09:20 - 15/01/2020
حكومه‌تى هه‌رێم به‌رگه‌ى مووچه‌بڕین ده‌گرێت؟
نوسراوێكى لیژنه‌ى ده‌ستپاكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، به ڕاشكاوى داواى بڕینى مووچه‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات، نوسراوه‌كه دوودڵى دروستكرده‌وه، به‌ڵام په‌رله‌مانتارانى كورد دڵنیایى ده‌ده‌ن كه مووچه نابڕدرێت، چونكه وه‌ك ده‌ڵێن وه‌زاره‌تى دارایى پشت به یاسا ده‌به‌ستێت و ناچاره كار به یاساى یه‌ك له‌سه‌ر ١٢ى بوودجه‌ى پار بكات تا بوودجه‌ى نوێ په‌سه‌ند ده‌كرێت. حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌ستیارى زۆرى به بابه‌تى مووچه هه‌یه چونكه پێگه‌ى ئه‌م كابینه‌یه به‌راورد به سه‌ره‌تاى هاتنى قه‌یرانى دارایى ناسكتر و هه‌ستیارتره.
كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له مانگى ١٢ ه‌وه دوودڵى زۆرى هه‌بوو سه‌باره‌ت به‌وه‌ى ساڵى نوێ مووچه به‌رده‌وام ده‌بێت یاخود نا، بۆئه‌وه‌ش له‌چه‌ند كه‌ناڵى جیاوازه‌وه په‌یامى بۆ به‌غدا ناردبوو. ته‌نانه‌ت له ناوه‌ڕاستى ساڵى پاره‌وه خه‌ریكى زه‌خیره خستن بوو بۆ ئه‌گه‌رى بڕینى مووچه. بۆ ئه‌م مانگه‌ش تا له‌به‌غداوه پاره‌كه نه‌هاته سندوقى وه‌زاره‌تى دارایى هه‌رێم مووچه‌ى نه‌دا چونكه به‌نیازبوو له ئه‌گه‌رى وه‌ستانى پاره‌كه‌ى به‌غدا سیسته‌مێكى نوێى مووچه په‌یڕه‌و بكات كه له‌گه‌ڵ تواناى دارایى هه‌رێمى كوردستان بگونجێت.
كابینه‌ى نوێ زۆرتر مه‌یلى نزیك بوونه‌وه له‌به‌غداو رێككه‌وتنى هه‌یه
به‌شیر حه‌داد جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، له‌دوایین چاوپێكه‌وتنى له‌گه‌ڵ ته‌له‌فیزیۆنى ئێن ئار تى، دڵنیاییدا و گوتى، مووچه نابڕدرێت و مه‌ترسى له‌سه‌ر نییه. غالب محه‌مه‌د ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران دڵنیایى ده‌دات، كه نوسراوه‌كه‌ى لیژنه‌ى ده‌ستپاكى كاریگه‌رى نابێت و مووچه‌ى هه‌رێمى كوردستان ڕاناگرێت، به‌ڵام پێى وایه بۆ ساڵى داهاتوو كاریگه‌رى خۆى ده‌بێت.
حکومەتی هه‌رێمى كوردستان رێككه‌وتنى له‌گه‌ڵ به‌غدا واژۆ كردووه، به‌ڵام گوته‌بێژه‌كه‌ى ده‌ڵێت، تا یاساى بوودجه‌ى ٢٠٢٠ په‌سه‌ند نه‌كرێت، هه‌رێم رێككه‌وتنه‌كه جێبه‌جێناكات و نه‌وت ڕاده‌ست ناكات. حكومه‌تى نوێى هه‌رێم ئه‌گه‌رچى له‌بارودۆخێكى سه‌قامگیرتر كه‌وته سه‌رپێ و دۆخى دارایى هه‌رێمى كوردستان تاڕاده‌یه‌ك گیرساوه‌ته‌وه، به‌ڵام كابینه‌ى نوێ زۆرتر مه‌یلى نزیكبوونه‌وه له‌به‌غداو رێككه‌وتنى هه‌یه، ترسى زۆرى له بڕینى مووچه‌ى هه‌رێم هه‌یه ئه‌وه‌ش به‌چه‌ند هۆكارێك.
