ڕاپۆرتی کوردستانی

05:33 - 23/12/2019

یـەکــێـتـی و ژانـــــی کــۆنـگـرە‌

پەیسەر

یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ١ی حوزەیرانی ١٩٧٥ کە تێیدا دامەزراوە، تاوەکو رۆژەکانی کۆتایی ٢٠١٩ تەنیا چوار كۆنگرەو دوو كۆنفرانس‌و چوار پلینیۆمی بەستووە.
یەکێتی کە دوای نسکۆی ١٩٧٥ بووە حزبی یەکەم و بەهێزی گۆڕەپانی باشووری کوردستان، سەرکردایەتییەکی تێکەڵە و هەمەڕەنگی هەبووە. ئەم جیاوازی و تێکەڵییە وایکردووە بەردەوام سەرکردایەتییەکی ناکۆکی هەبێ و بە ئەستەم بڕیاری بەستنی کۆنگرەو کۆنفرانسە حزبییەکانی بۆ بدرێ.


هەرچەندە حزبی یەکەم  و خاوەن نفوزی کوردستان بوو، بەڵام ئەم حزبە تا ساڵی ١٩٩١ هەرگیز نەیتوانی لە شاخ کۆنگرە ببەستێ. بۆ تێپەڕاندنی قۆناغە سەختەکان و پیشهات  وگۆڕانکارییەکان، ئەم حزبە کۆنفرانس و پلینۆمی بەستووە کە ئەمانە چەند پلە لە خواری کۆنگرەوەن.

لە شاخ یەکێتی کۆنفرانس و پلینیۆمەکانیشی، هەمیشە دوای رووداوێکی سیاسی و حزبییەوە بووە جا ئیتر ئەو رووداوە کارەسات بووبێ یان گۆڕانکاری سیاسی و سەربازیی لەناوچەکەدا

یەکێتی لە شاخ یەکێتی لە شار
لە شاخ یەکێتی کۆنفرانس و پلینیۆمەکانیشی، هەمیشە دوای رووداوێکی سیاسی و حزبییەوە بووە جا ئیتر ئەو رووداوە کارەسات بووبێ یان گۆڕانکاری سیاسی و سەربازیی لەناوچەکەدا. بۆ نموونە کۆنفرانسی یەکەمی کۆمەڵە دوای کارەساتی هەکاری یان جیابوونەوەی بزووتنەوەی سۆسیالیست لە یەکێتی، کۆنفرانسی سێیەم لە دوای مفاوەزات لەگەڵ رژێمی سەدام حسێن.

لە قۆناغی دەسەڵاتدارێتی لە شاریش، کۆنگرەو پلینیۆمەکانی ئەم حزبە لە دوای نسکۆ و جیابوونەوەو گۆڕانکارییە ناوچەییەکانەوەبوون  بۆ نموونە: کۆنگرەی یەک دوای راپەڕین و پێکهێنانی حکومەت و پەرلەمان ، کۆنگرەی دووەم دوای رووداوەکانی دوای٣١ی ئاب، کۆنگرەی سێ لە دوای وازهێنانی یەکجاریی نەوشیروان مستەفا لە ی.ن.ک.

لە بری ئەوەی ببنە هۆی دروستکردنی گۆڕانکاریی ناوخۆیی، بەڵام لەناو یەکێتیدا کۆنفرانس و کۆنگرەکان هەمیشە دوای گۆڕانکارییە ناوخۆییەکان بەستراون. لە سەرەتاوە تائێستا بۆ یەکێتی کۆنگرە بڕیارێکی ناچارانە بووەو بە زەبری گۆڕانکارییەکان بەستراون نەک بەگوێرەی ئەو پەیڕەوە ناوخۆییەی حزب هەیەتی.

بۆچی کۆنگرە سەختە؟
سەرکردایەتی یەکێتی، هەمیشە سەرکردایەتییەکی تێکەڵ و هەمەجۆر بووە. ئەم سەرکردانە کاریگەرییان هەبووە و توانیویانە باڵ و هێڵی تایبەت بە خۆیان هەبێ و ئاستەنگ بۆ یەکتر دروست بکەن، بۆیە هەمیشە ترسیان هەبووە کۆنگرەکان ببنە هۆی ئینشقاق و دوورکەوتنەوەی باڵەکان.

