07:24 - 30/01/2020
نێوانى یه‌كێتى و پارتى به‌ستوویه‌تى
دوای نه‌مانى مام جه‌لال له گۆره‌پانی سیاسی هه‌رێم و عێراق، په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی و پارتی هه‌ڵچوون و داچوونی زۆری به‌خۆیه‌وه بینیوه، به‌ڵام ریفراندۆم و روداوه‌كانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر زیانى قورسترى له په‌یوه‌ندى ئه‌و دوو حزبه گه‌یاند. دواتر به نێوه‌ندگیری ناوخۆی و ده‌ره‌كی حكومه‌تی هه‌رێم به‌یه‌كگرتووی مایه‌وه و په‌یوه‌ندیه‌كانی پارتی و یه‌كێتی تاراده‌یه‌ك ئاسایی كرایه‌وه، به‌ڵام رووداوه‌كان دیسانه‌وه نێوانى یه‌كێتى و پارتییان خسته‌وه گێژاوه‌وه. ئێستا نێوانى ئه‌و دوو حزبه سارده و هه‌ردوولا چاوه‌ڕێى گه‌رمكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كه‌یانن.
2-10-2018 پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق جارێكی تر په‌یوه‌ندیه‌كانی پارتی و یه‌كێتی ئاڵۆزكرده‌وه، دوای ئه‌وه جارێكی تر پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر پرسی پێكهێنانی حكومه‌ت و پۆسته‌كان به‌تایبه‌ت جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم په‌یوه‌ندیه‌كانیان گه‌یشته ئاستێك كه سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی به‌ئاشكرا باسی دوو ئیداره‌ی بكه‌ن، به‌ڵام دواجار رۆژی 8-7-2019 كابینه‌ی نۆیه‌م پێكهات و یه‌كێتیش به‌شداری كرد، ئاو كرا به‌و ئاگره‌دا به‌ڵام دووكه‌ڵه‌كه‌ى ته‌واو نه‌بوو.
یه‌كێتی و كۆنگره‌ی چواره‌م
21-12-2019 كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتی له سلێمانی ده‌ستی به‌كاره‌كانی كرد، ئه‌نجامه‌كانى ئه‌و كۆنگره پارتى زیاتر ته‌راكرد له یه‌كێتى، له‌دواى ئه‌و كۆنگره‌وه په‌یوه‌ندییه‌كانى ئه‌و دووحزبه نه‌گیرساوه‌ته‌وه.
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی گشتی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی، سه‌باره‌ت به مامه‌ڵه‌ی پارتی له‌گه‌ڵ كۆنگره‌ی یه‌كێتی به په‌یسه‌ر پرێسی راگه‌یاند، ئه‌وان وه‌ك یه‌كێتی بانگهێشتی كونسوڵی هیچ وڵات و حزبێكیان نه‌كردووه، بۆ كۆنگره چواره‌م و ته‌نها ئه‌ندامانی كۆنگره به‌شداربوون.
رۆژی 25-12-2019 كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتی به وتارێكی به‌رهه‌م ساڵح كۆتایی به‌كاره‌كانی هێنا، هه‌مووان چاویان له‌سه‌ر مامه‌ڵه‌ی پارتی بوو، به‌ڵام پارتى پیرۆزبایى نه‌كرد، كاتێك 28-12-2019 كۆنگره‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامی به‌رێوه‌چوو مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی پیرۆزبایی دووباره هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی له سه‌ڵاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هادین كرد.
