ڕاپۆرتی کوردستانی

10:29 - 23/12/2019

١٧بڕگه‌ى مەترسیداری ره‌شنووسى پرۆژه‌ى ئه‌نجومه‌نى باڵاى میدیا‌

پەیسەر

به‌پێى ده‌قى ره‌شنووسى پێشنیارى یاساى ئه‌نجومه‌نى باڵاى میدیا. كه‌ له‌لایه‌ن سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نوسانه‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌. چه‌ندین كۆت و ته‌وق ده‌خرێته‌ ملى میدیا و ته‌واوى كارى راگه‌یاندن له‌ژێر چاودێرى و بڕیارى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ده‌بێت، ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ هه‌ر بۆخۆشى بڕیارده‌دات كێ رۆژنامه‌نوس بێت، چ میدیایه‌ك چۆن كار بكات، چۆن سزاى رۆژنامه‌وان بدرێت، هێڵه‌ سوره‌كانیش بۆ میدیاو میدیاكار داده‌نێت، بێ گەڕانەوە بۆ دادگا ئەنجومەن دەتوانێت دەزگای راگەیاندن رووبەڕووی سزای داخستن بکاتەوە.

بیرۆكه‌ى ئه‌نجومه‌نى باڵاى میدیا كه‌ به‌م دواییانه‌ له‌ نێو سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نوسانه‌وه‌ دووكه‌ڵه‌كه‌ى به‌رچاو كه‌وت لایەنگریشی هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت خاوه‌نه‌كانى داكۆكى زۆرى لێده‌كه‌ن، به‌ڵام رۆژنامه‌وانانى تۆقاندووه‌، په‌یسه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ده‌قى ره‌شنووسه‌كه‌ ده‌كات و هه‌وڵده‌دات به‌شێك یاخود زۆربه‌ى مه‌ترسییه‌كانى پرۆژه‌كه‌ بخاته‌ پێش چاو.

یه‌كه‌م؛ بڕگه‌ى پێنجى مادده‌ى یه‌ك، پاراستنى ئاسایشیى نیشتمانیى له‌ گوتارى میدیای وه‌ك یه‌كێك له‌ ئامانج و ئه‌ركه‌كانى یاساكه‌ باسكردووه‌، ئه‌وه‌ش بۆمیدیا ده‌كرێت سانسۆرێكى قورس بێت و ئاسایشى نیشتمانیى به‌تێڕوانینى ئه‌نجومه‌ن چی بوو نابێت میدیا خۆى له‌قه‌ره‌ بدات. ئه‌وه‌ بڕگه‌یه‌كى ته‌واو مه‌تاتییه‌و بانگه‌شه‌ى پاراستنى ئاسایشى نیشتمانیى هه‌میشه‌ ده‌كرێت بیانوویه‌ك بێت به‌ده‌ستى ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بۆ بێده‌نگکردنى میدیا.

دووه‌م؛ مادده‌ى دووه‌مى یاساكه‌ هه‌موو ده‌زگاكانى راگه‌یاندن و رۆژنامه‌وانانى ناچار كردووه‌، له‌ماوه‌ى شه‌ش مانگدا خۆیان به‌پێى یاساكه‌ رێك بخه‌نه‌وه‌. له‌كاتێكدا له‌هه‌رێمى كوردستان شه‌ش یاسا بۆ كارى رۆژنامه‌وانى هه‌یه‌ و ده‌زگاكان به‌پێى یاسا كارپێكراوه‌كان كار ده‌كه‌ن، راسته‌وخۆو له‌ماوه‌یه‌كى كه‌مدا هه‌موو ده‌زگاكان ده‌چنه‌ ژێر هه‌ژموونى په‌یڕه‌و و رێنماییه‌كانى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌وه‌.

