ڕاپۆرتی کوردستانی

06:52 - 29/01/2020

بۆ رێگرى له‌ قاچاخى ده‌روازه‌كان حكومه‌ت چاوه‌ڕێى رێككه‌وتنى سیاسیيه‌‌

پەیسەر

ئه‌گه‌رچى هه‌ڵمه‌تێكى فراوانى داواكارى خه‌ڵك و په‌رله‌مانتاران و حزبه‌كانیش هه‌یه‌ بۆ كۆتایى هێنان به‌ قاچاخى سنووره‌كان، به‌ڵام به‌پێى زانیارییه‌كان ده‌روازه‌ سنورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، تا ئێستا بازاڕى گه‌رمى قاچاخى هه‌ردوو حزبى ده‌سه‌ڵاتدارن، به‌رده‌وام له‌ ده‌ره‌وه‌ى رێوڕه‌سمى گومركى و پشكنین و كوالێتى كۆنتڕۆڵه‌وه‌، له‌رێگه‌ى كۆمپانیاكانه‌وه‌ كاڵا كێش ده‌كه‌نه‌ ناو خاكى هه‌رێمى كوردستان.

 په‌رله‌مان سبه‌ینێ ده‌كه‌وێته‌ پشووه‌وه‌ و تا مانگێك كۆنابێته‌وه‌

ئه‌گه‌رچى مه‌له‌فى قاچاخى سنووره‌كان خراوه‌ته‌ به‌رده‌م سه‌رۆكى حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ى، وه‌زاره‌تى داراییش بۆ كۆتایی پێهێنانى له‌سه‌ر خه‌ته‌، به‌ڵام به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر بۆ كۆتایى پێهێنانى ئه‌و قاچاخییه‌، حكومه‌ت چاوه‌ڕێیه‌ به‌ رێككه‌وتنى سیاسى یه‌كێتى و پارتى كۆتایى به‌و كاره‌ بێت، هه‌ردوو لایەن پشتیوانى حكومه‌ت بكه‌ن بۆ جێبه‌جێكردنى یاسا له‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كان. 

بڕیاربوو په‌رله‌مانى كوردستان دانیشتن، له‌سه‌ر ته‌وه‌رى قاچاخى ده‌روازه‌ سنورییه‌كان بكات، به‌ڵام په‌رله‌مان سبه‌ینێ ده‌كه‌وێته‌ پشووه‌وه‌ و تا مانگێك كۆنابێته‌وه‌. عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح سه‌رۆكى فراكسیۆنى گۆڕان بۆ په‌یسه‌ر ده‌ڵێت، دانیشتنى په‌رله‌مان له‌سه‌ر ده‌روازه‌ سنورییه‌كان ده‌كه‌وێته‌ مانگى سێ. له‌ به‌روارى ٩ی مانگى ١٢ى ساڵى رابردوو ژماره‌ى یاسایى  په‌رله‌مانتاران له‌ فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كان داواى كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مانیان كرد له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌. تا ئێستا كاتى كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان له‌سه‌ر ده‌روازه‌ سنورییه‌كان ناڕوونه‌.

چه‌ندین كۆمپانیا له‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كان له‌ژێر ١٠ ناوى جۆراوجۆردا پاره‌ له‌ خه‌ڵك وه‌رده‌گرن

قاچاخى له‌ ده‌روازه‌كان

چوار جۆر پێشێلكارى، قاچاخى، قۆرخكارى و فێڵ له‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كرێت.
قاچاخى؛ چه‌ندین كۆمپانیان هه‌ن به‌ زه‌برى هێز له‌ ده‌روازه‌كانه‌وه‌، كاڵا ده‌هێننه‌ ناو هه‌رێمى كوردستان، عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح ده‌ڵێت، ئه‌مانه‌ زۆربه‌ى له‌ هێڵى سه‌ربازییه‌وه‌ ده‌هێندرێت و حساب بۆ هیچ كه‌سێك ناكه‌ن و فه‌رمانبه‌رانى ده‌روازه‌كان بێ ده‌سه‌ڵاتن. به‌گوته‌ى ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ داهاتى ئه‌م جۆره‌ قاچاخییه‌ مانگانه‌، زیانى ٣٥ ملیۆن دۆلار له‌ حكومه‌ت ده‌دات. 

قۆرخكارى؛ به‌ گوته‌ى په‌رله‌مانتاران چه‌ندین كۆمپانیا له‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كان له‌ژێر ١٠ ناوى جۆراوجۆردا پاره‌ له‌ خه‌ڵك وه‌رده‌گرن، كه‌ داهاتى ئه‌مانه‌ به‌ ٣٠ ملیۆن دۆلارى مانگانه‌ ده‌خه‌مڵێندرێت، كارى ئه‌م كۆمپانیایانه‌ش قۆرخ كراوه‌و كۆمپانیاى یه‌كێتى و پارتین.

ترانزێت؛ به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر یه‌كێك له‌ رێگا گه‌وره‌كانى فرتوفێڵ له‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كان، هاورده‌كردنى كه‌لوپه‌له‌ به‌ناوى ترانزێته‌وه‌، له‌ كاتێكدا ترانزێت نییه‌و له‌ ناوخاكى هه‌رێم ده‌رناچێت. كۆمپانیان ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن چونكه‌ ترانزێت ته‌نها پاره‌ى تێپه‌ڕێن ده‌دات و به‌بڕى یه‌ك له‌سه‌ر پێنج پاره‌ى كه‌متر له‌ گومرك ده‌دات.

