ڕاپۆرتی کوردستانی

06:01 - 18/01/2020

بۆچى خاڵه‌ باشه‌كانى یاساى چاكسازى بوون به‌ ژێره‌وه‌؟‌

پەیسەر

له‌دواى ساڵى ٢٠٠٩ و هاتنه‌ مه‌یدانى گۆڕانه‌وه‌، به‌رده‌وام هێزه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى و پارتى، پێداگرییان له‌سه‌ر رێكخستنه‌وه‌ى لیستى مووچه‌، لابردنى بندیوار، نه‌هێشتنى دوو مووچه‌یى و زیاتر، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى خانه‌نشینى نا یاسایى، لابردنى یه‌كه‌ ژمێریارییه‌كانى هێزه‌كانى حزب، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى مووچه‌ى پله‌ باڵا وه‌همییه‌كان، ئێستا هه‌موو ئه‌وانه‌و بڕگه‌ى زیاتر بوون به‌ یاسا به‌ڵام پێشوازى لێ نه‌كرا، كه‌مكردنه‌وه‌ى خانه‌نشینى پله‌ باڵاكان سه‌رنجه‌كانى وه‌رگێڕا.

یاساكه‌ رووبه‌ڕووى هه‌ڵمه‌تى جۆراوجۆر بووه‌وه‌، خاڵه‌ باشه‌كانى كران به‌ژێره‌وه‌، له‌گه‌ڵ َئه‌وه‌ى دانپێدانانى روونى حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌ به‌هه‌موو ئه‌و كاره‌ نا یاسایى و نا دادپه‌روه‌رییانه‌ى له‌ رابردوو كردوویانه‌، هانابردنى ده‌سه‌ڵاته‌ بۆ په‌رله‌مان بۆ چاره‌سه‌رى به‌ هه‌ده‌ردانه‌ نا یاساییه‌كان. به‌ڵام نه‌توانرا كۆده‌نگى له‌سه‌ر درووستبكرێت. سه‌ره‌ڕاى ره‌خنه‌و ناكۆكییه‌كان گرنگه‌ فراكسۆنه‌كان چاودێرى وردى جێبه‌جێكردنى ئه‌م یاسایه‌بن و پشتیوانى جێبه‌جێكردنى بكه‌ن، ئه‌وه‌ش به‌چه‌ند هۆكارێك:-

یه‌كه‌م؛ یاساكه‌ بۆ ئه‌م قۆناغه‌ جێگره‌وه‌ى نییه‌، جێگره‌وه‌ى یاساكه‌ له‌ ئه‌گه‌رى ره‌تكردنه‌وه‌ى، بوونى ده‌یان هه‌زار بندیوار، دوو مووچه‌و زیاتر، پله‌ى باڵاى نا یاسایی، یاریكردن به‌ هه‌ژماركردنى خزمه‌ت، مووچه‌ به‌خشینه‌وه‌ به‌ كادیرانى هه‌ردوو حزب و رێژه‌ى سه‌دا ٨٠ى مووچه‌ى خانه‌نشینى پله‌ باڵاكانه‌.

پێشتر كاتێك له‌ ئازارى ٢٠١٨ سه‌رۆكایه‌تى خولى پێشووى په‌رله‌مان( جه‌عفه‌ر ئیمینكى و بێگه‌رد تاڵه‌بانى) یاساى چاكسازییان ره‌تكرده‌وه‌ به‌هۆى ئه‌وه‌ى ناڕه‌زایى هه‌بوو له‌سه‌ر یاساكه‌ ئه‌وكاتیش له‌سه‌ر مووچه‌ى پله‌ باڵاكان بوو، مووچه‌ى پله‌ باڵاكان گه‌ڕایه‌وه‌ ئاسته‌ باڵاكه‌ى خۆى و هیچ مووچه‌یه‌كى نا یاساییش نه‌بڕدرا، له‌وكاته‌وه‌ تائێستا كه‌ نزیك به‌ دووساڵه‌ ملیاران پاره‌ بۆمووچه‌ى نا یاسایى رۆیشتووه‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانیش كۆتاییان هات، ئیمینكى و تاڵه‌بانیش ئه‌وه‌یان وه‌ك ده‌ستكه‌وتى خۆیان پیشاندا. هه‌ردوو حزبیان سوودى زۆریان بینى چونكه‌ هه‌ڵبژاردنیان له‌پێش بوو ده‌یانزانى هه‌زاران كادیریان لێ ده‌تۆرێت.

