ڕاپۆرتی کوردستانی

03:37 - 01/02/2020

نیوەی دانیشتوانی گوندێك كەڕولاڵن‌

پەیسەر

عەلیاوا گوندێكی سەرسەوزی ناوچەی دیواندەرەی سەر بەپارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی كوردستانە، گوندێك لەنێوان سیاسەتی فەرامۆشخستنی دەوڵەت و بۆماوەییدا بووەتە قوربانییەكی گەورە، چیرۆكە خەمناكەكانی ئەو گوندە ئەوەندە ناخ هەژێنن كە هیچ زمانێك ناتوانێت لەبارەیانەوە بدوێـت، هەربۆیە زیاد لە نیوەی دانیشتوانەكەی بە كەڕولاڵی ماونەتەوە، بەڵام هیچ كات ئەو دیاردەیە نەبووەتە ڕێگر لە ژیان و گوزەرانیان، تەنانەت ئەوانەی كە كەڕولاڵ نین بۆ ڕێزگرتن لە حاڵەتەكەیان بەزمانی بێدەنگی، بە ئاماژەكانی دەست و دەم وچاو یەكتریی دەدوێنن.


گوندی عەلیاوای كەرەفتوو دەكەوێتە سنووری قەزای دیواندەرەو 200 كیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای سنەی رۆژھەڵاتی سنەوە دوورە، دەورە دراوەبە گوندەكانی شوجاعاوا، كەرەفتوو، ئەسحاوە، كانی سوور، قەڵاكۆن، گۆڕبابەعەلی. گوندەكە چەند خێزانێكی  تێدا دەژی و كۆی ژمارەی ئەو كەسانەی خەڵكی گوندەكەن 350 كەسە، جگە لەوەی ژمارەیەكی زۆریان ماڵیان چووەتە دەرەوەی گوندەكە،  ئەو كەسانەی لە ئێستادا لەو گوندەندەژین ژمارەیان 70 كەسەو لەو ژمارەیەش 40 كەسی تێدایە كەڕولاڵن، لەو ژمارەیەش تەنها دوانیان لە قوتابخانە شەش پۆلییەكەی عەلیاوادا دەخوێنن. كەڕولاڵەكانی گوند 25 یان لە ڕەگەزیی نێرو 15 یان لە ڕەگەزی مێینەن.
بە پێی ئامارەكانی وڵاتی ئێران هیچ گوندێك لە سەرانسەری ئێراندا بە ئەندازەی عەلیاوا خاوەنپێداویستی تایبەتی تێدا نیەو لەگەڵ ئەوەشدا هیچ چارەسەرێكی بنەبڕیان بۆ نەكراوە،بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە خەمساردی و گوێپێنەدانی حكومەتە بە كێشەكانی عەلیاوا.


 یەكێك لە گرنگیەكانی ئەو سنوورە جگە لە سروشتە جوانەكەی بوونی ئەشكەوتی كەرفتووە كە مێژووەكەی دەگەڕێتەو بۆ سەردەمە كۆنەكان و هاتنی سوپای مەنگۆلەكان، بە پێی سەرچاوە مێژووییەكان ئەو ئەشكەوتە زۆر لەوە دوورترە و دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمانەی كە مرۆڤ ئەشكەوتەكانی وەك خانوو پەناگە بەكار هێناوە، لەترسی لافاوو گیانەوەرە دڕندەكان لە شوێنە بەرزەكاندا شوێنی مانەوەو ژیانیان بۆ خۆیان چێكردووە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو شوێنەوارە دێرینە هێشتا لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە وەك پێویست بایەخی پێنەدراوە، هەرچۆنێك بێت، گوندیی عەلیاوا لەناو سروشتێكی ئێجگار جواندایەو بەجوانترین گوندەكانی سنووری قەزای دیواندەرە دێتە ئەژمار.


