ڕاپۆرتی کوردستانی

06:00 - 20/12/2019

کوردانی ئەفغانستان‌

پەیسەر

کورد بە گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەتی جیهان ناسراوە لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە. ئەم نەتەوە گەورە و دێرینە، بە زۆریی لە ناوچە سنوورییەکانی (رۆژئاوای ئێران، رۆژهەڵات و باکووری عێراق، باشووری تورکیا و رۆژهەڵاتی سوریا)دا دەژیێت. دیارە سەرزەمینی گەورەی کوردستان، لە پێناو بەرژەوەندی زلهێزەکاندا بە چوار بەش دابەش کراوە. لەگەڵ ئەوەیشدا و لە چەند قۆناغێکی مێژوودا، لە زۆربەی ناوچەکانی سەرزەمینی کوردستان، هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیایش دراوە. هەر چەند بە پێی دەقە مێژووییەکان کورد تەنیا لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بوونی نییە، بەڵکوو بوونێکی بەربڵاو و فراوانی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ئێران، کافکاس، ماوەرائولنەهر، ئاسیای ناوەراست و ناوچەی بالکاندا هەیە. پێویستە ئەوەیش بڵێین کە بوونی کورد لە ناوچە ناکوردستانییەکانی وەکوو ئەفغانستاندا، بە هۆی کۆچی زۆرە ملێ و بەریەککەوتنە مێژووییەکان، شەڕ و دوورخستنەوە نەخوازراوەکانەوەیە. تەنانەت لەم سەردەمەیشدا کورد بەرەو رۆژئاوا کۆچ دەکات. هۆکارەکەیشی نەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆیە بۆ کوردان. لە ئارادا نەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، کوردی لە زۆر شت بێبەش کردووە و لە زۆر شت بێهیوای کردوون، بۆیە ئەم کۆچە درێژخایەنە تا ئێستایش بەردەوامە.

کۆچی کوردان بۆ ئەفغانستان
بە پێی چەند سەرچاوەیەکی مێژوویی، لە دەیەی ١٥٠٠ی زایینیدا، کورد لە باکووری رۆژئاوای ئێرانەوە بۆ ناوچەکانی ناوەندی ئەفغانستانی ئێستا کۆچی پێ کراوە، تاوەکوو بەرەوڕووی هێرشی دەستدرێژیکارانەی مەغولەکان ببنەوە. دیارە کۆچی کوردان بۆ ئەفغانستان تەنیا ئەم چیرۆکەی لە بارەوە نەگێڕدراوەتەوە، کۆمەڵێک چیرۆک و گێڕانەوەی هاوچەرخی دیکەیش هەن کە ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە؛ کورد لە چەند قۆناغێکی جۆراوجۆردا رووی کردووەوەتە ئەفغانستان و بۆ ژیان تیایدا ماوەتەوە. هەروەها وادەردەکەوێت کە کۆچی کوردان بۆ ئەفغانستان و بەردەوامبوونی ئەو کۆچە لە ناوچەکانی کوردستانی ئێران (رۆژهەڵات)ەوە بۆ خوراسان و رۆژهەڵاتی ئێران، لە سەردەمی زنجیرە پاشایەتی ئەفشارەکاندا رووی داوە. بە پێی وتەی خەڵکە بەتەمەنەکانی گەڕەکە کۆنەکانی شاری کابول، نادرشای ئەفشار بۆ لەشکرکێشیکردنە سەر ئەفغانستان، میرزا و خزمەتکاری بارەگا و شەڕکەری زۆری پێویست بووە، تاوەکوو بتوانن ئەفغانستانی ئێستا بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیان. لەشکری نادرشا لە دوو گرووپی سەرەکی پێک هاتوون. یەکەم گرووپی ئەتنی، تورکە شاهسونەکان بوون کە ئەرکی شەڕکردن و رووبەڕووبوونەوەیان لە ئەستۆ بووە. دووەم گرووپی ئەتنیش کوردەکان بوون (کوردانی باکووری رۆژئاوای ئێرانی ئیستا کە زۆربەیان کرمانجن). ئەوانە لەگەڵ لەشکری نادرشا بوون. ئەو کوردانەی لەگەڵ نادرشا کەوتوون، لە سێ شاری بەناوبانگی ئەفغانستانی ئێستا پەرتەوازە بوون. واتە شارەکانی غەزنی، مەزار شەریف و کابول. بە پێی هەندێک سەرچاوە نادرشا بە رەچەڵەک کورد بووە و لە رۆژهەڵاتی ئێران، کوردەکانی بە خەڵکی متمانە پێکراوی خۆی زانیوە و لەشکری کوردان و فەرماندە بە رەچەڵەک کوردەکان لە نزیک بارەگای نادردا بوون. کە دەکرێ لە ناویاندا ئاماژە بە کەریم مەریوانی بکرێت کە فەرماندەی قەڵای نادرشا بووە. هەروەها لە دوای ئەفشارەکان، زنجیرە پاشایەتی زەند بە سەرۆکایەتی کەریمخانی زەند سەری هەڵ دا کە لە بنەمادا ئەوانیش بەشێک بوون لە لەشکرە بەوەفاکەی نادرشا. لە ناوچەکانی ولسوالی خاجە عومەری، گوندی دە نەهالی ویلایەتی غەزنی، کۆمەڵێک کورد دەژین کە لە دیوانی حکومەتی نادرشادا سەرقاڵی میرزایەتی و بەرەوپێشبردنی کاروباری دیوانی بوون. کێلی گۆڕی سەرکردەیەکی کورد کە زۆر کۆنە، هێشتا لە ناوچەی غەزنی ماوە. لە نووسراوی سەر کێلەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە غوڵامڕەزاخان (واتە مردوو) بە رەچەڵەک کوردە.