هەرچەندە هێشتا ئەنجامەکانی کۆنگرەی چوارەم دیار نییە، بەڵام ناڕاستەوخۆ دیارە کە بنەماڵەی تاڵەبانی، دوای ئەم پێکهاتە نوێیەی دوای کۆنگرە دێنە گۆڕەپانەکە

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی، کۆنگرە بەرزترین دەسەڵاتە و دەتوانێ دەستکاری هەموو جومگە سەرەکییەکانی حزب بکات، بەڵام چونکە یەکێتی لە سەرەتای دروستبوونیەوە تائێستا حزبی حاکمڕان بووە لە بەشێکی کوردستان، بۆ ئەوەی جومگە سەرەکییەکانی ئەو حزبە تێک نەچن، کۆنگرە کراوەتە قوربانیی.

سەرباری پێشێلکردنی پەیڕەوی ناوخۆ و نەبەستن و دواخستنی کۆنگرەکان، بەڵام ئەم حزبە توانایەکی باشی هەبووە لە مانەوەی وەکو هێزێکی گەورەی خاوەن دەسەڵات بە تایبەت لەسەردەمی سەرکردایەتی هەردوو کۆچکردوو مام جەلال و  نەوشیروان مستەفادا.

یەکێتی دوای کۆنگرەی چوار
هەرچەندە هێشتا ئەنجامەکانی کۆنگرەی چوارەم دیار نییە، بەڵام ناڕاستەوخۆ دیارە کە بنەماڵەی تاڵەبانی، دوای ئەم پێکهاتە نوێیەی دوای کۆنگرە دێنە گۆڕەپانەکە، سەرکردایەتی نیمچە رەهای یەکێتی دەکەن.

ئەمەش دەبێتە دووەم قۆناغ کە یەکێتی دەکەوێتە دەستی مام جەلال و بنەماڵەکەی بەبێ کۆسپ و تەگەرەی گەورە، ئەویش دوای نەمانی زۆربەی زۆری ئەندامانی دامەزرێنەری یەکێتی لەناو سەرکردایەتی ئەم حزبەدا.

سەرکردایەتی داهاتووی یەکێتی چەند ئەرکێکی قورسی لەسەرشان دەبێ، لەوانە: قەرەبووکردنەوەی لە دەستدانی ئەو متمانە زۆرەی خەڵک بەم حزبە بە تایبەت دوای ٢٠٠٩، راگرتنی هاوسەنگی سیاسی لەنێوان پارتی و گۆڕان لەلایەک و هاوسەنگی پێگەی حزبەکە لە بەغدا.

ئایا کۆنگرەی چوار ئەو ترسە موقەدەسەی یەکێتی دەشکێنێ کە ئەم حزبە هەیبووە لە کۆنگرە

بۆ کۆکردنەوەو تۆکمەکردنی شێواویی و دوور لە یەکیەکانی سەرکردایەتی پێشوو، بۆ دیسان رێکخستنەوەی ئەندامانی حزب و سامانی حزب، سەرکردایەتی نوێی یەکێتی ئەرکێکی قورسی ددەکەوێتە سەرشان.

ئێستا پرسیارە سەرەکییەکە ئەمەیە، ئایا کۆنگرەی چوار ئەو ترسە موقەدەسەی یەکێتی دەشکێنێ کە ئەم حزبە هەیبووە لە کۆنگرە، یان دەبێتە سەرەتایەک بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو حزبە و کۆنگرە دەبێتە بابەتێکی زۆر ئاسایی لای سەرکردایەتی داهاتوو؟


پوختەی کۆنفرانس و پلینۆم و کۆنگرەکانی یەکێتی
- کۆنفرانسی یەکی کۆمەڵەی رەنجدەران ساڵی 1981  لە دۆڵی مالیمۆس
- دووەم کۆنفرانسی کۆمەڵە ساڵی 1982 لە خڕی ناوزەنگ 
- سێیەم کۆنفرانسی کۆمەڵە ساڵی 1984 لە هەواری كانی  سێوی بناری شاخی  پیرەمەگرون 
-- پلینیۆمی یەكەم ساڵی 1990 لە قاسمەڕەش
- پلینیۆمی دووەم 1995 لە هەولێر
- پلینیۆمی سێیەم 2007 لە قەڵاچوالان
- پلینیۆمی چوارەم 2009 لە سلێمانی
-كۆنگرەی یەكەم ساڵی ١٩٩٢ لە هەولێر و سلێمانی
- کۆنگرەی دووەم 2001 لە سلێمانی
-کۆنگرەی سێیەم سلێمانی
-چوار ٢٠١٩ لە سلێمانی