سێیه‌م؛ ئه‌گه‌رچى یاساى كارى رۆژنامه‌وانى پێناسه‌ى رۆژنامه‌نوسى كردووه‌و سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نوسانیش پێناسى رۆژنامه‌وانى به‌پێى مه‌رجه‌كان به‌ رۆژنامه‌وانان ده‌دات، به‌ڵام مادده‌ى ٣ی ره‌شنووى پرۆژه‌یاساى ئه‌نجومه‌نى باڵاى میدیا. ده‌ڵێت، رۆژنامه‌نوس كه‌سێكه‌ كه‌ خولى راهێنان و پێگه‌یاندنى ته‌واوكردبێت، تائێرا ره‌نگه‌ گرفت نه‌بێت، به‌ڵام ده‌ڵێت، خوله‌كه‌ ئه‌نجومه‌ن رێكى ده‌خات و خۆى یه‌كلایى ده‌كاته‌وه‌ چۆن بێت و كێ وه‌ربگرێت و كێ لێى ده‌ربچێت. مادده‌كه‌ ورده‌كارییه‌كه‌ى جێهێشتووه‌ بۆ ئه‌نجومه‌ن خۆى.

چواره‌م؛ ده‌سه‌ڵاتى پێدانى پێناسى رۆژنامه‌وانى به‌خشیوه‌ به‌ ئه‌نجومه‌نى باڵا، واته‌ ئه‌و كه‌سه‌ به‌فه‌رمى ده‌بێته‌ رۆژنامه‌نوس كه‌ ناسنامه‌ى ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ ده‌خاته‌ گیرفانى، پێچه‌وانه‌كه‌ى واته‌ ئه‌وانه‌ى دیكه‌ رۆژنامه‌نوس نین. 

پێنجه‌م؛ ئه‌نجومه‌نى باڵاى میدیا ده‌سه‌ڵاتى رێنمایى ده‌ركردنى هه‌یه‌ بۆ رێكخستنى كارى میدیا، بڕیارى كۆتایى له‌سه‌ر دامه‌زراندنى ده‌زگاى راگه‌یاندن و مۆڵه‌ت پێدان لاى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ده‌بێت. 

شه‌شه‌م؛ له‌بڕگه‌یه‌كى دیكه‌ى مادده‌ى پێنج هاتووه‌، ئه‌نجومه‌نى باڵاى میدیا پێوه‌ر داده‌نێت بۆ گره‌نتیكردنى پابه‌ندبوونی ده‌زگاكانى راگه‌یاندن و رێوشوێنى پێویست. ئه‌م بڕگه‌یه‌ش واته‌ دانانى كۆت و به‌ندى نوێ بۆ میدیا. كه‌ ترس هه‌یه‌ كۆته‌كان زیاتر سیاسى بن چونكه‌ ئه‌سته‌مه‌ ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ له‌ده‌ستى كه‌سانى بێلایه‌ن و ناحزبیدا بێت.

حه‌وته‌م؛ یاساكه‌ زیاد له‌جارێك باس له‌ سزادانى رۆژنامه‌وان ده‌كات و ده‌سه‌ڵاتى سزاى ته‌مبێكردنى به‌ ئه‌نجومه‌نى باڵاى میدیا داوه‌و لیژنه‌ى بۆ ته‌مبێكردن درووستكردووه‌.

هه‌شته‌م؛ بڕگه‌یه‌كى دیكه‌ى مادده‌ى پێنج ده‌ڵێت، باج ده‌سه‌پێندرێت به‌سه‌ر ده‌زگاكانى راگه‌یاندندا، ئه‌م بڕگه‌یه‌ ئه‌گه‌ر به‌ یاساش رێكخرا بێت، مه‌ترسى هه‌یه‌ كۆتایى به‌میدیاى ئه‌هلى بهێنێت، چونكه‌ میدیاى حزبى ده‌توانن باجى خۆیان بده‌ن، به‌ڵام ترس هه‌یه‌ ئه‌نجومه‌ن باجێك بسه‌پێنێت كه‌ میدیاى ئه‌هلى بكوژێنێته‌وه‌. به‌تایبه‌ت كه‌ئێستا خۆیان له‌ دۆخێكى خراپدان. 

