03:41 - 02/01/2020
پاره‌كه‌ى به‌غدا سه‌لامه‌ته
سیناریۆكانى به‌رده‌م بوودجه‌ى ئه‌مساڵ تائێستا به‌زیانى كورد به‌ڕێوه‌ناچن، بوودجه په‌سه‌ند نه‌كرێت به هه‌مان حساب و كتابى ٢٠١٩ پاره بۆ هه‌رێم ره‌وانه ده‌كرێت، په‌سه‌ندیش بكرێت حه‌قه به‌شى هه‌ولێر شتێك قورس‌تر ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌و سیناریۆیانه بێ نه‌یار نین، له‌نێو لایه‌نه شیعه‌كانه‌وه هه‌وڵ هه‌یه بۆئه‌وه‌ى حكومه‌تێ نوێ مقه‌سكارییه‌كى رێككه‌وتنى هه‌ولێر و به‌غدا بكات، به‌ڵام لایه‌نه عێراقییه‌كان پێویستیان به ده‌نگى كورده‌و قسه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ناكه‌ن.
حكومه‌ت مانگانه یه‌ك له‌سه‌ر ١٢ی بوودجه‌ى ساڵى پێشتر خه‌رج ده‌كات
هه‌ولێر و به‌غدا كاتێكى درێژ و تاقه‌تپڕوكێنیان ویست تا رێككه‌وتن، به‌ڵام واژۆكردنى ئه‌و رێككه‌وتنه كه‌وته دواى له گێژنه ده‌رچوونى دۆخى عێراق و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى دۆستى كورده‌وه، سه‌رۆك وه‌زیرانى كار به‌ڕێكه‌ر بوودجه‌كه‌ى راگرت و گوتى، ئه‌و كاربه‌ڕێكه‌ره‌و ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وه‌ى نییه بوودجه بنێرێته په‌رله‌مان، به‌پێى یاسا، به‌هه‌ر هۆیەک یاساى بوودجه ده‌رنه‌چوو، حكومه‌ت مانگانه یه‌ك له‌سه‌ر ١٢ی بوودجه‌ى ساڵى پێشتر خه‌رج ده‌كات، تا یاساى نوێ ده‌رده‌چێت.
ئه‌گه‌رچى بڕیاربوو له سه‌رى ساڵه‌وه، رێككه‌وتنى هه‌ولێر و به‌غدا بچێته بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه، به‌ڵام گوته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێم هه‌رزوو گوتى، تا بوودجه په‌سه‌ند نه‌كرێت ئه‌وان نه‌وت راده‌ست ناكه‌ن، به‌وه‌ش دواكه‌وتنى بوودجه ئاو ده‌ڕژێته ئاشى حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه، هه‌م نه‌وتى خۆى ده‌فرۆشێت، هه‌م مووچه‌ى له‌به‌غداوه بۆ ره‌وانه ده‌كرێت.
هه‌وڵێك هه‌یه، بۆئه‌وه‌ى به بڕیارێك پرۆژه یاساى بوودجه رابكێشنه په‌رله‌مان
شێروان میرزا ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بۆ په‌یسه‌ر گوتى، تائێستا هیچ هه‌واڵێكى نوێ له‌باره‌ى ره‌وانه‌كردنى بوودجه‌وه نییه بۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، ئه‌و به‌دوورى زانى ئه‌م حكومه‌ته بوودجه ره‌وانه بكات. میرزا جه‌ختیكرده‌وه كه مووچه‌ى هه‌رێم ئاسته‌نگى بۆ نایه‌ته پێش و به‌غدا كار به یاساى یه‌ك له‌سه‌ر ١٢ ده‌كات، بۆیه‌ش په‌سه‌ند نه‌كردنى بوودجه بۆ هه‌رێم بێ زیانه.
به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، له ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقه‌وه هه‌وڵێك هه‌یه، بۆئه‌وه‌ى به بڕیارێك پرۆژه یاساى بوودجه رابكێشنه په‌رله‌مان و په‌سه‌ندى بكه‌ن، به‌وپێیه‌ى ئه‌گه‌ر حكومه‌تى كار به‌ڕێكه‌رى ده‌سه‌ڵاتى ره‌وانه‌كردنى نه‌بێت، ئه‌وا ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ده‌توانێت به بڕیارێك ئه‌و دۆخه چاره‌سه‌ر بكات و بوودجه بنێرێت.
به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، عادل عه‌بدولمه‌هدى تائێستا له‌گه‌ڵ ئه‌وه نییه پرۆژه یاساى بوودجه ره‌وانه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بكرێت، هۆكاره‌كه‌شى ئه‌وه‌یه وه‌ك خۆى ده‌ڵێت، له‌م دۆخه‌دا لایه‌نه‌كان پرۆژه‌كه ده‌كه‌ن به كه‌ره‌سته‌ى موزایه‌ده و بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته، هه‌رلایه‌ك داواى زیادكردنى به‌شێك ده‌كات به تایبه‌ت بۆ ئه‌و ناوچانه‌ى كه خۆپیشاندانیان تێدایه، حكومه‌ت ده‌خه‌نه ژێر بارێكى گه‌وره، كورتهێنان زیاتر ده‌كات، خۆپیشانده‌رانیش توڕه‌تر ده‌كه‌ن.
