05:35 - 07/01/2020
بە بڕیاری ئەتاتورک و بە برینداری لە گەڵ شێخ سەعید لە سێدارەدرا
لە ناو گەلی کورددا لە چوار پارچەی کوردستان، ئەرکی
پێشەنگایەتی و سەرۆکایەتی بۆ ژمارەیەک زۆر کەسایەتی ماوەتەوە، هەندێکیان ئەو
ئەرکەیان بە باشی جێبەجێ نەکردووە یان لە ترسی دوژمن یا خۆد بەرژەوەندیەکانیان، بە
شێوەیەکی ڕاست و دروست پیشەنگایەتی شۆڕشە نەتەوەییەکانیان نەکردووە و هەندێکیان بە
خیانەتکاریش دەناسرێن، بەڵام هەندێک کەسایەتیش تا دواهەناسەی خۆیان خەباتیان
لەپێناو نەتەوەکەیاندا کردووە و لەو رێگەیەشدا گیانی خۆیان فیدا کردووە.
یەکێک لەو کەسانەش کە تا دواساتی شەهیدبوونی، سەری
بەرامبەر کەمالیستەکان دانەنەواندووە و لەسەر هزر و ئامانجەکانی سوور بووە (ساڵح
بەگی هێنییە).
ساڵح بەگی هێنی کە خەڵکی ناوچەی هێنێی سەر بە پارێزگای
ئامەدی باکووری کوردستانە، یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانی (شێخ سەعیدی پیران) بووە. شێخ
سەعید لە هەموو بڕیارەکاندا ڕاوێژیپێکردووە و وەک سندوقە ڕەشەکەی شێخ دەناسرێت.
ساڵح بەگ لە سەردەمی عوسمانییەکاندا قازی و فوتوادەری
ناوچەی ئەرخەنی و مەعدەنی ئامەد بووە. بەڵام بە هۆی فشاری عوسمانییەکان چەندین جار
لە پۆستەکانی دەستیلەکارکێشاوەتەوە و بەو هۆیەش ناکۆکی لە گەڵ عوسمانییەکاندا
هەبوو.
ساڵح بەگ لە سەردەمی کەمالیستەکاندا
ساڵح بەگ لەگەڵ لاوازبوونی دەوڵەتی عوسمانی لە سەرەتای
ساڵی ١٩٠٠ دا بە تەواوی لە عوسمانیەکان دوورکەوتووەتەوە و دەستی بە خەباتی
نەتەوەیی و ئایینی کردووە. پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ ڕێکخراوە کوردییەکاندا
بەستووە و لەگەڵ شێخ سەعیدیش پەیوەندییەكانی پتەو کردووە.
ساڵح بەگ لە ساڵی ١٩٠٩ دا بووەتە ئەندامی ڕێکخراوی
تەعاون و تەرەقی کورد و لە ناو خەڵکیدا دەستی بە بانگەشەی کوردایەتی کردووە و
خەڵکی بەرامبەر عوسمانیەکان هوشیار کردووەتەوە. لەو سەردەمەدا گوتار و پەخشان و
شیعری زۆریشی لە ڕۆژنامە و بڵاوکراوە کوردییەکاندا بە زاراوەکانی کورمانجی و
زازاکی بڵاو کردووەتەوە.
ڕۆڵی سەعید بەگ لە شۆرشی شێخ سەعیدی پیراندا
لە ساڵەکانی نێوان ١٩١٤ بۆ ١٩١٨ واتە لە ساڵەکانی جەنگی
جیهانی یەکەمیندا بە شێوەیەکی چالاک بەشداری لە هەوڵەکانی بەرەوپێشەوەبردنی هەستی
نەتەوایەتی لە ناو خەڵکی باکووری کوردستاندا کردووە. بەو هۆیەوە شێخ سەعید وەک
هاوکارێکی خۆیی بینیوە و لە هەموو بڕیارەکانیدا ڕاوێژی پێکردووە.
ھاوینی ١٩٢٣ یوسف زیبا کە سەرۆکێکی بزوتنەوەی کورد و
نوێنەری کۆنی شاری بەتلیس بووە لە پەرلەمانی تورکیادا، چووەتە خزمەتی شێخ سەعید و ڕێکەوتوون
لەسەر ئەوەی بڕیاری ھەڵگیرسانی شۆڕشێکی نوێ بدەن. لە زستانی ١٩٢٣ تا ١٩٢٤ سەرۆک
ھوزەکان لە ناوچەی پاڵووی ئامەد کۆدەبنەوە و بڕیار لەسەر خۆئامادەکردن بۆ شۆڕش دەدەن.
ساڵح بەگ لەو کاتەدا یەکێک لە کەسایەتیە هەرە دیارەکان
بووە و توانیویەتی هۆزە کوردییەکان لە دەوری شێخ سەعید کۆبکاتەوە و بەشداری شۆڕشیان
پێبکات.
ساڵح بەگ لە شۆڕشدا ئەرکی بانگەشە و ڕێکخستنیی خەڵکی
دەگرێتە ئەستۆ و گرنگییەکی زۆر بە پەروەردەکردنی خەڵک لەسەر بنەمای نەتەوایەتی و
ئایینی دەدات.
لە مانگی شوباتی ساڵی ١٩٢٥ کاتێک بە هۆی کێشەیەکەوە شەڕ لە
نێوان هێزەکانی شێخ سەعید و سوپای تورکیادا ڕوویدا و ئەو شەڕە بوو بە دەستپێکی
شۆڕش، ساڵح بەگیش لە ناوچەی هێنێ دەستی بە شۆڕش کرد و لەدژی سوپای تورکیا دەستی بە
شەڕ کرد.
