ڕاپۆرتی کوردستانی

04:36 - 21/12/2018

پۆسته‌ باڵاکانی كورد له‌ به‌غدا پشكى هه‌رێمیان له‌ بودجه‌ نه‌پاراست‌

پەیسەر

دواى زیاتر له‌ چوار مانگ مقۆمقۆ و مشتومڕ له‌سه‌ر بودجه‌ى عێراق و پشكى كورد تێیدا، داواجار بوونى وه‌زیرى دارایى، جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆك كۆمار و چه‌ند وه‌زیرو په‌رله‌مانتارێك نه‌بوونه‌ فریادڕه‌س، بۆ رزگاركردنى هه‌رێمى كوردستان له‌ كابوسى سه‌دا ١٢.٦٧ یپشكى كورد وه‌ك خۆى ره‌وانه‌ى په‌ڕله‌مان كرایه‌وه‌.

بودجه‌ى ساڵى ٢٠١٩ى عێراق له‌لایه‌ن كابینه‌ پڕكێشه‌كه‌ى حه‌یده‌ر عه‌بادییه‌وه‌، به‌ په‌له‌پڕوزێ ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان كرا، كاتێك ئه‌و كابینه‌یه‌ كاربه‌ڕێكه‌ربوو و وه‌زیره‌كانى عادل عه‌بدولمه‌هدى هێشتا له‌سه‌ر كورسى دانه‌نیشتبوون، بودجه‌كه‌ ته‌پوتۆزى ناكۆكییه‌كانى هه‌ولێر و به‌غداى به‌سه‌ره‌وه‌ مایه‌وه‌.

لیژنه‌یه‌كى هاوبه‌شى په‌رله‌مان و حكومه‌ت ماوه‌ى مانگێك، سه‌رقاڵبوون به‌ جێكردنه‌وه‌ى تێبینى لایه‌نه‌كان له‌ پرۆژه‌ یاساكه‌دا، داواجار تێبینییه‌كانى كورد هه‌ر جێگه‌ى نه‌بوویه‌وه‌، كابینه‌ نوێیه‌كه‌ى هه‌ولێر پێناچێت به‌و پشكه‌ى له‌ بودجه‌ دیاریكراوه‌ بتوانێت بكه‌وێته‌ سه‌رپێ، هه‌مان بڕى كابینه‌ى پێشووى ناوێت.

قه‌ڵه‌مى وه‌زاره‌تى دارایى عێراق، ئێستا به‌ ده‌ستى فوادحوسێن-ه‌وه‌یه‌، ئه‌و پیاوى متمانه‌پێكراوى بارزانى و كاره‌كته‌رى دیارى دانوستانه‌كانى قۆناغى ریفراندۆمه‌، بۆ عێراقیه‌كان وا وێنا ده‌كرا له‌ كابینه‌كه‌ى عه‌بدولمه‌هدى به‌ كه‌شوهه‌واى ریفراندۆمه‌وه‌ به‌رگرى له‌ داواو مافه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بكات، له‌ یه‌كه‌م ئه‌زمونیدا بۆ تێپه‌ڕاندنى بودجه‌، كورسییه‌كه‌ى وه‌زیرى دارایى و كورسییه‌كانى دیكه‌ى كورد له‌ به‌غدا به‌س نه‌بوون بۆ پاراستنى پشكى كورد.

هۆشیار عه‌بدوڵڵا، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، كه‌ هاوكات ئه‌ندامى لیژنه‌ى داراییه‌، بۆ په‌یسه‌ر پرێس باسیله‌وه‌كرد، له‌كاتێكدا ئه‌وان داوایانكردبوو پشكى كورد بۆ سه‌دا ١٤ زیادبكرێت به‌پێى رێژه‌ى دانیشتووانه‌كه‌ى كه‌ له‌ ئاماره‌كانى وه‌زاره‌تى پلاندانان سه‌دا ١٤ یە، به‌ڵام رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو ره‌شنووسی پرۆژه‌ یاساى بودجه‌ى گشتى ٢٠١٩ى عێراق به‌هه‌مواركراوی گه‌یشته‌وه‌ په‌رله‌مان، پشكى كورد هه‌ر وه‌ك خۆى مایه‌وه‌ كه‌ سه‌دا ١٢.٦٧ی بودجەی عێراقە.