سیناریۆكانى به‌رده‌م بوودجه.
یه‌كه‌م؛ تائێستا سیناریۆى به‌هێز ئه‌وه‌یه كه بوودجه وه‌ك ساڵى ٢٠١٩ به‌رده‌وام بێت، تا حكومه‌تێكى نوێ درووست ده‌كرێت، ئه‌م سیناریۆیه دووجار له‌به‌رژه‌وه‌ندى هه‌رێمى كوردستانه، چونكه مووچه دێت و هه‌رێم نه‌وتیش راده‌ست ناكات.
لایه‌نه‌كان ده‌یانه‌وێت دڵى كورد رازى بكه‌ن تا كورد بۆ دروستكردنى كابینه‌ى نوێ له‌گه‌ڵیان بێت
دووه‌م؛ حكومه‌تى ئێستا بوودجه ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان بكات، ئه‌مه‌ش بۆ كورد خراپ نییه چونكه شاندى هه‌رێم ده‌ڵێن، له رێككه‌وتنه‌كه‌یان پشكى هه‌رێمیان به رێژه‌یه‌كى باشتر جێگیر كردووه، گرێكوێره‌ى مه‌سه‌له‌ى نه‌وتیش ده‌كرێته‌وه و هه‌رێم ناچار ده‌بێت نه‌وت راده‌ست بكات. گرفتى ئه‌م سیناریۆ ئه‌وه‌یه كه له ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانه‌وه بیانه‌وێت ده‌ستكارى رێككه‌وتنى هه‌رێم و به‌غدا بكه‌ن، به‌ڵام ئێستا هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌یانه‌وێت دڵى كورد رازى بكه‌ن تا كورد بۆ دروستكردنى كابینه‌ى نوێ له‌گه‌ڵیان بێت، بۆیه‌ش ئه‌م مه‌ترسییه گه‌وره نییه.
سێیه‌م؛ باس له‌وه‌ده‌كرێت حكومه‌تێكى نوێ درووستبكرێت، ئه‌و حكومه‌ته جارێكى دیكه بوودجه دابنێت و ره‌وانه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى بكات، ئه‌مه بۆ كورد بێ سه‌رئێشه نابێت چونكه ئه‌وكات لایه‌نه شیعه‌كان كه‌وتوون به‌سه‌ر حكومه‌تى خۆیان و ئه‌گه‌رى هه‌یه داواى هه‌موارى رێككه‌وتنى هه‌ولێر و به‌غدا بكه‌ن و فشار له‌سه‌ر هه‌رێم زیاتر بكه‌ن، تا سازشى زیاترى پێ بكه‌ن.
چواره‌م؛ ئه‌و حكومه‌ته‌ش كه پێك دێت كار به‌ڕێكه‌ر بێت و نه‌توانێت بوودجه ره‌وانه بكات، چوونكه بۆچوونى زاڵ هه‌یه كه حكومه‌تى راگوزه‌ر درووستبكرێت كه ئاماده‌كارى بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن بكات. له‌م حاڵه‌ته‌شدا كار به یه‌ك له‌سه‌ر ١٢ی بوودجه ده‌كرێت و بۆ كورد بێ زیانه.
له‌و دۆخه شێواوه‌دا تائێستا پشكى بوودجه‌ى هه‌رێم سه‌لامه‌ته، به‌ڵام گره‌نتى بوونى نییه
جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بۆ kdp.info بۆچوونى خۆى گوتووه‌و پێى وایه، دوو سیناریۆ له‌وانى دیكه به‌هێزترن، ئه‌ویش یاخود كار به یه‌ك له‌سه‌ر ١٢ بكرێت، یاخود بوودجه‌ى ئێستا كه حكومه‌ت په‌سه‌ندیكردووه ره‌وانه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بكرێت، بە بڕوای ئەو هەردوو سیناریۆکە لە بەرژەوەندی کوردن.
بارودۆخى عێراق ئه‌وه‌نده شڵه‌ژاو و جه‌نجاڵه خه‌ریكه گره‌نتى بۆ ئه‌مرییه‌كانیش تێدا نامێنێت، له‌و دۆخه شێواوه‌دا تائێستا پشكى بوودجه‌ى هه‌رێم سه‌لامه‌ته، به‌ڵام گره‌نتى بوونى نییه‌و هه‌موو ساتێكى دۆخه‌كه ئه‌گه‌رى موفاجه‌ئه‌ى هه‌یه، كورد كارتى زۆرى به‌ده‌سته‌وه نییه ئه‌گه‌ر ته‌نگى پێهه‌ڵچندرێت، یه‌كریزیش نییه‌و ناكۆكى زۆریان هه‌یه له‌به‌غدا. به‌ڵام بارودۆخى پێكداچووى عێراق ده‌رفه‌تى بۆ لایه‌نه عێراقییه‌كان نه‌هێشتووه‌ته‌وه وه‌ك سه‌رده‌مى حكومڕانى عه‌بادى دژى كورد گه‌له‌كۆمه بكه‌ن و ده‌ست بخه‌نه قوڕگى مووچه‌خۆرانی هەرێم.