ڕاپۆرتی کوردستانی

09:23 - 12/01/2020

فڕۆكه‌ ئۆكرانییه‌كه‌ و تویته‌كه‌ى تره‌مپ گڕیان له‌ئێران به‌رداوه‌‌

پەیسەر

خۆپیشاندانه‌كانى ئێران دواى كوشتنى سوله‌یمانى، خستنه‌ خواره‌وه‌ى فڕۆكه‌ ئۆكرانییه‌كه‌ و  تویته‌كه‌ى تره‌مپ، ئێستا له‌ قۆناغێكى نوێدان، دوو رۆژه‌ ناڕازییه‌كان توڕه‌یى خۆیان هێناوه‌ته‌، مه‌یدان و سه‌ر شه‌قامه‌كان، ئه‌مجاره‌ دروشم و شێوازى جیاوازتریان هه‌یه‌ بۆ چالاكییه‌كانیان،"مه‌رگ بۆ دیكتاتۆر، سوله‌یمانى بكوژه‌، رێبه‌ریى نه‌زانه‌، كۆمارى ئیسلامى ده‌بێت وێران بكرێت، بێ شه‌ره‌ف بێ شه‌ره‌ف، مەرگ بۆ درۆزنی گەورە". دروشمى خۆپیشانده‌ران بوو كه‌ ماوه‌یه‌كى كه‌م پێش ئێستا خوێنێكى زۆریان داو به‌ زه‌برى هێز ره‌وانه‌ى ماڵه‌وه‌ كران.

به‌شدارى ملیۆنان كه‌س له‌ پێشوازى ته‌رمى سولەیمانى، چه‌ندین مه‌راسیمى گه‌وره‌و ده‌مه‌زه‌ردكردنه‌وه‌ى گوتاریى نه‌ته‌وه‌یى و مه‌زهه‌بى، بۆماوه‌یه‌كى زۆر شه‌فاعه‌تى بۆ ده‌سه‌ڵاتى ئێران نه‌كرد. هاوخه‌مى ده‌ربڕین بۆ قوربانیانى فڕۆكه‌ ئۆكرانییه‌كه‌ كه‌ ١٧٦ سه‌رنشینى تێدا به‌ مووشه‌كى ئێرانى مردن، ده‌رگاى كرده‌وه‌ كه‌ ناڕازییه‌كان لێیه‌وه‌ بێنه‌وه‌ سه‌ر شه‌قام. 

مه‌راسیمى هاوخه‌مى له‌ زانكۆى به‌هه‌شتى تارانه‌وه‌ راگه‌یه‌ندرا، هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ توڕه‌ییه‌كان ته‌قینه‌وه‌و رژانه‌ شه‌قام و كۆڵانه‌كان، خوێندكاره‌ توڕه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ى دوو زانكۆى تاران كۆبوونه‌وه‌، بۆ ئه‌نجامدانى مه‌راسیمێك بۆ مردووانى نێو فڕۆكه‌ ئۆكرانییه‌كه‌، به‌ڵام ده‌مه‌و ئێواره‌ هه‌ڵوێستیان گۆڕاو كۆبوونه‌وه‌كه‌یان كرد به‌ گردبوونه‌وه‌ى ناڕه‌زایى، خۆپیشاندانه‌كان وه‌ك هه‌ره‌سى به‌فر خێرا خه‌ڵكى زۆریان راكێشا، كچ و كوڕانى تاران پێكه‌وه‌ به‌ دروشمى "مه‌رگ بۆ دیكتاتۆر" له‌سه‌ر شه‌قامن. 

له‌ به‌ره‌وپێشچوونێكى ده‌گمه‌ندا، پێگه‌ى فارس نیوزى نیمچه‌ فه‌رمى، له‌ راپۆرتێكدا سه‌باره‌ت به‌ نیگه‌رانییه‌كان بڵاویكرده‌وه‌، كه‌ نزیكه‌ى هه‌زار كه‌س، دروشمیان دژى سه‌ركرده‌كانى وڵات و قاسم سوله‌یمانى گوتووه‌ته‌وه‌. ناڕازییه‌كان داواى دادگاییكردنى ئه‌و به‌رپرسانه‌یان كردووه‌، كه‌ فڕۆكه‌كه‌یان خستووه‌ته‌ خواره‌وه‌و له‌ پشتى رووداوه‌كه‌وه‌ن.

