ڕاپۆرتی کوردستانی

08:26 - 21/01/2020

ناساندنى كاندیدى سه‌رۆك وه‌زیران خه‌ریكه‌ ده‌گاته‌وه‌ خاڵى سفر‌

پەیسەر

هه‌وڵێكى دیكه‌ بۆ راستكردنه‌وه‌ى بارى خوارى عێراق له‌ لێوارى شكستدایه‌، محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى كه‌ نزیك بوو تاجى سه‌رۆك وه‌زیران له‌سه‌ر بنێت له‌ لایه‌ن سه‌در، سیستانى و به‌شێك له‌ خۆپیشانده‌ران ره‌تكرایه‌وه‌، ئه‌و هه‌وڵانه‌ى له‌ چه‌ند رۆژى رابردوو شێلرابوون و به‌ رێڕه‌وى به‌رژه‌وه‌ندى عه‌لاویدا رێیان ده‌كرد، خه‌ریكه‌ به‌ بنبه‌ست ده‌گه‌ن.

راسپاردنى عه‌لاوى نزیك بوو به‌ڵام موقته‌دا سه‌در له‌ناكاو له‌ پشتیوانیكردنى پاشگه‌زبووه‌وه‌

عه‌لاوى ته‌نیا نییه‌، ئێستا ناوى ره‌حیم عگێلیش به‌هێزه‌، به‌تایبه‌ت سه‌در داواى عگێلى ده‌كات، ناوى مسته‌فا كازمى سه‌رۆكى ده‌زگاى هه‌واڵگرى و عه‌لى شوكرى راوێژكار له‌ سه‌رۆكایه‌تى كۆماریش له‌نێو ناوانه‌. 

سه‌رچاوه‌یه‌كى نزیك له‌سه‌رۆك كۆمار كه‌ نه‌یوست ناوى بهێندرێت، به‌ په‌یسه‌ر پرێسى راگه‌یاند، راسپاردنى عه‌لاوى نزیك بوو به‌ڵام موقته‌دا سه‌در له‌ناكاو له‌ پشتیوانیكردنى پاشگه‌زبووه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ سه‌رۆك كۆمار ئاماده‌ نه‌بووه‌ نوسراوى راسپاردنى بۆ بكات بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ. له‌ لایه‌كى دیكه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى دیكه‌ى ئاگادار بۆ په‌یسه‌ر گوتى، عه‌لاوى چانسى كه‌مبووه‌ته‌وه‌ چونكه‌ سه‌در و سیستانى و به‌شێك له‌ خۆپیشانده‌رانیش ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام سه‌رچاوه‌كه‌ى نزیك به‌رهه‌م ساڵح پێى وایه‌ خۆپیشانده‌ران كێشه‌یان له‌گه‌ڵ ناوى عه‌لاوى نییه‌." ئه‌و كاره‌ نه‌ زۆر قورسه‌، نه‌ زۆر ئاسانه‌، به‌ڵام گفتوگۆ به‌رده‌وامه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن، سه‌رۆك كۆمار ده‌یه‌وێت كه‌سێك بێت شه‌قام په‌سه‌ندى بكات".

محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى

براى ئه‌یاد عه‌لاوییه‌
٢٠٠٦ بووه‌ته‌ په‌رله‌مانتار
ناوه‌ڕاستى ٢٠٠٦ بووه‌ته‌ وه‌زیرى په‌یوه‌ندییه‌كان
٢٠٠٨ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ په‌رله‌مان
 له‌ نێوان ٢٠١٠ بۆ٢٠١٢ بووه‌ته‌وه‌ وه‌زیرى په‌یوه‌ندییه‌كان

ئه‌وكات به‌هۆى بوونى كێشه‌ى له‌گه‌ڵ نورى مالیكى سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ستى له‌كار كێشایه‌وه‌.

