ڕاپۆرتی کوردستانی

07:16 - 07/01/2020

ئێران خوێنى سوله‌یمانى له‌ گه‌ردنى كورده‌وه‌ ده‌ئاڵێنێت؟‌

پەیسەر

ئێرانییه‌كان ده‌ڵێن بۆئه‌وه‌ى به‌رچاو روونییان هه‌بێت كه‌ رێبه‌رى ئێران به‌ نیازى چییه‌ و  ئێران به‌ چ ئاقارێك ده‌بات، ده‌بێت رۆژنامه‌ى كه‌یهان بخوێننه‌وه‌، كه‌یهان پێش ده‌سه‌ڵاتى كۆمارى ئیسلامى له‌ئێران رۆژنامه‌ى فه‌رمى  شا بوو، ئێستاش رۆژنامه‌ى نوسینگه‌ى رێبه‌رى باڵاى شۆڕشى ئیسلامى عه‌لى خامنه‌ییه‌. كه‌یهان هه‌واڵێكى وه‌ك بۆمب له‌پێگه‌ى خۆى داناوه‌و هه‌رێمى كوردستانى ئاڵاندووه‌ له‌ دۆسیه‌ى كوژرانى قاسم سلێمانییه‌وه‌، ئه‌و چه‌ند دێره‌ خێرا دوودڵى خسته‌ نێو شه‌قامى سیاسیى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، دره‌نگانى شه‌و حكومه‌تى باشوورى كوردستان به‌په‌له‌ روونكردنه‌وه‌ى بڵاوكرده‌وه‌. نێچیرڤان بارزانیش به‌زمانى فارسى نامه‌یه‌كى فه‌رمى به‌ناوى گه‌لى كوردستانه‌وه‌ ئاڕاسته‌ى خامنه‌یى كرد. 

هه‌واڵه‌كه‌ى كه‌یهان بنه‌ماى ورد و درووستى نییه‌، چونكه‌ باس له‌ تویته‌كه‌ى مایك پۆمپیۆ ده‌كات، گوایه‌ له‌ تویته‌كه‌دا سوپاسى مه‌سرور بارزانى كردووه‌ كه‌ هاوكارییان بووه‌ له‌ پرۆسه‌ى كوشتنى سوله‌یمانى، به‌ڵام ده‌قى تویته‌كه‌ شتى له‌وجۆره‌ى تێدا نییه‌، به‌ڵكو پۆمپیۆ ده‌ڵێت:"لە وتوێژەکەی ئەمڕۆم لەگەڵ مەسرور بارزانی، ئێمە تاوتوێی کردەوە بەرگریکارییەکەی دوێنێ و پابەندبوونمان بە ئاڵۆزنەکردنی زیاتری ڕەوشەکە کرد. من سوپاسی هاوبەشی بەردەوامی ئەوم کرد. ئێمە هاڕابووین لەسەر پێویستی هاریکاری بەردەوام".

قسه‌كانى پۆمپیۆ سه‌باره‌ت به‌"هه‌ماهه‌نگى" و "هاوبه‌شى به‌رده‌وام" ده‌كرێت بۆ ئێران جێگه‌ى نیگه‌رانى و گومان بن، به‌ڵام ئاخۆ كه‌یهانى رێبه‌ر بۆچى ته‌فسیرى هه‌واڵه‌كه‌ى به‌وجۆره‌ داناوه‌؟ هه‌واڵى قورسى له‌م بابه‌ته‌ له‌ پێگه‌ى خامنه‌ییدا بێ مه‌به‌سته‌؟ ئێرانییه‌كان ده‌یانه‌وێت له‌رێگه‌ى هه‌واڵه‌كه‌وه‌ چى بڵێن؟ ئایا تاران مه‌به‌ستى دروستكردنى فشاره‌ یاخود به‌ كرده‌وه‌ به‌نیازى ئاڵاندنى كورده‌ له‌ ئاگرى خوێنى قاسم سلێمانییه‌وه‌؟ تۆمه‌تى واقورس بۆ هه‌رێمێك كه‌ به‌رپرسه‌كانى به‌ گه‌رمى له‌ پرسه‌كه‌ى سلێمانى وه‌ستاون به‌ ته‌نیشت ئێرانه‌وه‌ هاسۆزییان ده‌ربڕیوه‌ بۆچى؟ 

