ڕاپۆرتی کوردستانی

06:11 - 25/01/2020

ناوه‌ڕۆك و ئامانجى دیدارى تره‌مپ له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح و بارزانى ئاشكرا ده‌بێت‌

پەیسەر

رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت له‌ ژماره‌ی ئه‌مرۆیدا راپۆرتێكی ده‌رباره‌ی هه‌وڵه‌كانی ئه‌مریكا بۆ رێگری له‌ روسیا و رووبه‌رووبونه‌وه‌ی ئێران بڵاوكردۆته‌وه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌یدا رۆژنامه‌كه‌ ده‌نوسێت، ئیداره‌ی دۆناڵد تره‌مپ هه‌وڵی به‌هێزكردنی پێگه‌ی سه‌ربازی ده‌دات له‌ سه‌ر سنوره‌كانی عێراق سوریا ئه‌وه‌ش به‌هۆی ژماره‌یه‌ك هۆكاره‌وه‌ له‌ناویاندا رووبه‌رووبونه‌وه‌ی ئێران و رێگری له‌ روسیا.

ئه‌وه‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ دروستكردنی فشار له‌ به‌غداد بۆ دیاریكردنی چاره‌نوسی مانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌سه‌ر مێزی دانوستان و هه‌روه‌ها دروستكردنی فشار له‌سه‌ر روسیا بۆ به‌هێزكردنی پێگه‌ سه‌ربازیه‌كه‌ی له‌ رۆژهه‌ڵاتی فورات.

به‌پێى زانیارییه‌كانى رۆژنامه‌كه‌ش، پرسی مانه‌وه‌ی سه‌ربازیانه‌ی ئه‌مریكا له‌ عێراق خاڵێكی سه‌ره‌كی هه‌ردوو دیداره‌كه‌ی تره‌مپ بوو له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح هاوتا عێراقیه‌كه‌ی و نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم.

تیایداكۆشكی سپی جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هاوبه‌شی ئابوری و ئه‌منیان له‌گه‌ڵ عێراق و ( هاوكاری له‌گه‌ڵ كوردستانی عێراق له‌شه‌ری دژی داعش ) به‌رده‌وام ده‌بێت، له‌به‌رامبه‌ردا به‌رهه‌م ساڵح باسی سه‌روه‌ری كردووه‌، به‌پێی زانیاریه‌كانی رۆژنامه‌كه‌ 10 پێشنیار له‌و باره‌یه‌وه‌ خراوه‌ته‌روو:
1-جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌وه‌ی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی ئه‌مریكا ده‌بێت له‌ ته‌نها بواری سه‌ربازی فراوانتر بێت و له‌و باره‌یه‌وه‌ جیمس جێفری نێرده‌ی ئه‌مریكا بۆ هاوپه‌یمانی شه‌ری دژی داعش رایگه‌یاند" پێویسته‌ به‌رپرسانی عێراق بیر له‌ په‌یوه‌ندی دووقۆڵی بكه‌نه‌وه‌ كه‌ پرسی بوونی ئه‌مریكا له‌ عێراق تێپه‌رێنێت.

2-هاوپه‌یمانیه‌تی باكوری ئه‌تڵه‌سی ناتۆ رۆڵێكی گه‌وره‌تر بگێرێت له‌شه‌ری دژی داعش له‌كاتێكدا ئه‌گه‌ر واشنتۆن به‌پێی لێكتێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ به‌غداد دووباره‌ هێزه‌كانی بڵاوكرده‌وه‌ یان هێزه‌كانی ئه‌مریكا سه‌رقاڵی پارێزگاریكردن له‌خۆیان بوون ئه‌وه‌ی دوای زیادبوونی هه‌ره‌شه‌ و فشاره‌كانی سه‌ریان له‌چه‌ند مانگی رابردوودا به‌تایبه‌تیش دوای كوژرانی قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سه‌ر به‌ سوپای پاسداران، ئه‌وه‌ خاڵێكی گفتوگۆی چوارشه‌ممه‌ی داهاتوو ده‌بێت له‌ دانیمارك.