کورد جگە لە غەزنی لە ناوچەیەکی کابولیشدا هەن، کە بە چەنداول ناسراوە. چەنداول لە زمانی فارسیدا بە واتای (چەند خێمە) هاتووە کە لە راستیدا واتای خێمەکانی گرووپە ئەتنییەکانی شاهسون و کورد دەدات. ئەم دوو گرووپە ئەتنییە، لە داوێنی چیای چەنداول نیشتەجێ بوون. زیاتر لە ٥٠ خێزانی کورد لەو ناوچەیە نیشتەجێن کە کاری سەرەکییان بەرەوپێشبردنی کاروباری دیوانی و میرزایەتییە بۆ حکومەتی سەربەخۆی ئەفغانستان.

لە ٥٠ خێزانی کوردی دانیشتووی کابول، زۆربەیان رۆیشتوون بۆ دەرەوەی ئەفغانستان یا کۆچی دواییان کردووە. لە ناو ئەو خێزانانەدا دوایین و تەنیاترین کورد لە کابول، (کاک ئامان)ە کە تەمەنی دەگاتە ١٠٠ساڵ. کاک ئامان کە خۆی بە یەکێک لە نەوەکانی خان دەزانێ، پێیوایە یەکەم دەستەی کوردان لە لایەن نادرشای ئەفشارەوە بۆ کابول و غەزنی براون، چونکە کورد لە کاروباری میرازیەتی و دیوانیدا شارەزایی تایبەتیان هەبووە. بەو پێیە لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار یا قەڵای سەرۆک کۆماردا نیشتەجێ بوون. کاک ئامان هەروەها ئاماژە بەو کوردانە دەکات کە لە سەردەمی ئەمیر حەبیبوڵا خاندا رۆڵی سەرەکییان لە کاروباری ناوخۆیی و دەرەکی حکومەتدا هەبووە، ئەو دەڵێت: دەستەی موشیر جەعفەرخان، میر ئەحمەدخان، میر عەلی ئەسغەرشا و سەروەرخان لەو کەسانە بوون کە یەکەمجار لە دامودەزگای پادشا حەبیبوڵڵا خاندا، بوونەتە کاربەڕێکەرانی سیاسی شوێنی سەرنج.

