02:24 - 21/12/2019
سەردانێکی نهێنی شێخ لەتیفی حەفید و کوڕێکی مەلا مستەفا بارزانی بۆ روسیا
لەپاش كودەتای عەبدولكەریم قاسم لە رۆژی 14ی تەمووزی 1958 دۆخی ناوخۆی عێراق گۆڕانكارییەكی خێرای بەخۆيەوە بینی. هەلومەرجێكی
نوێ بۆ كورد هاتەپێشەوەكە لەسایەی گۆڕانكارییە نوێیەكەدا هەوڵی بەدستھێنانی مافەكانی
خۆی لە عێراقی نوێدا بدات.
عەبدولكەریم قاسم زۆر بەخێرایی ئاوڕی لەكورد دایەوەو
لەقۆناغی یەكەمدا لێبوردنی گشتیی بۆ كەسایەتییە ناودارەكانی وەک: شێخ ئەحمەدی بارزان،
شێخ لەتیفی كوڕی شێخ مەحمودی حەفید دەركرد. ئەمەش لەپێناو تۆكمەكردنی پایەكانی دەسەڵاتەکەیدا.
لەهەنگاوی دواتردا، عەبدولكەریم قاسم لەدرێژەی زەمینەسازیی
بۆ پشتیوانی كوردەكان، ڕەزامەندی پیشاندا بۆ گەڕانەوەی مەلا مستەفا بارزانی و هاوڵانی
كە پاش ڕوخانی كۆماری کوردستان لە مهاباد بەرەو سۆڤێت چووبوون.
مەلا مستەفا و هاوەڵانی، ساڵی 1958 لەنیۆ پێشوازییەكی گەرمدا گەڕانەوەو بەدرێژایی
ساڵانی 58 و 59 پەیوەندییەكانی كورد و دەوڵەت و حزبی شیوعی لە ئاستێكی باشدابوو. ئەم پەیوەندییە
بەشداری كارای كوردی لەحكومەتی كۆماریدا بەدوای خۆیدا هێنا.
هەر لەم ماوەیەدا، مەلا مستەفا پەیوەندییەكانی لەگەڵ
یەكێتی سۆڤێت بەردەوام بوو و هاتوچۆی بەردەوامی بۆ سەفارەتی ئەم وڵاتە لە بەغدا هەبوو.
ئەمە جیا لەوەی كە هەر لەم ماوەیەدا جۆرێك لەتەبایی و یەكدەنگیی ناوخۆیی لە ئارادابوو،
مەلا مستەفا و شێخ لەتیف وەك دووسەركردەی دیاری ئەوقۆناغە لە پەیوەندی بەردەوامدابوون.
لەم نێوەندەدا دەوڵەتی شاهەنشایی ئێران كە سەر بەجەمسەری ئەمریكاو دژ بە یەكێتی سۆڤێت بوو،
بەهەستیارییەكی زۆرەوە ڕووداوەكانی باشووری كوردستانی خستبووە ژێرچاودێرییەوە.
ئێران دەترسا دوای بەهێزبوونی
كۆمۆنیستەكان لە عێراق، لە كوردەكانیش نزیک ببنەوە، ئەمەش ئێرانی بە تەواوی نیگەرانكردبوو.
ئەم ترسە روونتر لە ڕاپۆرت و هەواڵەكانی وەزارەتی درەوە بەتایبەت دەزگای سیخوڕی ئێران ناسراوبە "ساواك"دا دیارە.
ئێران ترساوە کە کۆمۆنیستەکانی عێراق لە کوردی ئێران نزیک ببنەوە
بەپێی ڕاپۆرتێكی نهێنیی وەزارەتی ناوخۆ كە زانیارییەكانی
لەلایەن ژاندارمەری ورمێ (رضائیه) وەرگیراوە، شێخ لەتیف و كورێكی مەلا مستەفابارزانی (كە ناوی نەهێنراوە) سەردانی یەكێتی سۆڤێتیان كردووەو لە پاشگەڕانەوەیان
بۆ عێراق، چەکیان لە هەیئەتێكی ڕوسی وەرگرتووەو سپاردوویانە بە مەلا مستەفا.
بەپێی زانیارییەكانی ناو ئەم ڕاپۆرتە، بارزانی ئامانجی
ئەوەیە عەشیرەتی بارزان پڕچەك بكات، هەروەها چەند نوێنەرێكی خۆی بۆ پەیوەندیكردن بەكوردەكانی
ئێرانەوە بۆ ئەو وڵاتە ناردووە.
لە بەشی دووەمی ڕاپۆرتەكەدا
هاتووە: هەواڵی ئەوە بڵابووەتەوە كە بەشێك لەو كوردانەی كە دانیشتووی سنوورەكانن، لە
دەوڵەتی عێراق نیگەرانن و بەرەو توركیا چوون. بەڵام بریاڕی زۆرینەیان ئەوەیەكە ئەگەردەوڵەتی
ئێران گرنگییان پێبدات، ئەوا پەنا بۆ ئەم وڵاتە دەبەن.
شوێنی پاراستنی بەڵگەنامە:ئەرشیفی نیشتمانیی ئێران/ تاران
رۆژی 1959/1/17
ئەرشیفی دیجیتاڵیی: ناوەندی كوردستان بۆدۆكیۆمێنت و لێكۆڵینەوەی
ئەكادیمی
ڕانان: ئەژی ئازاد ئەبوبەکر
ئەم راپۆرتە لە ژمارە ٦ه گۆڤاری پەیسەردا بڵاوکراوەتەوە
گۆڤاری پەیسەر بە هاوبەشی لەگەڵ (ناوەندی كوردستان بۆدۆكیۆمێنت و لێكۆڵینەوەی ئەكادیمی) هەر جارە و بەشێک لە بەڵگەنامە نهێنییەکانی وڵاتانی دەرەوە کە تایبەتبن بە کورد و کوردستان بڵاو دەکاتەوە