3-گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ زیادكردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا جا ئه‌وه‌ له‌رێگه‌ی زیادكردنی ژماره‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانه‌وه‌ بێت یان بنكه‌ سه‌ربازیه‌كان چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی هه‌واڵگری باسی ئه‌وه‌یان كردووه‌ كه‌ پێشنیاره‌كان دروستكردنی بنكه‌ی سه‌ربازی له‌ نزیك سلێمانی و باشوری هه‌ولێر و نزیك هه‌ڵه‌بجه‌یان تێدایه‌، هه‌روه‌ها له‌ناو ئه‌و پێشنیارانه‌دا زیادكردنی ژماره‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكای له‌ 500 سه‌ربازه‌وه‌ بۆ 2 هه‌زار سه‌رباز له‌خۆگرتووه‌، سه‌رباری بوونی 5 هه‌زار سه‌ربازی تر له‌ عێراق، دیبلۆماتكاره‌كان ده‌ڵێن به‌هێزكردنی پێگه‌ی سه‌ربازی ئه‌مریكا له‌ كوردستان مه‌به‌ست لێی پاراستنی بنكه‌سه‌ربازیه‌كانه‌ له‌گه‌ڵ زیادبوونی مه‌ترسیه‌كان.

4-هه‌مه‌هه‌نگی سه‌ربازی له‌نێوان رۆژئاوای عێراق و رۆژهه‌ڵاتی سوریا.

5-پارێزگاریكردن له‌ بنكه‌ی سه‌ربازی ته‌نه‌ف له‌ سێكوچكه‌ی سنوری عێراق- سوریا- ئوردن و هێشتنه‌وه‌ی 150 سه‌ربازی ئه‌مریكی و موشه‌ك و پاراستنی ئاسمانی ئه‌وه‌ش بۆ گرتنی رێگه‌ی تاران- به‌غداد -دیمه‌شق- به‌یروت.

6-مانه‌وه‌ی هێزی ئاسمانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی شه‌ری دژی داعش له‌ ئاسمانی باكوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا و هێشتنه‌وه‌ی هاوپه‌یمانه‌ سه‌ره‌كیه‌كان كه‌ به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسان له‌ زه‌ویش شه‌ر دژی داعش و پشتیوانی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات.


7-رێگریكردن له‌ هێزه‌كانی سوریا و رێكخستنه‌ ئێرانیه‌كان له‌ هه‌ر هاتنه‌پێشه‌وه‌یه‌ك بۆ بنكه‌ی ته‌نه‌ف و پابه‌ندبوون به‌ یاساكانی شه‌ر.

8-دورخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی روسیا له‌و خه‌ته‌ی كه‌ له‌ فیشخابور له‌ سێگۆشه‌ی سوری- عێراقی- توركی ده‌ست پێده‌كات تا ده‌گاته‌ باكوری ئه‌بوكه‌مال له‌سه‌ر رووباری فورات ئه‌وه‌ له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا چه‌ند جارێك رویدا كاتێك هێزه‌كانی ئه‌مریكا رێگایان له‌به‌رده‌م پۆلیسی روسی ده‌گرت كه‌ ده‌یانویست بگه‌نه‌ فیشخابور ده‌رگای رۆژهه‌ڵاتی فورات له‌سه‌ر كوردستانی عێراق.

9- پابه‌ندبوون به‌ رێككه‌وتنی رێگری له‌ پێكدادانی نێوان روسیا و ئه‌مریكا له‌ ئاسمانی باكوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی مۆسكۆ سیستمی ئاسمانی خۆی له‌ قامیشلۆ به‌هێزكرد.

10-به‌رده‌وام بوونی هێرشی ئاسمانی بۆسه‌ر پێگه‌كانی ئێران له‌ ئه‌بوكه‌مال، به‌جۆرێك تاران هه‌وڵیدا ژێرخانێك دروست بكات بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ جێگره‌وه‌ی رێگه‌ى تاران -  به‌غداد -دیمه‌شق- به‌یروت.

به‌پێی زانیاریه‌كان وه‌فدێكی ئه‌مریكا له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا گه‌شتێك بۆ له‌نده‌ن و برۆكسل ده‌كات بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌ ئه‌وروپیه‌كان به‌مه‌به‌ستی سه‌پاندنی سزای ئابوری و رێككه‌وتن له‌سه‌ر هه‌مه‌هه‌نگی هه‌نگاوه‌كان له‌عێراق وسوریا بۆ دروستكردنی فشار له‌سه‌ر روسیا و رووبه‌رووبونه‌وه‌ی هه‌ژمونی ئێران دوای كوشتنی قاسم سولیمانی.