نۆیه‌م؛ بڕگه‌یه‌كى مادده‌ شه‌ش ده‌سه‌ڵاتى داوه‌ به‌ ئه‌نجومه‌ن، به‌دواداچوون بۆ ئه‌داى رۆژنامه‌نوس و ده‌زگاى میدیایى بكات، دیسانه‌وه‌ بۆ دڵنیابوونه‌وه‌ له‌ پابه‌ندبوون به‌ پیشه‌ییبوون، ئه‌وه‌ش ده‌ستوه‌ردانى ته‌واوى ئه‌نجومه‌نه‌ له‌ كارى میدیا و میدیاكاراندا، وه‌ دیاریكردنى ئه‌وه‌ى كه‌ چى باشه‌و چى خراپه‌، كێ پیشه‌ییه‌و كێ نا پیشه‌ییه‌ ئه‌نجومه‌نى یه‌كلایى ده‌كاته‌وه‌. 

١٠؛ بڕگه‌ى هه‌شته‌مى مادده‌ى شه‌ش به‌روونى ده‌ڵێت، رێنمایى تایبه‌ت بۆ ره‌خساندنى هه‌لى شكات و سكاڵاى هاوڵاتیان له‌سه‌ر رۆژنامه‌نوس و ده‌زگاكانى میدیا ده‌رده‌كرێت، له‌كاتێكدا ئێستا رۆژنامه‌نوسان گیرۆده‌ى سكاڵاكانن، ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌كانى ئه‌وه‌ ده‌بێت، كارئاسانى زیاتر بكات بۆئه‌وه‌ى سكاڵا له‌ دژى رۆژنامه‌نوس تۆمار بكرێت.

١١؛ پێكهاته‌ى ئه‌نجومه‌ن به‌ته‌واوى جێگه‌ى گومانه‌، به‌پێى مادده‌ى حه‌وت سه‌رۆكه‌كه‌ به‌ سى ڤى و له‌نێو هۆڵى په‌رله‌مان دیاریده‌كرێت، دوو نوێنه‌رى دیكه‌ش له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى سه‌ندیكاوه‌ دیاریده‌كرێن كه‌ یه‌كێك له‌م دووانه‌ ده‌بێته‌ جێگرى سه‌رۆك، ئه‌مه‌ش پێده‌چێت مه‌به‌ست لێى دابه‌شكارى حزبى بێت. چونكه‌ ره‌شنووسى یاساكه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ى جێهێشتووه‌ بۆ كه‌سه‌كان خۆی یه‌كلاى نه‌كردووه‌ته‌وه‌. بۆچى یه‌كێك له‌و دوو ئه‌ندامه‌ ده‌بێته‌ جێگر؟ كامیان ده‌بێته‌ جێگر؟ جگه‌له‌وه‌ش له‌په‌رله‌مان ئه‌سته‌مه‌ كه‌سێكى سه‌ربه‌خۆ پۆستێكى له‌و شێوه‌ى پێبدرێت.

ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ سێ نوێنه‌رى راسته‌وخۆى حكومه‌تى تێدا ده‌بێت، ره‌شنووسه‌كه‌ ده‌ڵێت، نوێنه‌رى وه‌زاره‌ته‌كانى، رۆشنبیرى، گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن له‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ئه‌ندام ده‌بن، حكومه‌ت بۆخۆشى نوێنه‌رێك دیاریده‌كات له‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌. نوێنه‌رێكیش بۆ ده‌سته‌ى سه‌ربه‌خۆى مافى مرۆڤ و ئه‌نجومه‌نى دادوه‌ریش نوێنه‌رى ده‌بێت و هه‌موو ده‌زگاكانى راگه‌یاندنیش یه‌ك نوێنه‌ریان ده‌بێت، كه‌ به‌هه‌ڵبژاردن دیاریده‌كرێت.