هه‌روه‌ها داواى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى فه‌رمانده‌ى باڵاى هێزه‌ چه‌كداره‌كانیان كرد، رووى دروشمه‌ تونده‌كانیان به‌پله‌ى یه‌ك روو له‌ خامنه‌یى بوو گوتیان "مه‌رگ بۆ درۆزنان". پێگه‌ى فارس ده‌ڵێت، پۆلیس ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌یان بڵاوه‌پێكرد كه‌ رێگاكانیان داخستبوو. به‌پێى چه‌ند گرته‌یه‌گى ڤیدیۆیى پۆلیس گازى فرمێسك رێژیان به‌كارهێناوه‌. به‌ڵام خۆپیشاندان تادێت فراوانتر ده‌بن. ناوچه‌ كوردییه‌كانیش كه‌وتوونه‌ته‌ جوڵه‌و چه‌ند ناوچه‌یه‌ك ده‌ستیان به‌ گردبوونه‌وه‌كان كردووه‌ته‌وه‌. 

ناڕازییه‌كانى ئێران هه‌رزوو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان به‌ ڤیدیۆ و وێنه‌كانیان ته‌نى، كه‌ رژاونه‌ته‌ مه‌یدانى ئازادى و شه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌كان و دروشمى توند ده‌ڵێنه‌وه‌ دژى ده‌سه‌ڵات.

دۆناڵد تره‌مپ به‌ تویته‌كه‌ى به‌زمانى فارسى و پشتیوانى ده‌ربڕینى بۆ خۆپیشانده‌رانى ئێران، گوڕێكى دیكه‌ى دایه‌ خۆپیشاندانه‌كان، دواى ئه‌و تویته‌ شه‌قام گه‌رمتر و قه‌ره‌باڵغتر بوو، تره‌مپ گوتى، ئه‌و هه‌میشه‌ پشتیوانى خۆپیشانده‌رانى ئێرانی كردووه‌، چالاكییه‌كانى ئه‌وان ئومێد به‌خشه‌. لە نزیکەوە چاودێریی خۆپیشاندانەکانی ئێران دەکات و بەو بوێرییەی خەڵکی ئێران سەرسامە.

پێده‌چێت ئه‌و دیمه‌نه‌ى زانكۆى به‌هه‌شت له‌ تاران ئه‌مڕۆ له‌ هه‌ر شتێك زیاتر به‌رپرسانى ئێرانى توڕه‌ كردبێت، كاتێك له‌ رێگایه‌كى سه‌ره‌كى زانكۆكه‌ ئاڵاى ئه‌مریكا و ئیسرائیل كێشراوه‌، بۆئه‌وه‌ى خوێندكاران به‌سه‌ریدا هاتوچۆ بكه‌ن، به‌ڵام خوێندكاران ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ به‌سه‌ر ئاڵاكه‌دا هاتوچۆ بكه‌ن له‌ لاته‌نیشته‌كانى رێگاكه‌وه‌ ده‌چن و درووشمى توند دژى ئه‌و چه‌ند كه‌سه‌ كه‌مه‌ ده‌ڵێنه‌وه‌، كه‌ به‌سه‌ر ئاڵاكه‌دا هاتووچۆ ده‌كه‌ن. 

رووداوى نامۆى ناڕه‌زاییه‌كانى ئه‌مجاره‌، ده‌ستگیركردنى باڵیۆزى به‌ریتانیا بوو به‌ گوته‌ى عه‌باس عێراقچى بۆماوه‌ى ١٥ خوله‌ك هێزە ئەمنییەکان ده‌ستگیریان كردووه‌، به‌تۆمه‌تى به‌شداریكردن له‌ "خۆپیشاندانى نایاسایى"وه‌ك كه‌سێكى بیانى نه‌ناسراو، به‌ڵام كاتێك ناسنامه‌كه‌ى ناسراوه‌ته‌وه‌ ده‌ستبه‌جێ ئازادكراوه‌. 

