ڕاپۆرتی کوردستانی

05:39 - 23/01/2020

ناوه‌رۆكى كۆبوونه‌وه‌ داخراوه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى حكومه‌ت و په‌رله‌مان‌

پەیسەر

شاندى دانوستانكارى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌مڕۆ جارێكى دیكه‌ له‌گه‌ڵ په‌رله‌مان، فایلى رێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌ڵدایه‌وه‌، شانده‌كه‌ى حكومه‌ت "روونكردنه‌وه‌"یان دا به‌ په‌رله‌مانتاران كه‌ له‌ چ قۆناغێكدان، به‌ڵام به‌ لاى پرسى داهاتى نه‌وت و پرۆژه‌ یاساى بوودجه‌ى هه‌رێمى كوردستاندا نه‌چوون.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، شانده‌كه‌ى حكومه‌ت له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ نیگه‌رانى خۆیان خستووه‌ته‌ڕوو له‌ دۆخى عێراق، گوتوویانه‌ به‌هۆى ئه‌و دۆخه‌ى هاتووه‌ته‌ پێشه‌وه‌، چاره‌نووسى لێكتێگه‌یشتنه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ به‌غدا روون نییه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌گه‌ر ببێته‌ رێككه‌وتن و بچێته‌ نێو ده‌قى پرۆژه‌ یاساى ٢٠٢٠ وه‌ كورد قازانجى زۆر ده‌كات به‌گوته‌ى شانده‌كه‌.

شانده‌كه‌ى حكومه‌ت، هه‌مان شاندى دانوستانكار بوون له‌گه‌ڵ به‌غدا، كه‌ پێكهاتبوون له‌ ئومێد سه‌باح سه‌رۆكى دیوانى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، ئاوات جه‌ناب وه‌زیرى دارایی، دارا ره‌شید وه‌زیرى پلاندانان، خالید شوانى وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كارووبارى هه‌رێم و به‌غدا، ئامانج ره‌حیم سكرتێرى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران.

ناوه‌رۆكى لێكتێگه‌یشتنه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌گوته‌ى شانده‌كه‌.

- رۆژانە حكومه‌تى هه‌رێم ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل راده‌ستى به‌غدا ده‌كات و ١٠٠ هه‌زار به‌رمیلى كه‌ركوكیش له‌رێگه‌ى بۆرى نه‌وتى هه‌رێمه‌وه‌ هه‌نارده‌ ده‌كرێت.

- حكومه‌تى عێراق بوودجه‌و مووچه‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌نێرێت، به‌گوته‌ى شانده‌كه‌ "دوو هێنده‌و نیو"ى ئێستا پاره‌ ره‌وانه‌ ده‌كرێت مانگانه‌، ئێستا مانگانه‌ ٤٥٤ ملیار دینار له‌ به‌غداوه‌ ره‌وانه‌ ده‌کرێت، دوو هێنده‌ و نیوى ئه‌وە ده‌كاته‌ ترلیۆنێك و ١٣٥ ملیار دینار. به‌م پێیه‌ش حكومه‌ت ده‌توانێت كێشه‌ى مووچه‌ چاره‌ بكات و مانگانه‌ش بوودجه‌یه‌كى هه‌بێت.

- حكومه‌تى هه‌رێم ٢٠٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانە كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌، بۆ پێداویستى ناوخۆیى و قه‌رزه‌كان به‌كارده‌هێنێت. 

شانده‌كه‌ گوتوویانه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ حكومه‌تێكى راسپێردرا و تاووتوێى په‌سه‌ندكردن یاخود ده‌ستكاریكردنى رێككه‌وتنه‌كه‌ بكه‌ن. جه‌ختیان كردووه‌ته‌وه‌ بوودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان به‌پێى لێكتێگه‌یشتنه‌كه‌ زیاتر ده‌بێت. 

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یان خستووه‌ته‌ روو له‌ چه‌ند رۆژى رابردوواد هه‌ردوو وه‌زاره‌تى پلاندانانى هه‌رێم و به‌غدا كۆبوونه‌ته‌وه‌، هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پشكى هه‌رێم له‌ بوودجه‌، به‌پێى ئاماره‌كانى دانیشتووان كه‌ له‌به‌رده‌ستیانه‌ بۆ سه‌دا ١٤ زیاد بكرێت.

داهاتى نه‌وت؟

شاندى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌مڕۆ هیچ باسى داهاتى نه‌وتیان نه‌كردووه‌ بۆ په‌رله‌مانتاران. په‌رله‌مانتاران ورده‌كارى نازانن به‌ڵام به‌پێى ئه‌و ژماره‌ى شانده‌كه‌ خستوویانه‌ته‌ ڕوو كه‌ مانگانه‌ ٢٥٠ هه‌زا به‌رمیل بده‌ن به‌ به‌غدا و ٢٠٠ هه‌زاریش له‌ناوخۆدا به‌كاربهێنن، واته‌ تواناى هه‌رێم مانگانه‌ ٤٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى مانگانه‌یه‌. 

