ڕاپۆرتی کوردستانی

07:14 - 19/01/2020

چاره‌نووسى كورد له‌ نێوان شیعه‌ و ئه‌مریكا لێڵه‌‌

پەیسەر

تا ناكۆكییه‌كانى ئێران و ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌ توندتر ده‌بێت، پێگه‌ى كورد هه‌ستیارتر ده‌بێت، واشنتن به‌نیازى ئاواكردنى بنكه‌ى سه‌ربازى نوێیه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان، هه‌ندێك ئه‌وه‌ وه‌ك "مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌" سه‌یر ده‌كه‌ن بۆ سه‌ر كورد، له‌ هه‌مان كاتیش به‌رنامه‌ و پێداگرى شیعه‌كان بۆ ده‌ركردنى ئه‌مریكا له‌ عێراق، دیسانه‌وه‌ بۆ كورد مه‌ترسى گه‌وره‌یه‌.

كورد ناتوانێت شه‌ڕی ئێران بكات چونكه‌ ئێران په‌لامار ده‌دات و كوردیش له‌ناو ده‌چێت

مه‌حمود عوسمان سیاسه‌تمه‌داری دیاری كورد پێى وایه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی كورد بكرێته‌ به‌ده‌وڵه‌ت، رێگه‌ به‌كردنه‌وه‌ی بنكه‌ی سه‌ربازی ئه‌مریكی بدات هه‌رێم رووبه‌ڕووى مه‌ترسى گه‌وره‌ ده‌بێته‌وه‌ و"له‌ناو ده‌چێت".

په‌یسه‌ر چه‌ند رۆژێك پێش ئێستا له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى تایبه‌تى خۆیه‌وه‌، زانیارى ئه‌وه‌ى بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مریكییه‌كان به‌نیازن بنكه‌ى نوێى سه‌ربازى له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و سلێمانى بكه‌نه‌وه‌. مه‌حمود عوسمان بۆ په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، كورد نابێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك به‌ كردنه‌وه‌ی بنكه‌ی سه‌ربازی ئه‌مریكی رازی بێت، چونكه‌ به‌بڕواى ئه‌و:"كورد ناتوانێت شه‌ڕی ئێران بكات چونكه‌ ئێران په‌لامار ده‌دات و كوردیش له‌ناو ده‌چێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت له‌ كوردستان بمێنێت با بمێنێت، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وكاته‌ كورد ده‌وڵه‌ت بێت و رێككه‌وتننامه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا بكات به‌ ئاره‌زووی خۆی".

ئه‌وه‌ی شیعه‌كان كردیان له‌به‌رخاتری ئێران بوو

ئه‌و سیاسه‌تمه‌دار نموونه‌ى باشوری سودان، كۆسۆڤۆ و ته‌یموری خۆرهه‌ڵات ده‌هێنێته‌وه‌و پێى وایه‌ كاتێك كراون به‌ ده‌وڵه‌ت به‌ قه‌ده‌ر كورد پایه‌كانى ده‌وڵه‌تیان تێدا نه‌بووه‌ " هیچیان یه‌ك له‌سه‌ر ده‌ی پایه‌كانی كوردستانیان تێدا نه‌بووه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر كورد بكه‌ن به‌ده‌وڵه‌ت كوردیش ده‌توانێت رێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ بكات زۆر به‌ئاسانی، به‌ڵام به‌م دۆخه‌ی ئێستا كه‌ ئێمه‌ به‌شێكین له‌عێراق و بۆچوونی عێراقیش دیاره‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا بیه‌وێت له‌ جیاتی عه‌ین ئه‌سه‌د و به‌له‌د و ئه‌و شوێنانه‌ نه‌مێنێت و بێته‌ هه‌رێم، ئه‌وه‌ كورد له‌ناوده‌چێت چونكه‌ شه‌ڕی ئێرانی پێ ناكرێت".