بە پێچەوانەی بۆچوونی باو و رای زۆربەی خەڵک کە ناوی کورد بە کەسانی شەڕکەر دەهێنن، کوردانی ئەفغانستان کەسانێکی سیاسی بوون. هەروەک پێشتریش ئاماژەی پێ کرا؛ زۆربەی کوردانی ئەفغانستان پیشەی دیوانی و حکومییان هەبووە و لە بەرەوپێشبردنی سیاسەتی دەرەوەدا کاربەدەست بوون. چالاکی سیاسیش بەشێک بووە لە چالاکییە سەرەکییەکانی کوردانی ئەفغانستان. هەر وەک لە هەرێمی کوردستان، مستەفا بارزانی رابەری شۆڕشی کوردستان بووە بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی. لە کابولیش زۆربەی راپەڕینەکان و شۆڕشە پێشکەوتنخوازەکان لە ناوچەی چەنداول و ناوچە کوردنشینەکانی دیکەوە سەریان هەڵ داوە.

لەو بارەیەوە کاک ئامان دەڵێ: میر عەلی ئەسغەر شا وەک چالاکێکی سیاسی کورد، لە کاتی کودەتای دژ بە سیستەمی پادشایی زاهیر شادا دەستگیر کرا و دواتر لە سێدارە درا. عەسکەرخان و جەعفەرخانیش لەو رابەرە سیاسی و جەماوەرییانە بوون کە دژی سیستەمی پادشایی زاهیر شا راپەڕین و ئەوانیش دواتر لە سێدارە دران. هەروەها لە هەڵگیرساندنی بزووتنەوەی مەشرووتەدا (بزووتنەوەی سنووردارکردنی سیستەمی پادشایی) سەروەرخان وەک بیرمەندێکی سیاسی رۆڵێکی شایستەی هەبوو، واتە ئەو کاتەی بزووتنەوەی مەشرووتە لە ئەفغانستان سەری هەڵ دا. هەروەها یەکەم راپەڕینەکان دژی داگیرکردنی ئەفغانستان لە لایەن سۆڤیەتەوە، لە ناوچەی چەنداولەوە سەریان هەڵ دا. هەروەها لە قۆناغی کپکردنی رەش و حەفیزوڵا ئەمیندا، زۆربەی زیندانییە سیاسییەکان کە بە هۆی دژایەتیکردنی حکومەتی کۆمۆنیستی ئەو کات بەند کرابوون، چالاکانی سیاسی کوردی نیشتەجێی چەنداول بوون. بۆیە پێناسەکردنی کورد تەنیا بە شەڕکەر و گواستنەوەیان بە مەبەستی شەڕکردن و لە ناوبردن و داگیرکردنی ناوچەی زیاتر لە سەردەمی نادرشای ئەفشاردا، کارێکی نادروستە. لە راستیدا ئەرکی سەرەکی ئەو کەسانە بەرەوپێشبردنی کاروباری سیاسی و چالاکی سیاسی و دیوانی بووە. 

شێوازی ژیانی کورد لە ئەفغانستان
شێوازی ژیانی کوردانی نیشتەجێی کابول، لە شێوازی ژیانی کلاسیکی ناوچەکانی کوردستانی ئێران (رۆژهەڵات) دەچێت. نووسەری ئەم وتارە کە سەردانی ناوچەکانی کوردستانی کردووە و شارەکانی مەریوان، سەقز، دزڵی، سنە و هەورامانی بینیوە. لێکچوونێکی زۆر لە نێوان ناوچە کوردنشینەکانی ئێران (رۆژهەڵات) و ناوچەی کوردنشینی چەنداولی کابولدا دەبینێ. شێوازی ئەندازیاری و خانوو دروستکردنی کوردانی ئەفغانستان زۆر هاوشێوەی ناوچە گوندنشین و کۆنەکانی کوردستانی ئێران (رۆژهەڵات)ە.
کۆڵانەکان، بازاڕە داخراوەکان، خانووە دوو قاتەکانی چەنداولی کابول، هاوشێوەی ئەو پێکهاتە و ئەندازیارییەیە کە لە فیلمی (لەگەڵ هەڵۆکاندا دەفڕێت) دەیبینین.