١٢؛ له‌ به‌شى دووه‌مى مادده‌ى ١٠ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ئیتیكى رۆژنامه‌وانى و ته‌مبێكردن و به‌دواداچوون ده‌ڵێت، ئیتیكى رۆژنامه‌وانى خۆى ده‌بینێته‌وه‌ له‌ میساقى شه‌ره‌فى رۆژنامه‌نوسى، ئیتیكى پیشه‌یى، دابى گشتى و یاسا به‌ركاره‌كان. به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌ رێنماییه‌كانى ئه‌نجومه‌ن دیارییان ده‌كات و روونیان ده‌كاته‌وه‌، به‌وه‌ش ده‌سه‌ڵاتێكى ره‌ها دراوه‌ به‌ ئه‌نجومه‌ن، كه‌ ئیتیك و سنورى ده‌رچوون له‌ ئیتیك دیارى بكات.

١٣؛ بڕگه‌یه‌كى دیكه‌ى مادده‌ى ١٠ دیسانه‌وه‌ باسى سزاى ته‌مبێكردنى رۆژنامه‌نوسى كردووه‌، كه‌ تا وه‌رگرتنه‌وه‌ى پێناسى پیشه‌ییش ده‌ڕوات، ده‌شڵێت، سزاى هۆشداریپێدان بۆ راى گشتى بڵاوناكرێته‌وه‌. به‌ڵام سزاى ئاگاداركردنه‌وه‌ ئه‌نجومه‌ن بۆى هه‌یه‌ بۆ راى گشتى بڵاوى بكاته‌وه‌. لیژنه‌ى تایبه‌ت بۆ ئه‌م سزایانه‌ دروستده‌كرێت.

١٤؛ بڕگه‌یه‌كى مه‌ترسیدارى دیكه‌ له‌ ره‌شنوسه‌كه‌دا هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت، ئه‌نجومه‌نى بۆى هه‌یه‌ پێشنیارى سزادانى ده‌زگاى میدیایى بدات به‌ حكومه‌ت، سزاكه‌ش تا ڕاده‌ى راگرتنى مۆڵه‌ت ده‌ڕوات، حكومه‌تیش پێشنیاره‌كه‌ له‌ماوه‌ى ١٥رۆژدا جێبه‌جێده‌كات. ئه‌مه‌ ته‌واو ترسناكه‌و تێپه‌ڕاندنى ده‌سه‌ڵاتى دادگایه‌ و راسته‌وخۆ ده‌سه‌ڵاتدانه‌ به‌ حكومه‌ت به‌ داخستنى هه‌ر میدیایه‌ك كه‌ بییه‌وێت.

١٥؛ سه‌دا ٥٠ى داهاتى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ له‌سه‌ر ئابوونه‌ى رۆژنامه‌نوسان و باج و رسوماتى مۆڵه‌تى دامه‌زراندن و ساڵانه‌ى میدیایه‌. ئه‌وه‌ش بارگرانییه‌ بۆ سه‌رشانى رۆژنامه‌نوسان. 

١٦؛ به‌پێى ره‌شنووسه‌كه‌، باڵایى و ئه‌وله‌یه‌ت بۆ یاساى ئه‌نجومه‌نى باڵا ده‌بێت نه‌ك یاساكانى كارى رۆژنامه‌وانى، به‌وه‌ش مافى پێشینه‌ ده‌دات به‌ كاركردن به‌م یاسا نوێیه‌و یاساكانى دیكه‌ پشتگوێ ده‌خات. 

١٧؛ له‌هه‌رێمى كوردستان هیچ ئه‌زموونێكى ده‌سته‌و ئه‌نجومه‌ن و سه‌ندیكاى سه‌ربه‌خۆ له‌ ئاسته‌ باڵایه‌دا بوونى نییه‌، هه‌موو ئه‌و نمووناى كه‌ هه‌ن به‌ حزبى كراون و به‌ پشكى حزبى پۆسته‌كانى دانراون، سیناریۆى چاوه‌ڕوانكراو بۆ ئه‌نجومه‌نى باڵاى میدیاش به‌هه‌مان شێوه‌یه‌، گریمانه‌ى گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ به‌ به‌رى ده‌سه‌ڵات بدورێت نه‌ك به‌دڵى رۆژنامه‌نوسان. له‌دۆخێكى وه‌هاشدا ترسى گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌و بڕگانه‌ له‌دژى رۆژنامه‌نوس به‌كاربهێندرێت.

دەقی رەشنووسی پرۆژەکە