كورد ته‌نها له‌ لایه‌نى ئێرانه‌وه‌ فشارى له‌سه‌ر دروستنه‌بووه‌ بۆئه‌وه‌ى پابه‌ند بێت به‌ بڕیارى كردنه‌ ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكاوه‌، به‌ڵكو لایه‌نه‌ شیعیه‌ عێراقییه‌كان چاوه‌ڕێن كورد پشتیوانییان بكات، ته‌نانه‌ت له‌ سه‌ردانه‌كه‌ى هه‌فته‌ى رابردووى بۆ هه‌رێمى كوردستان، عادل عه‌بدولمه‌هدى به‌فه‌رمى داوایكردبوو كورد له‌پشتیان بن بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌و بڕیاره‌، ئاماده‌یى ده‌ربڕیبوو له‌ پرسى كه‌ركوك و بوودجه‌ى هه‌رێم نه‌رمى زیاتر بنوێنێت. به‌ڵام هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌یى بۆ هه‌ڵوێستى له‌وجۆره‌ تێدا نییه‌.

به‌ بڕواى مه‌حمود عوسمان، بۆچوونی حزبه‌ كوردییه‌كان له‌ بۆچوونی ئه‌و حزبه‌ ئیسلامیه‌ شیعییانه‌ جیاوازتره‌ كه‌ له‌ئێرانه‌وه‌ نزیكن و ده‌یانه‌وێت سوپای ئه‌مریكا ده‌ربكه‌ن،"ئه‌وه‌ی شیعه‌كان كردیان له‌به‌رخاتری ئێران بوو به‌ڵام پێم وانیه‌ پێیان جێبه‌جێ بكرێت".

له‌دواى هه‌ڵوێستى كورده‌وه‌ به‌ پشتیوانى نه‌كردنى بڕیارى كردنه‌ ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا و ته‌نانه‌ت به‌ "خراپ" وه‌سفكردنى بڕیاره‌كه‌، سه‌رنجه‌كان به‌جارێك چوونه‌ سه‌ر هاوپه‌یمانى دێرینى كورد و شیعه‌، پرسیار له‌سه‌ر چاره‌نووسى ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ هاته‌ گۆڕێ، كه‌ بناغه‌ دانه‌رانى زۆربه‌یان له‌ژیان نه‌ماون. مه‌حمود عوسمان سه‌باره‌ت به‌و دۆستایه‌تییه‌ پێى وایه‌، پێش شكانى كورسییه‌كه‌ى سه‌دام گه‌رمتر بوو به‌ڵام له‌وكاته‌وه‌ تادێت ساردتر ده‌بێته‌وه‌و ئێستا گۆڕانى گه‌وره‌ى به‌سه‌ردا هاتووه‌و جیاوازى گه‌وره‌ كه‌وتووه‌ته‌ نێوانیان.
"كورد جگه‌ له‌و ماددانه‌ی په‌یوه‌ندی به‌خۆیه‌وه‌ هه‌یه‌، هیچی تری به‌لاوه‌ گرنگ نییه‌، هه‌ندێك له‌ شیعه‌كان ده‌یانه‌وێت ده‌ستوور بگۆڕن و سیستمی حوكمڕانیش ده‌ستكاری بكه‌ن".

پشتگوێخستنی برایانی كورد له‌ هه‌مواری ده‌ستوردا، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆی دابه‌ش بوونی عێراق

پرسى هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌ستوور كێشه‌یه‌كى دیكه‌ى نێوان كورد و شیعه‌یه‌، كورد له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ هه‌ستیارى زۆرى هه‌یه‌ و ده‌ترسێت هه‌مواره‌كه‌ بۆ نینۆككردنى كورد بێت، به‌ڵام هه‌ردوولا به‌ قورسى ده‌زانن ده‌ستوور بێ كورد هه‌موار بكرێته‌وه‌، سه‌عد مه‌تڵه‌بی بۆ په‌یسه‌ر پێى وایه‌، هاوپه‌یمانی كورد و شیعه‌ كۆتایی نه‌هاتووه‌، چونكه‌ وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت" هاوپه‌یمانییه‌كه‌  له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌زڵومیه‌ت بونیادنراوه‌ كه‌ گه‌لی كورد و شیعه‌ و ناڵاندیان به‌ده‌ست دیكتاتۆرییه‌ته‌وه‌، تائێستاش ئه‌و مه‌زڵومیه‌ته‌ به‌رده‌وامه‌ و مافی گه‌لی كورد و گه‌لی شیعه‌ تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ به‌دی نه‌هاتووه‌، پێم وایه‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ كه‌سه‌كانه‌وه‌ نییه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ راست نییه‌ كه‌ ده‌ڵێن هاوپه‌یمانییه‌تی كورد و شیعه‌ كۆتایی هاتووه‌".

