ڕاپۆرتی کوردستانی

08:14 - 26/01/2020

لیژنه‌ى په‌یڕه‌وى یه‌كێتى ناكۆكییه‌كان ده‌نێرێته‌وه‌ بۆ سه‌ركردایه‌تى‌

پەیسەر

یه‌كێتى نیشتمانیى كوردستان، له‌ به‌رده‌م قۆناغێكى دیكه‌ى ته‌واوكارى كاره‌كانى كۆنگره‌دایه‌، لیژنه‌ى هه‌مواركردنى په‌یڕه‌و زۆربه‌ى كاره‌كانى ته‌واوكردووه‌، به‌ڵام خاڵى له‌سه‌ر دێڕه‌كان دانه‌ناوه‌و بڕیاره‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تییه‌ قه‌ره‌باڵغه‌كه‌ى حزب هه‌مواره‌كه‌ په‌سه‌ند و یه‌كلا بكرێته‌وه‌. وه‌ك زۆربه‌ى كات دوو بۆچوون یه‌كێتى دابه‌شكردووه‌، به‌شێكیان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن مادده‌ى تایبه‌ت به‌ سه‌رۆك و جێگره‌كانى دوابخرێت، به‌شێكیان ده‌یانه‌وێت كاره‌كه‌ له‌وه‌ زیاتر دوانه‌كه‌وێت. لیژنەی هەمواریش تۆپەکەی فڕێداوەتەوە گۆڕەپانی سەرکردایەتی.

باڵه‌ جیاوازه‌كانى ئه‌و حزبه‌ نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن

لیژنه‌ ٢٠ كه‌سییه‌كه‌ى هه‌موارى په‌یڕه‌وى ناوخۆ رۆژی ١٤ى ئه‌م مانگه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نی گشتی سه‌ركردایه‌تی پێكهێندرا، تا هه‌ینى رابردوو مۆڵه‌تیان له‌به‌رده‌ست بوو، زۆبه‌ى كاره‌كانیان ته‌واوكردووه‌و هه‌موارى به‌شێك له‌ مادده‌كان ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌م سه‌ركردایه‌تى، لیژنه‌كه‌ نه‌یتوانى كۆده‌نگى ته‌واو دروست بكات، بۆیه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌هیواى ئه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تى ناكۆكییه‌كان ساف بكات. 

باڵه‌ جیاوازه‌كانى ئه‌و حزبه‌ نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و پێگه‌ى هه‌ر لایه‌ك بۆیەش کارەکانی لیژنەکە رەنگدانەوەی نێوانی باڵەکانە. له‌نێو لیژنه‌كه‌ش كه‌ نوێنه‌رى هه‌ر باڵێكى لێبوو دیسانه‌وه‌ خاڵه‌ ناكۆكه‌كان به‌ره‌و سه‌ركردایه‌تى خولایه‌وه‌.

-له‌ لیژنه‌كه‌ ئەوە ساغ بووه‌ته‌وه‌ كه‌ یه‌كێتى سه‌رۆكێك و دوو جێگرى هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ركردایه‌تى.

قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و ماددانه‌ى پێویست و ئانین، پێشبخرێن

-دەسەڵاتەكانی سه‌رۆك و جێگره‌كانى دیاریده‌كرێن. به‌ڵام ده‌سه‌ڵاته‌كانى ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و سەرۆك و جێگرانی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان ناكۆكی له‌سه‌ره‌.

-ماڵی تاڵەبانی پێداگری دەكەن لەسەر ئەوەی ئه‌نجومه‌نی باڵاى سیاسی یه‌كێتی كه‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات ده‌سه‌ڵاتی ڤیتۆی بریاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی نه‌بێت. ئه‌مه‌ش خاڵێكى دیكه‌ى ناكۆكه‌ و وه‌ك خۆى ماوه‌ته‌وه‌.

كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى رۆژى چوارشه‌ممه‌ى داهاتوو به‌ڕێوه‌ده‌چێت، مسته‌فا چاوڕه‌ش سه‌رۆكى كاتى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ بۆ په‌یسه‌ر گوتى، تائێستا مادده‌ هه‌مواركراوه‌كانى نه‌خراوه‌ته‌ به‌ر ده‌ست، به‌ڵام قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و ماددانه‌ى پێویست و ئانین، پێشبخرێن و له‌كۆبوونه‌وه‌ى داهاتوو په‌سه‌ند بكرێن، مادده‌كانى دیكه‌ش قۆناغ به‌ قۆناغ بێت. 