لەو شوێنەوارە کۆنانەی کوردان کە لە چەنداولی کابول ماونەتەوە، حەمامی کوردان و مزگەوتی کوردان هەن. مزگەوتی کوردەکان ئەندازیاریی تایبەت بە خۆی هەیە بە تەواوەتی لە داری رووت دروست کراوە. ئەندازیاری مزگەوتەکە ئاشکرای دەکات کە ئەو مزگەوتە لە سەرەتادا پەرستگەیەکی سۆفییانەی کوردانی دانیشتووی کابول بووە. چونکە وادیارە زۆرینەی کوردان ئاراستەیەکی سۆفییانە و میانڕەوانەیان هەبووە، تاوەکوو ئاراستەیەکی ئیسلامخوازانە و مەزهەبخوازانە. ئەندازیاری مزگەوتەکە بە شێوازێکە کە زیاتر وەک خانەقا دەردەکەوێ تاوەکوو مزگەوت. لە بارەی ئەم خانەقا کوردییەوە، پاڵەوان مەنسوور بڕوای وایە کە رابردووی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ١٠٠ ساڵ پێش ئێستا. بەڵام شارەزایانی وەزارەتی زانیاری و فەرهەنگ بڕوایان وایە کە ئەم مزگەوتە تەمەنی دەگاتە ٢٣٠ ساڵ. هەرچەند کاک ئامان دەڵێ مێژووی مزگەوتەکە بۆ ١٦٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. لە راستیدا بە وردی دیار نییە کە ئەو مزگەوتە تەمەنی چەندە.
ئەنجام

بەمشێوەیە دەتوانین بڵەین کە لە هەوراز و نشێوی مێژوودا، خەڵکی کوردستان بەرەو ناوچەکانی دیکە کۆچیان کردووە و ئەم کۆچ و بەریەککەوتنە مێژووییانە، توێژینەوەی زانستی دەخوازن. ئەوەی لەم وتارەدا باس کرا وەک ماددەی سەرەتایی بۆ توێژینەوەی مێژوویی و کۆمەڵایەتی بەسوود دەبێ. هەروەها پرسیارکردن لە بارەی ئەوەیکە بۆچی کوردانی کۆچبەر لە ناو وڵاتانی دیکەدا دەمێننەوە، خۆی بابەتێکی گرنگە. ئەگەر هەیە مانەوەی کورد لە وڵاتێکی وەک ئەفغانستاندا، بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بە هۆی نزیکی کەلتووری هەستیان بە نامۆیی نەکردووە و توانیویانە لەگەڵ خەڵکی هاو نەژادی خۆیان لە ئەفغانستان و خوراساندا بژیێن. ئێستا دەکرێ ئەو کۆچە خوازراو یا ناخوازراوانە کە لە سەردەمێکدا نەهات بوون، لەم سەردەمەدا بە دەرفەت ببینرێن و وەک دەرفەتی فەرهەنگی – سیاسی و ئابووری لە پێناو یەکگرتنی زیاتر و حەوزی نەورۆزدا سوودی لێ وەربگیرێت. 

سەرچاوە: ماڵپەڕی ئەنستیتووتی خوێندنەوە ستراتیژییەکانی ئەفغانستان  
تێبینی: لەسەرەتای دەقی فارسی ئەم وتارەدا روونکردنەوەیەک لە بارەی چەند کارێکی دیکەی نووسەر کە پێوەندییان بە بابەتی ئەم وتارەوە نییە، باس کراوە، بەڵام بە هۆی رۆتینی بوونیان و بە هۆی ئەوەی لە قورسایی رەهەندی مێژوویی وتارەکەیان کەم دەکردەوە، ئەو روونکردنەوەیە نەکراوە بە کوردی.