ئێران بابه‌تى بوونى ئه‌و باڵیۆزه‌ى له‌ نزیك خۆپیشانده‌ران گه‌وره‌كرد، وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ به‌فه‌رمى رۆبه‌رت ماكییر باڵیۆزى به‌ریتانیاى له‌ تاران به‌فه‌رمى بانگهێشت كرد، به‌ هۆكارى"هه‌ڵسوكه‌وتى ناباو و ئاماده‌بوونى له‌ كۆبوونه‌وه‌ى نا یاسایى"، به‌پێى پێگه‌ى فارس نیوز به‌فه‌رمى نوسراوى ناڕه‌زایى رووبه‌ڕووى حكومه‌تى به‌ریتانیا كراوه‌ته‌وه‌و داواى روونكردنه‌وه‌ له‌ له‌نده‌ن كراوه‌.

پێده‌چێت تاران هه‌ستیارى زۆرى به‌م بابه‌ته‌ هه‌بێت، هه‌ردواى رووداوه‌كه‌ خۆپیشاندانێك بۆ به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ى به‌ریتانیا رێكخرا كه‌ لایه‌نگرانى ده‌سه‌ڵات بوون، ئه‌وان به‌ توڕه‌یى زۆره‌وه‌ داواى ده‌ركردنى باڵیۆز و داخستنى باڵیۆزخانه‌یان كرد، دروشمه‌كانیان دژى"به‌شدارى روبه‌رت بوو له‌ خۆپیشاندان"، ئه‌گه‌رچى به‌ڵگه‌ى پشتڕاستكراوه‌ نییه‌ كه‌ باڵیۆزى به‌ریتانیا به‌شدارى خۆپیشاندانه‌كان بووبێت. خۆپیشانده‌ران به‌ وێنه‌ى خامنه‌یى و قاسم سوله‌یمانى و ئاڵاى ئێرانه‌وه‌، دروشمیان گوته‌وه‌، دژایه‌تى خۆیان ده‌ربڕى بۆ باڵیۆزى به‌ریتانیا و بوونى ئه‌ویان له‌ نزیك خۆپیشانده‌ران به‌ "هه‌نگاوى پیس" وه‌سفكرد.

ناڕه‌زاییه‌كانى ئه‌مجاره‌ى ئێران، له‌ماوه‌ى چه‌ند كاتژمێرێكدا به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو ته‌شه‌نه‌ى سه‌ند، ناوچه‌ كوردییه‌كانیش بێ جموجوڵ نه‌بوون، پێده‌چێت چه‌ند رۆژى داهاتوو ناڕه‌زاییه‌كان پێ بنێنه‌ قۆناغێكى قورستر بۆ ده‌سه‌ڵاتى ئێران، كوژاندنه‌وه‌ى ئاگره‌كه‌ ئه‌مجاره‌ ره‌نگه‌ ئاڵۆزتربێت بۆ تاران، به‌تایبه‌ت دواى خسته‌ خواره‌وه‌ى فڕۆكه‌ ئۆكرانییه‌كه‌و كوشتنى ١٧٦ سه‌رنیشین(ئێران ده‌ڵێت به‌هه‌ڵه‌ كراوه‌ته‌ ئامانج)، وڵاتان به‌جارێك رووى لۆمه‌یان له‌ ئێرانه‌ و هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ش له‌ رێككه‌وتنى ئه‌تۆمى ئه‌وه‌نده‌ى دیكه‌ قوڕه‌كه‌ى خه‌ستكردووه‌و  فشارى زۆرى نێوده‌وڵه‌تى له‌سه‌ره‌. 

ئایا ئێران ئه‌مجاره‌ش به‌ هێزو خوێن ناڕازییه‌كان كپ ده‌كات؟ یاخود توڕه‌یى په‌نگخواردوو به‌ یه‌كجارى ده‌ته‌قێته‌وه‌و دەسەڵات دەسوتێنێت؟