دووه‌م؛ یاساكه‌ خاڵه‌ باشه‌كانى زۆرن و ره‌تكردنه‌وه‌ى ئه‌و خاڵانه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندى گشتى نین وه‌ك:-
١- كۆكردنه‌وه‌ى هه‌موو خانه‌نشینان له‌ یه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیدا.
٢- بڕینى هه‌موو خانه‌نشینه‌ نایاساییه‌كان.
٣- بڕینى مووچه‌ى هه‌موو ئه‌و پله‌ باڵایانه‌ى پله‌كانیان نه‌بینیوه‌.
٤- هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ژمێریارى یه‌كه‌ حزبییه‌كانى پێشمه‌رگه‌.
٥- سه‌ندنه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌و پلانه‌ى به‌ ناڕه‌وا به‌خشراونه‌ته‌وه‌.
٦- پاككردنه‌وه‌ى لیستى شه‌هیدان و زیندانیانى سیاسى.
٧- وه‌رگرتنه‌وه‌ى قه‌رز له‌ كۆمپانیاكان كه‌نزیكه‌ى ملیارێك دۆلاره‌.
٨- دوو مووچه‌یى و زیاتر نابێت بمێنێت.
٩- زیادكردنى مووچه‌ى خانه‌نشینان له‌ ئه‌نجامى ئه‌و پاره‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
١٠- كاراكردنى سندوقى خانه‌نشینى و گره‌نتى یاسایى بۆ ده‌ستكارینه‌كردنى پاره‌كه‌ى.
١١- نه‌هێشتنى بندیوار.
١٢- ئه‌وه‌ كرا به‌ یاسا كه‌ په‌رله‌مانتارانى هه‌موو خوله‌كان ده‌توانن سازش له‌ مووچه‌كانیان بكه‌ن له‌ماوه‌ى ٣٠ رۆژدا.
١٣- پله‌ باڵاكان له‌ سه‌دا ٨٠ى مووچه‌ى بێمه‌رجه‌وه‌ ده‌بێته‌ سه‌دا ١٥بۆ سه‌دا ٥٠ به‌ مه‌رج و رێوشوێنى تایبه‌ت.(ده‌كرا بۆ ئه‌مه‌ كار به‌هه‌مان یاساى خانه‌نشینى فه‌رمانبه‌ران بكرێت.
١٤- له‌خولى داهاتووه‌وه‌ خانه‌نشینى په‌رله‌مانتار به‌ چوار ساڵ خزمه‌ت نامێنێت، بۆئه‌وانه‌شى تا ئێستا په‌رله‌مانتارن مووچه‌كه‌یان له‌ شه‌ش ملیۆن و ٤٠٠ هه‌زار دیناره‌وه‌ كرا به‌ ملیۆنێك و ٣٠٠ هه‌زار بۆ دوو ملیۆن، نابێت له‌ دوو ملیۆن زیاتر بێت.

سێیه‌م؛ یاساكه‌ كۆى پرۆسه‌ى چاكسازیى نییه‌، بریتى نییه‌ له‌ هه‌موو چاكسازى تا ره‌تبكرێته‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌و فراكسیۆنانه‌ى ده‌نگیان پێداوه‌ ده‌ڵێن هه‌نگاوى یه‌كه‌مى چاكسازییه‌، حكومه‌تیش بۆخۆى ده‌ڵێت، چاكسازى پرۆسه‌یه‌كى به‌رده‌وامه‌و له‌و یاسایه‌ كورتى ناكاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌و یاسایه‌ وه‌ك جێگره‌وه‌ى هه‌موو پرۆسه‌ى چاكسازى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ بكرێت، ئاوا باشتره‌ ره‌تبكرێته‌وه‌ چونكه‌ ناكرێت كۆى پرۆسه‌كه‌ وابێت، به‌ڵام له‌كاتێكدا حكومه‌ت و په‌رله‌مان ده‌ڵێن به‌شێكى كه‌مى چاكسازییه‌، ره‌تكردنه‌وه‌ى سودبه‌خش نابێت. 

چواره‌م؛ ده‌كرێت یاساكه‌ ده‌روازه‌یه‌ك بێت بۆ تێپه‌ڕاندنى یاساى چاكسازى له‌ سێكته‌ره‌كانى دیكه‌، به‌ تایبه‌ت ئێستا گۆڕان ده‌ڵێت، بۆ سێكته‌ره‌كانى دیكه‌ش پرۆژه‌ پێشكه‌ش ده‌كات، به‌تایبه‌ت چاكسازیى له‌ داهات، ئه‌گه‌ر ئه‌م ئه‌زموونه‌ سه‌ركه‌وتووبێت ده‌كرێت هه‌وڵ بدرێت و فشار بكرێت بۆئه‌وه‌ى پرۆژه‌ى چاكسازى له‌نێوان حكومه‌ت و په‌رله‌مان بكرێته‌ نه‌ریت، ئه‌م ئه‌زموونه‌ شكست بهێنێت چاكسازى ئێجگار قورس ده‌بێت. 

