06:17 - 21/12/2019
كۆنگره له‌نێو ته‌وافوقێكى شلوشۆڵدا
یه‌كه‌م رۆژى كۆنگره، رۆژێكى پڕ له قه‌له‌قى و دوودڵى بوو بۆ به‌رپرسانى یه‌كێتى نیشتمانیى كوردستان، ئه‌گه‌رچى سازانێك هه‌موو سه‌ره ناكۆكه‌كانى پێكه‌وه برده كۆنگره، به‌ڵام كه‌شتیى كۆنگره به ته‌وافوقێكى شلوشۆڵ رێده‌كات، هه‌ر رۆژى یه‌كه‌م بازوى ده‌باشان له هۆڵى پێشانگاكان ده‌ركه‌وت، ئاماژه‌كان به‌روونى دیاربوون كه كۆنترۆڵى كۆنگره‌یان كردووه، زۆرینه‌ى سه‌ركردایه‌تى پێشوو دردۆنگ و دوودڵن و دڵنیایى ته‌واو بۆ كه‌سیان بوونى نییه.
ئه‌مڕۆ رۆژى گوتار و تێپه‌ڕاندنى به‌شێك له په‌یڕه‌وى ناوخۆ بوو، سبه‌ى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌و رۆژى حه‌ق و حسابه. راپۆرتی گشتی لەلایەن کۆسرەت ره‌سوڵ خوێندرایەوە و ئەندامان تێبینی خۆیان گوت و بەشێک لە پەیڕەوی ناوخۆش پەسەندکرا. كۆسره‌ت ره‌سوڵ بۆ پۆستى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى یه‌كلا بووه‌وه‌و كۆنگره په‌سه‌ندى كرد، به‌شێك له‌ئه‌ندامه‌كانی ئەنجومەنەکەشی له‌ئێستاوه دیارن و بێ ده‌نگدان داده‌نرێن، قوباد تاڵه‌بانى، به‌رهه‌م ساڵح، رێواز فایه‌ق بێ پرۆسه‌ى ده‌نگدان چوونه سه‌ركردایه‌تى.
په‌یامى كۆسره‌ت ره‌سوڵ
ده‌رگاى كۆنگره به كلیلى گوتارێكى كۆسره‌ت ره‌سوڵ كه‌وته سه‌رپشت، ئه‌و به‌راشكاوى داواى سازان و رێككه‌وتنى كرد و گوتى، پاراستنى ده‌ستكه‌وته‌كان گرنگترن له به‌ده‌ستهێنانیان. جارێكى دیكه‌ش به زمانێكى نه‌رم ئه‌وه‌ى بیری ركابه‌ره‌كانى هێنایه‌وه، یه‌كێتى حزبى و دوو كه‌س و سێ كه‌س نییه.
گوتاره‌كه‌ى ئه‌و هه‌م ناردنى په‌یام و هۆشداریبوو، هه‌م تا دوایین سات جه‌ختكردنه‌وه بوو له بۆچوونه‌كانى پێشووی كه داكۆكى له كۆنگره‌ى ته‌وافوقى ده‌كرد، ئه‌گه‌رچى سازانێك ئه‌وى راكێشاوه‌ته‌وه هۆڵى كۆنگره. به‌ڵام لاى ئه‌و گرنگ پابه‌ندبوون و جێبەجێكردنى ته‌وافوقى پێش كۆنگره‌یه، نه‌ك كه‌شى كۆنگره یارییه‌كه‌ى لێ هه‌ڵبگێڕێته‌وه. به ناڕاسته‌وخۆش گوتی، ئێوه به‌رپرسیارن له ئاینده‌ى یه‌كێتى و ده‌ستكه‌وته‌كان بپارێزن. ئه‌وه‌ش واته ترازان ئه‌گه‌رێكى چاوه‌ڕوانكراوه ئه‌گه‌ر هۆڵى كۆنگره لێكتێگه‌یشتنه‌كان بگۆڕێت.
یه‌كێك له‌و گۆڕانكارییانه‌ى رۆژى یه‌كه‌مى كۆنگره ئافراندى، كۆتایى رۆڵى فیعلى كۆسره‌ت ره‌سوڵ بوو، ئه‌و تا هاتنى بۆ نێوهۆڵى كۆنگره پیاوى ژماره یه‌كى یه‌كێتى بوو، چاره‌نوسى كۆنگره‌ش تاڕاده‌یه‌كى زۆر له‌سه‌ر قسه‌ى ئه‌و وه‌ستابوو، به‌ڵام سوكانه‌كه‌ى دایه ده‌ست كۆنگره‌و كۆنگره كورسى یه‌كه‌مى لێوه‌رگرته‌وه. باڵى كۆسره‌ت ره‌سوڵ و گروپه‌كانى دیكه‌ى ده‌ورووبه‌رى تا دوایین ساته‌كانى دوودڵیان ناڕه‌وێته‌وه. جه‌مسه‌ره‌كان متمانه‌ى ته‌واویان نییه تا دوایین سات قه‌ڵغانى سازان بیان پارێزێت. هه‌ر ترازانێكى لێكتێگه‌یشتنه‌كه یارییه‌كه ده‌شێونێت، ئه‌گه‌ر له چركه‌كانى كۆتاییش بێت، چونكه یارییه‌كه ته‌نها ده‌ستیپێكردووه.
