆی هەوڵی دەستدرێژی فەرماندەیەکی تورک بۆ سەر ژنێکی کورد هەڵگیرسا‌

پەیسەر

دوای ئەوەی ساڵی ١٩٢٣ دەوڵەتی تورکیا دامەزرا، بە هەموو شێوەیەک دەستیكرد بە دژایەتیکردنی هاوڵاتیانی کوردی باکووری کوردستان و دەیان شۆڕش دژی دەوڵەتی تورک هەڵگیرسان.

دەوڵەتی تورکیا جگە لەوەی باجێکی زۆری لە کوردەکانی باکووری کوردستان وەردەگرت، لەهەمانکاتدا سته‌مێكی زۆریشی لە خەڵک دەکرد و چاوی دەبڕیە شەرەف و ناموسیان. کورد کە گەلێکە وابەستەی دابونەریت و ئایینی خۆیەتی و دەستدرێژی و سته‌م قبوڵناکات، هەموو کاتێک دژی سوپای تورکیا وەستاوەتەوە.

 

یەکێک لەو ڕووداوانەی بووەتە هۆی ڕاپەڕینی ناوچەی ساسۆنی شاری ئێلحی (باتمان) باکووری کوردستان، سته‌م و زۆرداری و دەستدرێژیەکانی سەربازانی دەوڵەتی تورکیا بووە.

ڕاپەڕینی ساسۆن چۆن هەڵگیرسا
دوای کۆتاییهاتنی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران، دەوڵەتی تورکیا سیاسەتێکی زۆر سته‌مكارانه‌ و توندوتیژی دژی کورد به‌كارهێنا. هەوڵی دەدا بە هەموو شێوەیەک کورد تێکبشکێنێت، لە لایەک خەڵکی بۆ سەربازی دەبرد و لە لایەکیشەوە باجێکی زۆری لێ وەردەگرتن.

سته‌می سەربازانی تورکیا گەیشتبووە ئاستێک لە باجوەرگرتن و توندوتیژیدا نەمابوو و هەندێک جار هەوڵیانده‌دا دەستدرێژی بكه‌نه‌ سەر ژنانی کورد و چەندین جار بەو هۆیەوە شەڕ لە نێوان گوندنشینە کوردەکان و سەربازانی تورکیادا ڕوویداوه‌.

ڕاپەڕینی ناوچەی ساسۆنی شاری ئێلحیش بەو هۆیەوە هەڵگیرسا کاتێک فەرماندەیەکی پلەبەرزی ئێلح و سەربازه‌كانی لەگەڵ قایمقامی ناوچەی ساسۆن و ژمارەیەک کارمەندی حکومەت بۆ وەرگرتنی باجی ساڵانە سەردانی گوندی حەزۆی ساسۆن دەکەن، فەرماندەکە ده‌یه‌وێت دەستدرێژی بکاتە سەر ژنی ماڵێك.

 

لەو کاتەدا ژنه‌كه‌ ده‌ستده‌كات به‌هات و هاوار و ده‌ڵێت فەرماندەی سوپای تورکیا هەوڵیداوە دەستدرێژی بکاتە سەری. بەو هۆیەوە پیاوانی گوندەكه‌ چەک هەڵدەگرن و فەرماندە و سەربازەکان لە گوندەکە هەڵدێن، خه‌ڵكه‌كه‌ش قایمقامی ساسۆن و کارمەندانی قایمقامیەت دەکوژن.

فەرماندەی سەربازی ساسۆن خۆی دەگەیەنێتە بەرپرسانی تری حکومەت و رووداوەکە بە پێچەوانەوە دەگێڕێتەوە و دەڵێت، خەڵکی گوندەکە دژی دەوڵەت ڕاپه‌ڕیون و قایمقام و کارمەندەکانیان کوشتووە. بەو هۆیەوە حکومەت هێزێکی زۆر بۆ دەستگیرکردنی هاوڵاتیان دەنێرێته‌ گونده‌كه‌، خه‌ڵكه‌كه‌ش خۆیان نادەن بەدەستەوە و بۆ شاخەکانی دەوروبەر هەڵدێن.