ئه‌م كابینه‌یه هیچ پاره‌یه‌كى حكومه‌تى ناوه‌ندى له‌به‌ر ده‌ست نییه
یه‌كه‌م؛ كابینه‌ى پێشووى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كاتێك قه‌یران به‌رۆكى گرت، نه‌وتى كه‌ركوك-ى له‌به‌رده‌ستدا بوو، جگه له‌نه‌وتى خۆى رۆژانه له‌نێوان ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى كه‌ركوكى هه‌نارده ده‌كرد و بۆ دابینكردنى مووچه‌ى هه‌رێم سوودى لێوه‌رده‌گرت بەو حاڵەشەوە مووچەی پێ نەدرا. به‌ڵام ئێستا ئه‌گه‌ر پاره‌كه‌ى به‌غدا نه‌مێنێت، ئه‌م كابینه‌یه ته‌نها نه‌وتى هه‌رێمى كوردستانى له به‌رده‌سته كه هه‌نارده‌ى نزیكه‌ى ٤٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌یه و ناتوانێت به‌هه‌موو خه‌رجییه‌كان رابگات.
دووه‌م؛ كابینه‌ى پێشووى حكومه‌ت، كاتێك قه‌یرانى دارایى به‌روودا هات، پێنج ملیار دۆلارى بانكى ناوه‌ندى له بانكه‌كانیدا بوو ئه‌و پاره‌یه‌شى خه‌رج كرد و چه‌ند جارێك حكومه‌تى به‌غدا داوایكرده‌وه، ئەو پارەیەش دادی حکومەتی نەدا. به‌ڵام ئه‌م كابینه‌یه هیچ پاره‌یه‌كى حكومه‌تى ناوه‌ندى له‌به‌ر ده‌ست نییه.
حکومەت قه‌رزاره‌و قه‌رزه‌كان ده‌ستیان به‌ستووه
سێیه‌م؛ كابینه‌ى پێشوو جگه له پاره‌ى حكومه‌تى ناوه‌ندى سێ ملیار دۆلارى بانكه ناوخۆییه‌كى له‌به‌رده‌ستدابوو، هه‌موو ئه‌و پارانه‌ى به‌كارهێنا كه هى خه‌ڵك و بانكه‌كان و وه‌به‌رهێنه‌ران بوو ئەوەش هەر فریای خەڵک نەکەوت، به‌ڵام ئێستا دۆخه‌كه جیاوازه‌و بانكه ناوخۆییه‌كان پاره‌یه‌كى ئه‌وتۆیان لانییه كه بتوانن هاوكارى حكومه‌ت بكه‌ن.
چواره‌م؛ كابینه‌ى پێشووى حكومه‌ت كاتێك كه‌وت به ملى قه‌یراندا باس‌وخواسى قه‌رزارى له گۆڕێ نه‌بوو. به‌ڵام قه‌رزى زۆرى بۆ ئه‌م كابینه‌یه جێهێشت، كه به ٢٠ بۆ ٢٥ ملیار دۆلار ده‌خه‌مڵێندرێت، ئه‌م كابینه‌یه قه‌رزاره‌و قه‌رزه‌كان ده‌ستیان به‌ستووه‌و به‌رگه‌ى قه‌یرانى دیكه ناگرێت.
پێنجه‌م؛ كابینه‌ى پێشوو كاتێك قه‌یرانى رووبه‌ڕووبووه‌وه، راسته‌وخۆ سیسته‌مى پاشكه‌وتى مووچه داهێناو رەخنەی زۆری رووبەڕووبووەوە چونکە قەیرانەکەی بە گیرفانی خەڵک پینەکرد، به‌ڵام ئه‌م كابینه‌یه ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێته‌وه بۆ سیسته‌مى پاشكه‌وتى كابینه‌ى پێشوو ده‌بێت شكستێكى گه‌وره بۆى.
نرخى نه‌وت به‌رزه به‌و رێژه نه‌وته‌ى هه‌نارده‌ى ده‌كات، ده‌توانێت داهاتێكى باشى بێته ده‌ست
شه‌شه‌م؛ حكومه‌ت رووبه‌رێكى زۆرى زه‌وییه باشه‌كانى خۆى فرۆشت له كابینه‌ى پێشوو. ده‌رفه‌تى زۆرى بۆ كابینه‌ى نوێ نه‌هێشتووه‌ته‌وه ده‌ستكراوه بێت بۆ موڵك فرۆشتن.