ده‌سه‌ڵاته‌كانى پۆسته‌كه‌ى كۆسره‌ت ره‌سوڵ به‌پێى ئەوەی میدیاى یه‌كێتى بڵآویکردووەتەوە بریتین له
دیاریکردنی هێڵە گشتییەکانی پاراستنی (ی.ن.ک)، دیاریکردنی هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی، دروستکردنی هەماهەنگی نێوان ئۆرگانە باڵاکانی ناو (ی.ن.ک)، ئامادەکردنی ڕێککەوتن و هاوپەیمانێتییە سیاسییەکان و پێشنیازکردنیان بۆ دەستەی جێبەجێکار.
چاره‌نووسى به‌رهه‌م ساڵح
چاره‌نوسى به‌رهه‌م ساڵح وه‌ك زۆربه‌ى وێستگه‌كانى دیكه چاوه‌ڕێى چركه‌ى كۆتایى یارییه‌كه‌یه، ئه‌و له ساڵی ٢٠١٤ له هه‌ڵبژاردنى كاندیدى سه‌رۆك كۆمار، له هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار له ئۆكتۆبه‌رى ٢٠١٨، له‌كۆنگره‌ى پێشووى یه‌كێتى، له مانگى ئه‌یلولى پار كاتى گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ نێو یه‌كێتى، هه‌موو ئه‌و وێستگانه له چركه‌ى كۆتاییى یه‌كلابوونه‌وه.
ئێستاش بۆ پۆستى سه‌رۆكى یه‌كێتى چانسى به‌هێزه، دوو جه‌مسه‌ره به‌هێزه‌كه‌ى ده‌باشان، بافڵ تاڵه‌بانى و لاهور شێخ جه‌نگى، كه‌سیان نایه‌وێـت ئه‌وى دیكه بچێته سه‌ر كورسى كه‌سى یه‌كه‌م، به‌ڵام هه‌رووكیان له‌سه‌ر به‌رهه‌م ساڵح كۆكن، ئه‌گه‌رچى به‌م دواییانه له‌پشتیوانیكردنى ساردبوونه‌وه‌و باس له ركابه‌رى فواد مه‌عسوم ده‌كرێت بۆ پۆستى سه‌رۆك، كه كورسییه‌كى ته‌شریفاتى ده‌بێت، به‌ڵام فواد مه‌عسوم نه‌چووه‌ته سه‌ركردایه‌تى ئه‌وه‌ش ئه‌مڕۆ هیواى بۆ به‌رهه‌م ساڵح گێڕایه‌وه، كه تاڵه‌بانییه‌كان تا دواسات ده‌ستى به‌رنەده‌ن.
ئه‌مڕۆ بڕگه‌یه‌ك له په‌یڕه‌وى یه‌كێتى په‌سه‌ندكرا، ئه‌و بڕگه‌یه چانسى به به‌رهه‌م ساڵح-دا راسته‌وخۆ سه‌ربكه‌وێت بۆ سه‌ركردایه‌تى، رێواز فایه‌ق و قوباد تاڵه‌بانیش سه‌ركه‌وتن، چونكه بڕگه‌كه ده‌ڵێت، هه‌ر كه‌سێك نوێنه‌رایه‌تى یه‌كه‌مى یه‌كێتى بكات له پۆستێكى باڵا ده‌بێته ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى.
په‌یسه‌ر زانیاری هه‌یه كه شه‌وى پێش كۆنگره، ناكۆكیى له‌نێوان كاندیده‌كانى سه‌ركردایه‌تى به‌ڕوونى هه‌ستى پێكراوه‌و بۆ دووبه‌ره‌ى ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر و ریفراندۆم دابه‌شبوون، هه‌ر به‌و ته‌شه‌نوجه‌شه‌وه چوونه كۆنگره.
