ڕاپۆرتی کوردستانی

04:02 - 28/12/2019

دۆخى عێراق خه‌ریكه‌ به‌سه‌ر كۆشكى سه‌لامدا ده‌ته‌پێت‌

پەیسەر

به‌رهه‌م ساڵح ئێواره‌ى پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو به‌ نامه‌یه‌ك بۆ په‌رله‌مان ململانێكانى دۆخى عێراقى برده‌ قۆناغێكى ئاڵۆزتره‌وه‌، نامه‌كه‌ هه‌ندێك هاوكێشه‌كه‌ى له‌به‌رژه‌وه‌ندى كۆشكى سه‌لام گۆڕى، له‌و فشاره‌ زۆرانه‌ خۆى قوتار كردوو به‌ره‌و سلێمانى گه‌ڕایه‌وه‌.  په‌رله‌مان ویستى وه‌ك نامه‌ى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌، نامه‌كه‌ بخاته‌ به‌رنامه‌ى كاره‌وه‌، به‌ڵام بەرهەم ساڵح زوو فریاى خۆى كه‌وت و به‌ ته‌له‌فۆن سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى ئاگادار كرده‌وه‌، كه‌ نامه‌كه‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ نییه‌. بەڵام نامەکە نەیارەکانی زیاتر کردوو ئێران و شیعەکان لەسەر لابردنی سورترن. 

نامه‌كه‌ ئه‌گه‌رچى نامه‌كه‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ نییه‌ و جووڵه‌یه‌كى سیاسییه‌، به‌ڵام سه‌رۆك كۆمارى خستووه‌ته‌ نێو هاوكێشه‌یه‌كى جه‌نجاڵه‌وه‌، جارێ روون نییه‌ سه‌رۆك كۆمار له‌سه‌ر كورسى كۆشكى سه‌لام ده‌هێنێته‌ خواره‌وه‌ یاخود بارى لارى راست ده‌كاته‌وه‌.

زانیارییه‌كان
به‌رهه‌م ساڵح له‌ژێر فشارى گه‌وره‌ى لایه‌نه‌ شیعه‌كاندا بوو، چونكه‌ دادگاى فیدراڵى و ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران هه‌ردووكیان وه‌ڵامی نوسراوه‌كانى سه‌رۆك كۆماریان دابوویه‌وه‌و گه‌وره‌ترین كوتله‌یان دیاریكردبوو، به‌پێى ده‌ستوور ده‌بوو سه‌رۆك كۆمار كاندیدى گه‌وره‌ترین كوتله‌ كه‌ بینایه‌ ره‌وانه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بكات، سه‌رۆك كۆمار ده‌سه‌ڵاتى ره‌تكردنه‌وه‌ى كاندیدى نییه‌. به‌ڵام ئه‌و ره‌وانه‌كردنى كاندیده‌كه‌ى ره‌تكرده‌وه‌و گه‌ڕایه‌وه‌ سلێمانى.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر رۆژى پێنجشه‌ممه‌، سه‌ركرده‌كانى هاوپه‌یمانى بینا چوونه‌تە كۆشكى سه‌رۆك كۆمار و وتویانه‌ چاوه‌ڕێن ئێستا نوسراوى راسپاردنى كاندیده‌كه‌یان ده‌ربكات، سه‌رۆك كۆمار نوسراوه‌كه‌ى نه‌كردووه‌ بۆیه‌ ده‌نگه‌ ده‌نگ دروستبووه‌و قسه‌ى توندیان به‌رامبه‌ر سه‌رۆك كۆمار كردووه‌، هادى عامرى ده‌نگى به‌سه‌ردا به‌سه‌ر كردووه‌ته‌وه‌، نورى مالیكى پێى گوتووه‌ له‌به‌غدا ده‌ریده‌كه‌ن، به‌رهه‌م ساڵح هیچ شتێكى نه‌گوتووه‌. رۆژنامه‌ى ئیندى پێندنت-ى به‌ریتانى بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ له‌رێگه‌ى فڕۆكه‌ى بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ به‌رهه‌م ساڵح كراوه‌. زانیارى هه‌یه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌كان تا ئاستى هه‌ڕه‌شه‌ى كوشتن رۆیشتوون.

باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریكا سه‌رپه‌رشتى و چاودێرى گه‌ڕانه‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵحى گرتووه‌

سه‌ركرده‌ى شیعه‌كان به‌ به‌رهه‌م ساڵح-یان گوتووه‌، دوو رێگه‌ت له‌به‌رده‌مە، یا ده‌بێت كاندیده‌كه‌یان رابسپێرێت یاخود ده‌بێت ده‌ستله‌كار بكێشێته‌وه‌، به‌رهه‌م ساڵح گوتوویه‌تى رێگه‌ى دووه‌م هه‌ڵده‌بژێرێت، به‌ڵام دواتر توڕه‌بوونى شیعه‌كان زیاتر بووه‌ كاتێك بینییان سه‌رۆك كۆمار ده‌ستى له‌كارنه‌كێشایه‌وه‌، كاندیده‌كه‌ى ره‌تكردووه‌ته‌وه‌و ته‌نها ئاماده‌یى ده‌ربڕیوه‌ بۆ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌.

بافڵ تاڵه‌بانى رۆژى پێنجشه‌ممه‌ په‌یوه‌ندى كردووه‌ به‌ به‌رهه‌م ساڵح-ه‌وه‌و گوتویه‌تى بگه‌ڕێته‌وه‌ سلێمانى، ئامانجى تاڵه‌بانى بۆ پاراستنى ئه‌منیه‌تى بووه‌و هاوكات بۆ گفتوگۆى دۆخه‌كه‌ بووه‌و پێى گوتووه‌ له‌ پۆسته‌كه‌ى بمێنێته‌وه‌. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریكا سه‌رپه‌رشتى و چاودێرى گه‌ڕانه‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵحى گرتووه‌و ئه‌ركى پاراستنى ئه‌منییه‌تى سه‌رۆك كۆمارى له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ هاوپه‌یمانى بینا، هه‌وڵه‌كانى بۆ لابردنى به‌رهه‌م ساڵح ده‌ستپێكرد. بۆئه‌وه‌ش به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس داواى له‌ پارتى كردووه‌ هاوكاریان بن، بینا پێشنیارى كردووه‌ كه‌ فواد حسێن كاندیدى سه‌رۆك كۆمار بێت، به‌رهه‌م ساڵح له‌و هه‌وڵه‌ى بینا ئاگادار ده‌بێت و په‌یوه‌ندى به‌ نێچیرڤان بارزانییه‌وه‌ ده‌كات و له‌ مه‌ترسییه‌كانى ئه‌و هه‌نگاوه‌ ئاگاداری ده‌كات، به‌ڵام نێچیرڤان بارزانى پێى ده‌ڵێت، ئه‌وان پشتیوانى سه‌رۆك كۆمارن و بۆئه‌وه‌ش راگه‌یه‌ندراوێكى بڵاوكرده‌وه‌و به‌ ڕاسته‌وخۆ پشتگیرى خۆى بۆ به‌رهه‌م ساڵح راگه‌یاند. 

به‌پێى ده‌ستوور جێگر جێگه‌ى ده‌گرێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر جێگر بوونى نه‌بوو سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران جێگه‌ى ده‌گرێته‌وه‌

به‌رهه‌م ساڵح دواى ئه‌وه‌ى دڵنیا ده‌بێت پارتى پشتیوانى ده‌كات، ئه‌مریكاش دژى گۆڕینیه‌تى له‌ بڕیارى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ى سارد ده‌بێته‌وه‌، په‌یوه‌ندى كردووه‌ به‌ به‌شیر حه‌داد جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانه‌وه‌و گوتویه‌تى، نامه‌كه‌ى ئه‌و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ نییه‌و ناكرێت وه‌ك ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ بكرێت، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى حه‌داد گوتبووى نامه‌كه‌ ده‌خرێته‌ به‌رنامه‌ى كاره‌وه‌و دواى حه‌وت رۆژ كارى پێده‌كرێت.

ئێران به‌ته‌واوى توڕه‌یه‌ له‌و هه‌ڵوێسته‌ى به‌رهه‌م ساڵح، له‌بڕیارى لادانى له‌پۆسته‌كه‌ى یه‌كلا بووه‌ته‌وه‌، بۆچوونى قاسم سلێمانى به‌وجۆره‌یه‌ كه‌ ده‌بێت به‌ زووترین كات لاببرێت. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس ئێستا لایه‌نه‌ شیعه‌كانى نه‌یارى سه‌رۆك كۆمار بیر له‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌رێگه‌ى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانه‌وه‌ داوا له‌ ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى بكرێت تا ته‌فسیرى نامه‌كه‌ى سه‌رۆك كۆمار بكات، كه‌ ئایا ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یه‌ یاخود نا، ئه‌گه‌ر وه‌ڵامى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى به‌و جۆره‌ بوو كه‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یه‌ راسته‌وخۆ دواى حەوت رۆژ له‌ ناردنی نامه‌كه‌ به‌رهه‌م ساڵح به‌ سه‌رۆك نامێنێت، به‌پێى ده‌ستوور جێگر جێگه‌ى ده‌گرێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر جێگریش بوونى نه‌بوو سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران جێگه‌ى ده‌گرێته‌وه‌.