هەرچەندە عەلیاوا نەریتی كوردەواریی خۆی تێكنەداوەو میواندۆستییان زۆر بەلاوە گرنگە، بەڵام یەكێك لە كێشەكانی ئەوەیە بێدەنگی باڵی بەسەر ئەو گوندەدا كێشاوە، سەرەڕای بێدەنگییە بكوژەكەی عەلیاوا، بەڵام سەرادنی كردنیان زۆر كەمەو وەك ئەوەی بڵێی خەڵك لە ئاوو هەواو تێكەڵی ئەو گوندە ترسیان هەیەو  بە بێ لێكدانەوەی زانستی تەرێز لەوە دەكەن نەبادا كێشەیەك  بۆ خۆیان یان نەوەكانیان دروست ببێت، وەك باس دەكرێـت ئەوانەشی كە سەردانی ئەو گوندە دەكەن بۆ ئەنجامدانی پێویستیەكانیشیان نە ئاوی گوندەكە دەخۆنەوەو نە شەوانەش ماڵێكی عەلیاوایی دەكەنە خانەخوێ، نەك هەر ئەوەندە بەڵكو زۆرینەشیان گوندەكەیان بەجێهێشتووەو بە بیانووی كاركردن، یان خوێندنی وەچەكانیان ڕوویان لە شارەكانی تری ناوچەكەو تەنانەت تارانیش كردووە، نەك هەر ئەوەندە لە ترسی دیاردەی پەیدابوونی منداڵی كەڕوولاڵ چەند خێزانێك چوونەتە گوندەكانی تر.


بە پێی راپۆرتێكی رۆژنامەوانی بەشێكی زۆری ئەو خێزانانەی گوندەكەیان بەجێهێشتووە لەبەر چەند هۆكارێك بووە، لەوانە لایەنی ئابووری ، ترس لە گواستنەوەی نەخۆشییەكە، خوێندن، لەبەر ئەوەی لە عەلیاوادا خوێندن ئەوەندە بایەخی پێنەدراوەو تا شەشی سەرەتایی هەیەو سیستەمی یەك مامۆستایی پەیڕەو دەكرێت، لەو راپۆرتە رۆژنامەوانیەدا هاتوو كە ئەو مامۆستایەی لە عەلیاوا قوتابخانەكە بەڕێوە دەبات هیچ شارەزاییەكی لە چۆنیەتی وانەگوتنەوە بە كەڕولاڵەكان نیەو بەناچاریی هەندێك زانیارییان خۆسەریی پێدەڵێتەوە، ئەو مامۆستایە ئەوەشی نەشاردوەتەوە كە زۆر ماندوو دەبێت بە دەستیانەوە، هەر بە پێی ڕاپۆرتەكە زۆرێك لە منداڵانی گوندەكە چوونەتە قوتابخانەو تا پۆلی چوارەمی سەرەتاییان خوێندەوەو بەشێكیشیان تاشەشەمی سەرەتاییان خوێندووە، دانیشتوانی عەلیاوا باس لەوە دەكەن ئەو چەند پۆلە بۆ هەندێك لە قوتابییەكان زۆر باش شكاوەتەوەو لە بری قسەكردن بە نوسین بۆچوونەكانیان دەخەنەڕوو.


لەنێو گوندی عەلیاوادا خێزانی واهەیە دایك و باوك و منداڵەكانیان هەموویان كەڕولان، هەشیانە منداڵێك یان دوانیان كەڕولاڵن، منداڵ هەیە لەدایك و باوكی كەڕولاڵ لەدایكبووەو كێشەی بیستن و قسەكردنی نیە، دایك و باوكی ساغ و تەندروستیش هەیە كە هەموو منداڵەكانی و هەشیانە منداڵێكیان كەڕو لاڵە.
وەنەبێت كێشەی گوندی عەلیاوا تەنها بێدەنگییە خەمناكەكەی بێـت كە باڵی بەسەر كونوكەلەبەریدا گرتووە ، بەڵكو لەناوەڕاستی گوندەكەدا ئاوەڕۆو زێرابی هەموو ماڵەكان ڕێدەكات و بۆن و بەرامەی بەسەر ئەو خەڵكەدا دەڕوات و كەسیش زاری ناكرێتەوە و هاوار بكات، هاوارێك كە بگاتە گوێچكەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە، دەگوترێت چەندین جار سەردانی بەرپرسانی ناوچەكەیان كردووە بۆ ئەوەی ئەو زێرابەیان بۆ چاك بكەن، بەڵام گوتویانە نزیكەی 70 ملیۆن تومانی تێدەچێت، بەڵام دەتوانن خۆتان پارە كۆبكەنەوە، ئەمە لە كاتێكدا كە خزمەتگوزارییەكان ئەركی حكومەتە نەك خەڵك، خەڵكی ئەو گوندە باس لەوە دەكەن بەرپرسانی وڵات ئەو كاتە سەردانی گوندەكەیان دەكەن كە هەڵمەتی هەڵبژاردن بێت و چەندین پەیمان و بەڵێنی گەورەیان پێدەدەن و دواجاریش دەستیان لە بنی هەمانەكەوە دەردەچێت، وەك خۆیان دەڵێن هەڵبژاردن تا هەڵبژاردنێكی دیكە دەبێت چاوەڕوان بن و هیچیشیان بۆ ناكرێـت، هەربۆیە ئەوانەیان كە ئەزمونێكی زۆرتری ژیانیان هەیە، گەشتوونەتە ئەو بڕوایەی چاوەڕوانی كردنی بەرپرسانی ئێرانی وەك ئەوەیە چاوەڕێ گەڕانەوەی مردوو بكەیت لە گۆڕستانەوە.