پارتی ئه‌نجامی كۆنگره‌ی یه‌كێتی به‌دڵ نییه
له‌كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتی، لاهور شێخ جه‌نگی كه به لێدوانه تونده‌كانی به‌رامبه‌ر پارتی ناسراوه، یه‌كه‌م ده‌نگی كۆنگره‌ی هێنا جگه له‌وه‌ش هه‌ریه‌ك له بافڵ تاڵه‌بانی، شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، وه‌ستا ره‌سوڵ، ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود، مه‌حمود سه‌نگاوی و هه‌موو ئه‌وانه‌ی به دژه پارتی ناسراون له لیستی سه‌ره‌وه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامانی كۆنگره بوون، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌وانه‌ی به‌نزیك له‌پارتی داده‌نران له‌كۆنگره دوورخرانه‌وه یان ده‌رنه‌چوون، ئه‌وه‌ش وایكرد بگوترێت، پارتی زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌می كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتی بووه.
به‌رپرسێكی یه‌كێتی: له‌گه‌ڵ پارتی سه‌نگه‌رمان له‌یه‌ك نه‌گرتووه
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی گشتی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی، بۆ په‌یسه‌ر پرێس گوتى، په‌یوه‌ندی پارتی و یه‌كێتی خراپ نییه و سه‌نگه‌ریان له‌یه‌ك نه‌گرتووه، بۆ كۆبوونه‌وه‌ی دووقۆڵیش پێویستیان به نێوه‌ندگیر نیه."یه‌كێتی و پارتی دوو حزبی جیاوازن بۆیه ره‌نگه لێره‌و له‌وێ جیاوازی بیروڕا هه‌بێت چونكه دوو حزبی جیاوازن به‌ڵام سه‌نگه‌رمان له‌یه‌ك نه‌گرتووه و پێویستمان به‌ناوبژیوان نیه".
پیره ده‌ڵێت:"یه‌كێتی دوای كۆنگره ئه‌ركه‌كانی به‌سه‌ر سه‌ركردایه‌تیدا دابه‌ش نه‌كردووه و پاش ئه‌وه‌ی یه‌كێتی ئیش و كاره‌كانی خۆی دوای كۆنگره ئاماده‌ده‌كات، به‌دڵنیاییه‌وه كۆبونه‌وه‌یه‌ك و دوو كۆبونه‌وه و سێ كۆبونه‌وه‌ش ده‌كرێت. یه‌كێتی و پارتی به‌یه‌كه‌وه له‌حكومه‌تدان ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌ك هه‌بێت وه‌زیره‌كانی هه‌ردوولا باسی ده‌كه‌ن".
به‌پێی زانیاریه‌كانی په‌یسه‌رپرێس، چه‌ند جارێك هه‌وڵدراوه یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر ئاستی باڵا كۆببنه‌وه به‌ڵام به‌هۆكاری نادیار دواخراون. په‌یسه‌ر زانیویه‌تی یه‌كێتی ده‌یه‌وێت دوای هه‌ڵبژاردنی سكرتێر و كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی گشتی سه‌ركردایه‌تی كۆبوونه‌وه‌ی دووقۆڵی له‌گه‌ڵ پارتی بكات. سه‌رچاوه‌یه‌كی ناو یه‌كێتی ده‌ڵێت، كۆبوونه‌وه‌كه یه‌كلایی كه‌ره‌وه ده‌بێت و یه‌كێتی تێبینی و گله‌ییه‌كانی ده‌خاته به‌رده‌م پارتی.
گله‌یيه‌كانی یه‌كێتی چین؟
به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌ر له سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه ده‌ستیكه‌وتووه، یه‌كێتی چه‌ند گله‌ییه‌كی له‌پارتی هه‌یه له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه ماڵی تاڵه‌بانی پێیان وایه پارتی ده‌ستوه‌ردان له كاروباری ناوخۆی یه‌كێتی ده‌كات، هه‌ندێك جاریش پشتیوانی باڵێك له‌سه‌ر حسابی باڵێكی تر ده‌كات، جگه له‌وه‌ی پارتی ڤیتۆی له‌سه‌ر كاندیده‌كانی یه‌كێتی هه‌بووه بۆ پۆسته حكومییه‌كان له‌وانه‌ش ره‌وه‌ند مه‌لامحمود كه كاندیدی یه‌كێتی بووه بۆ پۆستی سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ناوچه دابرێندراوه‌كان.
