ڕاپۆرتی کوردستانی

03:04 - 26/12/2019

یەکێتی لەنێوان تاڵەبانی و جەنگییەکاندا، قۆناغێکی نوێی ململانێ دەستپێدەکات؟‌

پەیسەر

كاره‌كانى كۆنگره‌ى یه‌كێتى كۆتاییان هات، ئه‌و كارانه‌ى له‌هۆڵى كۆنگره‌ نه‌كران به‌ سه‌ركردایه‌تى نوێ سپێردران، سه‌ركردایه‌تییه‌ك كه‌ نزیكه‌ى سه‌دا ٨٥ى ماڵى تاڵه‌بانى كۆنتڕۆڵیان كردووه‌، دژه‌ پارتییه‌كان بوونه‌ ئه‌ستێره‌ى كۆنگره‌ و ته‌نها خێزانى تاڵه‌بانى ١٠ كورسییان له‌ سه‌ركردایه‌تى پێدرا. بافڵ تاڵه‌بانیش له‌ ركابه‌رى ئامۆزاكه‌ى دواكه‌وت، كۆنگره‌ مه‌دالیاى كه‌سى یه‌كه‌مى به‌ لاهور شێخ جه‌نگى به‌خشى

كۆنگره‌ى دژه‌ پارتییه‌كان
له‌ بازنه‌ى كه‌ركوك، لاهور شێخ جه‌نگى و بافڵ تاڵه‌بانى یه‌كه‌م و دووه‌م بوون، له‌ بازنه‌ى هه‌ولێر، فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، له‌ بازنه‌ى خانه‌قین مه‌حمود سه‌نگاوى، ئه‌مانه‌ دیارترین ئه‌و ناوانه‌ن كه‌ پارتى ڤیتۆى له‌سه‌ریان هه‌بووه‌، یاخود قسه‌و ره‌خنه‌ى توندیان له‌سه‌ر پارتى هه‌بووه‌. به‌گشتى كاندیده‌ رادیكاڵه‌كان به‌رامبه‌ر پارتى، ئه‌ستێره‌ى به‌ختیان له‌ كۆنگره‌ هه‌ڵكشا. 

په‌یسه‌ر پێشتر زانیارى هه‌بوو، كه‌پێش كۆنگره‌ ته‌شه‌نوج له‌نێوان ئه‌ندامان درووستبووه‌، ئه‌ندامه‌كان به‌سه‌ر ریفراندۆمچى و گروپى ١٦ى ئۆكتۆبه‌ردا دابه‌شبوون، به‌ڵام ریفراندۆمچییه‌كان كزبوون و به‌ته‌واوى كوژانه‌وه‌. له‌ كۆنگره‌ ئاوڕیان لێنه‌درایه‌وه‌. په‌یوه‌ندییه‌كانى یه‌كێتى و پارتى دواى ئه‌م كۆنگره‌یه‌ ده‌چنه‌ قۆناغێكى سه‌خته‌وه‌. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پارتى به‌ته‌واوى نیگه‌رانه‌ له‌ ئه‌نجامى كۆنگره‌، تائێستا هیچ پیرۆزباییه‌كى نه‌ناردووه‌. پارتى وابیرده‌كاته‌وه‌ ئه‌نجامى كۆنگره‌ ململانێكانى نێوان یه‌كێتى و پارتى برده‌وه‌ چوار گۆشه‌ى یه‌كه‌م.

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ باڵى سه‌ركه‌وتووى كۆنگره‌، پێش كۆنگره‌ پلانیان وابوو له‌سه‌ره‌تاى ساڵى نوێوه‌و له‌گه‌ڵ پارتى دابنیشن و به‌ وردى حه‌ق و حسابیان له‌گه‌ڵ بكه‌ن و پێداچوونه‌وه‌ به‌هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كانیان بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ش شاندێكیان ئاماده‌كردووه‌ له‌و ناوانه‌ى پێشتر له‌ شانده‌كان نه‌بوون یاخود له‌ كه‌سه‌ رادیكاڵه‌كان بوون. پێده‌چێت ئه‌و هه‌نگاوه‌ كوردستان بخاته‌ ته‌نگه‌ژه‌یه‌كى دیكه‌وه‌. چونكه‌ پارتى پێیى وایه‌ رێككه‌وتنه‌كان بێ كێشه‌ن و له‌سه‌ر ریتمى خۆیان ده‌ڕۆن، یه‌كێتیش پێى وایه‌ دۆڕاوى رێككه‌وتنه‌كانه‌و جێبه‌جێنه‌كردنى بڕگه‌كانیه‌تى. 

