ڕاپۆرتی کوردستانی

07:23 - 08/01/2020

ڕووسیا نەخشەڕیگایەکی بۆ چارەسەری کێشەکانی کورد و ڕژێمی سوریا ئامادەکرد‌

پەیسەر

لە سەرەتای شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان و ئاڵۆزییەکانی سوریا، بەڕێوەبەری خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان بە بەردەوامی ئامادەیی خۆی نیشانداوە، لەگەڵ ڕژێمی بەشار ئەسەد بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکان و کورتکردنی دەستی دەرەکی لەو وڵاتە دانوستان بکات.

بەڵام لە هەموو قۆناغەکاندا ڕژێمی سوریا لە دانوستان خۆی بە دوور گرتووە و ئەکتەری سەرەکی پشت ڕژێمیش کە ئاراستەی دەکات ڕووسیایە.

بە ئامانجی چارەسەری کێشەکانی سوریا و کۆتاییهاتن بە قەیرانەکان کۆبوونەوەی زۆر بەڕێوەبران. لەوانە کۆبوونەوەی جنێڤ، سوچی و ئەستانا بوو کە کۆبوونەوەکانی جنێف بە سەرۆکایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆبوونەوەکانی ئەستانان و سوچیش لە نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی ڕووسیا و حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران بەڕێوەچوون.

دانوستانەکانی پرسی دروستکردنی کۆمیتەی دەستووری بنەڕەتی سوریا بە ئەندامێتی ١٥٠ کەس لەنێوان ڕژێمی سوریا و لایەنە ئۆپوزسیۆنەکانی ئەو وڵاتە و نوێنەری ولاتە زلهێزەکانی جیهان، مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو کۆتایی هات.

هەوڵدرا ڕژێمی سوریا و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و نزیکەی ٥٠ وڵاتی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا، لە ڕێگەی دەستوورێکی نوێ کۆتایی بە قەیرانی سوریا بهێنن، بەڵام تا ئێستاش جیهان بە هۆی بەرژەوەندیەکانیانەوە لە سوریا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.

ئەو کاتە بەڕێوەبەریی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاند، پێکهێنانی کۆمیتەی نووسینەوەی دەستوور لەلایەن دەوڵەتانی ئاستانەوە پەسەندکراوە و لە لوتکەی سێ قۆڵیی رووسیا و ئێران و تورکیادا راگەیەندرا،  ئەوە هیچ ڕەواییەکی بۆ گەلی سوریا نییە، دوورخستنەوەی نوێنەرانی ٥ ملیۆن گەلی سوریایە لە چارەسەریی سیاسی، مەترسییەکی  گەورەش لەسەر داهاتووی سوریا دروست دەکات.

بەڕێوەبەرایەتی ڕۆژئاوا و باکووری سوریا دەسەڵاتی بە سەر لەسەدا ٣٠ خاکی سوریادا هەیە. لە ڕووی سەرچاوکانی ئاو و سەرچاوە سروشتیەکان و کشتوکاڵەوە زۆربەی پێداویستیەکانی سوریا دابین دەکات.

پێکهاتەکانی باکووری سوریا لە سەرەتادا گەلی کورد بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانیان بە هەزاران شەهیدیان داوە و تا ئێستاش تێکۆشانی گەلانی باکووری سوریا لە چوارچێوەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیکدا بەردەوامە.

ڕۆژئاوا و باکووری سوریا خاوەنی نزیکەی ٧٥ هەزار شەرڤانن. لە لایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بە تایبەتی ئەمریکاوە پشتگیری لێدەکرێت. خاوەنی ژمارەیەکی زۆر لە چەکی قوڕس و پێشکەوتووە.

لە لایەکی ترەوە، خاوەنی سیستمی خوێندنی پێشکەوتوو و بە دەیان هەزار خوێندنگا و زانکۆیە. پەیوەندیەکی دیپلۆماسی زۆری لە گەڵ وڵاتانی جیهاندا هەیە و زۆر جار لە لایەن وڵایە زلهێزەکانەوە پێشوازیان لێکراوە.

بەو پێیە داڕشتنی دەستوورێکی بنەڕەتی بە بێ ئامادەبوونی نوێنەرانی پێکهاتەکانی ڕۆژئاوا و باکووری سوریا، سەرکەوتوونابێت و بەو هەوڵانە نەک دەتوانرێت نەخشەی ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری سوریا بسڕێتەوە، بەڵکو هۆکارێکی بۆ پارچەبوونی لەسەدا ٣٠ خاکی سوریا.

