06:10 - 24/12/2019
١٢خاڵى لاوازى كۆنگره‌ى یه‌كێتى
یه‌كێتى نیشتمانیى كوردستان، دواى شه‌ش ساڵ له مشت‌ومڕ كۆنگره‌ى چواره‌مى خۆى ئه‌نجامدا، كاره‌كانى كۆنگره كۆتاییان هاتووه‌و ته‌نها راگه‌یاندنى ئه‌نجام ماوه، ئه‌و كۆنگره‌یه بۆ یه‌كێتى سه‌ركه‌وتن بوو به‌سه‌ر كۆسپێكى گه‌وره‌دا، چونكه ئه‌و حزبه كۆنگره‌ى لێبووبووه گرێ و كادیران و سه‌ركرده‌كانیشى خه‌ریك بوو نا‌ئومێد ده‌بوون له‌وه‌ى حزبه‌كه بتوانێت كۆنگره بكات. دواجار كۆنگره كرا‌و ئێران رۆڵى گه‌وره‌ى هه‌بوو له پێكه‌وه به‌ستنى باڵه‌كان.
ئه‌گه‌رچى چیرۆكى چه‌ند ساڵه‌ى كۆنگره كۆتایى هات، به‌ڵام پێناچێت چیرۆكى ناكۆكییه‌كان له‌گه‌ڵ كۆنگره‌دا ته‌واوببن. كۆمه‌ڵێك كه‌لێن و خاڵى لاواز له كۆنگره‌دا هه‌بوون ره‌نگه بۆ داهاتووى یه‌كێتى ببنه سه‌رئێشه‌ى گه‌وره، هه‌ندێك له‌و كێشانه‌ش زیانیان به به‌هاى كۆنگره‌كه گه‌یاند.
یه‌كه‌م؛ كۆنگره ده‌رده گه‌وره‌كه‌ى یه‌كێتى چاره نه‌كرد، یه‌كێتى هه‌میشه له‌بڕیارداندا بۆ چه‌ند به‌ره‌یه‌ك دابه‌شده‌بوو بۆیه‌ش بڕیاره‌كه ده‌رنه‌ده‌كرا، یاخود به‌سه‌قه‌تى له‌دایك ده‌بوو، له‌م كۆنگره‌یه ئه‌نجومه‌نێك بۆ ستافى پێشوو درووستكراو ئه‌نجومه‌نێكى دیكه‌ش ده‌بێت به‌ناوى ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێكردن، له‌یه‌ك كاتدا دوو سه‌ركردایه‌تى جیاواز ده‌بێت، پێناچێت هیچیان به په‌راوێزخستن رازى ببن. كاره‌كته‌ره‌كانى نێو ئه‌و ئه‌نجومه‌نانه‌ش هه‌مان ئه‌و كه‌سانه‌ن كه‌پێشتر له‌سه‌ر بڕیاره‌كان ناكۆك بوون. بۆیه‌ش یه‌كێتى جارێ به‌و ده‌رده‌یه‌وه به‌رده‌وام ده‌بێت. ململانێكه‌ش جۆرێك له‌به‌رگى فه‌رمى به‌به‌ردا كراوه، چونكه له‌دواى كۆنگره ناكۆكى له‌نێوان ئۆرگانه‌كانیش ده‌بێت نه‌ك ته‌نها كه‌سه‌كان.
دووه‌م؛ یه‌كێتى كۆنگره‌كه‌ى ناو ناوه كۆنگره‌ى نوێبوونه‌وه، به‌ڵام هه‌ر رۆژى یه‌كه‌م هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ى له ئه‌نجومه‌نێكى باڵادا هه‌ڵبژارده‌وه‌و كردنى به ئه‌ندام، كه چه‌ندین ده‌یه‌یه له لوتكه‌ى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌و حزبه‌دان. ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شى خواستى دانیشتنیان هه‌بوو له ماڵه‌وه، چوونه ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌وە.
سێیه‌م؛ تا شه‌وێك پێشتر، باس‌وخواسى ئەنجامدان یا دواخستنى كۆنگره هێشتا نه‌بڕابوویه‌وه، ئه‌وه‌ش زیانبوو بۆ كۆنگره. دوودڵى ئه‌نجامدان یا دواخستن، تا نێو هۆڵى كۆنگره له‌گه‌ڵ ئه‌ندامه‌كان رۆیشت.
چواره‌م؛ یه‌كێك له هه‌ره لاوازترین خاڵه‌كانى كۆنگره ئه‌وه‌بوو، كه ده‌سه‌ڵاتى هه‌مواركردنى په‌یڕه‌وى دایه ده‌ست ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى، له‌كاتێكدا به‌ده‌گمه‌ن بڕیارى له‌م جۆره هه‌یه، پره‌نسیپى باو ئه‌وه‌یه كه كۆنگره باڵاترین ده‌سه‌ڵاته‌و هه‌رئه‌وه‌یش ده‌سه‌ڵاتى ده‌ستكاریكردنى په‌یڕه‌وى هه‌یه.
پێنجه‌م؛ كۆنگره سه‌رۆك و جێگره‌كانیشى پێ یه‌كلایى نه‌كرایه‌وه ئه‌ویشى هه‌ر بۆ سه‌ركردایه‌تى جێهێشت، جیاواز له كۆنگره‌كانى پێشووى حزبه‌كه و زۆربه‌ى حزبه‌كانى دیكه، ئه‌وه‌ش واده‌كات ململانێ، فشار، ناكۆكى و ته‌شه‌نوج بۆ ماوه‌یه‌كى زیاتر به‌رده‌وام بێت. كۆنگره نه‌بووه وێستگه‌ى ئه‌و بڕیاره گرنگانه.
شه‌شه‌م؛ له‌نێوخۆى حزبه‌كه گله‌یى ئه‌وه هه‌بوو كه پێشوه‌خت وه‌ك پێویست وردببینى ناوى لیستى كاندیدان نه‌كراوه، ته‌نانه‌ت شه‌وى دووه‌م دواى كشانه‌وه‌ى ١٠٠ كاندید، لیژنه‌ى سه‌رپه‌رشتیار تا به‌ره‌به‌یان سه‌رقاڵى وردبینى بوون له‌ناوه‌كان، كه له‌وێدا ده‌رفه‌تى ئه‌وه نه‌ماوه بۆ بڕیاردان له‌باره‌ى كاندیدبوونیان.
حه‌وته‌م؛ كۆنگره ژماره‌یه‌كى قه‌به‌ى بۆ ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى په‌سه‌ند كرد، كه ١٢١ كه‌سه، له‌كاتێكدا له دونیادا شێوازى سه‌ركردایه‌تى زۆر‌و قه‌ره‌باڵغ به‌ره‌و كۆتایى ده‌چێت. زۆرتر حزبه‌كان روویان له سه‌ركردایه‌تى كه‌م و پوخته. ئه‌و ژماره زۆره هه‌م پرۆسه‌ى بڕیاردان قورس و ئاڵۆزتر ده‌كات، خه‌رجى زیاتریشى هه‌یه و گرنگى ده‌زگاى سه‌ركردایه‌تیش كاڵتر ده‌كاته‌وه.
هه‌شته‌م؛ كۆنگره به ته‌زكییه سێ ئه‌ندامى بۆ سه‌ركردایه‌تى سه‌رخست و نه‌یخستنه ده‌نگدانه‌وه، له‌كاتێكدا ئه‌و كه‌سانه له لوتكه‌ى ئه‌و پۆستانه‌دان كه حزبه‌كه‌یان وه‌ریگرتووه، پێویست نه‌بوو جیاوازى بكرێت، ئه‌وان كه له ده‌سه‌ڵاتدارانى نێو یه‌كێتى بوون ئاماده نه‌بوون بچنه به‌رده‌م سندوقى ده‌نگى ئه‌ندامانى كۆنگره، ئه‌گه‌رچى ده‌ڵێن، زۆرتر به‌رهه‌م ساڵح ترسى له ده‌نگدان هه‌بووه‌و قوباد تاڵه‌بانى و رێواز فایه‌قیش له‌به‌ر دڵى ئه‌و خراونه‌ته لیسته‌كه‌وه. تەنانەت شێخ جەعفەر ئەو شێوازەی بۆخۆی رەتکردەوە.
