06:32 - 19/12/2019
كورد له سێ مادده‌ى یاساى هه‌ڵبژاردن ده‌ترسێت
سێ مادده‌ى پرۆژە یاساى نوێى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، فراكسیۆنه كوردییه‌كانى ترساندووه، ئه‌گه‌رچى كورد له‌به‌غدا له‌سه‌ر ئه‌و ماددانه یه‌ك بۆچوونى یه‌كگرتوویان نییه، به‌ڵام هه‌رلایه‌و خه‌مى تێپه‌ڕاندنى مادده‌یه‌كیه‌تى. مادده‌ى ١٥ به‌وجۆره‌ى ئێستا هه‌یه تێپه‌ڕێت، ده‌نگه‌كانى كورد له ناوچه جێناكۆكه‌كان ده‌كات به ئاردى ناو دڕك و كورد ژماره‌یه‌ك كورسى زۆر له ده‌ستده‌دات.
ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران دوێنێ سه‌رقاڵى ده‌نگدان بوو له‌سه‌ر یاساى هه‌ڵبژاردن، له‌مادده‌ى (١٥)ه‌وه پرۆسه‌كه راگیرا. له‌سه‌ر داواى ٦٠ په‌رله‌مانتار. داواكرا جارێكى دیكه ته‌ته‌ڵه‌ى بۆچوونه‌كان بكرێت له‌سه‌ر مادده‌كانى ١٥و ١٦. مادده‌ى ٣٨یش كه تایبه‌ته به‌پرۆسه‌ى ئه‌لیكترۆنیى بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى لایه‌نه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى و پارتى لێى دوودڵن و له‌تێپه‌ڕاندنى ده‌ترسن. كورد له دانیشتنه‌كه‌ى دوێنێ هاته ده‌ره‌وه ترسى هه‌بوو ئه‌و ماددانه تێپه‌ڕێندرێت.
مادده‌ى ١٥
یاساى نوێى هه‌ڵبژاردن، بازنه‌ى هه‌ڵبژاردن وردتر ده‌كاته‌وه‌و چیتر له‌سه‌ر ئاستى پارێزگار بازنه دروست ناكات، به‌ڵكو بۆ هه‌ر قه‌زایه‌ك ژماره‌ى دانیشتووانى له ١٠٠ هه‌زار كه‌س تێپه‌ڕى بازنه‌یه‌كى هه‌ڵبژاردنى بۆ دروست ده‌كات، ئه‌گه‌ر قه‌زایه‌كیش كه‌متر بوو له‌گه‌ڵ قه‌زاى دیكه ده‌بێـت یەک بگرن و ببن به یه‌ك بازنه‌ى هه‌ڵبژاردن. ده‌نگى بازنه‌یه‌ك ناچێت بۆ بازنه‌یه‌كى دیكه ئه‌وه‌ش به‌دڵى لایه‌نه‌كان نییه.
بابه‌تێك كه له‌مادده‌ى ١٥ كه مشتومڕى زۆرى له‌سه‌ره ئه‌وه‌یه سه‌دا ٥٠ى ده‌نگه‌كانى هه‌ر بازنه‌یه‌كى هه‌ڵبژاردن دابه‌شده‌كرێت به‌سه‌ر كاندیده براوه‌كاندا كه زۆرترین ده‌نگیان هێناوه، سه‌دا ٥٠ى ده‌نگه‌كانى دیكه به‌سه‌ر لیسته براوه‌كاندا دابه‌شده‌كرێت. كورد له مادده‌ى ١٥ ترسى زۆره. چونكه له ٧٦ قه‌زاى ناوچه جێناكۆكه‌كان مه‌ترسى له‌سه‌ر ده‌نگه‌كانى دروست ده‌بێت. به‌و سیسته‌مه نوێیه كورد له پارێزگاى نه‌ینه‌وا به ئه‌سته‌م كورسى ده‌باته‌وه، ده‌نگه‌كانى هیچ بازنه‌یه‌ك ناچین بۆ بازنه‌یه‌كى دیكه‌و ره‌نگه لیسته عه‌ره‌بییه‌كان زۆرینه‌ى بازنه‌كان به‌رنه‌وه.
مووسه‌نا ئه‌مین ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران ده‌ڵێت، ئه‌و ماددەیه زیان ده‌گه‌یه‌نێت به ئاماده‌بوونى كورد له ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، چونكه نه‌ته‌وه‌كانى دیكه زۆر سودمه‌ند ده‌بن لێى:"به‌بڕواى ئێمه بچووككردنه‌وه‌ى بازنه‌ى هه‌ڵبژاردن، رۆڵ به‌خێڵ و عه‌شره‌ت و خزمایه‌تى ده‌دات له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان، كاریگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر شوناسى ئه‌و كه‌سانه‌ى ده‌چنه هه‌ڵبژاردن، كه كه‌سانى پسپۆر‌و شاره‌زا بچنه ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران".
