ڕاپۆرتی کوردستانی

07:45 - 29/12/2019

جه‌نگییه‌كان یه‌كێتى ده‌ته‌نن‌

پەیسەر

كۆنگره‌ى چوارى یه‌كێتى، په‌رده‌ى له‌سه‌ر بلۆكێكى گه‌وره‌ى ده‌سه‌ڵات له‌نێو حزبه‌كه‌دا لابرد، به‌پێى ئه‌نجامه‌كان بێت، جه‌نگییه‌كان باڵى به‌هێزترینى نێو حزبه‌كه‌ن و له‌ پشتى په‌رده‌وه‌ ده‌وڵه‌تى سێبه‌ریان له‌نێو یه‌كێتى دروستكردووه‌، ئه‌وان ته‌نانه‌ت له‌ ماڵى تاڵه‌بانى و ئیبراهیم ئه‌حمه‌دیان برده‌وه‌، جه‌نگییه‌كان دوو هێنده‌ى ماڵى تاڵه‌بانى كاندیدیان بۆ سه‌ركردایه‌تى سه‌رخست، ئه‌ستێره‌ى كۆنگره‌ش لاهور شێخ جه‌نگى بوو كه‌ سه‌دا ٩٢ی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێنا. 

چه‌ند ساڵێك پێش ئێستا جه‌نگییه‌كان ناوى نێو ململانێكانى یه‌كێتى و ده‌سه‌ڵات و پێگه‌ى حزبه‌كه‌ نه‌بوون، تا مام جه‌لال له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌دا بوو ته‌نانه‌ت بافڵى كوڕیشى شوێنێكى ئه‌وتۆى نه‌بوو، به‌ڵام هه‌موان سه‌رنجیان له‌سه‌ر كوڕه‌كانى مام جه‌لال بوو له‌هه‌ر شوێنێك و كۆڕ و بۆنه‌یه‌ك ده‌ركه‌وتبان، باسوخواسى كوڕانى شێخ جه‌نگى كزبوو یاخود هه‌رنه‌بوو. ئێستا هاوكێشه‌كه‌ جیاواز یاخود ته‌واو پێچه‌وانه‌یه‌، سه‌رنجه‌كان به‌جارێك چوونه‌ته‌ سه‌ر كوڕانى شێخ جه‌نگى، ئه‌وان به‌ وردى و زیره‌كانه‌، به‌ نه‌رمى كونوقوژبنى یه‌كێتییان ته‌نیوه‌. 

ئاراسى شێخ جه‌نگى كه‌ پێشتر سكرتاریه‌تى تاڵه‌بانى به‌ڕێوه‌ده‌برد، جانتاى ره‌شى باسكى جه‌نگییه‌كانه‌

جه‌نگییه‌كان به‌م ساڵانه‌ى دوایى و له‌دواى نه‌خۆشكه‌وتنى مام جه‌لال و دروستبوونى بۆشایى ده‌سه‌ڵات و فره‌مینبه‌رى له‌نێو یه‌كێتى، ئه‌ستێره‌ى به‌ختیان گه‌شایه‌وه‌، لاهور شێخ جه‌نگى له‌و چه‌ند ساڵه‌دا ره‌گى خۆى له‌نێو جه‌ماوه‌رى یه‌كێتیدا داكوتا، ئاراسى شێخ جه‌نگى براى كه‌ پێشتر سكرتاریه‌تى تاڵه‌بانى به‌ڕێوه‌ده‌برد، جانتاى ره‌شى باسكى جه‌نگییه‌كانه‌، یارییه‌ سیاسییه‌كان ئه‌و له‌پشتى په‌رده‌وه‌ هێڵه‌كانى ده‌كێشێت و لاهورى براى جێبه‌جێكاره‌، پۆڵاد جه‌نگییش به‌ سود وه‌رگرتن له‌ فه‌رمانده‌یى هێزه‌كانى دژه‌تیرۆر و ده‌سه‌ڵات و ناوى براكانى، پێگه‌ى باشى بۆخۆى بنیاتناوه‌. 