په‌سه‌ندكردنى مادده‌ى تایبه‌ت به‌ سه‌رۆك، ته‌نها هه‌نگاوێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ى مشتومڕه‌كان به‌ كرده‌یى ده‌ستپێبكات

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى كه‌ ئایا له‌ كۆبوونه‌وه‌ى داهاتوو مادده‌ى تایبه‌ت به‌ سه‌رۆك و جێگیره‌كانى و ده‌سه‌ڵاته‌كانیان یه‌كلا ده‌كرێته‌وه‌ یاخود نا؟ چاوڕه‌ش نه‌یشارده‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دوو بۆچوونى جیاواز هه‌یه‌، بۆچوونێك ده‌ڵێت، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى داهاتوو بابه‌تى سه‌رۆك و ده‌سه‌ڵاته‌كانى و جێگره‌كانیش یه‌كلا بكرێته‌وه‌، بۆچوونى دووه‌م پێى وایه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ دوابخرێت بۆ كاتێكى دیكه‌. 

كۆنگره‌ى یه‌كێتى جیاواز له‌ كۆنگره‌كانى دیكه‌، كاره‌ گرنگه‌كانى ته‌واو نه‌كرد، په‌یڕه‌وى ناوخۆ، هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك، دیاریكردنى سه‌رۆكی ئۆرگانه‌كان، ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆك و جێگر و ئه‌نجومه‌نى سیاسى، هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ى دواخست تا كاتێكى زیاتر له‌ به‌رده‌ست بێت بۆ چاره‌سه‌ره‌ى كێشه‌كان، پێناچێت تا چوارشه‌ممه‌ هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ ساف بكرێن، به‌ تایبه‌ت هه‌ركه‌س له‌ ئۆرگانى خۆیه‌وه‌ هه‌وڵى چڕینى ده‌سه‌ڵاتى زیاتر ده‌ده‌ن. 

په‌سه‌ندكردنى مادده‌ى تایبه‌ت به‌ سه‌رۆك، ته‌نها هه‌نگاوێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ى مشتومڕه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كێ پۆستى سه‌رۆكایه‌تى وه‌ربگرێت به‌ كرده‌یى ده‌ستپێبكات. پێده‌چێت باڵه‌كان كاتێكى زۆر زیاتریان پێویست بێت تا بسازێن.

زوبێر عوسمان ئه‌ندامى لیژنه‌ى هه‌مواركردنه‌وه‌ى په‌یڕه‌وى ناوخۆ بۆ په‌یسه‌ر پرێس گوتى، ئه‌گه‌ر هیچ پێشهاتێك نه‌یه‌ته‌ پێشه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌ى ٢٩ی مانگ بۆ په‌سه‌ندى هه‌مواركردنه‌وه‌ى په‌یڕه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تى ده‌نگى له‌سه‌ر بده‌ن. سه‌باره‌ت به‌ مادده‌ى تایبه‌ت به‌ سه‌رۆك. ئه‌و به‌رپرسه‌ى یه‌كێتى ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، كه‌ له‌ لیژنه‌كه‌ مادده‌ى تایبه‌ت به‌ سه‌رۆك به‌و جۆره‌ جێگر بووه‌ كه‌ دوو جێگرى هه‌بێت. ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تیش سكرتێرێكى ده‌بێت. سه‌باره‌ت به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆك و جێگیره‌كانى و ئه‌نجومه‌نى سیاسى گوتى، هیچ زانیارییه‌كى لانییه‌. 

پرۆسه‌كه‌ ده‌خایه‌نێت به‌مزووانه‌ كاره‌ ته‌واونه‌كراوه‌كانى كۆنگره‌ ته‌واو نابن

ته‌نها كاندیدى پۆسته‌ باڵاكانى یه‌كێتى چاوه‌ڕێى یه‌كلا بوونه‌وه‌ى مادده‌كانى په‌یڕه‌و ناكه‌ن، به‌ڵكو ناڕازییه‌كانى كۆنگره‌ش چاوه‌ڕێى هه‌موارى پەیڕەون، چونكه‌ پێیان گوتراوه‌ چاوه‌ڕێ بن، تا هه‌موارى په‌یڕه‌و په‌سه‌ند بكرێت و سه‌ركردایه‌تى حزبه‌كه‌ بكه‌وێته‌ سه‌رپێى خۆى بۆ ئه‌وه‌ى پۆستیان پێبدرێت له‌ ئۆرگانه‌كان. ناڕازییه‌كان به‌نیازى تۆماركردنی سكاڵان لەرێگەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق- لقی سلێمانییه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وانیش چاوه‌ڕێن تا بزانن سه‌ركردایه‌تى نوێ به‌ چ ئاڕاسته‌یه‌ك هه‌نگاو ده‌نێت. 

به‌گوته‌ى مسته‌فا چاوه‌ڕه‌ش بێت، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى داهاتوو په‌سه‌ندكردنى هه‌مواره‌كه‌ ته‌نها ده‌ستپێده‌كات، ئه‌ویش وه‌ك خۆى ده‌ڵێت، له‌به‌ر په‌كنه‌كه‌وتنى ئیشك و كاره‌كانى حزبه‌ و مادده‌ پێویسته‌كان پەسەند دەکرێن. واته‌ پرۆسه‌كه‌ ده‌خایه‌نێت به‌مزووانه‌ كاره‌ ته‌واونه‌كراوه‌كانى كۆنگره‌ ته‌واو نابن.