زیاد جه‌بار سه‌رۆكى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ په‌یسه‌رى راگه‌یاند، شانده‌كه‌ باسى داهاتى نه‌وتیان نه‌كردووه‌و ئه‌وه‌ ده‌بێت وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان ورده‌كارییه‌كه‌ى بخاته‌ڕوو.

كۆبوونه‌وه‌یه‌كى داخراو

كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ پێچه‌وانه‌ى گفتوگۆكان له‌سه‌ر یاساى چاكسازى، به‌ داخراو به‌ڕێوه‌چوو خه‌ڵك ئاگادارى گوته‌كانى شاندى حكومه‌ت نین، ئه‌گه‌رچى ئه‌م پرسه‌ بۆ هه‌موو خه‌ڵك مایه‌ى پرسیار و مشتومڕه‌، كۆبوونه‌وه‌كه‌ نزیكه‌ى سێ كاتژمێرى خایه‌ندووه‌.

هێمن هه‌ورامى جێگری سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان، كه‌ سه‌رپه‌رشتى دانیشتنه‌كه‌ى ده‌كرد گوتى، هه‌ر دانوستانێك تاكو نه‌گاته‌ ده‌رئه‌نجام پێویسته‌ گفتوگۆكان بپارێزرێن به‌مه‌به‌ستى سه‌رخستنیان. به‌ڕێوه‌چوونى دانیشتنه‌كه‌ى به‌ داخراوه‌یی خسته‌ ده‌نگدان‌ و به‌ (٧٣) ده‌نگ دانیشتنه‌كه‌ داخراو به‌ڕێوه‌چوو. 

یاساى بوودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ په‌رله‌مانتاران له‌ زۆربه‌ى فراكسیۆنه‌كان، داوایانكردووه‌ كه‌ حكومه‌تى هه‌رێم پرۆژه‌ یاساى بوودجه‌ ئاماده‌ بكات، به‌ڵام شانده‌كه‌ى حكومه‌ت بیانووى ئه‌وه‌یان باسكردووه‌ كه‌ به‌رچاویان روون نییه‌ و رێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ به‌غدا نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ قۆناغى كۆتایى. 

زیاد جه‌بار گوتى، دوو پێشنیاریان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى حكومه‌ت بوودجه‌ ئاماده‌ بكات، یه‌كه‌میان به‌پێى رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا، دووه‌میان گریمانه‌ى ئه‌وه‌شى تێدا بێت كه‌ ئه‌گه‌ر رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا سه‌ری نه‌گرت، واته‌ پلانى ئه‌ى و بى له‌ بوودجه‌دا هه‌بن، به‌ڵام بەگوته‌ى ئه‌و، شانده‌كه‌ نه‌چوونه‌ته‌ ژێر بارى ئه‌وه‌ى بوودجه‌ ئاماده‌ بكرێت و ره‌وانه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان بكرێت. 

په‌رله‌مان به‌شدارى شانده‌كان ده‌كات

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، په‌رله‌مانى كوردستان داوایكردووه‌ له‌مه‌ودوا ئه‌ندامانى په‌رله‌مان له‌ شانده‌كان به‌شدار بێت، مه‌سرو بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تیش گوتویه‌تى، حكومه‌ته‌كه‌ى ده‌یه‌وێت په‌رله‌مان به‌شدارى گفتوگۆكان بێت و ئاگادار بێت له‌سه‌ر چى و چۆن رێكده‌كه‌ون. 

جه‌لال محه‌مه‌د بڕیارده‌رى لیژنه‌ى یاسایى پەرلەمانی کوردستان گوتى، ئه‌مه‌ نه‌بووه‌ته‌ بڕیار به‌ڵام مه‌بده‌ئییه‌ن هه‌ماهه‌نگى باش له‌نێوان حكومه‌ت و په‌رله‌مان هه‌یه‌. گوتیشى، كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ باش بووه‌و حكومه‌ت روونكردنه‌وه‌ى پێویستى داوه‌ به‌ په‌رله‌مانتاران سه‌باره‌ت به‌ره‌وتى گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ به‌غدا:"قۆناغى باشیان بڕیوه‌و گوتیان پشكى كورد جیاواز له‌وه‌ى رابردوو سه‌دا ٢٥ زیاد ده‌كرێت".

خراپى "روونكردنه‌وه‌"كان

هه‌ماهه‌نگى و په‌یوه‌ندى به‌رده‌وامى حكومه‌ت و په‌رله‌مان كارێكى باشه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ په‌رله‌مانتاران وه‌ك نوێنه‌رى خه‌ڵك ئاگادارى ره‌وتى دانوستانه‌كان بن، به‌ڵام گرفتى گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و روونكردنه‌وانه‌ى حكومه‌ت ببنه‌ جێگره‌وه‌ى یاساى بوودجه‌، واته‌ حكومه‌ت روونكردنه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مانتاران بدات، له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كانى و یاساى بوودجه‌ پشتگوێ بخات.