به‌شدارى چڕوپڕى پارتى

له‌نێو پارته‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و تاڕاده‌یه‌ك عێراقیش، پارتى له‌هه‌مووان گه‌رموگوڕتر به‌شدارى پرسه‌كه‌ى سلێمانى كرد، نوێنه‌رى مه‌سعود بارزانى سیداد بارزانى به‌شداریكردوو په‌یامى بارزانى گه‌یاند، ئه‌دهه‌م بارزانیش به‌شداربوو، شاندێكى باڵاى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى به‌ سه‌رۆكایه‌تى فازڵ میرانى به‌شداربوون، ته‌نانه‌ت فازڵ میرانى دواى به‌شدارییان قسه‌ى بۆ راگه‌یاندنه‌كان كرد و وه‌سفى زۆرى سولەیمانی كرد و هاوخه‌مى پارتى دوپاتكرده‌وه‌، شاندێكى پارتى له‌ حكومه‌ت به‌ سه‌رۆكایه‌تى رێبه‌ند ئه‌حمه‌د و ئه‌ندامێتى سه‌فین دزه‌یى نه‌وزاد هادى به‌شداربوون، هۆشیار سیوه‌یلى به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌كانى پارتى به‌شداربوو. تاك و ته‌را به‌رپرسانى ترى پارتى به‌شداربوون، نێچیرڤان بارزانى وه‌ك سه‌رۆكى هه‌رێم دوو راگه‌یه‌ندراوى هه‌بووه‌و به‌ناوى گه‌لى كوردستانه‌وه‌ به‌زمانى فارسى هاوخه‌مى خۆى راگه‌یاندووه‌. جگه‌ له‌وانه‌ش ئارى هه‌رسین ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى پارتى، گوتارێكى نوسى كه‌ تێیدا وه‌سفى زۆرى سولەیمانی كردبوو، به‌ "گیڤاراى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست" ناوى هێنابوو هه‌ندێك پێیان وایه‌ وه‌سفه‌ زۆره‌كانى له‌خۆوه‌ خۆسه‌رى نه‌بووه‌و پێى گوتراوه‌. 

به‌پێچه‌وانه‌وه‌ حزبه‌كانى دیكه‌، ته‌نانه‌ت یه‌كێتى له‌سه‌ر به‌ره‌ى ئێرانییه‌كان حسابه‌، هیچ راگه‌یه‌نراوێكى نه‌بوو ته‌نها به‌ شاندێك به‌شدارییان كرد و هیچ لێدوانێكیان نه‌دا، حزبه‌كانى دیكه‌ش گه‌رموگوڕى زۆریان پێوه‌دیار نه‌بوو، به‌ڵام به‌شدار بوون و هاوخه‌مییان گه‌یاند. 

ئه‌و هه‌موو هاوسۆزییه‌ى پارتى جێگه‌ى پرسیاره‌، ئایا پارتى هه‌ستیارى هه‌یه‌ و ترسى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ گه‌ردنى بئاڵێت، یاخود به‌ هه‌لى ده‌زانێت كه‌ خۆى نزیكتر بكاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئێران، چونكه‌ پێیان وایه‌ ئه‌مریكا نیازى روخانى ئێرانى نییه‌؟

گریمانه‌كانى تۆمه‌ته‌كه‌ى رێبه‌ریى  
یه‌كه‌م؛ تاران ده‌یه‌وێت له‌رێگه‌ى ئه‌وجۆره‌ هه‌واڵانه‌وه‌ فشار له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان درووست بكات، تا له‌به‌ره‌ى ئه‌مریكا بێنه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌تایبه‌ت باس له‌وه‌ده‌كرێت ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ دانیشتنێكی تری په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌بچێت، ئه‌مجاره‌یان بۆ ده‌ركردنى یاسایه‌ك بێت بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى رێككه‌وتنى واشنتۆن و به‌غدا. ئه‌مه‌ گریمانه‌یه‌كى لاواز نییه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌رچى كورد له‌ دانیشتنى رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ى په‌رله‌مان به‌شدارینه‌كرد، به‌ڵام هێشتا به‌ره‌كان به‌ته‌واوى ساغ نه‌بوونه‌ته‌وه‌و كورد جه‌خت له‌ بێلایه‌نى ده‌كاته‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ش به‌رپرسانى هه‌رێم هاوسۆزى قوڵیان بۆ كوشتنى سلێمانى ده‌ربڕیوه‌و به‌گه‌رمى به‌شدارى پرسه‌ى سلێمانییان كرد.

دووه‌م؛
ئێران پێى وایه‌ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانى ئاماده‌كارى ده‌كه‌ن، بۆئه‌وه‌ى به‌چڕى و به‌ تواناى زیاتره‌وه‌ بێنه‌ هه‌ولێر و هه‌رێمى كوردستان بكه‌نه‌ هه‌وارى نوێ و جێگه‌ى عێراقى پێ بگرنه‌وه‌. ئێران وابیرده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان بۆ واشنتۆن ماڵێكى ئارامه‌ و له‌ هه‌رێمه‌وه‌ مه‌ترسى له‌سه‌ر ئێران زیاتر ده‌كه‌ن، تاران ده‌یه‌وێت له‌ئێستاوه‌ ئاماده‌كارى بكات بۆ ئه‌و قۆناغه‌و دژایه‌تى خۆى بۆ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕێت. تاران له‌ پشتى په‌رده‌شه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستان ناردووه‌، په‌یامێكى تایبه‌تى بۆ یه‌كێتیش ناردووه‌ كه‌ به‌م هه‌نگاوانه‌ى ئێستا رازى نابن.  ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ گریمانه‌كان.

