ڕاپۆرتی کوردستانی

07:00 - 22/12/2019

دۆخى عێراق له‌ لێوارى قڵیشانه‌وه‌دایه‌‌

پەیسەر

دۆخى عێراق ئه‌مڕۆ پێى نایه‌ قۆناغێكى ئاڵۆزتره‌وه‌، هه‌نگاوێكى دیكه‌ له‌ قڵیشانه‌وه‌ى یه‌كجارى نزیكبووه‌وه‌، سه‌رۆك كۆمار نه‌یتوانى كاندیدى سه‌رۆك وه‌زیران پێشكه‌ش بكات، له‌كاتێكدا ئه‌مڕۆى وه‌ك دوا واده‌ راگه‌یاندبوو. دادگاى فیدراڵیش ئه‌گه‌رچى له‌به‌رژه‌وه‌ندى عامرى و مالیكى، گه‌وره‌ترین كوتله‌ى یه‌كلایى كرده‌وه‌. به‌ڵام هەنگاوەکان به‌دڵى خۆپیشانده‌ران نییه‌و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك قوسه‌ى سوهه‌یل كاندیدى گه‌وره‌ترین فراكسیۆن ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌. 

دوو بژارده‌ى قورس
سه‌رۆك كۆمار له‌سه‌ره‌تاى یارییه‌كه‌وه‌، له‌نێوان دوو بژارده‌ى سه‌ختدایه‌، تائێستا نه‌یتوانیوه‌ پشت له‌ خۆپیشانده‌ران بكات. یاخود ده‌بێت كاندیدى لایه‌نه‌كان پێشكه‌ش بكات و خۆپیشانده‌ران له‌خۆى بئاڵۆسكێنێت و یاخود ده‌بێت كاندیدى جێى ره‌زامه‌ندى شه‌قام پێشكه‌ش بكات، كه‌ شیعه‌كان ناچنه‌ ژێر بارى بژارده‌ى له‌وجۆره‌.

ئێران فشارى چڕوپڕى ده‌ستپێكردووه‌، بۆئه‌وه‌ى قوسه‌ى سوهه‌یل پێشكه‌ش بكات و هۆشدارى پێداوه‌و هه‌ڕه‌شەى كردووه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا سه‌درو شه‌قام ده‌ڵێن شتى وا قبوڵ ناكه‌ن. 

دواى وه‌ڵامه‌كه‌ى دادگاى فیدراڵى، سه‌رۆك كۆمار ئه‌مڕۆ بۆ جارى دووه‌م داواى له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران كرد، ناوى گه‌وره‌ترین فراكسیۆنى بۆ ره‌وانه‌ بكه‌ن، ئه‌وه‌ش زیاتر یاریكردنه‌ به‌كات، ئه‌گه‌رنا پێشتر ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران وه‌ڵامى دابوویه‌وه‌ كه‌ گه‌وره‌ترین كوتله‌ هه‌مان ئه‌و كوتله‌یه‌ كه‌ یه‌كه‌م جار حكومه‌تى دروستكرد.

شیعه‌كان توڕه‌ن
به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست په‌یسه‌ر كه‌وتوون، لایه‌نه‌ شیعه‌كانى عێراق بۆچوونێكیان بۆ دروستبووه‌، كه‌ ناكرێت ته‌نها ئه‌وان باجى دۆخى عێراق بده‌ن و كوردو سوننەش له‌ دووره‌وه‌ سه‌یرى دۆخه‌كه‌ بكه‌ن، بۆچوونى زاڵیان به‌وجۆره‌یه‌ كه‌ كورد و سووننه‌ش رابكێشنه‌ ناو كێشه‌كان. ته‌نانه‌ت شیعه‌كان له‌ په‌یوه‌ندى و سه‌ردانه‌ به‌رده‌وامه‌كانى محه‌مه‌د حه‌لبوسى و به‌رپرسانى باڵاى هه‌رێمى كوردستان نیگه‌رانن، یه‌كێ له‌ سیناریۆكان ئه‌وه‌یه‌ سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، په‌لكێش بكه‌ن بۆ لیستى ئه‌وانه‌ى ده‌بێت لابچن. 

وه‌ڵامه‌كه‌ى دادگاى فیدراڵى
دادگاى فیدراڵى ئه‌مڕۆ وه‌ڵامێكى روونى به‌رهه‌م ساڵحى دایه‌وه‌، كاتێك داواى روونكردنه‌وه‌ى لێكردبوو كه‌ ئایا گه‌وره‌ترین كوتله‌ى په‌رله‌مانى چییه‌ و ئێستا كێن؟ دادگاى فیدراڵى ده‌ڵێت، گه‌وره‌ترین كوتله‌ى په‌رله‌مانیى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دواى چوونیان بۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران كوتله‌یان دروستكردووه‌و خاوه‌نى زۆرترین ژماره‌ى كورسین. ئه‌م وه‌ڵام له‌به‌رژه‌وه‌ندى كوتله‌ى بینا-یه‌، كه‌ هاوپه‌یمانیى نورى مالیكى و هادى عامرییه‌.  به‌پێى ده‌ستوور سه‌رۆك كۆمار دەبێت ناوى قوسه‌ى سوهه‌یلیان لێوه‌ربگرێت و ره‌وانه‌ى په‌رله‌مانى بكات. به‌ڵام شه‌قام رازى نییه‌. سه‌دریش له‌ توێتێكدا گوتى، گه‌وره‌ترین كوتله‌ گه‌له‌. 

قوسه‌ى پێشتر یه‌كێك بوو له‌ به‌رپرسه‌ سه‌درییه‌كان، به‌ڵام سه‌نگه‌رى بۆلاى مالیكى گواسته‌وه‌، دووجار لاى سه‌در قبوڵنه‌كراوه‌. هه‌م له‌به‌رئه‌وه‌ى سائیرونى جێهێشتووه‌، هه‌م شه‌قامیش ره‌تیده‌كاته‌وه‌.