ساڵح بەگ دواتر خۆی گەیاندە شێخ سەعید و چەند مانگێک
بەیەکەوە شەڕەکەیان بەڕێوەدەبرد. بەڵام لە کۆتاییدا و بەهۆی تێکچوون و لاوازی
شۆڕشەوە و هێرشی فراوانی سوپای تورکیادا، بە برینداری کە گولەیەک بەر قاچی کەوتبوو
لەگەڵ هەندێک لە ئەندامانی خێزانەکەی دەکەوێتە دەستی سوپای تورکیا.
ساڵح بەگ و حەسەنی كوڕی كە تەمەنی ١٤ ساڵ بووە و براکەی
حاجی عەلی و مستەفا بەگی كوڕی، نەوەی حاجی عەلی بە ناوی مستەفا و بوكەكەیی و
كچەكەی و کرێکارێکی ماڵەکەیان، لە لایەن حکومەتەوە بەدیل دەگیرێن.
بەر لەوەی ساڵح بەگ لەسێدارە بدەن، کوڕێکی بە ناوی
مەحمود بەگ کە ئەویش لە شەڕدا بەدیل گیرابوو، لەبەرچاوی لەسێدارەدەدەن و ١٥ ساڵ
سزای زیندانی بەسەر حەسەنی کوڕیدا دەسەپێنن.
دواتر ساڵح بەگ و شێخ سەعید و ٤٠ کەسی تر لە مەیدانی
(دەریێ چیێ) لە ناوەڕاستی ئامەد لەسێدارەدەدرێن.
لەبەرئەوەی لەناو ئەو کەسانەی کە بڕیاری لەسێدارەدانیان
بەسەرداسەپێنرابوو منداڵ هەبوو. ساڵح بەگ لە گۆڕەپانی (دەریێ چیێ) دا بە دەنگی
بەرز بە زاراوەی زاکاکی دەڵێت، 'ئەمبازەنێ خۆ شیرەت کەردۆ، کە جامەرد بن،
مێتەرسینۆ'. واتە بە منداڵەکانتان بڵێن با ئازا بن، نەترسن.
شاعیرێکی زۆر بە تواناش بووە
ساڵح بەگ لەگەڵ ئەوەی زانایەکی ئایینی و شۆڕشگێرێکی
نەتەوەیی بووە، هەروەها شاعرێکی گەورە بووە و زۆربەی شیعرەکانی بۆ هۆشیارکردنەوەی
خەڵکی و لەدژی خیانەتکاران بووە.
ساڵح بەگ لە دێڕەشعرێکدا کە بە زاراوەی کورمانجی
نووسیویەتی و دەڵێت:
بە چاوی عیبرەتێ مێزەکە هیڤی
کو دائیم پشتی بەدرێ ئەو هیلالە
واتە: بە عیبرەتەوە سەیری مانگ بکە کە دوای هەموو پڕبوونێکی
مانگەوە، مانگی یەکشەوە دێت
لە شعرێکی تریدا کە بە سەر ئەو کەسانەدا وتوویەتی کە
خیانەت لە گەلەکەیان دەکەن دەڵێت:
ئەگەر چێکی بۆ جەهشێ کەرا را
ژ زێر ئافر، لە ناو ئەیوانێ قەسرا
ببە سادق ژبۆ وی فەلاتون
تو وی ئاودی ژ یەنبوعا حەیاتێ
لە شوونا ئێم بدی وی لەوز و خورما
مەکە باوەر کە دێ ساحبهونەر بە
ئەوێ دیسا وەکی باوە خوە کەر بە
دەما تو وی ژ ئەیوانێ دەرینی
هونەر نایێ ژ وی خەینی زەڕینێ
واتە: ئەگەر بۆ جاشە کەر گەوڕێک دروست کەی لە زێر و
لەناو کوشک داینێت. ئەفلاتون بکەی بە مامۆستای، ئاوی خۆشترین کانی بدەیتێ. لە جێگەی
کا و جۆ ، شیرینی و خورمای بەیتێ. باوەڕ مەکە ببێتە خاوەن هۆنەر، دیسا وەک باوکی
کەر دەبێت، کاتێک کە گەوڕ دەریدەهێنی، هیچ هونەرێکی پێ نییە جگە لە زەڕین.
باگراوندی ساڵح بەگ
ساڵح بەگی هێنێ لە ساڵی ١٨٦٨ لە ناوچەی هێنێی ئامەدی
باکووری کوردستان لەدایک بووە. لە تەمەنی ٧ ساڵیدا باوکی کۆچی دوایی کردووە و لای
باپیری (باوکی دایکی) گەورە بووە. ساڵح بەگ پەروەردەی ئایینی لای خاڵی بە ناوی
(شێخ مەعروف) تەواو کردووە. بە گەنجی بووە بە مەلا و کەسایەتیەکی ئایینی.
لە سەردەمی عوسمانیەکاندا پۆستی جۆراوجۆری ئایینی
وەرگرتووە و لە بە درێژایی تەمەنی خۆی فێری ٦ زمان کردووە. بە پێی بەڵگەکان (
زمانی، کوردی (زاراوەکانی ، کورمانجی، زازاکی و سۆرانی)، فارسی، تورکی، عەرەبی،
ئینگلیزی، فەڕەنسی زانیوە.
لە ٢٩ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٢٥ دا لە گەڵ شێخ سەعیدی پیران
و ٤٠ کەسی تر لەسێدارەدراوە.