به‌پێى ئه‌نجامه‌كانى دوایین كۆنگره‌ بێت، جه‌نگییه‌كان به‌ جیاوازییه‌كى زۆر له‌ ماڵى تاڵه‌بانییان بردووه‌ته‌وه‌، بافڵ تاڵه‌بانى كه‌خۆى به‌ میراتگرى شه‌رعى یه‌كێتى ده‌زانێت و كوڕه‌ گه‌وره‌ى مام جه‌لاله‌، به‌ جیاوازى زۆر له‌دواى لاهور شێخ جه‌نگییه‌وه‌یه‌، قوباد تاڵه‌بانى به‌ ته‌زكییه‌ بۆ سه‌ركردایه‌تى سه‌رخرا، شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ده‌نگى ١٥یه‌مى مه‌ڵبه‌ندى سلێمانییه‌و ئاراس شێخ جه‌نگى ده‌نگى دووه‌مه‌، تێكڕاى ئه‌و تاڵه‌بانییانه‌ى دیكه‌ سه‌ركه‌وتوون، به‌ده‌نگێكى له‌سه‌ر په‌ت، یاخود ده‌نگێكى ئاسایى ده‌رچوون.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس كاندیده‌كانى بافڵ تاڵه‌بانى ٣٠ كه‌سیان ده‌رچوون بۆ سه‌ركردایه‌تى، كاندیده‌ ده‌رچووه‌كانى لاهور شێخ جه‌نگى ژماره‌یان له‌ دووهێنده‌ زیاتره‌و ٦٠ ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى تێپه‌ڕاندووه‌، كۆسره‌ت ره‌سوڵ شه‌ش ئه‌ندامى سه‌ركه‌وتووه‌ كه‌ دوویان كوڕه‌كانى خۆین، به‌رهه‌م ساڵح دوو كه‌سى سه‌ركه‌وتووه‌،(حامیدى حاجى غالى و مه‌حمود سه‌نگاوى)، كه‌ پێیان وایه‌ به‌تواناو ناوى خۆیان سه‌ركه‌وتوون. 

كۆسره‌ت ره‌سوڵ ئه‌وه‌نده‌ هێز و پێگه‌ى له‌نێو یه‌كێتى نه‌ماوه‌ وه‌ك باڵى سه‌ره‌كى یارى بكات

ئه‌نجامه‌كانى كۆنگره‌ ماڵى تاڵه‌بانى خستووه‌ته‌ به‌رده‌م راستییه‌كى پڕ كێشه‌، یاخود ئه‌وه‌تا ته‌سلیمى ئه‌و واقیعه‌ ببن و یه‌كێتى راده‌ستى جه‌نگییه‌كان بكه‌ن، یاخود له‌ئێستاوه‌ بكه‌ونه‌ خۆیان و یه‌كێتى بگێڕنه‌وه‌ ژێر هەژموونی ماڵى تاڵه‌بانى، سروشتی رکابەری نێوانى بافڵ تاڵه‌بانى و لاهور شێخ  زۆر له‌ ركابه‌رى مه‌سرور بارزانى و نێچیرڤان بارزانى ده‌چێت، هه‌ردووكیان ناتوانن له‌یه‌ك كاتدا ئه‌ستێره‌ بن، ئه‌م جووته‌ ئامۆزا ئه‌وكاته‌ى یه‌كێكیان كز ده‌بێت ده‌رفه‌ت به‌وى دى ده‌دات گه‌ش بێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌شه‌وه‌، واته‌ بۆئه‌وه‌ى یه‌كێكیات هه‌ڵكشێت ده‌بێت یه‌كێكیان داكشێت. بافڵ و لاهور زڕ ئامۆزان به‌ڵام زیاتر هاوڕێیه‌تى له‌نێو یه‌كێتییه‌وه‌ ئه‌وانى كۆكردووه‌ته‌وه‌، مام جه‌لال و شێخ جه‌نگى نه‌ له‌دایكه‌وه‌ نه‌ له‌ باوكه‌وه‌ براى خوێنى نه‌بوون، هاوسه‌رگیرییه‌ك ئه‌وانى له‌ خێزانێكدا كۆكردووه‌ته‌وه‌.