ڕووداوەکە بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی چەند ساڵە
هێزەکانی حکومەت چه‌ند هاوڵاتیه‌كی گونده‌كه‌ ده‌كوژن و دەستگیردەکەن، بەم شێوەیە ڕاپەرینەکە لە ساڵی ١٩٢٥ دەستپێدەکات و گوندەکانی ده‌وروبەری ساسۆنیش بەشداری تێدا دەکەن و فراوان دەبێت.

 شەڕەکە درێژە دەکێشێت و حکومەت هێزێکی زۆر بۆ ئەو ناوچەیە دەنێرێت، شەوێک شەڕڤانان ژن و منداڵەکانیان دەگوازنەوە بۆ ئەشکەوتەکانی چیاکانی ئێلح و گوندەکانیان دەسووتێنرێت و تاڵان دەکرێت.

 

به‌شێك له‌ دانیشتوانی گونده‌كان چەندین ساڵ بەو شێوەیە لە ئەشکەوتەکان لەگەڵ منداڵەکانیان دەمێننەوە و لە دۆخێکی زۆر سەختی بێ خواردن و بێدەرفەتیدا دەژین.

بەپێی سەرچاوەکان دەوڵەتی تورکیا لە ڕێی بەکرێگیراوە کوردەکانیه‌وه‌ چه‌ندین شەڕڤان و خەڵکی ئاسایی دەستگیردەکات و بە شێوەیەکی دڕندانە دەکوژرێن. لە کوشتنیاندا گولـلە بەکارناهێنێت، زۆربەی زۆری دیلەکان سەردەبڕێت، بۆ ئەوەی خه‌ڵكه‌كه‌یان پێ چاوترسێن بكه‌ن.

سەرەتای سییەکانی سەدەی ٢٠ کۆتایی بە سەرهەڵدانەکە هێنرا
ڕاپەرینی خەڵکی ساسۆن دژی سته‌م و دەستدرێژیەکانی دەوڵەت لە ١٩٢٥ تا ١٩٣٢ بەردەوام دەبێت، سەدان کەس لە هەردوولا دەکوژرێن، دواتر دەوڵەت هەموو ئەو کەسانە دەستگیردەکات.

سەرچاوە مێژووییەکان باس لەوە دەکەن لەو کاتەدا ١٥ هەزار کورد بۆ شارەکانی وەک ئافیۆن، کۆنیا، قەیسەری، کوتاهیا، ئوشاک، ئەسکیشەهیر، چانکری، بیلەجیک، کۆجائەلی، زونگولداغ، بورسە، بۆلو، بوردور، ئیسپارتا، ئانیالیا، بالیکەسیر، مانیسا، مۆغلا، ئایدن و دەنیزلی نەفی دەکرێن، کەسه‌رجه‌میان تورکنشینن و خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌ ڕه‌گه‌زپه‌رستی بەناوبانگن.

 

دەوڵەتی تورکیا بەو سیاسەتە هەوڵ دەدات، خەڵکه‌ ڕاپەڕیوەکە لەناو تورکە نەتەوەپەرستەکاندا بتوێنێتەوە و کاریگەریان نەهێڵێت، تا ڕادەیەکیش ئەو سیاسەتەی سەرکەوتوو دەبێت.

دوای کۆنتڕۆڵکردنی شاری ئێلح (باتمان) دەوڵەت سیاسەتێکی تایبەت بەرامبەر ئەو شارە پیاده‌دەکات، زۆربەی ئەو کەسانە بە بیانووی جیاواز دەستگیر دەکات كه‌ گومانی دژایەتیکردنیان لێدەکردێت، هەندێکیشیان بە ڕووداوی تەمومژاوی کوژراون.