ڕاپۆرتی کوردستانی

10:48 - 01/02/2020

١ی شوبات.. یەکی یەکنەخستنەوەی ماڵی ناوخۆ‌

پەیسەر

رووداو: خۆتەقاندنەوەی دوو تیرۆرست لە بارەگای مەڵبەندی یەکێتی و پارتی لە هەولێر
کات: پێشنیوەڕۆی یەکەم رۆژی جەژنی قوربان ٢٠٠٤/٢/١
قوربانیان: نزیکەی ١٠٠ شەهید و دەیان بریندار
ئەنجامدەرانی: خەڵكی وڵاتی یەمەن کە ئەندامانی رێکخراوی توندڕەوی ئەلقاعیدەبوون بە چاوساغی لایەنگرانیان لە کوردستان
هۆکاری خۆتەقاندنەوە: بارەگای حزبی کوردی بوو، قوربانییەکانیش تێکڕا کورد بوون.

 
ئەمڕۆ ١٦ ساڵ تێدەپەڕێ بەسەر کارەساتی ١ی شوباتدا، کە تێیدا چەندین سەرکردە و هاوڵاتی مەدەنیی بوونە قوربانی. رووداوەکە لە کاتێکدابوو کە هێشتا ساڵێک تێنەپەڕیبوو بەسەر ئازادکردنی عێراقدا.
رێکخراوی توندڕەوی ئەلقاعیدە یەکەم هەوڵی بۆ شێواندنی عێراقی دوای سەدام، هەرێمی کوردستان بوو. بۆیە لەڕێی پیلانێکی وا گەورەوە هەوڵیدا گورزی کەمەرشکێن لە کوردستان بدات.

چ لەو پەیام و لێدوانانەی دوای رووداوەکان دران و چ لەو پەیامەی تیرۆرستان بە کوردستانیان گەیاند، بڕیاروابوو بەرژەوەندییە حزبییەکان بخرێنە لاوە

بۆ ئەو کاتەی کوردستان، رووداوەکە زۆر ترسناک بوو. کوردستان بە خەڵک و حکومەتەوە تاسابوون چونکە ئەوە یەکەمجاربوو رووداوی لەوجۆرە روویدابێ. بەڵام لەبەر ئەوەی لە یەک کاتدا هەردوو حزبی سەرەکی کوردستان پارتی و یەکێتی کردبووە ئامانج،  تاڕادەیەکی زۆر مەترسییە ناوخۆییەکانی رەواندەوەو هەمووانی وریاکردەوە لەوەی کە کوردستان ئامانجە نەک حزبێک.
چ لەو پەیام و لێدوانانەی دوای رووداوەکان دران و چ لەو پەیامەی تیرۆرستان بە کوردستانیان گەیاند، بڕیاروابوو بەرژوەندییە حزبییەکان بخرێنە لاوەو پێکەوە بەرژوەندییەکانی کوردستان بپارێزن، بەڵام رووداوەکانی دوایی دەریانخست ١ی شوبات تەنیا بۆ چەند مانگێک کاریگەری هەبووە لەسەر درز و ناتەباییە ناوخۆییەکان.
لەدوای کۆڕەو، هیچ رووداو و وێستگەیەکی تر، بە ئەندازەی ١ی شوبات رووداوێکی یەکخەر نەبوو بۆ حزبەکانی هەرێمی کوردستان. لەوکاتەدا چونکە خوێنی خەڵک و سەرکردەکان لە یەک جێگەدا تێکەڵ بووبوون، هاوسۆزییەکی زۆر، هاوڕاییەکی بێسنوور لەنێوان لایەنگرانی حزبەکانیشدا هاتە ئاراوە بۆ وەلانانی ناکۆکییە دێرینەکان.


١ی شوبات تەنیا رووداوێکی تیرۆرستیی نەبوو بۆ خەڵکی حەپەساوی کوردستان، بەڵکو رووداوێک بوو کە تێیدا یەکدڵی و یەکهەڵوێستیی زۆری دروستکرد.
کەچی دوای ١ی شوباتیش، پارتی و یەکێتی چوونەوە سەر رێگەکانی ناتەبایی و زەقکردنەوەی سنوورە جوگرافییەکانی نێوانیان. نەک هەر ئەوە بەڵکو دوو ساڵ دوای ئەو کارەساتە، دوای سەدان کۆبوونەوەو رێککەوتن ئەوسا کابینەی حکومەتیان تێکەڵکردەوە!
یەکێتی و پارتی خەڵک و خاکی کوردستانیان کردبوو بە دوو لەتەوە، بەڵام ئەلقاعیدە بانگێشتیکردنەوە بۆ یەک خاکی و یەک میللەتی. خوێنی تێکەڵبووی خەڵک بە خوێنی سەرکردەکان لەژێر یەک سەقفدا، بۆ خۆی دەرفەت بوو بۆ گەڕانەوەی سەرکردەکان بۆ ناو خەڵك. کەچی درزی نێوان خەڵک و سەرکردە بیست ئەوەندەی تر زیادیکرد.

ئێستا دوای ١٦ ساڵ لەو کارەساتە، هێشتا بازگەکانی نێوان پارتی و یەکێتی تۆکمەتر و ناتەباییەکانیان لە پێش ١ی شوبات زیاتر نەبێ کەمتر نییە

دەکرا ١ی شوبات بکرێتە وێستگەیەکی گرنگ و هەستیار بۆ تێکەڵکردنەوەی کابینەی دوو لەتکراو، دەبوو چۆن دوژمن هەردووکی لەپێناو کوردبووندا کردبووە ئامانج، ئەوانیش ئەوا لەپێناوی کوردبووندا دەستبەرداری بەرژوەندییە حزبییەکان ببوایەن. بەڵام ئێستا دوای ١٦ ساڵ لەو کارەساتە، هێشتا بازگەکانی نێوانیان تۆکمەتر و ناتەبایی و ناڕێکییەکانیان لە پێش ١ی شوبات زیاتر نەبێ ئەوا کەمتر نییە.
چونکە ١ی شوبات هیچ کاریگەرییەکی نەبوو بۆ وەلانانی ناتەبایی و دانەمەرزاندنی حکومەتێکی نیشتمانیی راستەقینە، لە بیرەوەی زۆربەی خەڵکی کوردستاندا ١ی شوباتیش رووداوێکە بێجگە لە قوربانیی و ماڵوێرانیی، هیچی تر ناگەیەنێ بۆ هەرێمی کوردستان.