كێشه‌ى باڵه‌كان له‌ فۆرمێكى نوێدا
هه‌ر رۆژى یه‌كه‌م كۆنگره‌ به‌خێرایى كۆسره‌ت ره‌سوڵى وه‌ك سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى باڵا دیاریكرد. حه‌وت هه‌شت ئه‌ندامێكیش به‌ ته‌زكییه‌ ره‌وانه‌ى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ كران. به‌ڵام كۆنگره‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانى یه‌كلانه‌كرده‌وه‌، ئه‌مه‌ ماوه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ كه‌ زۆرینه‌ى ره‌هاى له‌ باڵى ده‌باشانن، پێناچێت ماڵى تاڵه‌بانى ئاماده‌بن به‌ده‌ستى خۆیان به‌ربه‌ستێكى گه‌وره‌ له‌به‌رده‌م خۆیان قوت بكه‌نه‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتى زۆرو زه‌وه‌ند به‌و ئه‌نجومه‌نه‌ بده‌ن، ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ رووكه‌ش ده‌بێت، به‌ڵام كێشه‌ى باڵه‌كان له‌ فۆرمێكى نوێدا دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێكردن و ئه‌نجومه‌نى باڵا دوو قوتبى ململانێ ده‌بن. 

سه‌ركردایه‌تى كۆن
له‌ سه‌ركردایه‌تى كۆنى یه‌كێتى، نزیك به‌ هه‌موویان كاندید بوون به‌ڵام ته‌نها پێنجیان ده‌رنه‌چوون، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌ى ئه‌وه‌یه‌ پێش وه‌خت لیستى ده‌رچوون ئاماده‌كراوه‌. پێش ده‌نگدان لیستێك بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ زۆرینه‌ى زۆرى ده‌رچووه‌كان هه‌مان كه‌سه‌كانى ناو ئه‌و لیسته‌بوون. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر به‌شێكى زۆر له‌ ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تى گومانیان هه‌یه‌ ئه‌نجامه‌كان گۆڕدرابن. بۆیه‌ش هه‌ندێكیان داواى ژماردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كانیان كردووه‌و هه‌ندێكیش سكاڵایان تۆمار كردووه‌. 

حزبى ماڵى تاڵه‌بانى
به‌پێى نه‌خشه‌ى نوێى سه‌ركردایه‌تى ١٠ كورسى بۆ ماڵى تاڵه‌بانى یه‌كلا بووه‌ته‌وه‌، بافڵ تاڵه‌بانى، قوباد تاڵه‌بانى، لاهور جه‌نگى تاڵه‌بانى، ئاراس جه‌نگى تاڵه‌بانى، بێگه‌رد تاڵه‌بانى، ئاڵا تاڵه‌بانى، پۆڵا سیروان تاڵه‌بانى، تابان عەبدوڵا تاڵه‌بانى، جەلال شێخ ناجی تاڵەبانی، شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د. یه‌كێتى له‌ناوه‌ڕاستى حه‌فتاكان دواى هه‌ره‌سى شۆڕش خۆى راگه‌یاند سیاسه‌تى ئه‌و حزبه‌ به‌شێكى زۆرى كاردانه‌وه‌ى شێوازى سیاسیه‌تى پارتى بوو، یه‌كێك له‌وانه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك حزبى بنه‌ماڵه‌ى ره‌تده‌كرده‌وه‌و پارتى وه‌ك نمونه‌ى حزبى بنه‌ماڵه‌و خێڵه‌كى باسده‌كرد. دواى ٤٥ساڵ ئێستا به‌ته‌واوى پایه‌كانى بنه‌ماڵه‌ له‌نێو یه‌كێتى چه‌قیون، ١٠كورسى سه‌ركردایه‌تى له‌ بنه‌ماڵه‌ى مام جه‌لالن و ٨٠ كورسى دیكه‌ش هى ئه‌و ١٠كه‌سه‌ن، ئه‌و كاندیده‌شى بنه‌ماڵه‌یه‌ك پشتیوانى نه‌كردبێت له‌ كه‌شتى كۆنگره‌ كه‌وته‌ خواره‌وه‌. ژماره‌ى تاڵه‌بانییه‌كانى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى، زیاترن له‌ بارزانییه‌كانى سه‌ركردایه‌تى پارتى.

