ڕاپۆرتی کوردستانی

11:19 - 22/12/2018

گه‌وره‌ترین پارێزگاى عێراق سه‌دا ٨٠ی بە وێرانی ماوەتەوە‌

پەیسەر

ئه‌نبار یه‌كه‌م و دوایین لانه‌ى داعش له‌ عێراق، ئاستى وێرانبوونه‌كه‌ى له‌ هه‌موو ناوچه‌كانى دیكه‌ى شه‌ڕ زیاتره‌، به‌وپێیه‌ى داعش دوایین فیشه‌كه‌كانى خۆى له‌و پارێزگا سنورییه‌ ته‌قاند، تا دوایین ساته‌كان بیابانه‌ پان و به‌رینه‌كه‌ى مه‌یدانى شه‌ڕبوو، ئێستا به‌رپرسه‌كانى ده‌ڵێن، ئه‌و پاره‌ى بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى ته‌رخانكراوه‌ به‌شى بنیاتنانه‌وه‌ى ناحیه‌یه‌ك ناكات.

هه‌ندێك ناوچه‌ى پارێزگاى ئه‌نبار، رێژه‌ى وێرانبوونى سه‌دا (١٠٠)ه‌ و به‌ ته‌واوى وێران بووه‌ به‌هۆى شه‌ڕه‌وه‌، ٨٠ هه‌زار خێرانى پارێزگاكه‌ ئاواره‌بوون و ٤٥ بنكه‌ى ته‌ندروستى و ٣٠٠ قوتابخانه‌ به‌ ته‌واوه‌تى رووخان.

ئیبراهیم جه‌نابی قایمقامی رومادی، كه‌ ناوه‌ندى پارێزگاى ئه‌نباره‌ ده‌ڵێت، حكومه‌تى ناوه‌ندی جددی نییه‌ له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى ئه‌و پارێزگایه‌ و پێشبینیان ده‌كرد به‌شێوه‌یه‌كى وه‌ها یارمه‌تیان بدات كه‌ ناوچه‌كه‌یان باشتربێت له‌ دۆخی پێش داعش"سه‌رسامبووین كاتێك بینیمان له‌ بودجه‌ى گشتى  بڕێكى زۆر كه‌م بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ ته‌رخانكراوه‌ كه‌ ته‌نها ١٣٩ ملیار دیناره‌، ئه‌م پاره‌یه‌ به‌شی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى یه‌ك ناحیه‌ش ناكات نه‌ك هه‌موو پارێزگا".

سه‌رۆك هۆزه‌كانى ئه‌نبار و حكومه‌تى خۆجێیی مشتومڕى ئه‌وه‌یانه‌ كه‌ چۆن كاربكه‌ن بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى پارێزگاكه‌، له‌وپێناوه‌ په‌یماننامه‌یه‌كى ١٥ خاڵیان واژۆكردووه‌، گرنگترین خاڵه‌كانى گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئاواره‌كان و بونیادنانه‌وه‌ى پارێزگاكه‌ و پابه‌ندكردنى ده‌زگائه‌منییه‌كان و حه‌شدی عه‌شایه‌رى به‌ یاساى سه‌ربازى و ده‌ستوه‌رنه‌دان له‌ كاروبارى دادگاكان، هه‌روه‌ها ئه‌و خێزانانه‌ى كه‌ كوڕه‌كانیان په‌یوه‌ندیان به‌ داعشه‌وه‌ هه‌بووه‌ وه‌ك تاوانبار سه‌یرنه‌كرێن.

شێخ  فه‌لاح  قه‌ره‌غولی شێخی هۆزى قه‌ره‌غول له‌ عێراق، له‌باره‌ى ئه‌و رێككه‌وتنامه‌یه‌ ده‌ڵێت"ئه‌م خاڵانه‌ى له‌ رێككه‌وتننامه‌كه‌ ئاماده‌كراوه‌ به‌ بژدارى سه‌رۆك هۆز و یاساناسان  و حكومه‌تى  خۆجێیی بووه‌، ئێمه‌ داوا ده‌كه‌ین ئه‌و خێزانانه‌ى كوڕه‌كانیان له‌گه‌ڵ داعش كاریانكردووه‌، وه‌ك تیرۆریست سه‌یر نه‌كرێن و قه‌ره‌بووى مادی و مه‌عنه‌ویش بكرێنه‌وه‌".

پارێزگاى ئه‌نبار گه‌وره‌ترین پارێزگاى عێراقه‌ و  به‌ر له‌ دوو ساڵ و له‌ ٩-١٢-٢٠١٥   كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ى ته‌واوه‌تى له‌لایه‌ن هێزه‌عێراقییه‌كانه‌وه‌ راگه‌یه‌ندرا،  یه‌كێك له‌ داواكاریه‌ سه‌ره‌كیه‌كانى دانیشتوانى ئه‌و پارێزگایه‌ لێپرسینه‌وه‌ و دادگاییكردنى كه‌مته‌رخه‌مانى كه‌وتنى پارێزگاكه‌یانه‌. 

سه‌لمان سه‌عدی راوێژكار له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئاماده‌بوو  له‌باره‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى ناوچه‌ وێرانكراوه‌كان نایشارێته‌وه‌ كه‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى ناوچه‌ خاپوركراوه‌كان له‌ تواناى حكومه‌تى ناوه‌ندی نییه‌ بۆیه‌ چاویان له‌ ده‌ستى یارمه‌تى كۆمه‌ڵگاى نێو ده‌وڵه‌تییه‌.

سه‌عدی گوتى"له‌بنه‌ڕه‌تدا حكومه‌ت گرنگی ده‌دات به‌ دووباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى  هه‌موو ناوچه‌كان و هه‌روه‌ها ده‌شزانێت قه‌باره‌ى زه‌ره‌ر و زیانه‌كان چه‌نده‌، له‌ڕاستیدا ئاوه‌دانكردنه‌وه‌شیان  ته‌حه‌دایه‌كی گه‌وره‌یه‌، چونكه‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى له‌ تواناى حكومه‌ت زۆر زیاتره‌ بۆیه‌ چاومان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیه‌".

به‌پێى به‌دواداچونى حكومه‌تى خۆجێی ئه‌نبار پێنج ملیار دۆلارى پێویسته‌، بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و بونیادنانه‌وه‌ى ئه‌و پارێزگایه‌، به‌ڵام  له‌ پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ى گشتى ٢٠١٩ ته‌نها بڕی ١٣٩ ملیار دینار بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى ئه‌نبار ته‌رخانكراوه‌.

به‌ هۆى نه‌بوونى خزمه‌تگوزارى سه‌ره‌تایی و ناسه‌قامگیرى  ئه‌منی  له‌ پارێزگاى ئه‌نباڕ زیاتر له‌ ٤٠ هه‌زار كه‌س هێشتا له‌ ژێر  خێمه‌ى كه‌مپه‌كان ده‌ژین و خه‌و به‌وه‌ وه‌ ده‌بینن جارێكى تر بگه‌ڕێنه‌وه‌ زێدی خۆیان.