سیناریۆكان

 ئێستا چارەنووسی دۆخى عێراق له‌نێوان چه‌ند سیناریۆیه‌كدا.
یه‌كه‌م؛ خۆپیشانده‌ران و لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر كاندیدێك رێكبكه‌ون. ئه‌م سیناریۆ له‌ مه‌حاڵ نزیكه‌ چونكه‌ هه‌ر یه‌كه‌و له‌ دۆڵێكن، شیعه‌كان هه‌رگیز ناچنه‌ ژێر بارى ئه‌وه‌ى شه‌قام سه‌رۆك وه‌زیرانێكیان به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت و بخرێنه‌ په‌راوێزه‌وه‌. شه‌قامیش قسه‌ى كۆتایى ئه‌وه‌یه‌ كاندیدى لایه‌نه‌كان ره‌تده‌كاته‌وه‌. 

دووه‌م؛ عادل عه‌بدولمه‌هدى له‌ پۆسته‌كه‌ى به‌رده‌وام بێت بۆ ساڵێك یاخود زیاتر. له‌و ماوه‌دا ئاماده‌كارى بكرێت بۆ هه‌ڵبژاردنێكى خاوێن. ئه‌مریكا و كورد پشتگیرى ئه‌م سیناریۆ ده‌كه‌ن، شه‌قام ره‌تیده‌كاته‌وه‌ شیعه‌كانیش تا په‌یداكردنى كاندیدێك رازین به‌مه‌.

سێیه‌م؛ كاندیدى گه‌وره‌ترین فراكسیۆنه‌ كه‌ هاوپه‌یمانى بنیاتنانه‌، بچێته‌ په‌رله‌مان و په‌سه‌ند بكرێت و حكومه‌تێكى نوێ دروستبكرێت و كاره‌كانى ئه‌م حكومه‌ته‌ له‌ سێ ساڵى داهاتوو ته‌واو بكات. ئه‌م سیناریۆ زۆرینه‌ى شیعه‌كان پشتیوانى ده‌كه‌ن، كورد  كێشه‌ى له‌گه‌ڵى نییه‌و یه‌ك مه‌رجى هه‌یه‌ رێككه‌وتنى به‌غداو هه‌ولێر جێبه‌جێبكرێت، ئێرانیش هه‌وڵى زۆر بۆ ئه‌م سیناریۆیه‌ ده‌دات، سوونه‌ش ئه‌مه‌ى لا په‌سه‌نده‌. 

چواره‌م؛ حكومه‌تێكى نوێى راگوزه‌ر دروست بكرێت، له‌ شه‌ش مانگ بۆ ساڵێك ئاماده‌كارى بكات بۆ هه‌ڵبژاردن.

كوده‌تا
هه‌میشه‌ سیناریۆى كوده‌تاى سه‌ربازیى یه‌كێك له‌ سیناریۆ باسكراوه‌كانه‌. گرنگترین پرسیار ئه‌وه‌یه‌ كێ ده‌یكات و چۆن ده‌یكات و دژى كێ و كێ ده‌وه‌ستێته‌وه‌، چونكه‌ ده‌سه‌ڵات له‌عێراق به‌ جۆرێكه‌ ته‌نها حكومه‌تێكى دیار نییه‌ كوده‌تاچى رووبه‌ڕووى ببێته‌وه‌. به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاتى سێبه‌ر هه‌یه‌. مه‌رجه‌عیه‌ت، میلیشیا شیعه‌كان، لایه‌نه‌كان، سوپا، دژه‌ تیرۆر، حكومه‌ت. 

مه‌رجه‌عیه‌ت و لایه‌نه‌كان
له‌ رووداوه‌ تازه‌كانى عێراقدا، به‌ڕوونى هه‌ست به‌جیاوازى ده‌كرێت له‌ نێوان عه‌لى سیستانى مه‌رجه‌عى شیعه‌كان و لایەنە سیاسییەکاندا، دوایین گوتارى نه‌جه‌ف كه‌ رۆژى هه‌ینى خوێندرایه‌وه‌، داواكارى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌بوو، له‌كاتێكدا لایه‌نه‌ شیعه‌كان هیچیان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نین و تێكڕاى لایه‌نه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردن ده‌ترسن.

"كوده‌تاى سه‌ربازى واریده‌"
جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بۆ په‌یسه‌ر گوتى، ئه‌سته‌مه‌ لایه‌نه‌كان و خۆپیشانده‌ران رێكبكه‌ون له‌سه‌ر دیاریكردنى كاندیدێك" كوده‌تاى سه‌ربازى واریده‌، چونكه‌ لایه‌نه‌كان تائێستا داواكارى خۆپیشانده‌ران په‌سه‌ند ناكه‌ن، یا ئه‌وه‌تا به‌هێز كۆتایى به‌ خۆپیشاندان بهێنن، یا ئه‌وەتا ببێته‌ شه‌ڕى ناوخۆیى، كه‌ بووه‌ شه‌ڕیش پێده‌چێت سوپا خۆى یه‌كلایى بكاته‌وه‌، یا بۆ خه‌ڵك یا بۆ لایه‌نه‌كان".

به‌بڕواى كۆچه‌ر سه‌رۆك كۆمار ناتوانێت ئه‌و كێشه‌ یه‌كلایى بكاته‌وه‌،"له‌هه‌موو حاڵه‌تێك دۆخه‌كه‌ وه‌ك ئێستا نامێنێت، گۆڕانكارى رووده‌دات، ره‌نگه‌ دۆخه‌كه‌ بشێوێت".