دەریش كەوتووە کۆبوونەوەکانی دەرەوەی کورد لە سەر ئاستی جیهان شکستییان پێهاتووە و وەک ڕۆژئاوای کوردستان دەڵێت، 'چارەسەری کێشەی سوریا و کۆتاییهاتنی قەیرانەکان بە دانوستانێکی سوری – سوری لە نێوان پێکهاتەکانی سەرەکی سوریا دەبێت و نابێت کورد لە هاوکێشەکاندا دووربخرێتەوە.

پێدەچێت ڕووسیا ئێدی هەستی بە هەڵەکانی ڕابردوو کردبێت و بەو هۆیەوە خەریکی نێوەندگیریە لە نێوان بەرێوەبەری خۆسەری دیموکراتیکی ڕۆژئاوا و باکووری سوریا.

نەخشەڕێگای ڕووسیا بۆ دانووستانی نێوان خۆبەڕێوەبەری و ڕژێمی سوریا
ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت ڕایگەیاندووە، مانگی ڕابردوو شاندێکی ڕووسی لەگەڵ نوێنەرانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کۆبووەتەوە و شاندە ڕووسیەکە نەخشەڕێگایەکی پێ بووە کە لە چەند خاڵێک پێکهاتووە بۆ ناوبژیوانی و دانووستانی نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و ڕژێم.

ئەو ڕۆژنامەیە ناوەڕۆکی نەخشەڕیگاکەی ئاشکرا کردووە و دەڵێت، لە نەخشەرێگاکەدا ئەم خاڵانە هەیە:
١-بەشداریکردنی نوێنەرانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە لێژنە دەستورییەکاندا.
٢- نوێنەرایەتیکردنی بزووتنەوەی سیاسی کورد لە حکومەتی سوریا.
٣- جێگیرکردنی پاسەوانی سنووری حکومەتی سوریا بە درێژایی سنوور لە سێمالکاوە تا منبج.
٤- دەستپێکردنی دانوستان لەنێوان حکومەتی سوریا و خۆبەرێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.
٥- پێکهێنانی لێژنەی هاوبەشی ئابووری و سەربازی.
٦- دەرکردنی بەڵگەی فەرمی بۆ کورد.
٧- دەرکردنی بەڵگەی پەروەردەیی فەرمی بۆ خوێندکارانی خوێندنگە کوردییەکان.
٨- هەماهەنگیکردن بۆ بەکارهێنانی داهاتی وزە، بە دیاریکراویش بەنداوی فورات.
٩- دەرچوونی سوپای سوریا لە خوێندنگە و کۆمەڵگە پەروەردەییەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی.
١٠-  کردنەوەی ڕێگەی وشکانی کە شاری حەلەب بە عێراق دەبەستێتەوە کە لە شارۆچکەی ئەلبوکەمال تێدەپەڕێت.

هەوڵەکانی ڕووسیا کەی دەستیپێکردووە
بە پێی زانیاریەکان شاندەکەی ڕووسیا سەرەتا لە ٢٥ و ٢٦ی کانونی یەکەمی ٢٠١٩ سەردانی دیمەشقی کردووە و دواتر لە هەمان رۆژی ٢٦ی مانگ سەردانی قامشلۆیان کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی بەڕێوەبەری خۆسەریدا کۆبوونەتەوە.

لە کۆبوونەوەی شاندی ڕووسیا و لایەنی کوردیدا باسی چی کراوە؟
لە کۆبوونەوەکەدا باسی چارەنووسی حەوت خۆبەڕێبەرایەتی خۆجێیی ڕۆژئاوای کوردستان کراوە. لایەنی کوردی ڕایگەیاندووە، پێویستە ڕێز لە تایبەتمەندیەکانی هیزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و ئاسایش و هێزەکانی ناوخۆ بگیرێت و مامەڵەی فەرمیان لەگەڵدا بکرێت. نابێت ڕژێمی سوریا وەک تاکلایەنە هەوڵی پاراستن و کۆنتڕۆلکرندی ناوچەکان بکات و پێویستە ڕۆڵی هێزە سەربازیە کوردییەکان لەبەرچاو بگریێت و بە پێچەوانەیەوە ئاڵۆزی لێدەکەوێتەوە. لایەنی کوردی تەئکیدی لەسەر بەشداریپێکردنی هەموو کەمەنەتەوایەتیاکن لە سوریای داهاتوودا کردووە.