خه‌ریكه‌ هه‌ردوو جه‌مسه‌رى ئێران و ئه‌مریكییه‌كان دیسانه‌وه‌ له‌ ناوێك نزیك ده‌بنه‌وه‌
ئه‌مریكییه‌كان كێشه‌یان نییه‌ له‌ كاندیدكردنى عه‌لاوى، به‌شێك له‌ لایه‌نه‌ شیعه‌كانیش پشتیوانى ده‌كه‌ن، له‌ شیعه‌ عیلمانییه‌كانه‌و باكگراوندێكى مێژوویى به‌ سه‌ركرده‌كانى شیعه‌یه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌. به‌گوته‌ى سه‌رچاوه‌كه‌ى نزیك به‌رهه‌م ساڵح به‌هۆى ڤیتۆى سه‌دره‌وه‌ نامه‌ى راسپاردنى عه‌لاوى وه‌ستا، نه‌ك ئێرانییه‌كان. به‌ڵام به‌ بڕواى ئه‌و ئێستاش كاندیدى به‌هێزه‌و له‌ ره‌حیم عگێلى به‌هێزتره‌. 

دادوه‌ر ره‌حیم عگێلى سه‌رۆكى پێشووى ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى بووه‌ له‌ ساڵانى ٢٠٠٧ بۆ ٢٠١٣، ده‌ستى له‌كار كێشاوه‌ته‌وه‌، ده‌گوترێت كه‌ ده‌ستبه‌ردارى مووچه‌ى خانه‌نشینى بووه‌، یاساییه‌و دادوه‌ره‌، سه‌در ناوى هێناوه‌ته‌ پێشه‌وه‌ ئه‌میش یه‌كێكه‌ له‌ كاندیده‌كان، تائێستا دیار نییه‌ لایه‌نه‌ شیعیه‌كان هه‌موویان ڤیتیۆى ئه‌و ناوه‌ ده‌كه‌ن كه‌ سه‌در فڕێى داوه‌، یاخود عگێلی چه‌ند پله‌یه‌كى دیكه‌ دێته‌ سه‌ره‌وه‌. به‌ڵام عگێلیش له‌گه‌ڵ مالیكى كێشه‌ى هه‌بووه‌و پێشتر خه‌ریكى جوڵاندنى دۆسیه‌ بوو له‌ دژى مالیكى.

تایبه‌تمه‌ندى ره‌وتى گفتوگۆكانى ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ خه‌ریكه‌ هه‌ردوو جه‌مسه‌رى ئێران و ئه‌مریكییه‌كان دیسانه‌وه‌ له‌ ناوێك نزیك ده‌بنه‌وه‌، چونكه‌ لایه‌نه‌ شیعییه‌كان ڤیتیۆى عه‌لاوییان نه‌كرد، له‌ كاتێكدا ئه‌مریكا بوونى ئه‌وى به‌ سه‌رۆك وه‌زیران پێ خۆشه‌، به‌ڵام سه‌در ئه‌مجاره‌ سه‌باره‌ت به‌ بوونى ئه‌و ناوه‌ رووبه‌ڕووى خواستى هه‌ردوولا وه‌ستایه‌وه‌. 

سه‌رچاوه‌كه‌ى نزیك به‌رهه‌م ساڵح ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر بوونى عه‌لاوى به‌ كاندیدى فه‌رمى سه‌ر نه‌گرێت، هه‌نگاوه‌كان ده‌چنه‌وه‌ چوارگۆشه‌ى یه‌كه‌م. جه‌مال كۆچه‌ر سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بۆ په‌یسه‌ر پرێس به‌ دوورى زانى كه‌ به‌م زووانه‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر كاندیدێك رێككبه‌ون، چونكه‌ به‌گوته‌ى ئه‌و شه‌قام و لایه‌نه‌كان لێكه‌وه‌ نزیك نین. 