نۆیه‌م؛ راوبۆچوونى ئه‌ندامانى كۆنگره وه‌ك پێویست وه‌رنه‌گیراو ده‌ست نه‌خرایه سه‌ر برینه‌كان. تێپه‌ڕاندنى بڕگه‌كان په‌له‌په‌لى پێوه‌دیاربوو، له‌هیچ كام له بابه‌ته‌كان لیژنه‌ى سه‌رپه‌رشتیار نه‌یده‌خواست كۆنگره رۆبچێته قوڵایى بابه‌ته‌كان.
١٠؛ زانیارى هه‌یه كه له‌نێو كۆنگره فشاركردن و چاو سووركردنه‌وه هه‌بووه، ئه‌گه‌رچى به‌رپرسانى یه‌كێتى نكوڵى لێده‌كه‌ن. به‌ڵام ده‌گوترێت كه‌شێكى ته‌واو ئازاد‌و شه‌فاف له كۆنگره نه‌ڕه‌خساوه.
١١؛ ته‌وافوقێك له‌نێوان باڵه‌كان هه‌بوو كه بووه هه‌وێنى كۆنگره، به‌ڵام ته‌وافوقێكى شلوشۆڵ بوو. بافڵ تاڵه‌بانى شه‌وى پێش ده‌نگدان به په‌یامێكى ئه‌و رێككه‌وتنه‌كه‌ى له‌قتر كرد، كاتێك گوتى ده‌نگ به خوێنسه‌وزه‌كان بده‌ن بۆ سه‌ركردایه‌تى، ئه‌وانه‌ى كه ناهێڵن یەکێتی سەری خۆی دابنەوێنێ. ئه‌و په‌یامه‌ش واته له‌نێو كاندیده‌كان هه‌ندێكیان خوێنى سه‌وز نییه‌و ده‌هێڵن یه‌كێتى سه‌رنه‌وى بكات.
١٢؛ له‌رووى بانگهێشتكردنى میوان و میدیاوه، كۆنگره‌یه‌كى كز بوو، یه‌كێتى میوانى بانگهێشت نه‌كردو كۆنگره وه‌ك كه‌رنه‌ڤاڵێكى گه‌وره‌ى نیشتیمانیى ده‌رنه‌كه‌وت، میدیاى ده‌ره‌وش سه‌رنجى كه‌م بوو له‌سه‌رى یاخود هه‌ر نه‌بوو.
هه‌ركام له‌و خاڵانه كه تایبه‌تن به كۆنگره ره‌نگه كاریگه‌رى دوورتر له‌سه‌ر ئاینده‌ى حزبه‌كه جێبهێڵێت، به‌ڵام دواجار كۆنگره كاره گرنگه‌كانى سپارد به قۆناغى دواى خۆى، خاڵى له‌كۆتایى دێڕه‌كان دانه‌نا و ته‌نانه‌ت رێگه‌یدا سه‌ركردایه‌تى به مه‌یلى خۆی ده‌ستكارى دێڕو خاڵ و پیته‌كان بكه‌ن. پێده‌چێت هه‌موو ئه‌و گرێیانه‌ى كۆنگره نه‌یكردنه‌وه جارێكى دیكه له‌به‌رده‌م سه‌ركردایه‌تى حزبه‌كه سه‌رئێشه‌و كۆسپى گه‌وره دروست بكه‌ن.