عەلیاوا نەك هەر كێشەی زێرابی سەردانەپۆشراو هەراسانی كردوون، بەڵكو لە بنكەی تەندروستیەكەشیاندا پەرستارێك هەیە كە لە هەفتەیەكدا دوو رۆژ  سەردانیان دەكات و چارەسەری پێویستیشی لەبەردەستدا نیە، هەر بۆیە چەند نەخۆشیی زەردوویی لەو گوندەدا هەبووەو ڕەوانەی نەخۆشخانەكانی شارەكان كراون، سەرچاوە تەندروستیەكانیش ڕایانگەیاندووە هۆكاری نەخۆشییەكە هەبوونی ئاوی پیس و تێكەڵبوونی زێرابە بە ئاوی خواردنەوەیان.

یەكێك لەو كێشانەی كە بووەتە هۆی دروستبوونی ئەو هەموو كەڕولاڵە لە گوندی عەلیاوا، گواستنەوەیەتی بە شێوەی پشتاوپشت، لە باوانەوە بۆ وەچەكان، ئەوانەی كە لە ئێستادا گرفتاری ئەو نەخۆشییەن لە بنەڕەتدا لە سەرێك یان هەردوو سەری باوانیانەوە كەڕولاڵییان هەبووە. بەڵام ئاڵوگۆڕ بەسەر دۆخەكەدا هاتووە لە خێزانێكەوە بۆ یەكێكی دیكە جیاوازە، دواجار ئەوە زاستە یەكلایی دەكاتەوە لە دوای چەند پشت و لە چ ڕێگەیەكەوە كەڕولاڵی دگوازرێتەوە لە باوانەوە بۆ نەوەكان.


كاتێك كەسێك سەردانی ئەو گوندە دەكات یان دەزگایەكی رۆژنامەگەریی ڕوویان تێدەكات، نەك هەر بێزار نابن لێی بەڵكو بە هەڵس و كەوت و ڕەفتارە گەرمەكانیان تێیدەگەیەنن كە مەرج نیە پەیوەندییەكان لە ڕێگەی زمان و دەربڕینی وشەكانەوە بێت، بەڵكو ئەوە رۆح و دەروونی پاكە بە بێ بەكارهێنانی وشە دەتوانێت بەرامبەرەكەی تێبگەیەنێت و پێیان بڵێت كە ئێمە لە دونیایەكی جەنجاڵی ناخمانەوە پەیامێكی بێدەنگییتان پێدەگەیەنین، هەموو ئەوانەی كە خاوەنی كەمترین هەستی مرۆڤایەتین تەنها بەیەك سەردان تێدەگەن كە ئەوان لە چ دۆخێكی مەترسیداریی مرۆییدان، بەڵام ئەوانەی لەو دەستەواژە بێدەنگییانەی خەڵكی عەلیاوا تێناگەن بەرپرس و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەن كە بە كەمتەرخەمی و بێباكیەكانی هێندەی تر باری گرانی گوندێكی كوردستانیان سەخت كردووە.