ئه‌نجامه‌كانى كۆنگره‌ پێده‌چێت كۆتایى به‌ ململانێیه‌كى له‌ مێژینه‌ى نێوخۆى یه‌كێتى هێنابێت یاخود كزى كردبێت(ناكۆكى ماڵى كۆسره‌ت ره‌سوڵ و ماڵى تاڵه‌بانى)، چیتر ئه‌و دووماڵه‌ دوو جه‌مسه‌رى سه‌ره‌كى ناكۆكییه‌كان نابن، كۆسره‌ت ره‌سوڵ ئه‌وه‌نده‌ هێز و پێگه‌ى له‌نێو یه‌كێتى نه‌ماوه‌ وه‌ك باڵى سه‌ره‌كى یارى بكات، هه‌ولێر شوێنى پێگه‌ى ئه‌و بوو به‌ڵام ئێستا له‌نێو هه‌ولێریش كاندیدى باڵه‌كانى دیكه‌ براوه‌ى یه‌كه‌م ده‌بن، به‌ڵام كۆسره‌ت ره‌سوڵ ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌ى بۆ ره‌خساوه‌ كه‌ له‌نێوان بافڵ تاڵه‌بانى و لاهور شێخ جه‌نگى یارى بكات و تایه‌كى ته‌رازووه‌كه‌ قورس بكات، له‌و كه‌لێنه‌وه‌ پێگه‌ى خۆى رێكبخاته‌وه‌. 

هه‌لێك بۆ تاڵه‌بانى
بافڵ تاڵه‌بانى له‌دواى ئه‌نجامه‌كانى كۆنگره‌وه‌ هه‌ندێك بۆچوونى گۆڕاوه‌، به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر مه‌یلى خۆ كاندیدكردنى بۆ پۆستى سه‌رۆك زیاتر بووه‌ نیگه‌رانه‌و پێى وایه‌ فێڵى لێكراوه‌. له‌دواى ئه‌و ئه‌نجامانه‌وه‌ ته‌نها یه‌ك رێگه‌ له‌به‌رده‌م ماڵى تاڵه‌بانییه‌ بۆئه‌وه‌ى به‌ر بگرن به‌ داكشانى سه‌نگ و پێگه‌ى خۆیان، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بافڵ تاڵه‌بانى كورسى سه‌رۆك وه‌ربگرێت و له‌سه‌رخۆ ئه‌وه‌ى له‌ده‌ستیان چووه‌ بگێڕێته‌وه‌و سه‌نگ و پێگه‌ى ماڵى تاڵه‌بانى بباته‌وه‌ پێشه‌وه‌و هەموان لە دەوری کورسییەکەی باوکی کۆبکاتەوە. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌و ژماره‌ زۆره‌ى ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تى كه‌ له‌سێبه‌رى جه‌نگییه‌كاندان و به‌و هه‌ژموونه‌ زۆره‌ى هه‌یانه‌ به‌سه‌ر یه‌كێتییه‌وه‌، كوڕانى شێخ جه‌نگى له‌ چه‌ند ساڵى داهاتوو كۆنتڕۆڵى زیاترى یه‌كێتى ده‌كه‌ن. به‌ڵام ئه‌وه‌ش ره‌نگه‌ ئاسان نه‌بێت، چونكه‌ لاهور شێخ جه‌نگى زۆرینه‌ى سه‌ركردایه‌تى مسۆگه‌ر كردووه‌ ئه‌گه‌ر خواستى ئه‌وى له‌سه‌ر نه‌بێت به‌ ئاسانى روونادات کەسێک ببێتە سەرۆکی یەکێتی.  

بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ هیچ کام لە حزبەکان پەیوەندی توندوتۆڵی نییەو وەک سیاسییەکی رادیکاڵی داخراو دەردەکەوێت

ماڵى تاڵه‌بانى به‌چه‌ند رێگه‌یه‌ك ده‌توانن پێگەی خۆیان بەهێز بکەنەوەو رووبه‌ڕووى هه‌ژموونى رکابەرەکانیان ببنه‌وه‌؛
*سێبه‌رى كارێزماى مام جه‌لال هێشتا به‌سه‌ر یه‌كێتییه‌وه‌یه‌، كوڕه‌كانى مام جه‌لال ده‌توانن سوودى زۆر له‌ كارێزماى ناوى باوكیان ببینن، یارییه‌كه‌ هاوسه‌نگ بكه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌رچى وه‌ك كوڕانى شێخ جه‌نگى لێهاتووانه‌ یارى ناكه‌ن و شاره‌زاى وردو درشتى شه‌تره‌نجه‌ سیاسییه‌كان نین، به‌ڵام دواجار ئه‌وان كوڕى مام جه‌لالن. 

*خۆیان هێشتا له‌نێو یه‌كێتى پێگه‌و سه‌نگى به‌هێزیان هه‌یه‌، هێزى دووه‌مى كۆنگره‌ن و ده‌توانن به‌وردى كار بكه‌ن بۆ خۆ رێكخستنه‌وه‌.

*دەتوانن پەیوەندییان لەگەڵ لایەنەکان لە ناوخۆدا باشتر بکەن، بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ هیچ کام لە حزبەکان پەیوەندی توندوتۆڵی نییەو زیاتر وەک سیاسییەکی رادیکاڵی داخراو دەردەکەوێت، بەپێچەوانەوە لاهور شێخ جەنگی پەیوەندی لەگەڵ لایەنەکان جگە لەپارتی باشەو گرنگی زۆر بە پەیوەندی لەگەڵ گۆڕان و جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی دەباشان دەدات. قوباد تاڵەبانیش زیاتر لەگەڵ پارتی پەیوەندی هەیەو سەرقاڵە بە حکومەتەوەو پەیوەندی سیاسی کەمە.

*ماڵى تاڵه‌بانى ده‌توانن سوود له‌ ئه‌زموون و كه‌سایه‌تى قوباد تاڵه‌بانى ببینن، تاڵه‌بانى بچووك كه‌سێكى نه‌رمڕه‌وه‌، زۆرینه‌ى باڵه‌كان له‌سه‌رى كۆكن، ده‌توانێت زۆرتر خه‌ڵك له‌ ده‌ورى خۆى كۆ بكاته‌وه‌.

*ماڵى تاڵه‌بانى له‌ حكومه‌ت به‌هێزن و ده‌توانن له‌رێگه‌ى حكومه‌ت گرفت و سه‌رئێشه‌ بۆ سه‌رچاوه‌ داراییه‌كانى ركابه‌ره‌ تازه‌كه‌یان درووست بكه‌ن و كارى كۆمپانیاكانى سانسۆر یاخود سنووردار بكه‌ن.

*ماڵى تاڵه‌بانى ده‌توانن سوود ببینن، له‌و په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییانه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و به‌ریتانیاو ئه‌وروپا هه‌یانه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ جه‌نگییه‌كان زۆرتر له‌ ئێران نزیكن وئاراس شێخ جەنگی پەیوەندی نزیک و دەگمەنی لەگەڵ ئیرانییەکان هەیە. 

یه‌كێتى سه‌رۆك دیاری ده‌كات؟
له‌دواى ده‌ركه‌وتنى نه‌خشه‌ى نوێى ده‌سه‌ڵات له‌نێو یه‌كێتى، بافڵ تاڵه‌بانى مه‌یلى بۆ وه‌رگرتنى كورسى سه‌رۆك زیاتر بووه‌، به‌رهه‌م ساڵحیش پێشتر به‌ڵێنى پێدراوه‌و لێكتێگه‌یشتنێك هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌، لاهور شێخ جه‌نگى پێش كۆنگره‌ خۆ كاندیدكردنى راگه‌یاندبوو ئه‌گه‌رچى پێناچێت له‌و قۆناغه‌دا وه‌رگرتنى ئه‌و كورسییه‌ى پێباش بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌زانێت ئه‌گه‌ر بافڵ تاڵه‌بانى ببێته‌ سه‌رۆك له‌سه‌ر حسابى پێگه‌و هه‌ژموونى ئه‌وه‌، بۆیه‌ پێشوازى له‌و بژارده‌یه‌ ناكات، مه‌گه‌ر به‌ لێكتێگه‌یشتنێك له‌نێوان هه‌ردوو ئامۆزا كه‌ پێگه‌و ده‌سه‌ڵاتى زیاتر به‌ لاهور شێخ جه‌نگى بدرێت.