هه‌ڵتۆقینى ململانێیه‌كى گه‌وره‌
به‌پێى ئاماژه‌و ئه‌نجامه‌كان بێت، ئه‌وه‌ى كۆنتڕۆڵى كۆنگره‌ى كردووه‌ به‌پله‌ى یه‌كه‌م جه‌نگییه‌كانن، لاهور شێخ جه‌نگى مه‌دالیاى براوه‌ى یه‌كه‌مى كۆنگره‌ى له‌ یه‌خه‌ دراو سه‌دا ٩٢ى ده‌نگه‌كانى برد. به‌ڵام ده‌گوترێت ئاراس شێخ جه‌نگى جانتاى ره‌شى پشتى بردنه‌وه‌كانى لاهوره‌و یارییه‌كانى ماڵى شێخ جه‌نگى ئه‌و رێكیده‌خاو ده‌یسازێنێت. به‌پێى ئه‌نجامى كۆنگره‌ بافڵ تاڵه‌بانى ١١١ ده‌نگ له‌دواى لاهور شێخ جه‌نگییه‌وه‌، پێناچێت ئه‌مه‌ به‌ ئاسانى به‌دڵیدا ره‌تبێت، ئه‌و كه‌خۆى به‌ میراتگرى شه‌رعى یه‌كێتى ده‌زانى، ئێستا جه‌ماوه‌رى یه‌كێتى لاهور شێخ جه‌نگییان لا په‌سه‌ندترو خۆشه‌ویستتره‌. 

پێده‌چێت ململانێى گه‌وره‌ى قۆناغى گه‌وه‌رى یه‌كێتى شه‌ڕى ئه‌و دوو ئامۆزایه‌ بێت، ركابه‌رییه‌كه‌یان زۆر له‌ ركابه‌رى مه‌سرور بارزانى و نێچیرڤان بارزانى ده‌چێت، هه‌ردووكیان ناتوانن له‌یه‌ك كاتدا ئه‌ستێره‌ بن، سروشتى ناكۆكى ئه‌م جووته‌ ئامۆزا به‌وجۆره‌یه‌ ئه‌وكاته‌ى یه‌كێكیان كز ده‌بێت ده‌رفه‌ت به‌وى دى ده‌دات گه‌ش بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌شه‌وه‌، واته‌ بۆئه‌وه‌ى یه‌كێكیات هه‌ڵكشێت ده‌بێت یه‌كێكیان دابكشێت، ده‌بێت پاره‌و ده‌سه‌ڵاتى و چه‌ك لاى یه‌كێكیان بێت. ٩٠٢ ده‌نگى كۆنگره‌ى لاهور شێخ جه‌نگى زه‌نگێكیش بوو بۆ كوڕانى مام جه‌لال كه‌ جه‌نگییه‌كان یه‌كێتى قووت ده‌ده‌ن. هاوكێشه‌كه‌ به‌م جۆره‌ به‌رده‌وام بێت ره‌نگه‌ ململانێکان لە دوای ئەم کۆنگرەیەوە بە ئاقارێکی دیکەدا بڕۆن. 

چانسى به‌رهه‌م ساڵح
به‌رهه‌م ساڵح به‌ڵێنى پێدراوه‌ بكرێته‌ سه‌رۆك، ئاخر هه‌ردوو كه‌سى یه‌كه‌م و دووه‌مى كۆنگره‌، كه‌سیان پێیان خۆش نییه‌ ئه‌وى دیكه‌ ببێته‌ سه‌رۆك، بۆیه‌ له‌دۆخێكى وادا لاهور و بافڵ باشترین رێگه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ردووكیان له‌سه‌ر به‌رهه‌م ساڵح بسازێن و تاجه‌كه‌ بخه‌نه‌ سه‌رى، به‌ڵام سه‌رۆكێكى ته‌واو رووكه‌ش ده‌بێت، نه‌ك هیچ كه‌سێكى بۆ سه‌ركردایه‌تى پێ سه‌رنه‌خراوه‌، به‌ڵكو خۆیشى به‌ ته‌سكییه‌و له‌به‌رده‌م ناڕه‌زایى زۆرى كادیراندا بۆ كۆنگره‌ سه‌رخرا. 