پێنجه‌م؛ ئه‌گه‌ر یاساكه‌ ئه‌مجاره‌ش ره‌تكبرێته‌وه‌، پرۆسه‌ى چاكسازى توشى رۆتیناتى زۆر ده‌بێت، بیانووش ده‌دات به‌ حكومه‌ت كه‌ خۆى له‌ چاكسازى نه‌بان بكات، كاتێكى زۆر به‌فیڕۆ ده‌چێت بێ ئه‌وه‌ى هه‌نگاوه‌كان ده‌ستپێبكه‌ن، هه‌موو رێگایه‌ك له‌ هه‌نگاوێكه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات و هه‌نگاوه‌كه‌ گه‌وره‌بێت یا بچوك ده‌بێت ده‌ستپێبكات. له‌برى ئه‌وه‌ى به‌هۆى بڕگه‌ى پله‌ باڵاكانه‌وه‌ كۆى یاساكه‌ ره‌تبكرێته‌وه‌، ده‌كرێت به‌سه‌ربه‌خۆ یاسایه‌ك بۆ پله‌ باڵاكان ده‌ربرێت، چونكه‌ كاتى خۆیشى به‌ یاسایه‌كى سه‌ربه‌خۆ رێكخراوه‌.

شه‌شه‌م؛ بوودجه‌ى به‌كاربردن بارگرانى زۆرى درووستكردووه‌، به‌شێكى ئه‌و بارگرانییه‌ به‌سه‌رشانى هه‌موو خه‌ڵكه‌وه‌یه‌، له‌كاتێكدا حكومه‌ت بۆخۆشى دان به‌وه‌دا ده‌نێت مووچه‌ نا یاساییه‌كان هۆكارى گه‌وره‌ى ئه‌و بارگرانییه‌ن، ئه‌گه‌ر هه‌ر جاره‌و به‌ بیانوویه‌ك رێگه‌ به‌مانه‌وه‌ى ئه‌و مووچانه‌ بدرێت، پاره‌یه‌كى زۆر به‌هه‌ده‌ر ده‌چێت له‌سه‌ر حسابى هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌.

حه‌وته‌م؛ یاساكه‌ كاتێك باسى بڕینى مووچه‌ى نا یاسایى ده‌كات، ریزپه‌ڕ(ئیستیسنا)ى تێدا نییه‌، بڵێ فڵان ده‌بڕێت و فڵان نابڕێت، بۆیه‌ ده‌كرێت فشار له‌سه‌ر حكومه‌ت بكرێت تا جیاوازى نه‌كرێت و په‌رله‌مانتاران چاودێر بن به‌سه‌ریه‌وه‌.

هه‌شته‌م؛ ناكۆكى نێو په‌رله‌مان و ره‌تكردنه‌وه‌ى یاساكه‌ له‌لایه‌ن به‌شێكیانه‌وه‌، ده‌رفه‌ت ده‌ره‌خسێنێت بۆ حكومه‌ت وه‌ك پێویست یاساكه‌ جێبه‌جێنه‌كات، به‌ڵكو گرنگه‌ په‌رله‌مانتاران بۆ چاودێرى توندى حكومه‌ت، له‌پێناو جێبه‌جێكردنى یاساكه‌ یه‌كگرتووبن. 

بۆچى پێشوازى له‌ یاساكه‌ نه‌كرا؟

یه‌كه‌م؛ بڕگه‌ى پله‌ باڵاكان زیانى له‌ یاساكه‌دا چونكه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى مووچه‌ى پله‌ باڵاكان له‌ سه‌دا ٨٠ى بێمه‌رجه‌وه‌، كه‌مكرایه‌وه‌ بۆ نێوانى سه‌دا ١٥ و سه‌دا ٥٠ به‌ مه‌رج و رێوشوێنى نوێ، به‌ڵام به‌ زۆر زانرا. ده‌كرا ئه‌م بڕگه‌یه‌ له‌ یاساكه‌ ده‌ربهێندرێت بۆئه‌وه‌ى خاڵه‌كانى دیكه‌ى له‌سه‌ر چاكسازین نه‌بن به‌ ژێره‌وه‌و فشار بكرێت له‌ حكومه‌ت بۆئه‌وه‌ى وه‌ك خۆى جێبه‌جێیان بكات.

ده‌كرا مووچه‌ى پله‌ باڵاكان له‌ یاسایه‌كى دیكه‌ رێكبخرێت، به‌تایبه‌ت باس له‌وه‌ده‌كرێت حكومه‌ت به‌ نیازه‌ یاسایه‌كى دیكه‌ بۆ خانه‌نشینى یه‌كگرتوو ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان بكات، به‌و جۆره‌ش ئه‌و هه‌ڵاى دروستبوو گرنگى یاساكه‌ى كاڵ نه‌ده‌كرده‌وه‌. به‌ڵام كه‌مكردنه‌وه‌ى مووچه‌ى پله‌ باڵا هه‌رگیز خراپ نییه‌، به‌ڵكو ده‌كرا باشتر بێت یاخود به‌هه‌مان یاساى خانه‌نشینى فه‌رمانبه‌ران خانه‌نشین بكرێن.

