12:08 - 18/01/2020
قۆناغى زێڕ‌ینى نێوانی كورد و شیعه رووه‌و خامۆشبوونه
بابەتی مانه‌وه یان ده‌ركردنی سوپای ئه‌مریكا له عێراق، په‌یوه‌ندییه‌كانی كورد و شیعه‌ی له عێراق بردووەتە قۆناغێکی ئاڵۆزەوه، هه‌ندێك له چاودێران وابیر ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌م ترازانه‌ى كورد و شیعه، سه‌ره‌تای كۆتایی هاتنی هاوپه‌یمانێتی مێژوویى ئه‌و دوو پێكهاته‌یه، كه پێنج ده‌یه‌یه به ته‌نیشت یه‌كه‌وه‌ن و زۆرینه‌ی بناغه داڕێژه‌رانی په‌یوه‌ندی كورد و شیعه له‌گۆڕه‌پانی سیاسی نه‌ماون.
دوای ١٦ ساڵ دۆخه‌كه گۆڕدراوە، به‌لای ئه‌مریكییه‌كانیشه‌وه هاوپه‌یمانێتییه‌كانی پێشوو كۆتاییان هات
رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت له راپۆرتێكدا ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندیی كورد و شیعه نوسیویه‌تی، جگه له مه‌سعود بارزانی كه هیچ پۆستێكی فه‌رمی نییه، ئێستا له هه‌رێمی كوردستان زۆرینه‌ی ئه‌و سیاسییانه‌ى كه سه‌ركردایه‌تی هاوپه‌یمانێتی كورد و شیعه‌یان ده‌كرد له سه‌رده‌می سه‌دام له گۆڕه‌پانه‌كه نه‌ماون، ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ی به خواستی خۆیان ده‌ستووریان نوسییه‌وه، به‌ڵام یه‌ك له‌دوای یه‌ك كۆچی دواییان كرد، له‌وانه‌ش محه‌مه‌د باقر ئه‌لحه‌كیم، عه‌بدولعه‌زیز حه‌كیم، جه‌لال تاڵه‌بانی، ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی و محه‌مه‌د به‌حر ئه‌لعلوم.
دوای ١٦ ساڵ ئێستا دۆخه‌كه گۆڕدراوە، ته‌نانه‌ن به‌لای ئه‌مریكییه‌كانیشه‌وه هه‌موو هاوپه‌یمانێتییه‌كانی پێشوو كۆتاییان هات، دوای بڕیاری تاكڕه‌وانه‌ی شیعه بۆ ده‌ركردنی سوپای ئه‌مریكا له رێگه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران-ه‌وه، تا گه‌یشته ئه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم له چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ پێگه‌ی ئه‌لمۆنیته‌ر بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مانی عێراقی به "سه‌ره‌تایه‌كی خراپ" وه‌سفكرد، به‌واتای ئه‌وه‌ی هه‌موو بڕیاره‌كانی پێش ئه‌و بریاره له چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و هاوپه‌یمانێتییه‌كاندا بووه.
بوونی هێزه ئه‌مریكییه‌كان به‌پێى یاداشتێك بووه كه بۆ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش به‌رزكراوه‌ته‌وه
به‌رپرسانى باڵاى عێراق ده‌ڵێن، بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه بیانییه‌كان ئه‌و هێزانه‌ش ده‌گرێته‌وه له هه‌رێمی كوردستانن، عه‌بدولكه‌ریم خه‌ڵه‌ف گوته‌بێژی فه‌رمی فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق رایگه‌یاند:"كشاندنه‌وه‌ی هێزه بیانییه‌كان لە عێراق، بڕیارێكی سیادییه و ته‌واوی خاكی عێراق ده‌گرێته‌وه، به هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه".