گۆڕینى هاوكێشه‌كه‌
به‌رهه‌م ساڵح به‌نامه‌كه‌ كارتێكى گونجاوى راكێشا و هه‌ندێك له‌ فشاره‌كانى گۆڕى بۆ پشتیوانى.
*پێشتر له‌نێو شه‌قام به‌رده‌وام داواكارى لابردنى به‌رهه‌م ساڵح به‌رز ده‌كرایه‌وه‌، به‌ڵام به‌و هه‌نگاوه‌ شه‌قامى كرده‌ خۆى، له‌ شه‌قامه‌وه‌ هوتافى پشتیوانى سه‌رۆك كۆمار گوترایه‌وه‌، نامه‌كه‌ یه‌كێك له‌ مه‌ترسییه‌كانى له‌ده‌ستدانى پۆسته‌كه‌ى ره‌وانده‌وه‌، كه‌ شه‌قام بوو.

ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان ده‌ستەوه‌ستان بێت، ئه‌وا پرۆسه‌ى سیاسى به‌ بنبه‌ست ده‌گات

*نامه‌كه‌ به‌شێك له‌ كوتله‌كانى ناچار كرد پشتیوانى بكه‌ن، پێشتر نزیكه‌ى ١٧٠ په‌رله‌مانتار داوایان لێكردبوو كه‌ كاندیدى سه‌ربه‌خۆو به‌توانا پێشكه‌ش بكات، ئه‌گه‌ریش ناتوانێت كه‌سێك رابسپێرێت ئه‌وا با ده‌ست له‌كاربكێشێته‌وه‌، به‌ڵام دواى نامه‌كه‌ ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ ناچار بوون پشتیوانى به‌رهه‌م ساڵح بكه‌ن، چونكه‌ كاندیدى حزبه‌كانى ره‌تكرده‌وه‌.

*شێوه‌ى داڕشتنى نامه‌كه‌ به‌جۆرێكه‌ كه‌ نه‌بێته‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌، له‌هه‌مان كات به‌هه‌ڵوێست بۆ ئه‌و تۆمار بكرێت چونكه‌ له‌نامه‌كه‌دا كاندیدێكى ره‌تكردووه‌ته‌وه‌.

*ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى خستووه‌ته‌ نێو هه‌ڵوێستێكى ناخۆشه‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌رهه‌م ساڵح لابه‌رن ئه‌وان خۆپیشانده‌ران ده‌ڵێن به‌هۆى ره‌تكردنه‌وه‌ى كاندیدى حزبه‌كانه‌وه‌ په‌رله‌مان سه‌رۆك كۆمارى لابرد، ئه‌گه‌ریش په‌رله‌مان ده‌ستەوه‌ستان بێت، ئه‌وا پرۆسه‌ى سیاسى به‌ بنبه‌ست ده‌گات.

جوڵەکانی بینا
پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو هاوپه‌یمانى بینا له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران نوسراوى ئاڕاسته‌ى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران كرد، داوایكرد رێوشوێنى یاسایى دژى به‌رهه‌م ساڵح بگیرێته‌ به‌ر چونكه‌ پێشێلكارى ده‌ستووریى ئه‌نجامداوه‌، له‌ پشتى په‌رده‌وه‌ هه‌وڵى چڕوپڕبۆ لادانى به‌رهه‌م ساڵح هه‌یه‌، ره‌نگه‌ ئه‌گه‌ر به‌رهه‌م ساڵح بزانێت ئه‌و هه‌وڵانه‌ به‌ مه‌نزڵ ده‌گه‌ن، لاى خۆیه‌وه‌ ناوه‌رۆكى نامه‌كه‌ى له‌ ئاماده‌یى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌وه‌ بۆ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ بگۆڕێت.

لادانى به‌رهه‌م ساڵح
به‌رهه‌م ساڵح به‌ ره‌وانه‌كردنى نامه‌كه‌ى به‌ یه‌كجاریى هه‌موو هێلكه‌كانى خسته‌ سه‌به‌ته‌ى ئه‌مریكاوه‌، لایه‌نه‌كانیشى دابه‌شكرد به‌سه‌ر دوو به‌ره‌ى دژ و پشتیوانى مانه‌وه‌ى. 

ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌؛ به‌پێى مادده‌ى ٧٥ی ده‌ستوور، ئه‌گه‌ر نامه‌كه‌ى به‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ دانرا، یاخود نامه‌یه‌كى دیكه‌ى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى به‌روونى پێشكه‌ش كرد، ئه‌وا دواى نامه‌كه‌ به‌ حه‌وت رۆژ كورسییه‌كه‌ى له‌ده‌ستده‌دات.

لابردن؛ به‌پێى مادده‌ى ٦١ى ده‌ستوور، ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ده‌توانێت هه‌م له‌ سه‌رۆك كۆمار بپرسێته‌وه‌، هه‌م له‌پۆسته‌كه‌ى لاى به‌رێت، ئه‌وه‌ش به‌زۆرینه‌ى ره‌هاى ده‌نگى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، دواى سه‌ركۆنه‌كردنى لایه‌ن دادگاى فیدراڵییه‌وه‌ به‌ یه‌كێك له‌م حاڵه‌تانه‌، سوێندخواردنى ده‌ستوورى به‌ درۆ، پێشێلكردنى ده‌ستوور، خیانه‌تى گه‌وره‌. به‌پێى بڕگه‌ى شه‌شى ماددى ٩٣ دادگاى فیدراڵى ئه‌ تۆمه‌تانه‌ یه‌كلا ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌درێته‌ پاڵ سه‌رۆك كۆمار. به‌رهه‌م ساڵح خۆى له‌نامه‌كه‌ى دانى به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ پێشێلى ده‌ستوورى كردووه‌و گوتویه‌تى با ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بڕیارى خۆیان بده‌ن. 

زیاتر له‌ هه‌ر لایه‌نێك یه‌كێتى خۆى له‌ وێستگه‌یه‌كى ناخۆشدایه‌

شه‌قامى سیاسى عێراق ئێستا سه‌رقاڵن به‌ به‌رهه‌م ساڵح-ه‌وه‌، نه‌یاره‌كانى زیاتربوون به‌ڵام چانسیشى هه‌یه‌ كه‌ پشتگیرى به‌شێك له‌ شه‌قام و لایه‌نه‌كانى دژى ئێرانى به‌ده‌ستهێناوه‌، له‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كانیش پارتى تا ئێستا پشتیوانى ده‌كات(ئەگەر چی داوای لە یەکێتی کورد پلانی بیشی هەبێت بۆ دوای بەرهەم ساڵح)، كۆمه‌ڵیش به‌فه‌رمى پشتیوانى راگه‌یاندووه‌، یه‌كگرتوو نه‌وه‌ى نوێ و ئاینده‌ تائێستا  بێده‌نگن، گۆڕانیش له‌م قۆناغه‌دا كه‌ خواستى چاككردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتى، پێناچێت پشت له‌ سه‌رۆك كۆمار بكات، زیاتر له‌ هه‌ر لایه‌نێك یه‌كێتى خۆى له‌ وێستگه‌یه‌كى ناخۆشدایه‌، ئایا ئێران له‌خۆى توڕه‌ بكات یاخود دڵى به‌رهه‌م ساڵح بشكێنێت دژى هه‌نگاوى نه‌یاره‌ سیاسییه‌كانى نه‌وه‌ستێته‌وه‌.

یه‌كێتى هێشتا مشتومڕى سه‌رۆك و سه‌ركردایه‌تى نوێى ساغ نه‌كردووه‌ته‌وه‌، به‌رهه‌م ساڵح تۆپه‌ڵێك ئاگرى فڕێدایه‌ نێوماڵه‌كه‌ى، ئێران زویر بكات هه‌ر وه‌ى، ئاو برژێته‌ ئاوى گروپه‌ شیعه‌كان كه‌ به‌رهه‌ڵستكارى توندى ئه‌مریكان هه‌ر وه‌ى، بۆ پۆستى سه‌رۆكى حزبه‌كه‌ش پشتیوانى به‌رهه‌م ساڵح بكات كێشه‌یه‌ و ئێران له‌م قۆناغه‌ قبوڵى نییه‌، دووریشى بخاته‌وه‌ بۆناوخۆى حزبه‌كه‌ كێشه‌یه‌، یارییه‌كه‌ هه‌رچۆنێك بێت له‌م رۆژانه‌دا دەبێت ساغ ببێته‌وه‌و یه‌كێتى و به‌رهه‌م ساڵح تۆپێكى دیكه‌ هه‌ڵده‌نه‌ گۆڕه‌پانى نه‌یاره‌كان.