مادده‌ى ١٦
به‌شێك له فراكسیۆنه كوردییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌م مادده‌یه‌ش هه‌ستیارن، مادده‌كه تایبه‌ته به‌كۆتاى ژن، یه‌كێك له‌و ره‌خنانه‌ى له سیسته‌مى هه‌ڵبژاردنى فره بازنه هه‌یه له‌سه‌ر ئاستى قه‌زاوناحیه ئه‌وه‌یه كه ده‌رفه‌ت بۆ سیسته‌مى كۆتا ناهێڵێته‌وه. مادده‌ى ١٦ كۆمسیۆنى پابه‌ندكردووه كه میكانیزمێك دابنێت بۆئه‌وه‌ى كاندیده ده‌رچووه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران سه‌دا ٢٥كه‌متر نه‌بن. به‌ڵام مادده‌كه هیچ روونى نه‌كردووه‌ته‌وه چۆن و به چ میكانیزمێك له‌و بازنه جیاوازانه كورسى كۆتا ته‌رخانده‌كرێت و كۆمسیۆنى ناچار نه‌كردووه به رێكارێكى دیاریكراو. موسه‌نا ئه‌مین ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر بازنه‌یه‌ك یه‌ك كورسى بێت، له یه‌ك كورسى له قه‌زایه‌ك چۆن كۆتایى ژنان ده‌رده‌هێنت،"ئه‌وه كێشه دروست ده‌كات".
مادده‌ى ٣٨
ئه‌م مادده‌یه زۆرتر (گروپى ١٥) پێى هه‌ستیارن( گۆڕان، كۆمه‌ڵ، یه‌كگرتوو، ئاینده، نه‌وه‌ى نوێ، دوو په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى پێشووى هاوپه‌یمانى). یه‌كێتى و پارتى گرفتیان له‌گه‌ڵ ژماردنى ئه‌لیكترۆنیى نییه. به‌پێچه‌وانه‌وه لایه‌نه‌كان پێداگرن كه ژماردنى ئه‌لیكترۆنى له مادده‌كه بهێننه ده‌ره‌وه‌و ته‌نها ژماردنى ده‌ستیى وه‌ربگیرێت.
ئه‌حمه‌دى حاجى ره‌شید ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، بۆ په‌یسه‌ر گوتى، ئه‌وه‌ى زۆر لاى گروپى ١٥ گرنگه، ژماردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كانه به‌ده‌ست. ئه‌وان ئه‌زموونى تاڵیان له‌گه‌ڵ شێوازى ئه‌لیكترۆنى پێشوو هه‌یه و نایانه‌وێت ئه‌وه دووباره بێته‌وه.
یاساى نوێى هه‌ڵبژاردن به‌وجۆره‌ى ئێستا تێپه‌ڕێت، گرنگى زۆرى به به‌شدارى تاك داوه له هه‌ڵبژاردنه‌كان. حاجى ره‌شید گوتیشى، ئه‌وان وه‌ك گروپى ١٥ سه‌باره‌ت به مادده‌ى ١٥ى یاساكه، هیچ كێشه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ ئه‌وه نییه كه رۆڵ به به‌شدارى تاك دراوه‌و و نیوه‌ى ده‌نگه‌كان به‌سه‌ر كاندیده براوه‌كاندا دابه‌شده‌كرێت.
ئارام جەمال بەڕێوەبەری پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن، پێى وایه نیگه‌رانى لایه‌نه كوردییه‌كان له‌سه‌ر مادده‌ى ١٥ له‌جێى خۆى نییه‌و مادده‌كه به‌وجۆره‌ش مه‌ترسیدار نییه، ئه‌و بۆ په‌یسه‌ر روونیكرده‌وه، گرنگترین شت دیزانیكردنى بازنه‌كانى هه‌ڵبژادنه، چونكه به‌پێى دیزانه‌كه سنوره‌كانى هه‌ر بازنه‌یه‌كى هه‌ڵبژاردن دیاریده‌كرێت و ئه‌و قۆناغه بۆ لایه‌نه‌كان گرنگتره. گوتیشى، ره‌نگه پێكهاته‌كانى دیكه‌ش ترسیان هه‌بێت له فره بازنه به‌ڵام شێوازه‌كه كۆكه له‌گه‌ڵ پره‌نسیپه‌كانى دیموكراسى خۆجێیى.
سه‌رۆكى په‌یمانگاى كوردى گوتیشى. سیسته‌مى كۆتاى ژنان له‌م شێوازى فره بازنه‌دا به ده‌گمه‌ن جێگه‌ى ده‌بێته‌وه، ئه‌وه هانده‌ریش ده‌بێت بۆ ژنان بۆئه‌وه‌ى هه‌وڵبده‌ن به ده‌نگى خۆیان ده‌ربچن نه‌ك به‌كۆتا.
چه‌ند رۆژێكى كه‌مى ماوه بۆئه‌وه‌ى كورد له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب له‌سه‌ر ئه‌و ماددانه بسازێن، به‌ڵام كورده‌كان له‌سه‌ر شێوازى نیگه‌رانییه‌كانیان یه‌كگرتوونین. یاساكه چاره‌نووسساز و گرنگه و نه‌خشه‌ى سیاسى قۆناغى ئاینده ده‌كێشێت و پێویسته زمینه‌یه‌ك دروست بكات كه خه‌ڵكى له‌گه‌ڵ سندوقه‌كانى ده‌نگدان ئاشت بكاته‌وه.