ڕاپۆرتی کوردستانی

09:33 - 30/12/2019

گۆڕینی نازناوی کوردی بۆ تورکی، پلانێک بۆ تواندنەوەی نەتەوەی کورد بوو‌

پەیسەر

دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا و بە دامەزراوەکردنی تورکیا، ژمارەیەکی زۆر یاسا لە لایەن کەمالیستەکانەوە دەرکران. کەمالیستەکان لە ڕێگای بە فەرمیکردنی زمانی تورکی، بە تورککردنی کلتوری نەتەوەکانی تر و شێواندنی مێژووی گەلانی تر تورکیای ئێستایان دروست کرد و هەموو شتێکیان تەتریک کرد.

یەکێک لەو یاسایانەی کە بۆ تواندنەوەی نەتەوەکانی تر دەرکرا، یاسای نازناو بوو. هەر بنەماڵەیەک ناوێکی تایبەتی تورکی پێوەلکێنرا. بۆ نمونە نازناوی (تورئۆغلۆ ، تورکەش، ئۆزتورک، بۆزکورت، تورکەلی و بە هەزاران ناوی تر).

مێژووی یاسای نازناو لە تورکیا
بەر لە دامەزراندنی کۆماری تورکیا و لە سەردەمی عوسمانیەکاندا هەر خانەوادە و هۆزێک و خێزانێک بە ناوێک دەناسرانەوە کە لە باو و باپیریانەوە بۆیان مابووە.

کوردەکان، ئەرمەنەکان، بوشناکەکان، ڕۆمەکان، عەرەبەکان و نەتەوەکانی تر بە نازناوێک دەناسرانەوە کە هەم بە زمانی خۆیان بوو و هەم لە دێرزەمانەوە بۆیان مابووە.

بەڵام کە تورکە کەمالیستەکان هاتنە سەر دەسەڵات، لە چوارچێوەی سیاسەتی تواندنەوەی (ئاسیمیلاسیۆن) نەتەوەکانی تردا دەستیان بە دەرکردنی یاسای نوێ لە بەرژەوەندی نەتەوەی تورکدا کرد کە یەکێک لەو یاسایانە، یاسای دانانی نازناو بوو.

لە ٢١ی حوزەیرانی ١٩٣٤ بە بڕیارێکی تایبەتی  مستەفا کەمال (ئەتاتورک) یاساکە ئامادەکرا و لە ڕۆژنامە فەرمیەکان و ئۆرگانەکانی حکومەتدا بڵاوکرایەوە و جێبەجێ کرا.

ئەم پڕۆژەیە لە لایەن ئەو کەسایەتیانەی کە پێشتر ئەندامی رێکخراوی ئیتحاد و تەڕەقی تورک بوون،خزمەتی سیستمی کەمالیستیان دەکرد، جێبەجێ کرا. بەم شێوەیە دەست بە تەتریککردنی کورد و نەتەوەکانی تری ئەنادۆڵ کرا.

ئەندامانی ئیتحاد و تەرەقی تورک کە ئەتاتورک سەرۆکایەتیانی دەکرد، سەرەتا لێکۆلینەوەیەکی وردیان لەسەر ئەو بنەماڵە و ماڵباتانە کرد کە لە ڕابردوو و ئەوکاتەدا لەدژی دەوڵەت وەستاونەتەوە و هەوڵیاندا بە گۆڕینی ناوەکانیان و پەروەردەکردنی منداڵەکانیان بە زمانی تورکی وەردە وردە هەستی نەتەوایەتیان کاڵ بکەنەوە و تا ڕادەیەکیش توانیان ئەو کارە بکەن.

 

لەگەڵ ئەوەی لە ڕووی فیزیکیەوە بە دەیان کۆمەڵکوژیان بەرامبەر گەلی کورد و گەلی ئەرمەن و نەتەوەکانی تر ئەنجامدا، هەروەها سیاسەتی تواندنەوەی زمان و کلتوریش ڕۆژ بە ڕۆژ بەردەوام بوو. بەو پێیە لە ساڵی ١٩٣٤ دا بە زۆرەملێ نازناویان بۆ هەر بنەماڵەیەک دانا.

بە پێی یاساکە ئەگەر ناوەکە تورکی نەبوایا، لە ناسنامەدا تۆمار نەدەکرا. یان ناسنامە بەو کەسانە نەدەدرا کە نازناوە تورکیەیان قبوڵ نەدەکرد. بەو شێوەیە هەندێک ناوی وەک کوردئۆغلو واتە کوڕی کورد یان ئەرنەڤوتئۆغلۆ واتە کوڕی ئەرنەڤوت کە لە نەتەوەی ئەرنەڤوت بوون. یان ناوە ئەرمەنیەکان یەک بە یەک سڕانەوە و لە بیری نەتەوەکان خۆشیان چوونەوە.

بەو شێوەیە نەتەوەکان لە مێژوو و کلتوری باوک و باپیریان دوورخرانەوە و تا ئیستاش زۆربەی هاوڵاتیە کورد و نەتەوەکانی تر نازانن، پێشتر بە چ نازناوێک لە ناو کۆمەڵگادا دەناسران.

لە شارە تورکیەکان بڕیاری ئەوەدرا هەر خانەوادەیەک بە دڵی خۆی نازناوێک بۆ خۆی بدۆزێتەوە و لە بەڕێوەبەرایەتی ڕەگەزنامە تۆماری بکەن. بەڵام هەندێک ناوی تایبەت بۆ ناوچە کوردیەکان نێردران و ناوی خانەوادە و خێزانە کوردەکان لە لایەن دەوڵەتەوە دانرا.

 

بۆ نمونە ئەو کەسانەی کە بە نیشانەیەکی کوردی دەناسران، پێشگر یان پاشگرێکی تورکیان پێوەکرد. ئەو کەسانەی بە قاڕەمانێتی و هەڵوێستی خۆیان لەدژی تورکەکان بەناوبانگ بوون، نازناوێکی بێواتا و نەرم و نیانیان لێنرا کە هیچ پەیوەندیەکیان بە مێژوو، کلتور و زمانی کوردەکانەوە نەبوو.

یاسای نازناو و ناردنی هەندێک ناوی تایبەت کە لە ئەنقەرە ئامادەکرابوو، زیانێکی تریش بۆ کۆمەڵگای کوردی دروست کرد. بۆ نمونە لە هەندێک ناوچە یەک نازناو بۆ زیاتر لە دوو خانەوادە دانرا کە لە داهاتوودا لە ڕووی تێکەڵبوونی ناوەکانیان کێشەیان بۆ دروست دەبوو و خانەوادەکان لە یەکتری جیا نەدەکرانەوە.

کەمالیستەکان بە تایبەتی ئەم سیاسەتەیان لەدژی گەلی کورد بەڕێوەبرد و هەوڵیاندا گەلی کوردیش وەک هەندێک نەتەوەی تری ناو تورکیا وەک ئەرمەنەکان بتوێننەوە، بەڵام ئامانجی دەوڵەتی تورکیا جێبەجێ نەبوو و تا ئێستاش شۆرشی ئازادیخوازی کوردی لەدژی سیاسەتی قڕکردن و توانەوەی کورد لە باکووری کوردستان بەردەوامە.