07:32 - 22/01/2020
یه‌كێتى نایه‌وێت رووداوى "خنكان"ى پێشمه‌رگه‌كه‌ى گه‌وره ببێت
خنكانى پێشمه‌رگه‌یه‌كى یه‌كێتى له زیندانه‌كانى ئاسایشى پارتی-دا، په‌یوه‌ندییه‌كانى یه‌كێتى و پارتى رووبه‌ڕووى ته‌نگه‌ژه‌یه‌كى دیكه كرده‌وه، به‌ڵام پێناچێت هه‌ردوولا حه‌ز به گه‌وره‌كردنى رووداوه‌كه و ئاشكراكردنى بۆ راى گشتى بكه‌ن، به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پارتى و بۆچوونى زاڵى نێو یه‌كێتیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن، رێگه به گه‌وره‌بوونى رووداوه‌كه نه‌درێت. بۆ ئه‌وه‌ش له رێگه‌ى لیژنه‌یه‌كى په‌رله‌مانییه‌وه كه بۆ لێكۆڵینه‌وه پێكهێندراوه، به نیازن رووداوه‌كه به ئاڕاسته‌ى خه‌فه‌كردن به‌رن.
تاكوته‌را به‌رپرسه‌كانى قسه‌یان كردووه
مه‌جید هه‌روتى ناوى ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه كه ١٦ى ئه‌م مانگه له زیندانى ئاسایشى پارتى گیانى له‌ده‌ستدا. ئاسایش دواى رووداوه‌كه گوتى"خۆى خنكاندووه". ته‌رمى پێشمه‌رگه‌كه ره‌وانه‌ى پزیشکى دادى سلێمانیش كرا بۆئه‌وه‌ى جارێكى دیكه توێكارى بۆ بكرێته‌وه، به‌گوته‌ى حاجى مه‌سیفى ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى، راپۆرتى هه‌ردوو پزیشكى دادى هه‌ولێر و سلێمانى به‌رده‌سته. به‌ڵام ورده‌كارى رووداوه‌كه بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه.
بۆچوونى یه‌كێتى
یه‌كێـى نیشتمانیى كوردستان، تا ئێستا به فه‌رمى وه‌كو حزب هه‌ڵوێستى له‌سه‌ر رووداوه‌كه نه‌بووه، ئه‌وه‌ى هه‌بووه تاكوته‌را به‌رپرسه‌كانى قسه‌یان كردووه، ئه‌وانیش به كه‌مى و قسه‌كه‌ره‌كان به په‌نجه‌ى ده‌ستێك ده‌ژمێردرێن، مه‌حمود سه‌نگاوى دیارترینى ئه‌وانه‌یه.
به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، ماڵى تاڵه‌بانى له‌گه‌ڵ گه‌وره‌كردنى ئه‌و رووداوه نین و نایانه‌وێت له‌م قۆناغه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانى پارتى و یه‌كێتى له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه تێك بچن، بەشێکی هۆکاری ئەوەش لەبەر ئەوەیە دەزانن دوای کۆنگرە درزی زیاتر کەوتووەتە نێوان هەردوو حزب و پارتی دڵخۆش نییە بە ئەنجامی کۆنگرە، بۆیە نایانەوێت نێوانی هەردوو حزب لەوە دوورتر ببێت. پێده‌چێت باڵى كۆسره‌ت ره‌سوڵیش هه‌مان نیازیان هه‌بێت، به‌وپێیه‌ى ئه‌و لیژنه‌ى له سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانه‌وه پێكهێندراوه دوو نوێنه‌رى یه‌كێتى تێدایه، كه له په‌رله‌مانتاره تونده‌كان، یاخود ئه‌وانه نین كه نزیكن له لاهور شێخ جه‌نگى و باڵه توندڕه‌وه دژه پارتییه‌كه‌ى یه‌كێتی-یه‌وه.
هه‌موو ئه‌و شتانه‌ى تا ئێستا ده‌ست لیژنه‌كه كه‌وتووە ئه‌نجامه‌كه به ئاڕاسته‌ى چاره‌سه‌رى كێشه‌كه ده‌ڕۆن
لاهور شێخ جه‌نگى یه‌كێكى دیكه بوو كه قسه‌ى له‌سه‌ر رووداوه‌كه كرد و چاوه‌ڕوانیش ده‌كرا قسه‌ى هه‌بێت، ئه‌و بۆ جه‌ماوه‌ره تایبه‌ته‌كه‌ى خۆى ده‌بوو شتێك بنوسێت، كه له‌ژێر گوتارى دژه پارتیبووندا له ده‌ورى خۆى كۆیكردوونه‌ته‌وه. قسه‌كانى له رێگه‌ى نامه‌یه‌كى هاوخه‌مییه بوو گوتبووى كه چاوه‌ڕوانى لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌كات، ئه‌و په‌یامه‌شى له هه‌ژماره تایبه‌ته‌كانى خۆى بڵاونه‌كرده‌وه، كه په‌یام و لێدوانه‌كانى خۆى تێدا بڵاو ده‌كاته‌وه.
