ڕاپۆرتی کوردستانی

03:08 - 31/01/2020

پەیسەر بەشێك لە ناكۆكیه‌كانی پارتی و گۆڕان ئاشكرا دەكات‌

پەیسەر

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتوون، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و پارتی لەسەر چەند خاڵێكی تایبەت بە پرسی كابینەی نۆیەم ناكۆكن، لەوانەش گۆڕان داوای كردووە چاكسازی لەداهاتدا بكرێت، لەبواره‌كانی نەوت و دەروازە سنوریەكان و باج، هەروەها سیستمی بانكی و وەبەرهێنانیش قۆناغ بە قۆناغ چاكسازییان تێدا بكرێت.

گۆڕان داوای كردووە چاكسازی لەداهاتی نەوت و دەروازە سنووریەكان و باجدا بكرێت، هەروەها سیستمی بانكی و وەبەرهێنانیش قۆناغ بە قۆناغ چاكسازییان تێدا بكرێت

 جگە لەوەی بەپێی رێككەوتنی رۆژی 18ی شوباتی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دەبوایە یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی بدرایە بە گۆڕان و ئەنجومەنێكیش بۆ چاكسازی پێكبهێنرایە، بەڵام تائێستا ئەو هەنگاوە نەنراوە و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دوای شەش مانگ و 20 رۆژ لە پێكهێنانی حكومەت، هێشتا نزیكەی 40 پۆستی وەرنەگرتووە.

بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان تائێستا پۆسته‌كانی جێگری سەرۆكی هەرێم و وەزیری دارایی و وەزیری پیشەسازی و وەزیری ئاوەدانكردنەوە و وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی وەرگرتووە.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش تائێستا سەرۆكی هەرێم هیچ دەسەڵاتێكی بۆ جێگری سەرۆكی هەرێم دیاری نەكردووە، ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی بڕگەی دووەم، مادەی سێیەم لە یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2019ی تایبەت بە (كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم )، ئەركی سەرۆكی هەرێمە دەسەڵاتی جێگرەكانی دیاری بكات.

عه‌دنان عوسمان: ئێستا قسە لەسەر ناوەرۆكی نیگەرانیەكانمان ناكەین، بەڵام لەئایندەیەكی نزیكدا لەگەڵ پارتی كۆدەبینەوە و بەیاداشت پێیان دەدەین

لای خۆیەوە عەدنان عوسمان ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بە پەیسەرپرێسی ڕاگەیاند، هیچ كاندیدێكی گۆڕان بۆ پۆستەكان رەتنەكراونەتەوە. گوتیشی، ئێستا قسە لەسەر ناوەرۆكی نیگەرانیەكانیان ناكەن، بەڵام لەئایندەیەكی نزیكدا لەگەڵ پارتی كۆدەبنەوە و بەیاداشت پێیان دەدەن.

ئەو ئەندامەی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ڕاشیگەیاند، ئەوان وەك بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان پابەندن بەو ڕێككەوتنەی لەگەڵ پارتی كردویانە و داوای جێبەجێكردنی دەكەن.

عه‌دنان عوسمان: پێمان باشە بۆ چارەسەری كێشەكان پارتی و یەكێتی و گۆڕان كۆبوونەوەی سێ قۆڵی بكەن

عەدنان عوسمان دەڵێت له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا كۆبوونەوەی دوو قۆڵی لەگەڵ پارتی و یەكێتی دەكەن، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ پێیان باشە بۆ چارەسەری كێشەكان پارتی و یەكێتی و گۆڕان كۆبوونەوەی سێ قۆڵی بكەن.

بەپێی زانیاریەكانی سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس، پارتی ئامادەیی نیشانداوە رێككەوتنەكە وەك خۆی جێبەجێ بكات و راشیگەیاندووە، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك لە ڕێككەوتنەكە پاشگه‌زنه‌بوونه‌ته‌وه‌، بەڵام بەشێك لەو پۆستانەی كە بەپێی ڕێككەوتنی پارتی و گۆڕان بۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دیاریكراون ئێستا لای یەكێتی نیشتمانین.

بەشێك لەو پۆستانەی كە بەپێی ڕێككەوتنی پارتی و گۆڕان بۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دیاریكراون ئێستا لای یەكێتی نیشتمانین

لای خۆیەوە خەسرەو گۆران ئەندامی سەركردایەتی پارتی بە پەیسەرپرێسی ڕاگەیاند، پارتی رێز لەهەموو ئەو ڕێككەوتنانە دەگرێت كە لەگەڵ لایەنەكان واژۆی كردوون، لەناویشاندا ئەو ڕێككەوتنەی لەگەڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هەیەتی و لێی پاشگەزنەبووه‌تەوە و پابەندە پێوەی.

سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، بەمەبەستی گەیاندنی پەیامی نیگەرانیەكانی گۆڕان، بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان لەسەر ئاستی باڵا كۆببنەوە، دوای ئەوەش جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كۆدەبێتەوە و وەڵامەكانی پارتی تاوتوێ دەكات و بڕیار دەربارەی مانەوە لە حكومەت یان پاشه‌كشێكردن دەدات.

جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كۆدەبێتەوە و وەڵامەكانی پارتی تاوتوێ دەكات و بڕیار دەربارەی مانەوە لە حكومەت یان پاشه‌كشێكردن دەدات

بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان دوای حەوت كۆبوونەوە سەرئەنجام رۆژی 18ی شوباتی 2019 ڕێككەوتنێكی 30 خاڵییان واژۆكرد كە 18 خاڵی تایبەت بە هەرێمی كوردستان و 12 خاڵیشی تایبەت بوو بە پرسی هەرێم لە عێراقدا.

بەو هۆیەوە رۆژی 10/7/2019 كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم متمانەی لە پەرلەمانی كوردستان وەرگرت.