لە لایەکی ترەوە بەرپرسێکی باڵای ڕۆژئاوای کوردستان کە نەیویست ناوێ ئاشکرا بکرێت، هەواڵی هەوڵەکانی ڕووسیای بۆ نزیککردنی ڕژێم و کوردی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند، مەرجێکی تری کورد ئەوەی کە بەیەکەوە هەوڵ بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانە بدرێت کە لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە داگیرکراون.

پڕۆژەی کورد چییە و ئایا نەخشەڕێگای ڕووسیا لەگەڵی یەکدەگرێتەوە
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموکراتیک، ڕۆژئاوای کوردستان لە سەر پڕۆژەی عەبدوڵلا ئۆجالان ڕیبەری پەکەکە بەڕێوەدەبات کە پڕۆژەکەی (سیستمی خۆسەری دیموکراتیکە).

ئۆجالان ئەو پڕۆژەیە وەک پڕۆژەی چارەسەری پرسی کورد لە چوار پارچەی کوردستان پێناسە دەکات و لایەنی سیاسی، ئابۆری، کلتوری، پاراستن و کۆمەڵایەتی ئەو پڕۆژەیە بە ڕوونی شیکردووەتەوە و ئیدارەی ڕۆژئاوای کوردستانیش جێبەجێی دەکات.

سیستمی خۆسەری دیموکراتیک  چییە؟
چەند لایەنێکی ئەم پڕۆژەیە هەیە کە ئەمانەن:
یەکەم- لایەنی سیاسی: پێویستە کۆنگرەی گەل هەبێت. ناوی کۆنگرەکە، کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتییە. بەڕێوەبەرایەتیەکی ئەو کۆنگرەیە هەیە.
دووەم- لایەنی یاسایی: ئەم لایەنە یاساکانی پڕۆژەی خۆسەری دیموکراتیک ڕێکدەخاتەوە. واتە هەر ناوچەیەک لە ڕووی یاساییەوە خاوەنی چ پێگەیەک دەبێت؟ پێگەکان دیاریدەکرێن و مافەکانیان لە دەستووری بنەڕەتیدا جێگیردەکرێن. بە یاساکان چوارجێوەی خۆسەری دیموکراتیک دیاریدەکرێن.
سێیەم- لایەنی  ئابوری: بۆ ئەوەی نەتەوەیەکی دیموکرات دروست ببێت، پێویستە سیاسەتی ئابۆریش هەبێت. پێویستە هەر نەتەوەیەک و پێگەیەک خاوەن سیاسەتی ئابۆری خۆی بێت.
چوارەم- لایەنی کلتوری: ئەم لایەنە پەیوەندی بە کلتور، زمان، پەروەردە بە زمانی دایک، مێژوو و هونەرەوە دەبێت. پەیوەندی نێوان زمانی کورد و زمانە بیانیەکان چۆن دەبێت؟ ئەم لایەنە بۆ پاراستنی نەتەوەکانە کە کۆمەڵکوژی کلتوری.
پێنجەم- لایەنی پاراستنی ڕەوا: ئەم لایەنە پێی دەوترێت پاراستنی ئاسایش. پێویستە دیاریبکرێت، کورد چۆن لە کۆمەڵکوژیەکان دەپارێزرێن. لە ڕووی سەربازیەوە کورد لە چ ئاستێکدا دەبێت؟
شەشەم- لایەنی دیپلۆماسی: ئەم لایەنە پەیوەندی نێوان کورد و نەتەوەکانی تر ڕێکدەخات. هەڵدەستێت بە رێکخستنی پەیوەندی نێوان کوردانی پارچەکانی تر و وڵاتانی دراوسێ.
ئەگەر پڕۆژەی خۆسەری دیموکراتیک کە ڕۆژئاوای کوردستانی لەسەر دامەزراوە و نەخشەڕێگای ڕووسیا بەراورد بکەین، دەبینین هەندێک خاڵی هاوبەشی تێدایە و بە پێی ئەو داواکاریانەی کە کورد لە کۆبوونەوەکدا پێشکێشی کردووە، ئەگەر ڕژێمی سوریا ڕازی ببێت و دانوستانەکان لەسەر بناغەی یەکتر قبوڵکردن بێت، هیوای ئەوە هەیە، لە داهاتوودا کێشەکان تا ڕادەیەکی باش چارەسەر بکرێن.