سێیه‌م؛
په‌نجه‌ى تۆمه‌ت له‌ هه‌واڵى پێگه‌كه‌ى رابه‌ردا ته‌نها رووى له‌ مه‌سرور بارزانییه‌ و هه‌واڵه‌كه‌ به‌رۆكى پارتى ده‌گرێت، خوێندنه‌وه‌ى ئه‌وه‌شى بۆ ده‌كرێت كه‌ ئه‌مه‌ له‌چوارچێوه‌ى ئه‌و هه‌وڵانه‌ى ئێران بێت كه‌ بۆ دووكه‌رتكردنى هێزه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێم ده‌یدات، له‌دۆخێكى وادا یه‌كێتى نه‌ ئاماده‌یه‌ گومانه‌كانى ئێران ره‌تبكاته‌وه‌، نه‌ ئاماده‌یه‌ هیچ به‌رپرسیارێتییه‌ك هه‌ڵبگرێت. زانیارى هه‌یه‌ كه‌ ئێران به‌ تایبه‌ت په‌یامى بۆ یه‌كێتى هه‌بووه‌و یه‌كێتیش وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌رێنى هه‌بووه‌ بۆ خواسته‌كانى ئێران.

چواره‌م؛ ئێران بییه‌وێت گۆڕه‌پانى هه‌رێمى كوردستان بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ له‌ ئه‌مریكییه‌كان به‌كار بهێنێت، بۆیه‌ش له‌ئێستاوه‌ ئاماده‌كارى بكات و پروپاگه‌نده‌كان ده‌ست پێبكات، تا هه‌رێم به‌هاوكار و هاوبه‌شى واشنتۆن له‌كرده‌ى كوشتنى سلێمانى پێناسه‌ بكات. یه‌كێك له‌ بڕیاره‌كانى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى په‌رله‌مانى ئێران له‌پاڵ به‌ تیرۆریست ناساندنى سوپاى ئه‌مریكا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت تۆڵه‌ له‌وانه‌ش بكرێته‌وه‌ كه‌ له‌داهاتوو رون ده‌بێته‌وه‌ ده‌ستیان له‌ پرسه‌ى كوشتنى سلێمانى هه‌بووه‌. سه‌باره‌ت به‌م گریمانه‌یه‌ له‌هه‌رێمى كوردستان ده‌ستى میلیشیاكانى شیعه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌هێز نییه‌، ئه‌گه‌ر ئێران هێرشى راسته‌وخۆش بكات ئه‌وه‌ زیانى زۆر ده‌كات و ئه‌مریكا بێده‌نگ نابێت. به‌ڵام ئێران له‌ دۆخێكدایه‌ په‌رچه‌ كردارى گره‌نتى ناكرێت. 

پێنجه‌م؛ یه‌كێك له‌ گریمانه‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و هه‌واڵه‌ى پێگه‌ى رێبه‌رى له‌چوارچێوه‌ى ئه‌و هه‌واڵ و راپۆرتانه‌ بێت كه‌ پێشتریش له‌سه‌ر پارتى و بنه‌ماڵى بارزانى كردوویانه‌، پێشتریش چه‌ند نمونه‌یه‌ك هه‌بووه‌ كه‌ هه‌واڵیان دژى پارتى ئاماده‌ كردووه‌، بۆ نموونه‌ كاتێك مه‌سرور بارزانى و نێچیرڤان بارزانى سه‌ردانى قه‌ته‌ریان كرد بۆ بینینى پێشبڕكێى فۆرمۆلاوه‌ن، كه‌یهان هه‌واڵێكى بڵاوكرده‌وه‌ و گوتى، له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ى دوو بارزانییه‌كه‌ سێ فڕۆکەی پڕ چه‌ك له‌ قه‌ته‌ره‌وه‌ هاتووه‌ته‌ هه‌ولێر كه‌ حكومه‌تى عێراق ئاگاداری نه‌بووه‌، ئه‌مه‌ گریمانه‌ى به‌هێزه‌، چونكه‌ ئێران ئێستا ئیشى زۆرى به‌ هه‌رێمى كوردستانه‌، شاره‌كانى هه‌رێم سه‌دا ٧٥ی هاورده‌ى خۆیان له‌ئێرانه‌وه‌ ده‌كه‌ن. 

شه‌شه‌م؛ هه‌ڕه‌شه‌یه‌و به‌س، ئێرانییه‌كان یه‌كه‌م جار نییه‌ هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كه‌ن، تاكوته‌را به‌رپرسانى ئێران به‌ ناڕاسته‌وخۆ ده‌ڵێن، هاوكاره‌كانى ئه‌مریكا باجى په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ واشنتۆن ده‌ده‌ن. هه‌ڕه‌شه‌و هۆشدارییه‌ به‌هه‌رێم به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ جێبه‌جێكردنى پێناچێت ئێران له‌دۆخێكدا بێت هه‌ڕه‌شه‌كان هه‌موویان به‌جارێك بكاته‌ واقیع.