هۆشیار عه‌بدوڵا، به‌رپرسیارێتی زیادنه‌كردنى رێژه‌ى هه‌رێم له‌ بودجە ده‌خاته‌ ئه‌ستۆى فواد حوسێن و ده‌ڵێت،"له‌ ئه‌ستۆى وه‌زاره‌تى دارایی‌ و خودى وه‌زیره‌كه‌یه‌، چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتى زیادكردنى هه‌یه‌و جگه‌ له‌و هیچ كه‌سێكى تر له‌ په‌رله‌مان ناتوانێت ده‌ستكارى ژماره‌كان بكات، هۆكاره‌كه‌ى لاى فوئاد حوسێنه‌، چونكه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ و نه‌شیكردووه‌، ده‌بێت لێپرسینه‌وه‌ى لێبكرێت".

له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ى پرۆژه‌ى بودجه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، وابڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ پشكى كورد ٤٠٠ ملیار دینار زیادكراوه‌، به‌ڵام ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ده‌ڵێت، ئه‌و بڕه‌ پاره‌ى زیادكراوه‌، به‌ رێژه‌ى سه‌دى كاریگه‌رى نه‌بوو له‌سه‌ر زیادكردنى پشكى هه‌رێم و داواجار وه‌ك خۆى مایه‌وه‌.

پشكى كورد له‌ بودجه‌ى عێراق ئێستا نۆ ترلیۆن و ٧٨٣ ملیار و ٢٥ ملیۆن و ٨١١ دینارە، ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقیش ده‌سه‌ڵاتى گۆڕینى ئه‌و ژماره‌ى نییه‌ و كاره‌كه‌ له‌ گێژنه‌ ده‌رچووه‌، غالب محه‌مه‌د ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایی ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بۆ په‌یسه‌ر گوتى"وامان دانا بوو وه‌زیره‌ كورده‌كان به‌تایبه‌ت وه‌زیری دارایی، كه‌ به‌ وه‌كاله‌تیش وه‌زیری پلان دانانه‌، بتوانن ده‌ستكارى پشكى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن و زیادى بكه‌ن".

گوتیشى، به‌ڵام وه‌زیرى دارایى نه‌ك تواناى گێڕانه‌وه‌ى پشكى هه‌رێمى نه‌بوو بۆ سه‌دا ١٧، به‌ڵكو وابڕوات سەدا ١٢.٦٧ دەبێتە عورف، له‌هه‌موو یاساكانی بودجه‌ی ساڵانی داهاتوو جێگیرده‌كرێت، كه‌ ئه‌مه‌ش زیانێكی گه‌وره‌ ده‌دات له‌ هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها ره‌خنه‌ى له‌ پارتى گرت و گوتى"من پێم وایه‌ پارتى به‌م پشكه‌ رازییه‌و پێشتر له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدى رێككه‌وتووه‌".

ڤیان سه‌برى سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، بۆ په‌یسه‌ر قسه‌یكردوو ره‌تیكرده‌وه‌ حزبه‌كه‌ى به‌و بڕه‌ دیاریكراوه‌ى هه‌رێم له‌ بودجه‌ رازیبێت، گوتى" وه‌ك فراكسیۆن‌ و ته‌نانه‌ت خودى وه‌زیرى دارایی، رازى نین به‌و رێژه‌یه‌و ته‌واوى هه‌وڵى خۆمان داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى زیادبكرێت".

به‌ڵام هۆكارى ئه‌و دۆخه‌ى ئێستای بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕانده‌وه‌ كه‌"زیادكردنى پشكى هه‌رێم ‌و دانانى به‌و رێژه‌یه‌، په‌یوه‌ندى به‌رێككه‌وتنى سیاسییه‌وه‌ هه‌یه‌و لایه‌نه‌كانى عێراق رازى نین به‌و رێككه‌وتنه‌"، بێ ئه‌وه‌ى روونكردنه‌وه‌ى زیاتر له‌سه‌ر قسه‌كه‌ى بدات.