 ئه‌م هاوكێشه‌ى هه‌ڵكشان و داكشانه‌ پێناچێت تا سه‌ر به‌رده‌وام بێت و ده‌بێت له‌ خاڵێكدا یه‌كلایى بێته‌وه‌

یه‌كێك له‌ سیناریۆكان ئه‌وه‌یه‌ یه‌كێتى نه‌توانێت سه‌رۆك هه‌ڵبژێرێت ده‌سته‌یه‌ك یاخود ئه‌نجومه‌نێك یه‌كێتى به‌ڕێوه‌به‌رێت، كه‌ له‌سه‌ركردایه‌تى دیارى بكرێن.

تا پێش به‌ڕێوه‌چوونى كۆنگره‌، سنورداركردنى پێگه‌ى لاهور شێخ جه‌نگى ئاسانتر بوو به‌ڵام له‌دواى ئه‌وه‌ى وه‌ك پیاوى كۆنگره‌ دیاریكراو زۆرینه‌یه‌كى تایبه‌تى برده‌وه‌، ئێستا ئیدى ئه‌وخۆى به‌ میراتگرى ره‌واى یه‌كێتى ده‌زانێت، نه‌ك به‌ له‌قاڵبدان رازى نییه‌ به‌ڵكو پێگه‌و پشك و ده‌سه‌ڵاتى زیاترى ده‌وێت، پێش كۆنگره‌ جموجوڵ هه‌بوون بۆئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌ ئه‌منییه‌كانى لێوه‌ربگیرێته‌وه‌و ته‌نها وه‌ك به‌رپرسێكى سیاسى بمێنێته‌وه‌، به‌ڵام پێده‌چێت رووداوه‌كانى كۆنگره‌ ئاڕاسته‌ى ئه‌و جوڵانه‌ بگۆڕن. ئێستا یه‌كێتى چیتر بێ لاهور شێخ جه‌نگى به‌ڕێوه‌ناچێت، یاخود ده‌بێت خۆى به‌ڕێوه‌ى به‌رێت، یاخود ده‌بێت به‌ ته‌وافوق له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ڕێوه‌ببرێت.

به‌پێى گه‌شه‌ى چه‌ند ساڵى رابردووى جه‌نگییه‌كان بێت، له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا سێبه‌رى جه‌نگییه‌كان به‌سه‌ر یه‌كێتییه‌وه‌ گه‌وره‌تر ده‌بێت، هه‌ر گه‌وره‌بوونێكى ئه‌وانیش بۆ ئاینده‌ى سیاسى كوڕانى تاڵه‌بانى زیانه‌، ئه‌م هاوكێشه‌ى هه‌ڵكشان و داكشانه‌ پێناچێت تا سه‌ر به‌رده‌وام بێت و ده‌بێت له‌ خاڵێكدا یه‌كلایى بێته‌وه‌، ئایا كوڕانى تاڵه‌بانى گره‌وه‌كه‌ ده‌بەنه‌وه‌و هه‌موو باڵ و به‌رپرسه‌كان دەبەنەوە ژێر باڵى ده‌باشان و ماڵى مام جه‌لال، یاخود جه‌نگییه‌كان میراتگرى براوه‌ ده‌بن و هه‌ر به‌ دۆستانه‌ به‌ڕه‌ى ده‌سه‌ڵات له‌ژێر پێی ركابه‌ره‌كانیان ده‌رده‌هێنن؟