دووه‌م؛ بڕگه‌ى سه‌ندنه‌وه‌ى قه‌رز له‌ كۆمپانیاكان، وایكرد فراكسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ دژایه‌تى زیاترى یاساكه‌ بكات و وه‌ك كاردانه‌وه‌ سه‌یریان كرد چونكه‌ سه‌رۆكى جوڵانه‌وه‌كه‌ ٥٢ ملیۆن دۆلارى حكومه‌ت قه‌رزاره‌، بۆیه‌ش هه‌ڵمه‌تێكى چڕى میدیایى دژى یاساكه‌ به‌ڕێوه‌برد له‌ژێر په‌رده‌ى بڕگه‌ى پله‌ باڵاكاندا، له‌كاتێكدا ئه‌و قه‌رزانه‌ ده‌بێت حكومه‌ت وه‌ریان بگرێته‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌شى یاساى به‌ده‌سته‌وه‌ بوو. 

سێیه‌م؛ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بۆخۆشى كه‌مته‌رخه‌م بوو له‌كاتێكدا وه‌ك خاوه‌نى پرۆژه‌ى چاكسازى ته‌ماشا ده‌كرێت، دروشمى به‌شدارى حكومه‌تیشى له‌پێناو چاكسازى بوو كاتێكیش چاكسازى دواكه‌وت هه‌مووان ره‌خنه‌یان له‌ گۆڕان گرت، به‌ڵام گۆڕان نه‌یتوانى بۆ خه‌ڵكى روون بكاته‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ى كراوه‌ زیان نییه‌ به‌ڵكو باشه‌و ده‌كرێت باشتر بێت، ته‌نانه‌ت كادیره‌كانى بزوتنه‌وه‌كه‌ش ئه‌وانه‌ى له‌ پله‌و ئه‌ركى حزبیدان به‌رگرییان له‌ یاساكه‌ نه‌كرد، ته‌نها سه‌رۆكى فراكسیۆنه‌كه‌یان و چه‌ند په‌رله‌مانتارێك داكۆكییان له‌ یاساكه‌ كرد.

چوار؛ له‌نێو دونیاى سیاسه‌ت و حزبایه‌تیدا، چاكسازى به‌ سوودى ئۆپۆزسیۆن ناشكێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت باسكردنى گه‌نده‌ڵى له‌مجۆره‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌و داواكردنى بڕینى، ده‌رفه‌تى كه‌م بۆ ئۆپۆزسیۆن ده‌هێڵێته‌وه‌ بۆ یارى سیاسى، بۆیه‌ش ئۆپۆزسیۆن ته‌نها بڕگه‌ى پله‌ باڵاكانیان به‌ده‌سته‌وه‌ ما بۆئه‌وه‌ى لێیه‌وه‌ خۆیان پیشان بده‌ن، بڕگه‌یه‌كیش هه‌یه‌ بۆئه‌وانه‌ى ناڕازى بوون ده‌توانن فۆرمى سازش له‌ مووچه‌كانیان پڕ بكه‌نه‌وه‌. بۆیه‌ ئۆپۆزسیۆن دژایه‌تى یاساكه‌ى كرد و وه‌ك عه‌یبه‌یه‌ك پیشانى دا.

پێنجه‌م؛ ده‌سه‌ڵات له‌هه‌رێمى كوردستان متمانه‌ى شه‌قامى له‌ده‌ستداوه‌، خه‌ڵكێكى زۆر له‌ پرۆسه‌ى سیاسى تۆراون، نزیكه‌ى سه‌دا ٧٠ى خه‌ڵك به‌شدار نه‌بوون له‌ هه‌ڵبژاردن بۆیه‌ش زۆرینه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ بڕوایان به‌هه‌نگاوه‌كانى چاكسازى نه‌ماوه‌. 

شه‌شه‌م؛ هه‌ر یاسایه‌ك ده‌ست بۆهه‌ر جۆره‌ رێكخستنه‌وه‌و چاكسازییه‌ك به‌رێت، له‌زیانى گروپێك له‌ خه‌ڵكه‌ كه‌ به‌ناڕه‌وا سودمه‌ند بوون، چونكه‌ گه‌نده‌ڵى چووه‌ته‌ بنج و بناوانى كۆى سێكته‌ره‌كانه‌وه‌، ئه‌وانه‌ به‌ ئاسانى ده‌توانن له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌ڵمه‌ت دروست بكه‌ن و راى گشتى به‌لاڕێدا به‌رن.