كۆچه‌ر ده‌ڵێت، دۆخه‌كه‌ به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌ڕوات، یاخود خۆپیشاندانه‌كان زیاتربن و كاندیدێك به‌ خواستى ئه‌وان دیاریبكرێت، یاخود دیاریكردنى كاندید بۆ سه‌رۆك وه‌زیران زیاتر دوابكه‌وێت.

هاوكات له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ى هه‌واڵى كاندیدكردنى محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى، ده‌نگۆى مردنى ئه‌یاد عه‌لاوى براى بڵاوبووه‌وه‌، به‌ڵام نوسینگه‌ى ئه‌یاد عه‌لاوى هه‌رزوو ده‌نگۆكانى ره‌تكرده‌وه‌، به‌ ناڕاسته‌وخۆ ئێرانى تۆمه‌تبار كرد كه‌ ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانى له‌ پشتى بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌و هه‌واڵانه‌وه‌ن و ده‌ڵێت:"هه‌وڵی ده‌زگای هه‌واڵگری وڵاتێكی دراوسێ به‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات كه‌ هه‌واڵی كۆچی دوایی عه‌لاوی بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی دژایه‌تی و وه‌ستانیه‌تی له‌ دژی ئه‌و وڵاته‌، وه‌ك یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌ دیاره‌كانی عێراق".

 هه‌ركات گفتوگۆكان نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ لێكتێگه‌یشتن،  كوتوپڕ ریسه‌كه‌ ده‌بێته‌وه‌ خورى

بڕیاربوو به‌رهه‌م ساڵح پێش ئه‌وه‌ى به‌ره‌و كۆڕبه‌ندى ئابوورى داڤۆس به‌ڕێبكه‌وێت، به‌رئه‌نجامى كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان ئه‌وه‌ یه‌كلابكاته‌وه‌ كه‌ كێ ده‌بێته‌ كاندیدى راسپێردراو، به‌ڵام سه‌رۆك كۆمار ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ به‌ره‌و داڤۆس به‌رێككه‌وت، به‌و پێیه‌ش بێت، یه‌كلابوونه‌وه‌ وازوو نابێت.

سه‌عد مه‌تڵه‌بى سه‌ركرده‌ له‌ ده‌وڵه‌تى یاسا رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ى رابردوو به‌ په‌یسه‌ر پرێسى راگه‌یاند، به‌ره‌وپێش چوون له‌ پرسی دیاریكردنی كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران هه‌یه‌،"پێم وایه‌ هه‌فته‌ی داهاتوو رۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ یان دووشه‌ممه‌، كاره‌كان به‌ ئاڕاسته‌یه‌كی راستدا ده‌ڕۆن و كه‌سێك بۆ سه‌رۆك وه‌زیران دیاریده‌كرێت".

به‌گوته‌ى به‌رپرسه‌كان و لایه‌نه‌كان بێت، گفتوگۆكان چڕتربوونه‌ته‌وه‌، بۆئه‌وه‌ى عێراق له‌و گێژاوه‌ بهێننه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام هه‌ركات گفتوگۆكان نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ لێكتێگه‌یشتن،  كوتوپڕ ریسه‌كه‌ ده‌بێته‌وه‌ خورى، به‌م نه‌رمییه‌ى ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ى دواییى له‌نێوان جه‌مسه‌ره‌ ناكۆكه‌كان به‌دى ده‌كرێت، ره‌نگه‌ ئه‌سته‌م نه‌بێت رۆژانى داهاتوو كاندیدى سه‌رۆك وه‌زیران بناسێرێت، به‌ڵام دۆخى عێراق گره‌نتى ناكرێت، له‌هه‌ر كاتێكدا ئه‌گه‌رى قڵیشانه‌وه‌ى یه‌كجارى هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت دواى ئه‌وه‌ى خۆپیشاندانه‌كان به‌ گوڕى زیاتر ده‌ستیان پێكرده‌وه‌و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش به‌چه‌ك رووبه‌ڕوویان بوونه‌وه‌.