ئه‌و رووداوه چه‌ند رووداوێكى دیكه‌ى به‌دوادا هات، كوشتنى پێشمه‌رگه‌یه‌كى پارتى له خورماتوو، برینداركردنى ئه‌فسه‌رێكى یه‌كێتى له هه‌ولێر، رووداوه‌كان وا خوێندنه‌وه‌یان بۆ كرا كه گریمانه‌ى ئه‌وه هه‌یه په‌یوه‌ندى به خنكانى مه‌جید هه‌رووتییه‌وه هه‌بێت، لقى ٢٢ی گه‌رمیانى پارتى بۆ رووداوه‌كه‌ى خورماتوو رووى ده‌مى له ده‌زگا ئه‌منییه‌كان بوو هه‌رچى سه‌باره‌ت به ئه‌فسه‌ره‌كه‌ى یه‌كێتی-یه له هه‌ولێر تا ئێستا قسه‌و هه‌ڵوێستى حزبى بوونى نییه‌و رووداوه‌كه گوماناوییه. سه‌لام مه‌نتك ئه‌فسه‌رى كۆنى یه‌كێتی-یه‌و به‌شدارى شه‌ڕى ناوخۆى كردووه، ماڵى له سلێمانییه و بۆ سه‌ردانى خوشكه‌زایه‌كى چووه‌ته ئه‌و شوێنه‌ى ته‌قه‌ى لێكراوه.
به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر له‌نێوخۆى ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى یه‌كێتى ناكۆكى هه‌یه له‌سه‌ر پێكهاته‌ى ئه‌و لیژنه‌یه‌ى له سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه پێكهێندراوه بۆ لێكۆڵینه‌وه له مردنى مه‌جید هه‌رووتى، به‌شێك له په‌رله‌مانتارانى یه‌كێتى پێیان وایه ئه‌و ئه‌ندامانه بۆیه دانراون تا به‌دڵى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى پەرلەمان راپۆرتێك بنوسن و كۆتایى به كێشه‌كه بهێنن. چونكه ئه‌ندامه یه‌كێتییه‌كان نزیكى سه‌رۆكى په‌رله‌مانن كه ئه‌ویش سه‌ر به باڵى كۆسره‌ت ره‌سوڵه، دوو نوێنه‌ره‌كه‌ى یه‌كێتى له په‌رله‌مانتاره گه‌نجه‌كان نین، عوسمان سێده‌رى و زیكرى ئه‌حمه‌د-ن.
نامانه‌وێت رووداوه‌كه ببێته هۆى بارێكى نه‌خوازراو
لیژنه هاوبه‌شه‌كه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان، كه له‌هه‌ردوو لیژنه‌ى پێشمه‌رگه، كۆمه‌ڵایه‌تى و مافى مرۆڤ پێكهاتووه، ماوه‌ى دوو رۆژه ده‌ستى به‌كار كردووه، سه‌ردانى ئاسایش، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ندیخانه، دادوه‌رى لێكۆڵینه‌وه، بەڕێوەبەری گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانیان كردووه‌و قسه‌شیان له‌گه‌ڵ ئەفسەرانی پەیوەندیدار بە دۆسییەکە كردووه، دوایین كاریان ئه‌مڕۆ بوو كه سه‌ردانى ماڵى پێشمه‌رگه‌كه‌یان كرد.
به‌پێى ئه‌و زانیارییانەى له‌سه‌ر ئه‌نجامى كارى لیژنه‌كه ده‌ست په‌یسه‌ر پرێس كه‌وتوون، هه‌موو ئه‌و شتانه‌ى تا ئێستا ده‌ست لیژنه‌كه كه‌وتووە ئه‌نجامه‌كه به ئاڕاسته‌ى چاره‌سه‌رى كێشه‌كه ده‌ڕۆن. هه‌رچه‌نده لیژنه‌كه له‌سه‌ر ئه‌و رێككه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى تا ته‌واوبوونى كاره‌كان زانیارییه‌كان ئاشكرا نه‌كه‌ن و قسه بۆ میدیاكان نه‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌ندامێكى لیژنه‌كه بۆ په‌یسه‌ر گوتى، ئه‌نجامه‌كان به ئاڕاسته‌ى چاره‌سه‌ر ده‌ڕۆن:"ئێمه نامانه‌وێت رووداوه‌كه ببێته هۆى بارێكى نه‌خوازراو ئه‌وه‌ى پێى گه‌یشتووین شتێكى ئه‌و تۆ نییه‌و به‌ره‌و چاره‌سه‌ره".