ده‌ستپێكى كۆنگره‌ش فه‌ره‌یدوون عه‌بدولقادر ئه‌ندامى پێشووى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى، ته‌قه‌ى خسته كۆنگره، كاتێك به‌شێك له ئه‌ندامانى ماڵى تاڵه‌بانى له كۆنگره ده‌ریان كرد. ئه‌وخۆى وتى له گوڵ كاڵترى پێنه‌وتراوه‌و خۆى هاتووه‌ته ده‌ره‌وه. به‌ڵام سه‌رچاوه‌یه‌ك گوتى له‌نێو هۆڵى كۆنگره ئه‌ندامانى دابه‌شبوون به‌شێكیان دژى ده‌ركردنى بوون و داواى روونكردنه‌وه‌یان كرد، كه بۆچى ده‌رده‌كرێت له‌كاتێكدا باس له‌وه‌ده‌كرێت، ئه‌م كۆنگره كۆنگره‌ى ئاشته‌وایى بێت. ناكۆكى باڵه‌كان له‌و رووداوه بچوكه‌وه خۆى گوزارشت كرد.
له‌نێو هۆڵى كۆنگره هوتاف دژى چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌ك گوترایه‌وه وه‌ك "پارتییه‌كانى ناو یه‌كێتى" قسه‌یان له‌سه‌ر كرا. ماڵى تاڵه‌بانى ره‌تیده‌كه‌نه‌وه له‌پشتى ئه‌و كه‌سانه بن.
تاڵه‌بانییه‌كان دڵخۆشن
لاهور شێخ جه‌نگى له‌به‌رده‌م هۆڵى كۆنگره، بۆ میدیاى حزبه‌كه‌ى گوتى، كاره‌كان زۆر به‌سه‌ركه‌وتوویى به‌ڕێوه‌ده‌چن، ئه‌م كۆنگره‌یه كۆنگره‌ى نوێبوونه‌وه‌ى یه‌كێتى ده‌بێت. ئه‌و كه باس له‌وه‌ده‌كرێت، زۆرینه‌ى ده‌نگه‌كانى مسۆگه‌ركردبێت، چاوى له‌وه‌یه پێگه‌ى خۆى به‌فه‌رمى بكات و ده‌سه‌ڵاتى زیاترى چه‌ك و دارایى بێته ده‌ست. به‌ڵام پێده‌چێت ململانێكانى ئه‌م دواى كۆنگره و داڕشتنه‌وه‌ى پۆسته‌كان ده‌ستپێبكات. چونكه پێناچێت ماڵى تاڵه‌بانى گه‌وره‌بوونى زیاترى شێخ جه‌نگییان پێخۆش بێت.
(دانایان) وێستگه‌ى كۆتایى
به‌پێى لێكتێگه‌یشتنى باڵه‌كان به‌فه‌رمى ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى په‌سه‌ندكرا کە پێشتر ناوی ئەنجومەنی دانایان بوو، ئه‌نجومه‌نه‌كه حه‌وت له به‌رپرسانى پێشووى حزبه‌كه‌ى تێداكۆده‌بێته‌وه له‌گه‌ڵ سه‌رۆك، ئه‌وانه‌ى له كۆنگره كاندید نه‌بوون. ته‌نها سه‌رۆكه‌كه‌ى كه كۆسره‌ت ره‌سوڵه به هه‌ڵبژاردن دیاریكراو و ئه‌وانى دیكه، مه‌لا به‌ختیار، ئه‌سه‌لان بایز، حاكم قادر، دلێرى سه‌ید مه‌جید راسته‌وخۆ له‌وێ دانراون. ئه‌و ئه‌نجومه‌نه كه‌هه‌رزوو قوتكرایه‌وه ته‌نها وه‌ك چاره‌سه‌رێك ده‌بینرێت، بۆ كۆكردنه‌وه‌ى ئه‌وانه‌ى به په‌یژه‌ى كۆنگره‌دا سه‌رناكه‌ون و ده‌چنه ده‌ره‌وه‌ى یارییه‌كه.
نابه‌دڵیى پارتى
به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پارتى ره‌وتى كۆنگره‌ى یه‌كێتى به‌دڵ نییه‌و تێبینى له‌سه‌ر هه‌ندێك به‌رپرس هه‌یه، له‌م كۆنگره ده‌چنه لوتكه‌ى ده‌سه‌ڵاتى یه‌كێتى، به‌ڵام بڕیارى به‌وجۆره‌یه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ واقیعه‌كه بكات و دواى كۆنگره شاندێك به‌سه‌ردانى بۆ لاى سه‌ركردایه‌تى نوێى یه‌كێتى ره‌وانه بكات و ده‌یه‌وێت یه‌كێتى نوێ درێژه به رێككه‌وتنه‌كان بدات.
سبه‌ى چاره‌نووسى زۆربه‌یان یه‌كلایى ده‌بێته‌وه‌و په‌رده له‌سه‌ر به‌شێكى گه‌وره‌ى دیمه‌نه‌كه لاده‌چێت، كه بۆقۆناغى دووه‌م دواى كۆنگره كێ له ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى گرەوه‌كه ده‌باته‌وه و كێش به‌نابه‌دڵى له شه‌مه‌نده‌فه‌رى كۆنگره‌ى یه‌كێتى دێته خواره‌وه.