ئه‌م كابینه‌یه ئه‌گه‌رچى په‌ڕوباڵى كراوه، به‌ڵام خاڵى به‌هێزى هه‌ن، كه ده‌توانێت به‌رگه‌ى له‌رزینى مووچه‌بڕین بگرێت و ئه‌ژنۆى نه‌كه‌وێته زه‌وى.
یه‌كه‌م؛ یاساى چاكسازى له سه‌روبه‌ندى ده‌رچوونه، حكومه‌ت ده‌توانێت پاره‌یه‌كى زۆر بۆخۆى بگێڕێته‌وه‌و پابه‌ندییه‌كانى كه‌م بكاته‌وه.
ده‌بێت حكومه‌تى هه‌رێم له‌و ماوه‌دا توانیبێتى بارى قه‌رزه‌كانى سوك بكات
دووه‌م؛ نرخى نه‌وت به‌رزه به‌و رێژه نه‌وته‌ى هه‌نارده‌ى ده‌كات، ده‌توانێت داهاتێكى باشى بێته ده‌ست، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كێشه‌ى سیاسى بۆ درووست نه‌كرێت.
سێیه‌م؛ نزیك به دووساڵى ته‌واوه مانگانه له‌به‌غداوه پاره‌یه‌ك بۆ مووچه دێت و هه‌رێم خۆشى نه‌وته‌كه‌ى ده‌فرۆشێت، له ساڵى یه‌كه‌م مانگانه ٣١٧ ملیار دینار ده‌هات بۆ هه‌رێم له‌سه‌رده‌مى كابینه‌ى عه‌بادى، له‌سه‌رده‌مى عه‌بدولمه‌هدى مانگانه ٤٥٤ ملیار دێت و تائێستا به‌رده‌وامه، ده‌بێت حكومه‌تى هه‌رێم له‌و ماوه‌دا توانیبێتى بارى قه‌رزه‌كانى سوك بكات.
چواره‌م؛ له‌ناوخۆدا حكومه‌ت كه‌وتووه‌ته كۆكردنه‌وه‌ى زیاترى داهات و رێوشوێنه‌كانى باجى توندتر كردووه، سه‌رۆكى حكومه‌ت ده‌ڵێت، داهاتى ناوخۆیان به رێژه‌ى سه‌دا ٥٠ زیاد كردووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر قه‌یران رووبدات كۆكردنه‌وه‌و زیادكردنى داهاتى ناوخۆ ئه‌سته‌مه، هه‌رچۆنێك بێت داهاتى ناوخۆ ده‌توانێت پاڵپشتێكى باش بێت.
ره‌نگه گونجاوترین بژارده له‌به‌رده‌م حكومه‌ت ئه‌وه‌بێت ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى كردوویه‌تى پارێزگارى لێ بكات
كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت خۆى زۆر به دوور ده‌گرێت له به‌ركه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا، له ئه‌گه‌رى مووچه‌بڕین ئه‌گه‌ر به ته‌واوى خۆشى كۆبكاته‌وه ته‌نها ده‌توانێت مووچه بدات و ده‌بێت هه‌موو پرۆژه و به‌رنامه‌كانى دیكه‌ى رابگرێت، بۆیه ئه‌گه‌رى مووچه بڕین له ئه‌گه‌ره زۆر خراپه‌كانه بۆ هه‌رێم و ئه‌مجاره ره‌نگه قه‌یرانه‌كه به گوڕێكى قورس‌تر به‌ر حكومه‌تى هه‌رێم بكه‌وێت.
ره‌نگه گونجاوترین بژارده له‌به‌رده‌م حكومه‌ت ئه‌وه‌بێت ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى كردوویه‌تى له‌نێو كێشه و گرفته زۆر و ئاڵۆزه‌كانى عێراقدا پارێزگارى لێ بكات و رێگه‌ى تێكچوونى نه‌دات، تائێستاش به گوفتار پێداگرى لێ كردووه‌و بۆ كرداریش چاوه‌ڕێى په‌سه‌ندكردنى یاساى بوودجه‌یه.