به‌پێى هه‌نگاوه‌كانى لیژنه‌كه بێت، كه به رەزامه‌ندى و رێككه‌وتنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان دانراون، پێده‌چێت له‌رێگه‌ى راپۆرتێكى هاوبه‌شه‌وه كه بۆده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى ده‌نێرن، ئه‌نجامه‌كان به جۆرێك بخه‌نه‌ڕوو كه كۆتایى به كێشه‌كه بهێنێت په‌سنى زانیارى لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان بكه‌ن. هه‌ردوو باڵه سه‌ركییه‌كه‌ى یه‌كێتى(ماڵى تاڵه‌بانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ) ئه‌مه‌یان پێ خراپ نییه كه به‌ر به گه‌وره‌بوونى رووداوه‌كه بگیرێت.
حاجی مەسیفی، قسه‌ى بۆ چه‌ند میدیایه‌كى یه‌كێتى كردووه‌و جارێكى دیكه گومانى خستووه‌ته سه‌ر قسه‌كانى ئاسایش و گوتوویه‌تى ئه‌و قسانه درووستكراون."پێشمەرگەیەكی داماو شەست كیلۆ ماددەی تلیاك و هۆشبەری لەكوێ بوو، هەموو مافیاكانی ئەفریقیای لاتین ئەو بڕە تلیاكەیان نییە، كە بازرگانیی پێوە دەكەن. لە ماوەی ئەو هەموو ساڵە هەتا ئێستا ئاسایشی هەولێر ئەو بڕە تلیاكەی نەگرتووە".
مه‌سیفى كه ئه‌ندامى لیژنه‌ى هاوبه‌شى حزبیى نێوان یه‌كێتى و پارتییه بۆ لێكۆڵینه‌وه له رووداوه‌كه، ناوه‌رۆكى راپۆرتى پزیشكى هه‌ردوو پزیشكى دادى سلێمانى و هه‌ولێر و جیاوازییه‌كانى نه‌خستووه‌ته‌ڕوو، به‌ڵام گوتوویه‌تى هه‌ردوو راپۆرته‌كه له‌به‌رده‌م لیژنه‌كه‌ن.
ئه‌و دوو حزبه له هه‌موو قۆناغه‌كانى ناكۆكیدا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان له كێشه‌كانیان گه‌وره‌تر بوون
مه‌حمود سه‌نگاوى یه‌كێكى دیكه له‌و به‌رپرسانه‌ى یه‌كێتییه كه قسه‌ى له‌سه‌ر رووداوه‌كه كردووه، به‌ڵام به زمانێكى توندتر سه‌نگاوى سه‌ره‌تا گوتى، ئاسایشى پارتى پێشمه‌رگه‌كه‌یان "خنكاندووه"و به تیرۆرست وه‌سفیكردن. ئاسایشى هه‌ولێر وه‌ڵامى دایه‌وه‌و سه‌نگاوى به قاچاغچى ناوبردبوو. ئه‌مڕۆ جارێكى دیكه سه‌نگاوى قسه‌ى له‌سه‌ر رووداوه‌كه كرد و گوتى، به‌هۆى لێدانى كاره‌باوه پێشمه‌رگه‌كه جه‌ڵته لێى داوه‌و مردووه.
مێژووى په‌یوه‌ندییه‌كانى یه‌كێتى و پارتى به‌رده‌وام رووداوى جۆراوجۆر له‌قاندوویه‌تى، به‌ڵام ئه‌و دوو حزبه له هه‌موو قۆناغه‌كانى ناكۆكیدا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان له كێشه‌كانیان گه‌وره‌تر بوون بۆیه‌ش هه‌میشه پێكهاتوونه‌ته‌وه. رووداوه‌كه‌ى مه‌جید هه‌رووتیش سیماى هه‌مان رووداوه‌كانى دیكه‌ى هه‌یه، كاتێك تاك و ته‌را به‌رپرسێك دێته قسه‌و هه‌ڵوێستى فه‌رمى هه‌ردوو حزب چاره‌سه‌ر و ئاساییكردنه‌وه‌یه.