هه‌روه‌ها یه‌كێتی پارتی به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كات كه پابه‌ندی رێككه‌وتنه‌كان نه‌بووه، له‌وانه‌ش رێككه‌وتنی ١١ی ته‌موزی ٢٠١٩ كه تێیدا بڕیاردرا پارتی پشتیوانی یه‌كێتی بكات، له وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك، به‌ڵام تائێستا ته‌یب جه‌بار كاندیده‌كه‌ی یه‌كێتی نه‌بووه به پارێزگار.
جگه له‌وه‌ی یه‌كێتی پێی وایه حكومه‌تی هه‌رێم لاسه‌نگه و زۆرینه‌ی پۆسته و بریاره‌كان لای پارتین، و یه‌كێتی وه‌ك پێویست له بڕیاره سه‌ره‌كیه‌كان به‌شدارنیه، بۆیه داوای هاوسه‌نگكردنه‌وه‌ی ده‌كات.
یه‌كگرتوو ناوبژیوانە
به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه ده‌ستیكه‌وتووه، له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا یه‌كگرتووی ئیسلامی هه‌وڵی ناوبژیوانی داوه، بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر یه‌ك مێزی گفتوگۆ كۆبكاته‌وه بۆ ئه‌مه‌ش سه‌ڵاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هادین ئه‌مینداری ئه‌و حزبه رۆژی 23-1 سه‌ردانی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی و 26-1 سه‌ردانی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی كرد.
خه‌لیل ئیبراهیم ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی جێبه‌جێكردنی یه‌كگرتوو به په‌یسه‌رپرێسی راگه‌یاند، یه‌كێتی و پارتیش هاوڕابوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كوردستان یه‌كریز بێت و په‌یوه‌ندی لایه‌نه‌كان ئاسایی و باش بێت. ئه‌و به‌رپرسه‌ی یه‌كگرتوو ده‌شڵێت له سه‌ردانه‌كانیان باسی دۆخی ئێستا هه‌رێم و ناوچه‌كه‌یان كردووه،"ده‌ورووبه‌ری هه‌رێم بووه‌ته تۆپه‌ڵێك ئاگر، بۆیه پێویسته لایه‌نه‌كان هه‌ست به ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی قۆناغه‌كه بكه‌ن و یه‌كڕیزیی و ئاشته‌وایی و یه‌ك هه‌ڵوێستی و به‌ره‌پێشبردنی ده‌ستكه‌وته‌كان و په‌ره‌پێدانیان بپارێزن ئه‌مه ته‌وه‌رێكی سه‌ره‌كی سه‌ردانی شاندی یه‌كگرتوو بووه بۆ لای لایه‌نه‌كان به‌تایبه‌تی یه‌كێتی وپارتی".
ساردى نێوان یه‌كێتى و پارتى له‌كاتێكدایه، هێشتا گرنگترین كاره‌كانى كۆنگره‌ى یه‌كێتى كۆتاییان نه‌هاتووه كه هه‌ڵبژاردن و سه‌رۆك و بڕیار به‌ده‌ستانى حزبه‌كه‌یه، پارتیش به‌چڕى له‌سه‌ر خه‌ته بۆئه‌وه‌ى ته‌رازووى كۆنگره به‌لاى خۆیدا قورس بكاته‌وه. پێده‌چێت له رۆژانى داهاتوو هاوكات له‌گه‌ڵ توندبوونه‌وه‌ى ململانێ ناوخۆییه‌كانى یه‌كێتى، نێوانى یه‌كێتى و پارتى ساردى زیاترى تێبكه‌وێت، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت هه‌ردوو حزب ده‌زانن به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له پێكه‌وه‌بووندا چه‌ند هێنده‌ى ماڵ جیاییه، جگه له‌وه‌ش بڕیارى كۆتایى لاى خۆیان نییه و ئه‌نقه‌ره‌و تاران رۆڵى یه‌كلاكه‌روه ده‌بینن.