خه‌ڵه‌ف باسیله‌وه‌كردووه، بوونی هێزه ئه‌مریكییه‌كان به‌پێى یاداشتێك بووه كه بۆ نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی به‌رزكراوه‌ته‌وه، تێیدا داوای پێكهێنانی هاوپه‌یمانێتییه‌ك كراوه بۆ پشتیوانی عێراق له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش، كه بوونه سه‌رچاوه‌ی مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه بۆسه‌ر ته‌واوی ناوچه‌كه و ره‌زامه‌ندیش له‌سه‌ر ئه‌و یاداشته درا،"به‌ڵام له‌دوای سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر داعش-دا، عێراق داواكارییه‌كی پێشكه‌ش كردووه بۆ چوونه ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و هێزانه".
سیاسى و چاودێران و شه‌قامیش له عێراق، به ته‌واوى دابه‌شبوون به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ى جیاوازدا
به‌پێی یاداشته‌كه‌ی پێشوو كه ئیبراهیم جه‌عفه‌ری وه‌زیری ئه‌وكاتی ده‌ره‌وه‌ی عێراق پێشكه‌شی كردووه، به كۆتایی هاتنی كاری ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه، عێراق هیچ پابه‌ندییه‌كی دارایی و سیاسی ناكه‌وێته سه‌ر شان.
سیاسى و چاودێران و شه‌قامیش له عێراق، به ته‌واوى دابه‌شبوون به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ى جیاوازدا له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته. عێراق له پێشه‌نگی ئه‌و وڵاته عه‌ره‌بییانه‌یه كه زۆرترین هاوكارییان له لایه‌ن ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاوه پێده‌درێت، به‌جۆرێك ٥،٢٨ ملیار دۆلاره و له‌و رێژه‌یه‌ش، سەدا ٨٩ی بۆ بواری سه‌ربازییه. هیشام هاشمی شاره‌زای بواری ئه‌منی و ستراتیژی، به شه‌رقولئه‌وسه‌تى راگه‌یاندووه، ئه‌مریكا سه‌رچاوه‌ی پرچه‌ككردنی سوپا، ده‌زگای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر، هێزه‌كانی پۆلیسی عێراق و ده‌زگاى هه‌واڵگرییه و عێراق یه‌كه‌م سودمه‌ندى وڵاته عه‌ره‌بییه‌كانه له ئه‌مریكا.
مه‌ترسی پاشماوه‌كانی داعش هه‌یه، گه‌شه‌یان كردووه‌ته‌وه له‌و ناوچانه‌ی كه ئازادكراون
جگه له شیعه رادیكاڵه‌كان، زۆرینه‌ى شه‌قامى عێراقى بڕیارى كردنه ده‌ره‌وه‌ى سوپاى ئه‌مریكا به بڕیارێكى دروست نازانن، ئه‌وان دوودڵن جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كه به جارێك عێراق بته‌پێنێت له‌رووى ئابوورى و ئه‌منییه‌وه، له رووى سیاسیشه‌وه ئێران و شیعه توندڕه‌وه‌كان ته‌نها خۆیان پیاوى گۆڕه‌پان بن له عێراق.
ره‌عد هاشم لێكۆڵه‌ری سیاسی رایگه‌یاندووه، هه‌ڵوێست و داواكردنی چوونه ده‌ره‌وه‌ی به‌په‌له‌ی سوپای ئه‌مریكا، هه‌نگاوێكی"دیراسه‌ت نه‌كراوه و چه‌ند به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی له‌پشته". ره‌عد پێى وایه، مه‌ترسی پاشماوه‌كانی داعش هه‌یه، گه‌شه‌یان كردووه‌ته‌وه له‌و ناوچانه‌ی كه ئازادكراون، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه دوای چوونه ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان به‌هێزه‌وه بگه‌ڕێنه‌وه، چونكه هاوپه‌یمانان له بواری ئاسمانی، هه‌واڵگری و ته‌كنه‌لۆژیا پاڵپشتی شه‌ڕی دژی داعش ده‌كه‌ن.