ئه‌وانه‌ى قاچاخى ده‌كه‌ن له‌ سنووره‌كان، كۆمپانیان و هێزیان له‌گه‌ڵدایه‌ 

به‌خشین؛ چه‌ندین جۆر به‌خشین هه‌یه‌ له‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كان، كه‌ ئه‌وه‌ له‌لایه‌ن بازرگان و كۆمپانیاكان خراپ به‌كارده‌هێندرێت، مادده‌ى پێنجى یاساى وه‌به‌رهێنان (ژماره‌ چوارى ساڵى ٢٠٠٦) پرۆژه‌كانى وه‌به‌رهێنانى بۆماوه‌ى ١٠ ساڵ له‌ باج به‌خشیوه‌، ره‌سمى گومركى له‌سه‌ر هاورده‌كردنى هه‌موو پێویستییه‌كان و كه‌لوپه‌له‌كانى ئه‌و پرۆژانه‌ لابردووه‌. 

گرفته‌كه‌ ته‌نها ئه‌م به‌خشینه‌ زه‌به‌لاحه‌ نییه‌. به‌ڵكو به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر زۆرێك له‌ خاوه‌ن پرۆژه‌كان چه‌ند قات زیاتر له‌پێویستى پرۆژه‌كان كه‌لوپه‌ل و ئامێر هاورده‌ ده‌كه‌ن بێ هیچ باجێك، هه‌موو زیاده‌كان له‌ بازاڕ ده‌فرۆشنه‌وه‌. بۆ نمونه‌ ئه‌گه‌ر پرۆژه‌یه‌ك هه‌زار تۆن شیشى پێویست بێت، شه‌ش هه‌زار تۆن هاورده‌ ده‌كات. پێنج هه‌زارى له‌ بازاڕ ده‌فرۆشێته‌وه‌و قازانجێكى زۆر ده‌كات.

یاساى گه‌شه‌پێدانى  پێشسازى( ژماره‌ ٢٠ی ساڵى ١٩٩٨) هه‌ر كارگه‌یه‌كى مۆڵه‌تپێدراو بۆماوه‌ى ١٠ ساڵ له‌ پێدانى ره‌سمى گومركى و باج ده‌به‌خشێت. سێ مانگ جارێك لیژنه‌ى حكومه‌ت سه‌ردانى كارگه‌كان ده‌كه‌ن و پێداویستییه‌كان هه‌ڵده‌سه‌نگێنن كه‌ پێویستى به‌ هاورده‌كردنى چ مادده‌ و كه‌لوپه‌ل و ئامێرێكه‌. خاوه‌ن كارگه‌كان پاره‌ ده‌ده‌ن به‌ لیژنه‌كانى هه‌ڵسه‌نگاندن هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه‌یان زیاد بۆ ده‌نووسن، خاوه‌نى كارگه‌كه‌ لێخۆشبوونى له‌هاورده‌كردنى كه‌لوپه‌لى زیاد له‌ پێویستى خۆى بۆ ده‌كرێت، زیاده‌كه‌ ده‌فرۆشێته‌وه‌ له‌ بازاڕ یاخود هه‌ندێك جار ره‌سیدى لێخۆشبوونه‌كه‌ى ده‌فرۆشێت.

شێركۆ جه‌وده‌ت ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ڵێت، ئه‌وانه‌ى قاچاغى ده‌كه‌ن له‌ سنووره‌كان، كۆمپانیان و هێزیان له‌گه‌ڵدایه‌ هه‌ندێكیان،  سه‌باره‌ت به‌وه‌ى له‌ كوێ و كوێ ئه‌م كارى قاچاخه‌ هه‌یه‌؟ گوتى:"له‌ باشماخ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌ ده‌روازه‌كانى دیكه‌ش له‌مه‌ پارێزراو نین".

كاتێك ئه‌م كێشه‌ رووبه‌ڕووى حزبێكیان ده‌كرێته‌وه‌ وه‌ڵامیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌ویش له‌ ده‌روازه‌كان ده‌یكات

به‌گوته‌ى ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، ناوى كۆمپانیاكان دراوه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت كه‌ ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن، گوتویانه‌ خه‌مى لێده‌خۆن، به‌ڵام دیارنییه‌ كه‌ى و چۆن به‌ر به‌م قاچاخییه‌ ده‌گیرێت.

زیادبوونى دیارده‌ى قاچاخى حزبه‌كان له‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كان، كارى كردووه‌ته‌ سه‌ر داهاتى گومرك، كۆمپانیا ده‌سه‌ڵاتداره‌كان تا قاچاخ وه‌ستابێ كه‌ قازانجى خه‌یاڵى ده‌كه‌ن، به‌لاى گومركدا ناچن، ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ش هاورده‌ ده‌كه‌ن كه‌ هاورده‌كردنیان یاساغ ده‌كرێت، به‌وه‌ش قازانجى خه‌یاڵى ده‌كه‌ن. ئێستا حكومه‌ت چاوه‌ڕێى رێككه‌وتنى سیاسى هه‌ردوو حزبى ده‌سه‌ڵاتدار كۆتایى به‌ دیارده‌كه‌ بێت، تائێستاش كاتێك ئه‌م كێشه‌ رووبه‌ڕووى حزبێكیان ده‌كرێته‌وه‌ وه‌ڵامیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌ویش له‌ ده‌روازه‌كان ده‌یكات.