مه‌تڵه‌بی له‌و به‌رپرسه‌ شیعییانه‌یه‌ كه‌ پێى وایه‌، ده‌ستوور بێ كورد هه‌موار ناكرێت،" به‌دڵنیاییه‌وه‌  هه‌ر هه‌موارێكی ده‌ستوور ناكرێت به‌بێ ره‌زامه‌ندی كورد ئه‌نجام بدرێت له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆكار  به‌بێ ره‌چاوكردنی ئه‌وه‌ی له‌ماده‌ی ١٤٢ی ده‌ستووردا هاتووه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌هه‌مواری ده‌ستور و مافی ڤیتۆی به‌ هه‌رێم داوه‌ جگه‌ له‌وه‌ش پێویسته‌ كورد وه‌ك به‌شێك له‌ده‌وڵه‌تی عێراق بمێنێته‌وه‌".

گوتیشى:"پشتگوێخستنی برایانی كورد له‌ هه‌مواری ده‌ستوردا، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆی دابه‌ش بوونی عێراق، كورد له‌ سیستمی حوكمرانی عێراق دوورده‌كه‌وێته‌وه‌ بۆیه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌هه‌ر هه‌موارێكدا بۆچوونی كورد وه‌رده‌گیردرێت، كه‌ پێكهاته‌ی دووه‌می عێراقه‌، بۆیه‌ من به‌دووری ده‌زانم ده‌ستوور به‌بێ بوونی رۆڵی كاریگه‌ری كورد هه‌موار بكرێته‌وه‌".

عێراق تائێستا پێویستی به‌ راوێژكاری بیانی هه‌یه‌

بڕیاره‌ى په‌رله‌مانى عێراق به‌ كردنه‌ ده‌ره‌وه‌ى هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ خاكى عێراق، كه‌ په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى عێراقى رووبه‌ڕووى ته‌نگه‌ژه‌ كردووه‌ته‌وه‌، زۆرێك پێیان وابوو بڕیاره‌كه‌ به‌په‌له‌و دیراسه‌ت نه‌كراوبووه‌. سه‌عد مه‌تڵه‌بى دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ ئه‌وه‌"پرسێكی ئاڵۆزه‌ و پێویستی به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی زیاتر هه‌یه‌، عێراق تائێستا پێویستی به‌ راوێژكاری بیانی هه‌یه‌، به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئایه‌ عێراق پێویستی به‌شه‌ڕكه‌ری بیانی هه‌یه‌؟ یان نا؟ پێم وایه‌ هه‌موو كوتله‌ سیاسیه‌ عێراقیه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكن كه‌ عێراق پێویستی به‌ شه‌ڕكه‌ری بیانی نییه‌، شه‌ڕكه‌رانی عێراق له‌ سوپای عێراق و پێشمه‌رگه‌ و حه‌شدی شه‌عبی توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كاروباری ئه‌منی به‌رێوه‌به‌رن". 

جه‌ختیكرده‌وه‌،عێراق پێویستی به‌ راهێنه‌ران و راوێژكاران و په‌یوه‌ندی به‌هێزی نێوان عێراق و ناتۆ هه‌یه‌،"ئه‌وه‌ی ده‌گوترێت شیعه‌كان له‌ده‌ركردنی سوپای ئه‌مریكا پاشگه‌زبوونه‌وه‌ ئه‌وه‌ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی بابه‌تییانه‌یه‌ بۆ بوونی هێزه‌كانی ئه‌مریكا و توركیا له‌ سه‌ر خاكی عێراق".

هه‌فته‌ی داهاتوو پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه‌

سه‌باره‌ت به پرسى دانانى سه‌رۆك وه‌زیران مه‌تڵه‌بی رایگه‌یاند، به‌ره‌وپێش چوون له‌ پرسی دیاریكردنی كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران هه‌یه‌، " پێم وایه‌ هه‌فته‌ی داهاتوو رۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ یان دووشه‌ممه‌، پێم وایه‌ كاره‌كان به‌ ئاڕاسته‌یه‌كی راستدا ده‌ڕۆن و كه‌سێك بۆ سه‌رۆك وه‌زیران دیاری ده‌كرێت".