پێده‌چێت ده‌نگه‌ زۆره‌كانى لاهور شێخ جه‌نگى ئه‌و چانسه‌ى به‌رهه‌م ساڵح بشێوێنێت، چونكه‌ ئێستا بافڵ تاڵه‌بانى پێویستى به‌وه‌یه‌ بێته‌ پێشه‌وه‌، دواى یه‌كه‌م بوونى لاهور به‌و رێژه‌ زۆره‌ بافڵ پێویستى زۆرى به‌ كورسى سه‌رۆكه‌، تاڕێگه‌ نه‌دات هه‌ژموونى به‌رامبه‌ر ئامۆزاكه‌ى زیاتر دابكشێت. دوور نییه‌ بافڵ ئه‌و هه‌نگاوه‌ بنێت و له‌ پشتیوانى به‌رهه‌م ساڵح بكشێته‌وه‌. كوڕانى تاڵه‌بانى بۆ وه‌ستاندنى لاهور شێخ جه‌نگى ده‌توانن سوود له‌پێگه‌ى باوكیان و په‌یوه‌ندییه‌كانى دیكه‌یان وه‌ربگرن. ئه‌گه‌ر یارییه‌كه‌ به‌م شێوه‌ى ئێستا بۆ سێ ساڵى داهاتوو به‌رده‌وام بێت، یه‌كێتى ده‌بێته‌ حزبى جه‌نگییه‌كان نه‌ك ماڵى تاڵه‌بانى.

كۆسره‌ت ره‌سوڵ و مه‌لا به‌ختیار
یاریى ئه‌مجاره‌ چیتر به‌دڵى كۆسره‌ت ره‌سوڵ كۆتایى نه‌هات، وه‌ك باسده‌كرا ئه‌و هه‌میشه‌ پیاوى كۆتا ساته‌كانه‌، دیار نییه‌ چ یارییه‌كى دیكه‌ى له‌ژێر سه‌ره‌، ئایا ده‌ستده‌خاته‌ ململانێى نێوان لاهور و بافڵ و ئه‌و ململانێیه‌ى ئه‌ستێره‌ى به‌ختى ده‌گه‌شێنێته‌وه‌، یاخود ته‌نها به‌و به‌شه‌ كه‌مه‌ رازى ده‌بێت و له‌دووره‌وه‌ سه‌یرى ده‌ستكه‌وته‌كانى ماڵى تاڵه‌بانى ده‌كات. له‌ بازنه‌ى هه‌ولێر فه‌رید ئه‌سه‌سه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ده‌نگى پێدراوه‌، كه‌ كوڕه‌كانى كۆسره‌ت ره‌سوڵ یه‌كه‌مى بازنه‌ نه‌بن، ماڵى تاڵه‌بانى پله‌به‌ندى ده‌رچووه‌كانى هه‌ولێرو سۆرانیان كێشاوه‌. كارمه‌ندى كه‌ناڵى كوردسات له‌بازنه‌ى سۆران به‌ ده‌نگى زۆر ده‌رچووه‌. 

هه‌رچى سه‌باره‌ت به‌ مه‌لا به‌ختیار و ئه‌و هه‌موو قسه‌و جموجوڵه‌ى سه‌باره‌ت به‌ كۆنگره‌ كردى، كه‌ وه‌ك ئاڕاسته‌یه‌ك خۆى پیشانده‌دا، به‌ ته‌زكییه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نى باڵا رازیبوو بێده‌نگى هه‌ڵبژارد، یارییه‌كه‌ له‌وه‌ گه‌وره‌تربوو مه‌لابه‌ختیار بتوانێت تێیدا ببێته‌ جه‌مسه‌ر.